دۆخی ئێران یەک ساڵ پاش کوشتنی قاسم سولەیمانی

✍فیرووز مامۆیی

رێک یەک ساڵ بەسەر کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مێھدی مۆھەندس دوو گەورە تیرۆریستی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە فڕۆکەخانەی بەغداد تێپەڕ دەبێت.

رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی یەکساڵی رابردوو چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی سنوورەکان کە ھەمیشە ھەوڵی داوە قەیرانەکانی لەوە چارەسەر بکات، لاوازتر و بێ پێگە و جێگەتر بووە و لەم رژیم وێڕای ئەوەیکە نەیتوانیوە تۆڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی بکاتەوە، بەڵکوو لە ماوەی رابردوودا گەورە بەرپرس و باوکی بەرنامەی ناوەکی خۆی بە ناوی “مۆحسێن فەخریزادە”ش لە پەناگوێی تاران و لە ناو دڵی خاکی ئێراندا کرایە ئامانج و کوژرا. جگە لەمەش رژیم لە سیاسەتی نێودەوڵەتیش دۆڕاوە و وێڕای ئەوەیکە نەیتوانیوە ھیچ کام لە ئامانجەکانی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی بپێکێت، بگرە ئەو تۆزە دەسکەوتەش کە ھەیبوو (بە وتەی خۆیان) وردە وردە خەریکە لە دەستی دەدات و رۆژ نیە لە سوریە پێگە نیزامیەکانی رژیمی ئێران و بەشار ئەسەد بۆردمان نەکرێن و ئەو ھەمووە پارەیەش کە کۆماری ئیسلامی لە دەم خەڵکی ئێرانی دەستێنێتەوە و سەرفی کۆری تێکدەرانەی دەکات، ھەمووی بە فیڕۆ چوو.

سازبوونی کێشە لە نێوان دەوڵەتی عێراق و میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، ئاسایی بوونەوەی یەک لە دوای یەکی پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، توندبوونەوەئ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوەکیی و یەکیەتی ئۆرووپا و توندتر بوونەوەی ئابڵۆقەکانی ئەمریکا دژی ئێران و ھتد… بەشێکی دیکە لە دۆڕانەکان و ئەو تەنگەژەیە کە لە ماوەی ساڵی رابردوو زیاتر لە ھەموو کات تەنگی بە کۆماری ئیسلامی ھەڵچنیوە.

لە لایەکی دیکەوە داڕمانی ژێرخانی ئابووریی وڵات و قووڵ و بەرینتر بوونەوەی بۆشایی چینایەتی و تۆخ بوونەوەی ھێڵی ھەژاریی و دەیان جۆر گرفتی ئابووریی و کۆمەڵایەتی کە یەخەی بە خەڵکی وەزاڵە ھاتوویی ئێران گرتووە، ھەموو شەوێک بووەتە مۆتەکەیەکی ترسناک لە نێو خەون و خەیاڵی دەسەڵاتدارانی رژیم کە ئاخۆ سبەی ئاخێزێکی جەماوەریی بەھێز لە لەشکریی بەرینی ھەژاران بەرۆکیان پێ ناگرێت و بەرەو ھەڵدێریی یەکجارییان ببات!

خودی کوژرانی قاسم سلێمانی و دۆڕانی سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی رژیم لە ئەمدیو و ئەودیوی سنوورەکان، دەرخەری ئەو راستیەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەسەڵاتی نگریسی خۆیدا، نە تەنیا نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت، بەڵکوو ئەو پارە زەبەلاحەی لەم ساڵانەدا سەرفی سیاسەتی سەرکەوتنی ھیلالی شیعەی کردووە، وەکوو ئاگر بەر بووەتە سەروماڵی نەک ھەر خەڵکی ئێران، بەڵکوو زۆرێک لە نەتەوە و ھاووڵاتیانی وڵاتانی دیکە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەوانیشی لە چەشنی گەلانی بندەستی نبو ئێران، لە ھەبوونی ژیانێکی ئاسوودە و ئاسۆیەک روون بێبەریی کردووە و ھەر لە فەلەستین، لوبنان، سوریە، عێراق ھەتاکوو یەمەن بوونەتە قوربانیی سیاسەتە سەرەڕۆیانە و زێدەخوازییەکانی رژیمی ئێران و بە دڵنیایەوە ئەگەر رۆژێک بێت و ھەموو کاربەدەستان و دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی رژیم و میلیشیا چەکدارەکانیان لە ناوچەکە بە عاقاری قاسم سولەیمانی و شوێنکەوتووانیدا بڕۆن و لەنبو بچن، ھەم گەلانی ناو ئێران و ھەم زۆر گەلی دیکەی ناوچەکە تا ڕادەیەکی بەرچاو رووی ئاسوودەیی و بەختەوەریی بە خۆیانەوە دەبینن و چیتر لە چەشنی ئەمزۆ بینەری رشتنی خوێنی بە ناحەقی ھەزاران مرۆڤی بێ تاوان و قوربانیی سیاسەتە جینایەتکارانەکانی رژیم نابن و چیتر ئیسلامی سیاسی ھار و ھەوسار پچڕاوی لە چەشنی ئێران و تورکیەی ئاوڵدوانەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ناتوانن جێگایەکان بۆ جەولەکردن لە داھاتووی گەلانی غەدر لێکراوی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەبێت.