درێژەی خەباتی ژنان و ئاشکرابوونی ناخی رژیم
درێژەی خەباتی ژنان و ئاشکرابوونی ناخی رژیم
بێریوان.س
لە ئەزموونی ساڵانی پێشووی حکومەتی کۆماری ئیسلامی، هەر کات نزیکەو هەڵبژاردن بووە، بۆ ئەوەی نامەشرووعیەتی دەرنەکەوێ، بە شێوەی کاتیی بەڕێک ئازادی داوە و هەندێ تەنافی لە ئەستۆی خەڵک شل کردوەتەوە.
بەڵام لە دوایین هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری حکوومەتدا دەبینین کە گوشار و حوکمی ناڕەوای بە لێشاو زیاد کردووە، کە لە تازەترینیاندا، سەپاندنی حوکمی ئیعدامی “شەریفە محەمەدی” و “پەخشان عەزیزی”ە.
رژیم لە دوای شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە تەواوەتی بۆی دەرکەوت کە ئیدی نمیچە ئازدیی کاتیش ناتوانێ خەڵکی پێ فریو بدات و ڕێژەی کەمیی بەشداری هەڵبژادن ئەو ڕاستیە تاڵەی پێ دەرخوارد دان. شۆڕشی ژینا وەها هەژاندوویانی کە بە پێی سەرچاوەکانی خودی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی “گرنگترین ڕووداوی کۆمەڵایەتی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران” بووە کە تێیدا سەدان ژن و کچ لە سەرانسەری ئێران به دڕندانەترین شێوە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کران.
ئێمەی ژنانی ئەم سنوور و خاکە، لەم دیو یان ئەودیوی دیواری زیندان، پێمان وایە ویژدانی بەئاگابووی کۆمەڵگا، بەرگەی ئەو هەموو زوڵم و ستەمانە ناگرێت و نەک لە کاتێکی درەنگ، بەڵکو لە بەرەبەیانی نزیکدا، بە کردار و ئیرادە، ڕزگاری ژنان و دایکانی ئازار چەشتوو لەم خاکە دابین دەکات.
حوکمی لەسێدارەدان بۆ شەریفە محەمەدی کە چالاکوانی کرێکارییە، ئاستی ترسی حکومەت لە هەر چالاکییەکی سەندیکای کرێکاری نیشان دەدات، داوا لە هەموو ئازادیخوازان و دادخوازان دەکەین لەبەرامبەر ئەو ناعەدالەتییە ئاشکرایە بێدەنگ نەبن و خوێنی دایکی ستەملێکراوی چینی کرێکار بە ناڕەوا نەڕژێت.
شەریفە محەمەدی، چالاکی کرێکاری خەڵکی کوردستان، لە ١٤ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢ دەستبەسەر و بۆ ماوەی چەند مانگێک لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرا. کاتێک دەستبەسەر کرا بە “چالاکی تەبلیغی دژی ڕژیم” تۆمەتبار کرا. تۆمەتێک کە دوای ماوەیەک بەهۆکاری ناڕاستەوە گۆڕدرا بۆ تۆمەتی قورسی “بغی” کە سزاکەی ئێعدامە. شەریفە محەمەدی بۆ ماوەیەکی زۆر لەژێر فشاری جەستەیی و دەروونی دژواردا بوو بۆ ئەوەی دژی خۆی ئیعتێراف بکات. ماوەیەکی زۆرە لە چاوپێکەوتنی خێزانەکەی و بەتایبەت منداڵەکەی بێبەش بووە و ماوەیەکی زۆرە ڕێگەی پێنەدراوە پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە بکات، لەلایەکی دیکەوە فشاری جەستەیی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە تا ڕادەیەک بوو کە ئێستا دیاری کراوە کە لانیکەم دوو جار بە سەختی ئەشکەنجە دراوە.
شایانی ئاماژەیە لە دوایین حوکمەکانی ناعەداڵەتگای رژیم دا حوکمی ئیعدامی بۆ “پەخشان عەزیزی”سەپێندراوە؛ “پەخشان عەزیزی” خەڵکی شاری مەهاباد، ڕۆژنامەنووس، چالاکوانی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی کورد، کە ساڵی ڕابردوو لە تاران دەستبەسەر کرابوو و ئێستا لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران ڕاگیراوە، ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٣وە بە دەستووری شۆرای لێپێچینەوەی زیندان لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە و لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە تۆمەتی “بغی”، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە. بە پێی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لقی ٢٦ـی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر “ئیمان ئەفشاری” ئەو حوکمەی بەسەر ئەو چالاکوانە مەدەنییەدا سەپاندووە و دوێنێ بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندراوە.
لە کۆتایی دا، وتەکانی پەخشان عەزیزی دێنینەوە؛ تێبکۆشین هەموو دەنگی ژنان بین، کە ئەم کارە سەرەتای وەرزی ڕزگارکردنی ویژدانی پڕ لە ئازاری کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە:
“هەموو چالاکی و هەوڵەکانم لە پێناوی خزمەتکردن و ڕێزگرتن بۆ ئەزموونەکانی ژیان لە بەسێنی مێژوویی و سەرکوتە مێژووییەکاندا بووە و بێگومان لەو باوەڕەدام کە لە بنەڕەتدا ڕێگای درووست بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دیموکراسی گرتنەبەری ڕێگەی دیموکراسیانەیە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی – سیاسی کە خەڵک خۆی باس لە پرسە کۆمەڵایەتییەکانی بکات، داڵغەکانیان بڵێن و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. بەشداریی زۆرینەی خەڵک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا، دەبێتە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و ڕێگای دەربازبوون لە قەیرانەکان و هەتا دێموکڕاسی دەستەبەر نەبێ، ئازادی وەدی نایەت.”