سنە؛ ترپەی دڵی شۆڕش و حەماسەی ٢٤ ڕۆژە 

0

ئاڵای سوور – سنە

ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، ئەو مانگە پڕ شکۆیە لە خەباتی زۆرلێکراوانی ئێران کە تێیدا لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی پڕ لە شانازیی ئەوان هەڵدرایەوە. کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بە دژی ڕژێمی گەندەڵی پاشایەتی و بنەماڵەی دیکتاتۆری پەهلەوی بەرز کردەوە و بە هیوای دابینکردنی داهاتوویەکی گەش و ئازاد، شۆڕشێکی بەربڵاویان ڕێک خست و کۆتایییان بە دەسەڵاتی ڕژێمی شا هێنا. لە مانگی ڕێبەنداندا خەڵکی ناڕازی بە هیوای گەیشتن بە ئازادی و بەهرەمەندبوون لە ژیانێکی باشتر و ئینسانی ڕاپەڕین و شەپۆلەکانی شۆڕش لە ماوەی یەک ساڵدا سەرتاسەری ئێرانی داگرت و بەم جۆرە ماشێنی دەوڵەتیی ڕژێمی پەهلەوی لە ئاکامی ئەو ڕاپەڕینەدا کەوتە بەر هێرشی بێبەزەییانەی جەماوەری ڕاپەڕیو و تێکشکا و هەر ئەوەش کۆتایی بە تەمەنی ڕژێمی پاشایەتی لە ئێران هێنا.

لە وەها ڕۆژانێکدا و بەر لەوەی بە تەواوەتی کۆتایی بە دەسەڵاتی نەحسی ڕژێمەکەی محەمەد ڕەزا شا بێت و ڕێک لە ١٢ی مانگی ڕێبەندان، ڕێبەری ڕەوتی ئیسلامیی لە شۆڕشی ١٣٥٧، لە تاراوگەوە بۆ وڵاتی ئێران دەگەڕێتەوە. هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەی خومەینی، زلهێزانی ئەو کات و بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تەواوەتی بەسەر ئێراندا زاڵ ببوون و ئامانجیشیان ئەوە بوو کە لە ڕێگای ئەرتەشەوە ڕێگەخۆشکەری بۆ بەدەسەڵات گەیشتنی ئیسلامییەکان بکرێت و بەم شێوەیە و بە کەڵکوەرگرتن لە ئەرتەش و بە نفووزێک کە لە نێو ڕیزەکانی ئەرتەشدا هەیانبوو، دەیانویست شەپۆلەکانی شۆڕش لە هەموو گۆشە و کەناری ئێران کۆنتڕۆڵ بکەن.

هەڵبەت ئەوە تەنیا بەشێک لەو ستراتیژییە بوو کە ئەوان ڕەچاویان کردبوو؛ بەشەکەی دیکەی کە بۆ ئەوان زۆر گرنگ بوو، جێخستن و داسەپاندنی خومەینی وەک ئەڵتەرناتیڤی ڕژێمی پاشایەتی بەسەر بیروڕای گشتیی خەڵکی ئێراندا. ئامانجەکەی خومەینی تا ڕادەیەکی زۆر وەدی هاتبوو، کەوابوو دەبوایە مەشخەڵەکانی شۆڕش خامۆش بکات. بەڵام وەدیهاتنی ئەم ئامانجەش ئامرازی تایبەت بە خۆی پێویست بوو. خومەینی ستراتیژیی خۆی بۆ خامۆشکردنی مەشخەڵەکانی شۆڕش، هەنگاو بە هەنگاو بەکردەوە دەرهێنا. بەڵام لە کوردستان لەگەڵ نافەرمانیی مەدەنی و خۆڕاگریی بێوێنەی خەڵک ڕووبەڕوو بووەوە. خەڵکی کوردستان بە ژن و پیاو و لاو و تازەلاوەوە هەر لە هەمان سەرەتاوە بوون بە چەقڵی چاوی خومەینی و دارودەستەکەی. هەربۆیە لە یەکەمین ڕۆژەکانی بەدەسەڵات گەیشتنی خومەینی، ئەو بەرخۆدانە شۆڕشگێڕانەی کە لە دژی ڕژێمی پێشوو دەستی پێکردبوو، لە وەستان نەکەوت و بە شێوەیەکی شێلگیرانەتر بە پانتایی هەموو کوردستان دەستی پێکردەوە. ئەو خەباتە لە کۆڵان و شەقامی شار بە بەشداریی ژنان و پیاوان و لاوانی شۆڕشگێڕ وەجووڵە کەوتەوە و تا گرتن و دەستبەسەرداگرتنی پادگان و ناوەندەکانی سەربە دەوڵەتی تازەبەدەسەڵات گەیشتوو درێژەی کێشا. بەم شێوەیە دەستپێکی نوێی بزووتنەوەی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە کۆمەڵگای کوردستان، خوێنێکی تازەی کردە جەستەی کۆمەڵگای کوردستان و ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرەی دەستاند و گەشەی دەکرد. گەشەی ئەو بزووتنەوەیە و ملنەدان و نەکەوتنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەمەڕ بڕیارەکانی دەسەڵاتی تازە و بەچۆکدانەهاتنی، زیاتر و زیاتر خومەینی و هاوبیرانی تووڕە دەکرد. بۆیە ئەوان دەبوایە بیرێک لەم بارودۆخە نوێیە بکەنەوە. بۆ ئەم مەبەستە یەکەم کۆبوونەوەکان و دانیشتنەکانی خۆیان لە تاران لە دژی خەڵکی وەگیانهاتووی کوردستان دەستپێکرد. تیغی قینی جەلادە بەدەسەڵات گەیشتووەکان بە ئامانجی پێکهێنانی کەشوهەوای ترس و وەحشەت لە سەرجەم کوردستان و پتەوکردنی بناغەکانی ڕژێمێک کە خەریکی بنیاتنانی بوون، کەوتە کار.

تەنیا ٤٠ ڕۆژ دوای سەرکەوتنی شۆڕش، سوپای پاسداران و هێزەکانی ڕژێم ویستیان دەست بەسەر شاری سنەدا بگرن و خەڵکی شار ناچار بە ملکەچبوون بکەن. ئەوان بە زۆریی چەک دەیانویست خەڵکی شار وادار بە پاشەکشە بکەن. بەڵام خەڵکی شاری سنە لە بڕیارێکی ژیرانەدا دژی ئەم هەڵوێستەی بەکرێگیراوانی ڕژێم وەستانەوە و بۆ پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکانی شۆڕش بەرخۆدانێکی بێوێنەیان لە کۆڵان و شەقامی شار وەڕێخست. ئەم هەڵوێستەی خەڵکی شار بە تەقەی ڕاستەوخۆی بەرپرسانی ڕژێم وەڵام درایەوە و بەم جۆرە زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە خەباتگێڕانی شاری سنە گیانی ئازیزیان بەخت کرد و زیاتر لە ٤٠٠ کەسیش بریندار بوون.

 لە ڕووداوێکی هاوشێوەی تردا کە بە شەڕی ٢٤ ڕۆژەی سنە بەناوبانگە، پێشمەرگە و خەڵک بۆ ماوەی ٢٤ ڕۆژ لە بەرامبەر هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر شارەکە خۆڕاگرییان کرد و ڕێگەیان نەدا سوپا شارەکە کۆنتڕۆڵ بکات، لەو شەڕەدا نزیکەی ٢٠٠٠ هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەست دا. شاری سنە لەو ماوەیەدا گەمارۆ درابوو، خەڵک کوژراوەکانیان لە حەوشەی ماڵەکانیاندا بە خاک دەسپارد. بەم جۆرە شاری سنە دوو نەورۆزی خوێناوی نایە پشت سەر کە تێیدا دەیان و سەدان فیداکاری تێدا کرا و بە سەدان ڕۆڵەی قارەمان گیانیان لە پێناو ئازادیدا بەخت کرد و مێژوویەکی ڕەنگین و پڕ لە شانازییان خوڵقاند کە تا بە ئەمڕۆش وێردی سەر زارانە.

سنە لە ڕیزی ئەو شارانەدا بوو کە بە قورسی کەوتە بەر هێرش. لای کۆماری ئیسلامی و شۆڕشگێڕانی هەموو ئێران، سنە وەک ترپەی دڵی شۆڕشی کوردستان دەناسرا. شۆڕشگێڕانی ئەم شارە پێکهاتوو لە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بڕیاری خۆڕاگرییان دابوو، لە سەنگەردا بوون و باکیان لە کەس نەبوو. سوپا و حکومەتی ناوەندی پێشبینی ئەو خۆڕاگرییەیان نەکردبوو و پێیان وابوو بە ئاسانی دەتوانن شارەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

ڕێکەوتی ١٨ی گوڵان هێزێکی زۆری سوپا لە ڕێگەی کرماشانەوە بەرەو سنە جووڵەی پێکرا، بەڵام ژنان و پیاوانی شۆڕشگێڕی سنە و هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە تایبەتی کۆمەڵە، بەر لەوەی ئەم هێزە نزیکی شار ببێتەوە ڕێگەی هاتنە ناو شاریان لێ گرت و بەم جۆرە لە دەوروبەری شار هێزی پێشمەرگە ڕووبەڕووی سوپا بوونەوە و ناچاریان کردن بەرەو فڕۆکەخانەی سنە پاشەکشێ بکەن، بەڵام سوپا پێداگر بوو لەسەر ئەوەی بە هەر نرخێک بێت شار کۆنتڕۆڵ بکات. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شەڕەکە قورستر دەبوو، بەهۆی بۆردومانەکانەوە ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی دەکوژران یان بریندار دەبوون؛ خەڵک لەبەر بۆردومانەکانی سوپا کوژراوەکانیان نەدەبردە گۆڕستانی شار و هەر لە حەوشەی ماڵەکانیاندا بە خاکیان دەسپاردن. چەندین مانگ هەموو شارەکانی کوردستان لە ژێر گەمارۆی ئابووریدا بوون، کەچی بەو حاڵەشەوە خەڵکی شار و گوندەکانی دەوروبەر یارمەتییەکانی خۆیان دەیانگەیاندە شاری سنە. پزیشک و پەرستارە کوردەکانی نەخۆشخانەی سنە، سەرباری کەمیی دەرمان و زۆربوونی ژمارەی بریندارەکان، بەردەوام خەریکی تیمارکردنی بریندارەکان بوون.

هاوڕێیانی کۆمەڵە، بە تایبەتی کاک سدیقی کەمانگەر، دەستیان کرد بە دامەزراندنی هەندێک کۆمیتە بۆ یارمەتیی “ئەنجومەنی شۆڕشی شاری سنە”. لەملاوەش چەکدارانی ناو بنکە سەربازییەکەی سوپا لە سنە، سەنگەرەکانی دەوروبەری بنکەکە و گەڕەکە نزیکەکانی وەک گردی گەڕۆڵ و کوێرئاوا و حاجی‌ئاوا بە چەکی قورس بۆردومان دەکرد و دەستیان لە هیچ جەنایەتێک نەدەپاراست. کاتژمێر ٣ی نیوەشەو کاک سدیق کەمانگەر لە لایەن ئەنجومەنی کاتیی شۆڕشەوە ئاگادارییەک لە ڕادیۆوە دەخوێنێتەوە و بانگەوازی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی شار دەکات ڕێگە سەرەکییەکانی شار دابخەن و لە شەقام و گەڕەکەکاندا سەنگەر دروست بکەن و هێزەکانی دەرەوەی شاریش بە هەموو شێوەیەک یارمەتیی ئەنجومەنی کاتیی شۆڕش بدەن.

مامۆستا شێخ عێزەدین حسێنی لەگەڵ جەماوەرێکی بەرین، پێکهاتوو لە خەڵکی شۆڕشگێڕی شارەکانی سەقز و بۆکان و مەهاباد، دەگەنە ناو شاری سنە و پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا. بەم جۆرە لە هەموو شوێنێکی کوردستانەوە هێزی یارمەتیدەر دەگەیشتنە شاری سنە، سوپاش بێوەستان بە کۆپتەر شارەکەی بۆردومان دەکرد و خەڵکیان دەکوشت.

شەڕی ٢٤ ڕۆژەی سنە، شەڕێک بوو کە کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران بەسەر شاری سنەدا سەپاندیان. ئەوان ئازادیی خەڵکیان نەدەویست و دژی هەموو شایی و خۆشییەکی خەڵک بوون. هەر بۆیە بە تەواوی هێزەوە و بە کەڵکوەرگرتن لەو ئیمکاناتەی کە لە ڕژێمی پێشووەوە بە میرات بۆیان مابووەوە، دەیانویست بەر بە ئازادیی خەڵک بگرن و خوێنی ڕۆڵەکانی کوردستان بڕێژن.

دوای ٢٤ ڕۆژ خۆڕاگری، لە کاتێکدا سوپای پاسداران نەیتوانبوو بێتە ناو شارەوە، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی گیانی خەڵک و بۆ ئەوەی لەوە زیاتر خەڵکی مەدەنی نەکوژرێن، ناچار بوون بڕیار بدەن لە شار بچنە دەرەوە. دوای چوونە دەرەوەی پێشمەرگە، سوپا چووە ناو شارەوە و دەستیان کرد بە پشکنینی هەموو ماڵەکان و ژمارەیەکی زۆریان دەستگیر کرد و بەپەلە لە دادگای سەربازیدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاندن و هەر خۆشیان سزاکەیان جێبەجێ دەکرد. نەورۆزی خوێناوی و شەڕی ٢٤ ڕۆژەی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی شاری سنەی قارەمان، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لە مێژوو کە نیشانی دەدات کۆمەڵگای کوردستان بە خۆڕاگری و خەباتی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانەی خۆی، هەر ڕەنگ و شێوازێک لە کولتوور و دابونەریتی کۆنەپەرستانە و دواکەوتووانە، لە کولتوور و سوننەتی دواکەوتووانەی ئیسلامی و ناسیۆنالیزمی بەرچاو تەنگەوە بگرە تا باوەڕ و سوننەتی پرتووکاو و دواکەوتوویی ئایینی و سەدەکانی ناوەڕاستی خستووەتە پەراوێزەوە؛ ئەم دیاردانە لەگەڵ دۆخی سیاسی و ئازادیخوازانەی

 کوردستان بە تەواوی نامۆن و ناتوانن لە کوردستانی شۆڕشگێڕدا جێگەیەکیان هەبێت.

جەماوەری خەباتکار و ئازادیخوازی کوردستان و جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ژنانی پێشڕەو و وشیار، ڕێگە نادەن لە دواڕۆژی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیدا جۆرێکی دیکە لە دیکتاتۆری و کۆنەپەرستیی مەزهەبی لە چەشنی داعش و تاڵیبان بە زەبەری شمشێر و توندوتیژی بەسەر خەڵکدا بسەپێت.

خۆڕاگریی خەڵکی شاری سنە لە نەورۆزی خوێناویدا و لە بەرخۆدانی ٢٤ ڕۆژەدا، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانی بردە قۆناغێکی دیکە لە خەبات و خۆڕاگری. لەو ڕۆژانەدا خەڵک بە تایبەت لاوان، نوێترین شێوەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵگایان بەکار هێنا و لە زۆر شوێنی کوردستان بە شێوەیەکی ساڵم و دیموکراتیک کۆمەڵگایان ئیدارە دەکرد. ئەمنییەتی گەڕەکەکان بە یارمه‌تیی خەڵک دابین دەکرا. بڵاوکردنەوەی خۆراک و باقی پێداویستییەکانی دیکەیان ڕێک خست. خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەرمان بە شێوەی بەردەوام بە هیممەتی شەهێن باوەفاکان و دکتۆرە شۆڕشگێڕەکان لەبەردەستی خەڵکدا بوون. مامۆستاکان و دایکان و باوکان و شۆڕشگێڕانی کۆمەڵە، کێشە و گرفتی خەڵکییان چارەسەر دەکرد و ئەخلاق و هەڵسووکەوتی ئینسانی لە هەموو بوارێکدا شەپۆلی دەدا.

خەڵکی کوردستان و شاری سنەی قارەمان بە خەباتیان نیشانیان دا کە ئەم ڕژێمەیان ناوێت و لە هەوڵی خوڵقاندنی زەمینەکانی شۆڕشێکدان کە کۆتایی بە عومری پڕ لە جەنایەتی دەسەڵاتدارانی چاوچنۆک بهێنێت.

پێویستە یاد بکەین لە هەموو شۆڕشگێڕان و قارەمانانی ڕاستەقینەی بەرخۆدانی ئەم شۆڕشە و ڕێز بگرین لە گیانبه‌ختکردووانی شاری سنەی هەمووکات سەربەرز…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *