زۆر لە مێژە بەرێگاوەم…ئامانج. ع

 

 

 

زۆر لە مێژە بەرێگاوەم

 لە ئێوارەی گریانەوە وەڕێ کەوتووم

من شەوەزەنگی هەژاریی و ناسۆری برینەکان و کوێرەڕێی هەڵەتی دیلی ڕایپەڕاندم،

وا بە شانی هیواکانم میلۆن میلۆن مەیتی زیندووم هەڵگرتووە.

من، چریکەی بێدەنگیتان گوێی کردمەوە تۆزی باهۆزی ڕابردوو ئەشۆمەوە.

من گوڵە گەنمی برسێتی ڕواندوومی و لەناو دڵی تینوایەتی هەڵقوڵیووم.

لە قرچەقرچی هاوینی سووتان و هەڵپڕووزانا بەفری ئاشتی و ئاسوودەییم نوانوا دادەبارێم

گەرمی ماڵی ساردوسڕی نەوتگەرانم

بۆ خشتپێژە بێ ماڵەکان خشتی بناغەی ژیانم

شنەی شەماڵی بای وەعدەم هاتووم،

بووکی بەهاری پەردووی ڕێبەندان ڕاست کەمەوە

هاتووم هەتا جارێکی تر ژوانگەی حەزی مەم و زینان نوێ کەمەوە.

زۆر لە مێژە بەڕێگاوەم هاتووم ،

هاتووم پڕ بە دۆڵی ” ئاجیکەند “م کاکڵە گوێزی بیری ساغی ڵاوان پێیە هێندەی سنە تووفەرەنگی کەسک و سووری شادی و پڕ بە دەشتی کامیارانم خۆشەویستی و یادی سەوزی ” سەدیقەکان ” لە دڵ دایە

هاتووم سۆزی شەپۆڵەکەی بیری بەرزی هۆرەی “فۆئاد ” تێکەڵ قەڵبەزەی چڵچەمەی حەیرانی “حەمەحوسێن ” بکەم .

پەرداخ پەرداخ حەوزەگەورەی وتەکانی دووکتور “جەعفەر” لەگەڵ کانی دەنگی زۆڵاڵی کاک ” جەماڵ ” بکەمە بارانی گوڵاو هەتاوەکوو بست بە بستی ئەم وڵاتە بۆنی عەتری تێبگەرێ

ئەوسا لەوڵا ، لێرە، لەوێ پڕ بە گەرووی دەنگی شورش هاوار بکەم ئەمە شنەی کازیوەی هەناسەی کا “خانە “یە هەڵیمژن!

ئەمە بۆنی هەوای شێتی “بۆتێ ” یە کاتێ دەخنکا

ئەمە شەماڵی ” شیماڵ”ە و بۆنی حەفتا و چەند عوودەکەی هەڵبجەیە کاتێ سووتا

ئەمە بۆنی خوێنی شوانە ئەمە بەرامەی ئارەقە و سەنگەر و گڵکۆی ئازیزانە

ئەمە هەموو

ئەمە

ئەمە

ئەمە هەموو… …