حکوومەتی ئێران دوژمنی لاوان

✍مانی مەلەک

تەمەنی لاوی  خۆشترین و پڕ بیرەوەری ترین بەشی ژیانی هەر مرۆڤێکە، مرۆڤ لەو تەمەنەدا گەشەی جەستەیی و مێشکی دەکات و کۆمەڵێک هیوای هەیە کە لەو بەشە لە تەمەنیدا هەوڵیان بۆ دەدا و بەرنامە و پلانیان بۆ دادەنێت لەوانە درێژەدان بە خوێندن، خۆشەویستی و ژیانی هاوبەش، کار، خۆشگوزەرانی ، سەربەخۆیی لە بواری ژیان و پلان دانان بۆ داهاتوو، بەڵام لە چوار چێوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئیراندا هەموو ئەمانە بۆ لاوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات وەکو خەونێکی وەدینەهاتوویان لێ هاتووە و هەر چەندە هەوڵ بدەن و تێبکۆشن لە شوێنێکەوە بەر بە هاتنە دی هیواکانیان دەگیرێت. لە راستیدا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات سەردەمی لاوەتی نەماوە وەکوو لاوەکان خۆیان دەڵێن ئێمە لاوی پیرین.

کۆچکردنی لاوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ ناوچەکانی دیکەی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی ئێران، باشووری کوردستان و تورکیا لەم ساڵانەدا  زیادی کردووە  هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی کار لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و پێشێل کرانی مافی کرێکاران لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی. بە پێی ئەو بەدواداچوونەی کە سەبارەت بە کۆچی لاوان کراوە لاوانی ڕۆژهەڵات زۆرتر شارەکانی تاران، بەندەرعەباس، هەمەدان، تەورێز، شیراز و ڕەشت هەڵدەبژێرن بۆ کار کردن هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەو شارانە دەرفەتی کاریان زۆرتر تێدایە، سەبارەت بە چوونی لاوانی ڕۆژهەڵات بۆ کوردستانی باشوور بە مەبەستی کار کردن زۆرتر شارەکانی  هەولێر، سلێمانی، دهۆک و سۆران هەڵدەبژێرن. زۆرینەی ئەو کەسانەی بە مەبەستی کار کردن ڕوو لەم شارانە دەکەن لە پیاواندا کاشیکار، نانەوا و وەستای  بواری خانووسازی و ئیزۆگام کارن لە ژنان و کچاندا زۆرتر بۆ هۆڵەکانی  جوانکاری ژنان و ئارایەشگاکان و بەشێکیشیان لە بەشی چێشتلێنان لە ریستۆرانتەکان کار دەکەن بەر لە هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ناوکی بەهای دینار بەرامبەر بە تمەن زۆر بەرز نەبوو و کرێکارانی ڕۆژهەڵاتی لە کوردستانی باشوور بە دینار کاریان دەکرد بەڵام لەگەڵ هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ناوکی و توندبوونەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران بەهای دینار لە بەمبەر تمەن بەشێوەیکی یەکجار زۆر بەرز بووەوە لەو کاتەشدا شەپۆلێکی بەرچاو لە لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کار کردن ڕوویان لە کوردستانی باشوور کرد. پاش ماوەیک زۆرێک لە  خاوەن کارەکان ڕایانگەیاند بە تمەن پارە دەدەن بەو کرێکارانە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ کارکردن ڕوو لە کوردستانی باشوور دەکەن واتە هەمان پارە کە لە ئێران بە کرێکارێک یا وەستا کارێک دەدرێت بۆ کار کردن لەگەڵ ئەوەش دەبێ لەو پارەیە کە وەریدەگرن کرێ هاتوچوویان لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە بۆ کوردستانی باشوور بدەن و جیا لەوەش خەرجی خواردن و شوێنی ژیانیشی دێتە سەر.

سەبارەت بە کۆچی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ باکوری کوردستان و  تورکیاش هەر بەو شێوە بۆ کار کردن و دەست خستنی پارە بۆ بژیوی ژیانیانە کە زۆرتر لە ڕیستۆران، کارگا و کارخانەکان کار دەکەن لەگەڵ ئەوەی کە خەرجی ژیانی ڕۆژانەشیان لە سەر خۆیانە.

پرسیاری گرینگ لێرەدا ئەوەیە کە بۆ چی دەبێ لاوێکی ڕۆژهەڵاتی کیلۆمیترها ڕێگا ببڕێت بۆ پەیدا کردنی بژیوی ژیان؟ بۆ چی لە ڕۆژهەڵات و لە شارەکانی کوردستان کار ناکەن؟ بۆ چی دابڕان لە خوێندن لە نێوان لاوەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات زیادی کردووە؟

ئەو کارانەی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ لاوێک دەسدەکەون بریتین لە دەسفرۆشی، کۆڵبەری، کرێکاری و نانەوایی و چەند کاری پڕ زەحمەت و کەمداهاتی دیکە. دەسفرۆشی کارێکی ورزییە بۆ ئەوە نابێت لاوێک وەکوو سەرچاوەیەک بۆ داهات هەڵی بژێرێ و هاوکات دەیان لەمپەر کە لە لایەن شارەداریەوە بۆی دانراوە. کۆڵبەری لە ئێستادا لە لایەن کاربەدەستانی رژێمەوە بە قاچاخچیەتی ناوی لێ دەبرێت و چەکدارانی کۆماری ئیسلامی راستەوخۆ بڕیاری کوشتنی کۆڵبەریان هەیەو  ڕۆژ نییە کۆڵبەرێک گیانی به تەقەی ڕاستەوخۆی  پاسەوانانی سەر سنوور یا خود سەرما و بەفر لە دەس نەدات .

کرێکاری : کارێکی ڕۆژانەیە واتە ڕۆژێک هەیە و لەوانەیە مانگێک نەبێت لەگەڵ ئەوەش هیچ جۆرە بیمەیەکی نییە و لە ئەگەری هەر ڕووداوێکدا لە سەر کار کە کرێکارێک تێدا بریندار بێت خۆیی دەبێ چارەسەری خۆی بکات لەگەڵ ئەوەش بگرە لاوێک سی ساڵیش کرێکاری بکات دوای سی ساڵ هیچ پاداش و پارەیکی مانگانەی نیە بە تایبەتیش لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا هیچ جۆرە مافێکی شیاو بۆ کرێکاران دیاری نەکراوە و هیچ جۆرە سەندیکایەکی فەرمی بۆ پشتیوانیی کرێکاران نییە و مانگرتن و ناڕەزاییەکانی کرێکاران لەگەڵ سەرکوتی هێزە ئەمنییەتییەکان بەرەوڕوو دەبێتەوە و کڕیکاران بەرانبەر بە خاوەن کاران بێ پشتیوان و بە پەنان. لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاکامی سیاسەتی شۆڤینیستانە حکوومەتی ئێراندا و بە ئەنقەست لەدواوە ڕاگرتنی ئابووریی کوردستان و کۆسپ خستنە بەردەم دامەزرانی کارگە و کارخانەکان دەرفەتێکی وایان بۆ دۆزینەوەی کار لە ئەو ژمارە کەمە ناوەندی بەرهەمهێنانە کە لە کوردستان هەیە دەسناکەوێ.

واز هێنانی لاوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە خوێندن لە ساڵانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا تا هاتووە زیادی کردووە هۆکارە سەرەکییەکەی باری خراپی ئابووری بنەماڵەکانە. زۆر لە لاوان ئەگەر تەنانەت بتوان تا ئاستی دواناوەندی بخوێنن پاش کۆتایی خوێندنی دواناوەندی و کاتێک بە تەمای خوێندنی باڵان تووشی گرفتی ئابووری دەبن و خانەوادەکانیان دەرەقەتی خەرجی زانکۆ ناین و بۆیە ناچار دەبن واز لە خوێندن بێنن. کڕینی کتێب و پارەی ساڵانەی خوێندنگاکان و زانکۆکان و دەیان خەرجی دیکە لە کاتێکدا کە هەڵاوسانی ئابووری لە ئێران بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و بە پێی بەراوردەکان لە بنەماڵەیکی پێنج کەسیدا دەبێ چوار کەسیان کار بکەن بۆ ئەوەی بتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان دابین کەن، زۆر نین ئەو خانەوادانەی دەرەقەتی خەرجی خوێندن و زانکۆی منداڵەکانیان دێن. سەرباری ئەو دەردە ئەگەر لاوەکان بتوانن بخوێنن و خوێندن تەواو بکەن بێکاریی بەرینی کەسانی خاوەن بڕوانامە و یاسا شۆڤینیستییەکانی حکوومەتی ئێران ڕێگرێکی گەورەن لەبەردەمیاندا بۆ دۆزینەوەی کار. لە زۆر شوێن مەرجی بوونی کارت بەسیج بۆ دامەزران هەیە، زۆربەی جار ئەگەر کەسێکی نزیکت لە حیزبە کوردستانییەکاندا بێ یان چالاکێکی سیاسی بێ بۆت دەبێتە ڕێگر و تەنانەت جاری وا هەیە بە توانی کورد بوون رێگەت لێدەگرن بۆ ئەوەی بتوانی لەو بەشەی خوێندووتە و شارەزایت تێدا هەیە دامەزرێیت.

لە نێوان ئەم هەموو نادادپەروەری و زوڵم و زۆرە کە بەرامبەر لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت و بۆ پەیدا کردنی بژیوی ژیان و گەیشتن بە هیواکانیان دەبێ ئەو هەموو قۆناغە سەختە تێپەڕ بکەن،  کۆماری ئیسلامی ئەنفالێکی  لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەس پێ کردووە.  بڵاوکرانەوەی ماددەسڕکەرەکان لە لایەن دەستوپێوەندەکانی ڕژیم و کەسانی ناوزڕاو لە کوردستان مەترسییەکی دیکەی سەر ڕێگەی ژیانی لاوانی کوردستانە. دەستوپێوەندەکانی حکوومەت لە شار و گوندەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە چڕی و بە نرخێکی هەرزان مادە هۆشبەرەکان دەخەنە بەر دەستی لاوان و لەو رێگاوە دەنگیان کپ دەکەن. بۆ کۆماری ئیسلامی لاوانی ڕۆژهەڵات مەترسیەکی گەورەن و کاربەدەستانی ئیدارەی ئیتیڵاعات و سپای پاسداران لەم ساڵانەدا هەوڵیان داوە بە گیرۆدەکردنیان بە مادە هۆشبەرەکان ئەو مەترسییە لەسەر خۆیان کەم بکەنەوە و کارێک بکەن لاوی کورد بیر لەو زوڵم و زۆرە نەکاتەوە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە لێی دەکرێت.

ترسی کۆماری ئیسلامی لە لاوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات زۆر بە سانایی لە هێرشیان بۆ سەر چالاکانی مەدەنیی کوردستان دەردەکەوێ، لە سێ مانگی ڕابردوودا نزیکەی دوسەد کەس کە تەنها “تاوانیان” خەمخۆریی وڵات و خاوەن هزر بوون و چالاکیی مەدەنیە گیراون و زۆربەیان  دیار نییە لە کوێ و لە کام گرتووخانەی حکوومەت دەسبەسەرن.  ئەوەی شارەزای مێژووی ڕەشی دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران دەزانێ ئێستا ئەو لاوانە لە چ بارودۆخێکدان و چۆنیان هەڵسووکەوت لەگەڵ دەکرێت.  ئەمە یەکەمجار نییە کۆماری ئیسلامی ئەم تاوانانە بەرامبەر لاوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەنجام دەدات لە ساڵانی ڕابردووشدا بە تاوانی ژینگە پارێزی و خزمەت بە ژینگەی کوردستانی ڕۆژهەڵات لاوانی دەسبەسەر کردووە و حوکمی قورسی زیندان  و جەریمەی نەختیان بۆ دەرکردوون و لەگەڵ ئەوەش  لە ماوەی دەسبەسەر بوونیاندا بە دەیان جۆر ئەشکەنجە و ئازار دراون و  بێرێزیان پێ کراوە!