جارێکیتر شێرکۆ گشتکەس

جارێکیتر شێرکۆ گشتکەس

 ئامانج عەزیزکەندی

هەر ئەمشەو شێرکۆ دێ و 

لە کەنار ئەو چیا خەمگینەی بوو بە گرد

یەکتری ئەیبینین

بۆننامەی زەنوێری سوتاوم پێیە بۆی

سوتەکی کێشراوی کەرکوکم ھێناوە

پێی دەڵێم:

گەورەی من! چۆن وێرات کە بەسەر 

گوێزانی مێردەزمەی سنوری مەرگدا بازبدەی؟

لەم سەرمای رەو بردووی سەردەما

چۆن توانیت کۆچێکی ئاوا سوور ڕێکبخەی؟

 پێی دەڵێم :

لالۆ گیان، قەلەمەکەت 

مێژووی سووری گوێچکەی وڵاتە  

بە دانە رەوەزەکانی قەندیلەوە 

ھێشتا تفەنگی بێ فیشەکدانمان 

لەسەر یەک قاچ ئێشک گری خاکی دایکن

هێشتا رانکی کەرکوکمان

خورشیدی بۆ چۆغەی کرماشان ئەچڕێ

لە قامیشلی و بۆتانەوە 

لە شەنگال و شێخانەوە 

چەپک چەپک زاق و زروقی سەربڕانە

تۆ نەبووی ئافاتی جەستەمان ببینی

گۆرستانی چراکان و لە داردانی کورسیەکان

ئاوا بوونە ئاوا بوونە، ئاوا

وەک ھەڕەتی سەرکەوتنی لمی بیابان 

وەک ڤەمراندنی ئاگری گاتاکان

فەرمان بوو غەزا بوو غەزا

غەزای فەتحی کافرستان

لەم دابڕانی کات لە شوێن و شوێن لەکاتە دا

وادەی ئەو کۆچە کوا هەبوو؟

پێی دەڵێم گەورەی من:

لەو دیوی کۆچەوە 

بپرسە لە پێلاوەکانی خوا و 

 حەمە بچکۆلی بۆیاخچی

بپرسە لەو ئایەتانەی زەرگ و تەنافیان بە دەستە

بپرسە لە ژان و برک و قۆرت و گەوەی دەیان سەدەی مۆن و قرخن

لە زەردە پەڕی گاتاکان

لەو کچە چاوشینە مەدیەی نیشتمانتە

لە چرا تۆزاویەکانی عەرعەر

لە بروسکەی سمکۆی شکاک

لە سکرتێری دەستە سەدی نوسینگەی خوا 

ھەواڵی نامەکەی ھەڵەبجە بپرسە

لە حەڵاڵ و حەرامی ئەم کافرستانە و

هەرامەتی وشکە ڕنی بێستانی کورد

لە مارەکەی ملی ئازادی

لە دڵاری ژێر شۆڕەبیەکەی ئەردەڵان

لە تەمورەکەی باباتاھیر

لە روحی ناو فەرھەنگەکەی زەبیحی

لە شای شاھۆ، لە میلی ھەسرەکەی مەولەوی

 لە دلۆپ دڵۆپ گول نووسینەوەی باران

لە نمە نمەی چاوانی کوردستان

سوارچاکی مانگە عاشقەکەی زرێبار

ئێستا خۆر جڵەوی تۆ دەگرێ

ئەی جلەو کێشی ئەستێران