حکوومەتی ئێران دژی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان

✍جەهانگیر عەبدولاهی

حکوومەتی ئێران شەڕێکی نوێی دژی کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان دەست پێکردووە، کۆماری ئیسلامی لە دواین هەوڵەکانی بۆ سەرکووتکردنی زیاتری ڕۆژھەڵاتی کوردستان، تەنیا لە چەند ڕۆژ و کەمتر لە حەوتوویەکدا ڕێژەیەکی بەرچاو لە خوێندکاران، چالاکانی مەدەنی، ژینگەپارێزان و هاووڵاتییانی لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کرد.

سیاسەتی گرتن، زیندان و ئەشەکنجە لەسەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دژی بەرهڵستکاران، چالاکانی سیاسی، مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان و هتد لەلایەن ئەو حکوومەتەوە پەیرەو کراوە. ئەو هەڵمەتە نوێیەی حکوومەتی ئێران بە شێوازێک هاتە ئاراوە کە دەری دەخات کە ئەو هێرشە سیناریۆیەکی ئامادەکراوە و ئامانجێکی تایبەتی لە پشتە.

گەر بە کورتی چاوێک بخشێنینە سەر لیستی ئەو کەسانەی کە گیراون، دەردەکەوێت کە زۆربەی ئەو کەسانە لە چالاکانی هەرە دیارن کە سەرقاڵی کاری پەروەردەی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسی، چالاکی خوێندکاری، ژینگە پارێزی، فێرکاری زمان و هتد بوون. لێرە ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە؛ بۆ حکوومەتی ئێران دەبێ ئەو کەسانە دەستبەسەر بکات؟

بێگومان وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر ئاسان نییە و لێکدانەوەیەکی زۆر بنەڕەتی و جیددیی پێویستە. بەڵام یەکەم و سەرەتاییترین نرخاندن دەچێتەوە سەر بەستێنی کۆمەڵگا و ئەو گۆڕانکاریی و ئەسەرەی کە چالاکانی مەدەنی بە کار و کردەوەکانیان توانیویانە دایبنێن.

ڕێژەی بەرزی دەستبەسەرکرانی چالاکانی مەدەنی لە ساڵی ۲۰۲۰ و گرتنی زیاتر لە ۳۲ کەس تەنیا لە حەوتوویەکدا دەری دەخات کە چالاکی و کاری مەدەنی و ڕێکخراوەیی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان زۆر پەرەی سەندووە و وردە وردە کۆمەڵگای کوردستان گۆرانکاری زیاتر لە خۆییدا دەنوێنێ.

هەڵوێستە گشتیەکانی کۆمەڵگا دژی لەسێدارەدان، ژن کوژی، لەناوبردنی ژینگە و دارستانەکان، کەمپینە مەدەنییەکان بۆ یارمەتی بومەلەرزەلێدراوانی کرماشان و قەسری شیرین و پشتگیری لە بەشەکانی تری کوردستان ( شەنگال، کۆبانی، کەرکووک) و هتد نموونە گەلێکن کە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە کۆمەڵگای کوردستان خەریکە گۆڕانکاری ڕیشەی لەخۆییدا ساز دەکات و حکوومەتی ئێران ئەوە بە مەترسی بۆ سەر خۆیی دەزانێت.

حکوومەتی ئێران لە ٤٢ ساڵ حوکومڕانیی خۆییدا خەریکی خنکاندی ئازادیە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیەکان و سەرکوتی کۆمەڵگا بە گشتی و پەرەپێدانی دواکەوتووی بووە کە بووەتە هۆی لێکترازانی شیرازەی کۆمەڵگا. کۆماری ئیسلامی تەواو هەوڵی ئەوە بووە کە تاکەکان لێک جیابکاتەوە و بێباوەڕی لەنێوانیان دا سازکات بە مەبەستی ئەوەی نەهێڵێ یەک بگرن و خۆیان لە کۆمەڵ و ڕێکخراوەدا سازمان بدەن. بەشێوەیەک کە مرۆڤەکان ئەوەندە لێک دوور ببنەوە کە هیوای سازبوونی ئەکت یا هەڵوێستێکی گشتی و بەکۆمەڵ لەناو بچێت.

کردەوە و چالاکییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ڕێک بەپێچەوانەی ئەو سیاسەتەی حکوومەتی ئێران بووە و وەک دژەتێز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حکوومەت کەڵکی لێگیراوە.

بێگومان کۆمەڵگایەکی مەدەنی پێشکەوتوو  زیاتر مافەکانی دەناسێت و داواکاری زیاتری بۆ دەسبەرکردنی مافەکانی دەبێت، هەر بۆیە حکوومەتی ئێران بە قۆڵبەست کردنی چالاکانی مەدەنی دەیهەوێ بەر بەو گەشەسەندنە بگرێت و بە گوشار خستنە سەر کۆمەڵگا و چالاکانی مەدەنی، پلان و ئامانجەکانی خۆیی کە بریتین لە جیواکێکی دەستەمۆ، پەرتەوازە و لێکترازاو بە ئەنجام بگەیێنێت.

ئەوڕۆ حکوومەتی ئێران لە یەکێک لە دژوارتین دەورەکانی دەسەڵاتی خۆیدایە و تا ئاستێک بێهێز بووە کە بەرگەی تەکانێکی گەورەی کۆمەڵایەتی ناگرێت و لە ئەگەری ئاخێزێکی وادا دەڕوخێت. لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی جوگرافیای ئێستاکەی بەناو ئێران و بەتایبەتی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان هاتۆتە خوارترین ئاستی خۆی و کاربەدەستانی ئەو حکوومەتە هەستیان بەو بابەتە کردووە و بەترسەوە دەڕواننە دواڕۆژی خۆیان. لەسێدارەدانی کەسانی ناڕازی، کوشتنی ناڕازیان لە گردبوونەوەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێستاش گرتنی چالاکانی مەدەنی لە کوردستان نموونە گەلێکن کە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە کە ئەو حکوومەتە لەنێوخۆشیدا ڕووخاوە و بۆ لایەنگرانی خۆیشی مەشرووعییەتی نەماوە، لە وەها کاتێکدا سەرکوتی کۆمەڵگا بەگشتی و چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەتایبەتی پەرە دەستێنێت و توندوتیژی و بەکارھێنانی هێزی ئەمنی-پۆلیسی بۆ کۆنترۆڵ و سەرکووت وەک تەنیا ڕێگەچارە بۆ حکوومەتە تۆتالیتێرەکان دەبینرێت.

کۆمەڵگای کوردستان پاش ڕووخانی سیستەمی پەهلەوی و لە سەرەتاکانی دامەزرانی کۆماری ئیسلامییەوە هەردەم کۆمەڵگایەکی سیاسی بووە و بەڕێکخراوەی کاری کردووە، دوابەدوای دەستبەسەرداگرتنی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و نەمانی حوزووری ئاشکرای حیزبە کوردستانییەکان، حکوومەتی ئێران دەستی کردووە بە لەناو بردنی ئەو کلتوورە و لێکترازاندنی کۆمەڵگا و لێک دوور کردنەوەی ناوچەکان، شارەکان، گوندەکان و تا بچوکترین ئاست واتە تاکەکان. بەڵام کار و چالاکی ئەم دواییانەی ناوەندە مەدەنییەکان بەپێچەوانەی ئەو سیاسەتەی حکوومەتی ئێران بووە، جیا لەوەی کە کلتووری کاری هاوبەش و ڕێکخراوەیی بەرەوپێش بردووە، ناوچە لێک دوورکراوەکانیشیان  لێک نزیک کردووتەوە، ئێستاکە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان گۆڕانکاریەکی مەزنی کۆمەڵایەتی خەریکە ڕوو دەدات، هەرچەند هەمیشە هەبووە، بەڵام لەو یەک دو ساڵەی دوایی دا پەرەی سەندووە، تێکەڵاوێیەکی کۆمەڵایەتی لە ئارادایە کە کۆمەڵگای کوردستان ئێتر خۆی بە ورمێی، مەهابادی، سنەی، کرماشانی و هتد ناناسێنێت، لە خورەمئاوا و لورستانەوە تا دەگاتە ورمێ و سنوورەکانی ئەرمەنیا و نەخجەوان خۆیان بە ناسنامەیەکی گشتی و بەدەر لە ناوچە و ئایین پێناسە دەکەن. ئیتر سونی، شیعی یا یارسان بوون ناتوانێ کۆمەڵگا لەت کات، یانی ئەو شتەی کە حکوومەتی ئێران دەیویست خەریکە دەتوێتەوە و بەپێچەوانەی کوردستانی بوون و کۆمەڵگایەکی مەدەنی پێشکەوتوو خەریکە سازدەبێ، کە بێگومان پشکێکی بەرچاوی ئەو پێشکەوتنە دەگەرێتەوە بۆ سەر کار و خەباتی چالاکانی مەدەنی و ناوەندە مەدەنیەکان.

هەر بۆیەش حکوومەتی ئێران گوشارێکی لە ڕادەبەدەر دەخاتە سەر ر چالاکوانان و هەوڵ دەدات بەم شێوازە بیانترسێنێت و پێشگیری بکات لە زیادبوونی چالاکیی مەدەنی و کاری ڕێکخراوەیی. حکوومەتی دەزانێت هێزی پێشەنگی کۆمەڵگا چالاکیی کۆمەڵایەتیە کە لەلایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکان و چالاکانی مەدەنی بەڕێوە دەچێت. بۆیە ڕژێم هەر دەم هەوڵەکانی بۆ  سەرکوتکردنی ڕەخنەگران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی بە شێوەی جۆراوجۆر پێشخستوە.

لە بەشێکی تر دا دەتوانرێ بوترێ کە مەبەستی حکوومەتی ئێران لەم سیاسەتە، بڵاوکردنەوەی ترس لەنێو کۆمەڵگا و کەسانی چالاکە. شێوە جیاوازەکانی هەڕەشە و سزا و لەناوبردن پلانی حکوومەتی ئێرانن بۆ بڵاوکردنەوەی ترس لە نێو هەموو چالاکوانان.

حکوومەتی ئێران پلانەکانی خۆی لەسەر شێواندنی باری دەروونی، کۆمەڵایەتی و ئەمنیەتی چالاکوانان داناوە. بەکارهێنانی هەموو جۆرە فشارێک لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا، لە دەستبەسەرکردن تا زیندانیکردن، پەیامی هەڕەشەی جیددی بۆ چالاکوانانی دیکەیە کە بزانن کە ئەگەر بەردەوام بن لە کارو چالاکی چارەنووسی هاوشێوە چاوەڕێیان دەکات.

بە گشتی و لەکۆتاییدا دەتوانرێ بگوترێ کە ڕەوشی ئێستای حکوومەتی ئێران و بێهێزبوون و داڕمانی ئەو حکوومەتە لە لایەک و دیارکەوتنی زیاتری ئاکامی کار و چالاکیی ناوەندە مەدەنییەکان لەکاتی ئێستادا هۆکاری سەرەکین بۆ دەستبەسەرکران و زیندانی کرانی چالاکانی کورد. کۆمەڵگایەکی مەدەنی بەڕێکخراوەکراو دەتوانێ کۆتایی داگیرکاری و سیاسەتی کۆلۆنیالیستیی حکوومەتی ئێران بێت، چون کۆمەڵگایەکی هوشیار داگیرکاری و چەوساندنەوە قبووڵ ناکات و بەهێزێکی یەکگرتوو داوای مافەکانی دەکا و بۆ دەستەبەرکردنیان هەوڵ دەدا.