ناڕەزایەتی کۆمەڵانی زەحمەتکێشی خەڵکی ئێران

✍پەری.م-سنە

گڕی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەری زەحمەتکێشی خەڵکی ئێران لە هەموو چین و توێژێکەوە بڵێسەی سەندووە. فشارە ئابووری و سیاسیەکان زیاترە لەوەی کە خەڵک بتوانێت بەرگەی بگرێت. چیتر بەردەوام بوونی ئەم بارە نامۆمکێنە. خۆپیشاندان وخەبات دژی ئەو سیستەمە کە زۆر سەختی و فەلاکەتی بە دوای خۆیدا هێناوە بۆتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. توڕەیی و نفرەت لە چینی حاکم سەرتاسەری ئێرانی داگرتووە. لەگەڵ دژوارترین بارودۆخی مادی و بژێویدا، کرێکاران هەموو ڕۆژێک لە شار مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و ڕێپێوان، خۆپیشاندان و گردبونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجام دەدەن. ماوەی پتر لە سێ هەفتەیە دەیان هەزار کرێکاری نەوت و گاز و پترۆشیمی لە مانگرتندان. خانەنشینان بەردەوامن لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان. گرووپی جۆراوجۆری مامۆستایان ڕوویان کردووەتە مانگرتن و گردبونەوەی ناڕەزایەتی.

پەرستاران لە ژمارەیەک لە شارەکان دا گردبونەوەی ناڕەزایەتیان ئەنجامداوە و داوای چاکبوونی بارودۆخی کار و گوزەرانیان و زیادکردنی مووچە و نەهێشتنی جیاکارییان کردووە. کۆمەڵێک پزیشک داوای لەکار لادانی وەزیری تەندروستیان کردووە. هەروەها ناڕەزاییەکان تا ئاستی بەرهەمهێنەرە بچووکەکان بڵاوبوونەتەوە. جوتیار و خاوەن کێڵگەکان ناڕەزایی خۆیان لە سیاسەتەکانی ڕژێم بۆ شارەکان و بۆ پارێزگاکان ڕاکێشا. لەگەڵ دووبارە بوووونەوەی کوشتاری خەڵکی ئێران لە ئەنجامی شکست و بێتوانایی ڕژێم لە کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، نەبوونی ڤاکسین و درۆ یەک لە دوای یەکەکانی بەرپرسانی حکومەت، سیستمی چاودێری تەندروستی لە ناو خەڵک دا بووەتە ئابڕووچوونی سەدان جارەی حکوومەتی ئێران لە جیهاندا. رووداوێکی بێ وێنە روویداوە و کۆمەڵێک ئێرانی بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان و دەرزی کوتان گەشتی وڵاتانی تر دەکەن. ژمارەی ئەو شارانەی کە تەنانەت خەڵکی لە ئاوی خواردنەوە بێبەشن بەردەوام لە زیادبووندایە و ئەوەش ناڕەزایی زۆری لێ کەوتەوە کە لە هەندێک شار و ناوچە دا هێشتا درێژەی هەیە .

بەڵام ئەوەی بە تایبەتی ژیانی ڕۆژانەی گشتی لە گەرمای هاویندا تێکداوە ئەو خامۆشی یەک لە دوای یەکانی کارەبایە کە ژیانی گشتی ئیفلیج کردووە و توڕەیی و ناڕەزایی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە. لە هەندێک شار دژی بێ کارەبایی خۆپیشاندان ئەنجامدراوە  و خۆپیشاندەران دروشمیان دژی ڕێبەران و بەرپرسانی ڕژێم و دەسەڵات وتووە.

هەموو ئەم ناڕەزایەتیانە ڕەنگدانەوەی توڕەیی و ناڕەزایەتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ئێرانە بەرامبەر بەو سەرکردانەی کە چوار دەیەیە ئەو وڵاتەیان تاڵان کردووە. هەموو ئەم خۆپیشاندان و کەمپینانە کە تەنیا سێ هەفتە پاش تەحریمە مەزنەکەی خەڵک بۆ هەڵبژاردنەکەی سەرۆکۆماری ڕژێمەوە ڕوودەدات و تووڕەیی و ڕقی خەڵکی ئێران لە بەرامبەر ئەو نیزامە کۆنەپەرستەی کە لە ئێران زاڵە، نیشان دەدات .

هەموو ئەوەی لەم ماوە کەمەدا ڕوویداوە و هەندێک نموونەش باسکرا ، ڕەنگدانەوەی ئەو قەیرانە سیاسییە قوڵەیە کە بەرۆکی کۆمەڵگای ئێرانی گرتووە. ئەم قەیرانە لەسەر ئەو هەلومەرجە کە ئەم نەرێتیە ئابووریە سۆسیۆلۆژیەی کە هەیە هەڵواسراوە کە لە ئەنجامی چڕبوونەوەی تەزادی گشتی ئەم نەزمە ، بە بنبەست گەیشتووە و چینی حاکم هیچ ڕێگای بۆ دەرەوەی نییە. بارودۆخەکە بەردەوام بەرەو خراپتر بوون دەڕوات و کۆمەڵگایش بەرگەی نەماوە. بە ڕوونی دیارە کە ژیانی کرێکاران و ڕەنجدەرانی ئەم وڵاتە زۆر دژوار بووە و ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ژێر هێڵی هەژاریدان بەرز بووەتەوە، بێکاری بەردەوام زیادی کردووە .هەر ڕۆژە هەڵئاوسان بەرزدەبێت و ڕۆژانە نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بەرزدەبنەوە و پێداویستی ڕۆژانەی خەڵک کەم و گرانتر بووە .

نرخی خانوو بەو ڕادەیە زیادی کردووە کە چیتر ملیۆنان کەس توانای دانی کرێی قورسیان لە شارەکاندا نییە و پەنایان بەرەو ناوچە پەراوێزخراوەکان بردووە. ئامارە فەرمیەکان بازدانێک لە ژمارەی خەڵکی پەراوێزخراو لە ئێران نیشان دەدات.  ڕەوشی چالاکی تەندروستی و پەروەردە و زانستی و وەرزشی و ڕۆشنبیری زیاتر بێ بەها بووە . تەنانەت ئاو و کارەبای پێویست بۆ ژیانی ئاسایی ئێستا بۆتە یەکێک لە کێشە مەزنەکانی کۆمەڵگا .

ئەوەی ئێمە شاهیدین جگە لە خولی بەرەو دواوەی کۆمەڵگا هیچی تر نییە . ئەم گەڕانەوە بۆ دوا بە بەراورد بە دەیان ساڵی ڕابردوو بۆ کەس داپۆشراونییە. ئەوەندە بەسە کە ئەمە لە باری ژیانی کرێکاراندا بە ڕوونی ببینین ، کە گەورەترین هێزی بەرهەمهێنەری ناو کۆمەڵگان . باری مادی و بژێویان بەرەو خراپتر بوون دەچێت ، کۆمەڵگای ئێران لە بۆنبەست دا نووقم دەبێت، وەک ئۆرگانیزمێکی کۆمەڵایەتی نەخۆشییەکی جدی هەیە . هەموو کەس دەزانێت کە نەخۆشییەکە کە چاک نابێت ، خراپتر دەبێت و ئەنجامی خراپتری لێ دەکەوێتەوە. ئۆرگانیزمی کۆمەڵایەتیش لەم یاسایە پەیڕەوی دەکات. ئەم نەخۆشییە لە کۆمەڵگای ئێران گەیشتووەتە قۆناخێک کە چیتر چارەسەری پزیشکی و ئازارشکێنی پێ ناکرێت. ئەو پەتایە هەموو ئۆرگانیسمی تووش کردووە. ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە. ئاشکرایە ئەگەر بارودۆخی ئێستا بەردەوام بێت و چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە نەدۆزرێتەوە و چارەسەری نەبێت، بێگومان خولی پاشەگەردانی و شوبهاندن بە حەتمی خێرا دەبێت .

ئەم ڕاستییە لە لۆژیکی دۆخی ئابووری و سیاسی ئێستای کۆمەڵگای ئێران سەرچاوەی دەگرێت. ئەم ریسا کۆمەڵایەتی- ئابووری و سیاسیەی لە ئێران لە قەیرانی بێ چارەسەریدا هیلاک بووە. ئەم قەیرانانە ئاماژە بە ناکۆکی ، گەندەڵی و پووکانەوەی سیستەمی کۆمەڵایەتی ئابووری و سیاسی سەرمایەداری زاڵ بەسەر ئێراندا دەکەن و گۆڕانی بارودۆخی سیاسی زۆر لەمێژە ئەوەی ڕوون کردۆتەوە کە کۆمەڵگای ئێران پێویستی بەپەلەی بە گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵ و دمۆکراتیکی ئینسانی هەیە، چونکە لەتبوونی سیستمی ئابووری و کۆمەڵایەتی زیاتر دەبێت. لە وەها هەلومەرجێکدا هیچ ڕێگایەک نییە بۆ باشترکردن تەنیا  گۆڕان نەبێت  .

ئەوە راستییە، لانیکەم لە ساڵی ١٣٩٦ەوە جەماوەری کرێکار وزەحمەتکێش بۆ سەرپێخستی لە حوکمڕانی ڕژیم و دامەزراندنی نەزمێکی نوێ، خەباتێکی گەورەیان بەرپاکردووە بەڵام ئەم خەباتانە لە بەر مقاومەت و توندی و زۆرداری چینی حاکم بۆ بەرهەڵستی کردنی گۆڕان تا ئەمڕۆ بە ئاکام نەگەیشتووە. ئەم تێکۆشانە ئەوەندە بەهێز نەبووە کە بەسەر پاسەوانانی نەزمی بۆگەندا زاڵ بێت. ئەم لاوازییە نە لە نەبوونی مەرجی بابەتی و ئامادەباشی کرێکاران و ڕەنجدەران بۆ ڕووکردن لە شۆڕش، بەڵکو لە لاوازیی فاکتی هزرییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر ئەم تێکۆشانانە بە دەرەنجامێکی یەکلاکەرەوە سەرنەکەوتوون، بەهۆی نەبوونی ڕێبەرایەتی و ڕێکخستنەوەی پێویست بووە. نەبوونی سەرکردایەتییەکی شۆڕشگێڕە کە دەتوانێت هەموو ئەم جۆگەلەی خەباتی پچڕپچڕ و ناڕەزاییە لە دژ بە دەسەڵاتی حاکم لێک هەڵپێکێ و بیکاتە لافاوێکی بەهێز کە دەسەڵاتی ناڕەوای ئەمڕۆی پێ ڕاماڵێ.  واقیعێکی حاشا هەڵنەگرکە کە لە کۆمەڵگای ئێران هیچ چینێکی تر جگە لە چینی هەژار و لێقەوماو  و پارتە چەپەکان نە ئەرک و دەسەڵاتیان بۆ ئەم گۆڕانکاریە ڕادیکاڵە هەیە و نە بەرژەوەندیەکانیشیان لەم گۆڕانە ڕادیکاڵەدا مسۆگەر دەبن .

کۆمەڵگەی مەدەنی و چینی زەحمەتکێش کە ئەرکی ڕابەرایەتی کردن و ڕێکخستنی بزوتنەوەکەی لە دەستدایە، لە ئەنجامی دەیان ساڵ لە سەرکووت و دیکتاتۆرییەتی ڕژیم، سەرەڕای هەوڵ و تێکۆشانی لەم ساڵانەی دواییدا ، هێشتا ئەوەندە بەهێز نییە کە کاری خۆی بکات و ئەم بنبەستە تێک بدات. کۆماری ئیسلامیش نیشانی داوە کە نەک هەر هیچ ڕێگایەک نییە بۆ تێپەڕاندنی ئەو بۆنبەستەی کە هەیە ، لە بنەڕەتدا ڕێگرێکی سەرەکیشە بۆ تێپەڕاندنی. ئاشکرایە کە لە وەها بارودۆخێکدا کۆمەڵگا بە هۆی ئەو قەیرانە قوڵەوە پێویستی بە گۆڕان هەیە، بەڵام گۆڕان دوادەکەوێت ، تێکهەڵچوونی سیستەمی زیاتر دەبێت، قەیرانی ئابووری کۆمەڵایەتی قووڵتر دەبێت، خولی بەرەو دواوەی کۆمەڵگای ئێران خێراتر دەبێت و ئاکامی کۆمەڵایەتی خراپتر و کاولکارتر بۆ جەماوەری زەحمەتکێشی خەڵکی لێ دروست دەبێت .

هیچ چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە بۆ شەرایتێک کە ئێستا هەیە و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکانی نیزامی سەرمایەداریی حاکم دا نییە، جگە لە شۆڕشێک کە ئێستا لە ئێران هەلومەرجە بابەتییەکانی ئامادەیە. تووڕەیی شۆڕشگێڕانەی بەربڵاوی جەماوەری زەحمەتکێش لە دژی چینی حاکم لە سەرتاسەری ئێران، ئەوە نیشان دەدات کە جەماوەر ئامادەیە بۆ سەرنگومکردنی کۆماری ئیسلامی و هەموو ئەو نەهامەتیە بۆگەنەی کە هەیە. سەرەڕای دواکەوتنی هۆکاری دەروونی شۆڕش و هەوڵی کۆنەپەرستانی دەسەڵات، هەڵکشانی ململانێکان لە کۆمەڵگای ئێران گەیشتووەتە ئەو ڕادەی کە لەهەر ئان و ساتێکدا بڵێسەیەک ئاگری لێ بکەوێتەوە و شۆڕش ڕووبدات. شۆڕش تاکە ڕێگایە بۆ ڕزگارکردنی گەلانی ئێران لەو نەهامەتییە زۆرانەی کە کۆماری ئیسلامی هێناویەتی دی.