تێرۆر پێناسەی کۆماری ئیسلامییە

✍هەژار وەلیزادە

لە هەر کۆمەڵگایەکی ئەم گۆی زەویە هەن ئەوانەی بیرۆکەی جیاوازیان لەسەر بابەتە جۆراوجۆرەکان هەیە لە وانەش سیاسەت و شێوازەکانی بەرێوەبەری وڵات و کۆمەڵگا کە لەسەرتای شارستانیەتەوە تا ئێستا بە هەزاران بیرۆکە و تئۆری و ئایدیالۆژیان لە خۆ گرتوە. پەیرەوانی هەر فکرێک حەوڵی گونجاندنی ئایدیا و بیرۆکەی خۆیان لە بەرێوەبردنی وڵات دا دەدەن. وڵاتانی پێشکەوتووی بۆ نمونە ئامریکا و فەرانسە رێوشوێنی جیاوازیان وەک هەڵبژاردنی دەورەیی یان بەرێوبەری ماوەی بەکار دێنن تا هەموان بە پێ لایانگرانیان بەشدارلە بەرێوەبردنی وڵاتەکەیان بن.بەڵام ئەم کراوەیە لە هەمو دەوڵەتان بەدی ناکرێت و رێژیمێکی دیکتاتۆری ئێران رێگە نادات جگە لە پەیرەوانی بەیتی رێبەری (خامنەیی) هێچ دەسەڵاتێکی دیکە بوونی هەبێت و بۆ ئەو مەبەستەش هەر چەشنە رێگایەکیان گرتۆتە بەر وەک تێرۆر و لەناو بردن.

تێرۆر بە مەبەستی ترساندن و تۆقاندن و لابردنی دژبەران و جیابیران یەکێک لە کردەوە هەرە نامرۆڤانەکان بەئەژمار دێت. ئەم کردەوە قیزەونە بەدەستی جینایەتکاران و دیکتاتۆرانی سەردەمی کۆن و نوێ، یەکێک لە ئامرازەکانی پاوانخوازی و پاراستنی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری وناڕەوایە.ئەگەر چاوخشاندنێک بە مێژووی تێرۆر یا کرنۆلۆژی ڕووداوەکانی تێرۆر لەجیهاندا بکەین، کەم نموونەی وەک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکەوێتە بەرچاو کە بەو شێوەیە بە دژی دژبەرانی لە ئامرازی تیرۆر کەڵکی وەرگرتبێت، یان ئەگەر بەشێوەیەکی تر بڵێم کەمتر تێرۆر وەک چەکێک بەو شێوە سیستماتیکە لە لایەن دەوڵەتەوە بەکار هێنراوە.

تیرۆر زیاتر چەکی تاقمی مافیا و جینایەتکاران یا گرووپی بچووکی سیاسی و ئیدئۆلۆژی رادیکاڵی بووە هەتا سیاسەتی دەوڵەتێک، لە کۆماری ئیسلامیدا گرنگتر لە سیاسەتی پەروەردە و تەندروستی و پیشەسازی و ئاسایشی هاووڵاتییان کە کۆڵەکەکانی دەوڵەتمەدارین، تێرۆر و تۆقاندن بە مەبەستی لابردنی جیابیران وەک سیاسەتی سەرەکیی ڕێژیم بە شێوەیەکی سیستماتیک لە بەرزترین ئۆرگانی دەوڵەتییەوە تا بچووکترین دەسەڵاتی جێبەجێ کردندا بە فەرمی کاری بۆ دەکرێت.

تەنانەت بە ڕادەیەک ئەو بابەتە لە نێو رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا جێی گرتووە، کە بە ئاشکرا پێشوازی لە ئازادکرانی تیرۆریستییەکان دەکرێت ونە تەنیا جیاوازیەک لە نێوان تێرۆریستێک کە لە دادگاکانی جیهانیدا حوکم دراوە،لەگەل قارەمانێکی ئولەمپیک کە دەگەڕێتەوە وڵات نابینرێت، بەڵکوو بایەخی زیاتریش بە تێرۆریستەکە دەدرێت، تەنانەت ئەو کەسانە لە پۆستە هەرە باڵاکانی سیاسی و تەشریفاتیدا دادەندرێن.

 

لێرەدا چەند هۆکارێک بۆ دەست ئاوەڵایی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تێرۆر و ئەنجامی تێرۆر بە شێوەیەکی سیتێماتیک دەبینرێت. لەوانە دەتوانین ئاماژە بە دڕەندەیی و جەنایەتکاریی ڕێژیم هەروەها بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە پێناو بەرژەوەندیی ئابوورییان بۆ وەرگرتنی باجێکی زۆر لە بەرانبەر سەرپۆشدانانیان و بێدەنگی کردن هەروەها هەندێک وڵاتی دیکە وەک عێراق بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی وڵاتیان لە کردەوە تیرۆریستییەکانی یان دەستێوەردانە زیانبەخشەکانی ئێران لە ناو خاک و وڵاتی خۆیان بێدەنگی سەبارەت بە تێرۆرەکانی ئێران هەڵدەبژێرن.هەشن هەندێک لایەن سەر بە ئێران وەک حەشدی شەعبی وحیزبوڵای لووبنان و حەماسی فلەستین کە رێژیمی ئاخوندین لە سەرخستنی تێرۆرەکانی دەروەی هاریکاری دەکەن و رێگا خۆشکەرن.

 

بەڵام ئەوەی زیاتر لەو ڕۆژانە وەک دیاردەیەکی مەترسیدار لە هەرێمی کوردستاندا سەری هەڵداوەتەوە و نیگەرانیدروست کردووە،تێرۆری مووسا باباخانیە کە ئاماژەیە بۆوەی مەکینەی تێرۆری کۆماری ئیسڵامی ئێران دوبارە بە هاتنی گەورە جەڵادی ئێران وەکار کەوتۆتەوە.

 

پێش ئەوەی بچمە سەر ئەوەی هێزەکانی ڕۆژهەڵات دەبێ چیبکەن،دەبێ ئەو مەترسییە بۆ حکوومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەسنیشان بکەین.

 

یەکێک لە خاڵە جەوهەری و سەرکەوتووەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمنییەت و ئاسایشی ئەو هەرێمەیە کە گەورەترین تێرۆریستی جیهان داعشی بەزاند. ئەگەر ئەو خاڵە جەوهەرییە وا لەرزۆک ببێت کە هەر ڕۆژێک لە سوچێکی ئەو هەرێمەدا ئازادیخوازێک ببێتە ئامانجی دەستی چەپەڵی تێرۆری ڕێژیمی ئێران، ئەوە یەکێک لە کوڵەکە هەر بنچینەییەکانی هەرێمی کوردستان واتە ئاسایش و ئەمنییەت نامێنێت، کە هەموومان قوربانیمان بۆ داوە هەریەکەو بە شێوەیەک، بۆیە دەبێت حکوومەتی هەرێم زیاتر لە هەموو لایەک بە دوای ئەوە بێت ڕێکارێک بۆ پێشگیری لەو تێرۆرانە بگرێتە بەر.

ئێمە وەکوو هێز و لایەنی ڕۆژهەڵاتی دەبێت باشترین ڕێگا بۆ بەرگری و پێشگیری لەو جۆرە تێرۆرانە بگرینە بەر چون ئەرکی  خۆپارزییەکەمان لە بنە رەت دا لەسەر شانی خۆمانە، ئەویش وێڕای پتەو کردنی ئاسایش و ڕێکاری پێویست، دەبێ یەکڕیز و هاوئاوهەنگتر لە جاران بەشی بەرچاوی چالاکییەکانمان بگوازینەوە بۆ نێوخۆی وڵات و پایەکانی حکوومەتی داگیرکەری لە هەموو کاتێک زیاتر بکەینە ئامانج. چوونکە ناتوانین لە بەرانبەر هێرشە ناجوانمێرانەکانی دوژمن بێدەنگ دابنیشین.

 

دەبێ هەمووی ئەو تێرۆرانە وێڕای دێکومێنت کردنی، بە ئاگاداریی دونیا و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بگەیەنین، وێڕای ئەوەی کە دەزانین وڵامی ئەوان بەدڵی ئێمە نەبێت، یان لە ئاستی پێویستدا نەبێت، بەڵام دیسان وەک ئەرکێکی بەشی دیپلۆماسی و دیپلۆماتەکانی شۆڕش دەبێ ڕەچاو بکرێت.

 

لە هەموو گرنگتر دەبێ کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵات  بە هەموو چین و توێژەکانییەوە لە بەرانبەر بە ناحەق و ناجوامێر ئامانج کردنی ڕۆڵە نەبەزەکانی بێدەنگ نە بێت. دەبێ لە نێوخۆی وڵاتەوە بە هەموو شێوەیەکی گونجاو وەدەنگ بێن، لە هەر دەرفەت و کەلێنێک ببنە پاڵپشتی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازان بۆ ڕزگاری کۆتایی. ئێمە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە چەندین جار نیشانمان دا کە دەتوانین پایەی زوڵم و زۆرداری بلەرزێنین.

 

ئێمە باش دەزانین هەر کردەوەیەکی تێرۆریستی و پەرەسەندنی ئەو کردەوانە لە کات و ساتی ئێستەدا کە بەرەو بەهاری تێکۆشان و خەبات دەڕۆین و لەلایەکی تر تۆکمەتر لە جاران خەریکی خۆڕێخستنەوەی خێرا و پێشکەوتوو و سەردەمیانەین،دەبینە هۆکاری ترسی لەبڕاننەهاتووی دوژمنان وهەروەها ئەمەش بێهێزی دەسەڵاتی رێژیم لە بەرانبەر ئازادیخوازان دەسەلمێنێت.

 

هەر بۆیە وڵامدانەوەی کۆمەڵانی خەڵک لە کاتێکدا کە کۆماری تێرۆر و تۆقاندن رەوای دوایین هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لەدەست داوە، دەتوانێت بەرەو ڕزگاریی کۆتاییمان لەم ماوە زەمەنیەی لەپێشماندایە ببات.