نەرخی هەڵاوسان لە ئێران گەییشتە ٢٥٥ لە سەد

✍مانی مەلەک

لەگەڵ هاتنە دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێککەوتنی ناوکی و گەرانەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران سات بە سات نەرخی هەڵاوسان بەرز بوەوە و لە لایکی تریشەوە نەرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن رۆژ لە دوای رۆژ بەرز بوەوە هەر ئەوە بووە هۆکاری بەرز بوونەوەی نەرخی شتو مەک و کالا خۆراکیەکان. لە بەر ئەوەیکە لە سەرجەم بەزارەکانی جیهان بۆ کڕین و فرۆشتنی کاڵاکان بە دۆلار معامیلە دەکرێت ، بەرە بەرە رەفتارەکان و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی وەکوو پابەند نەبونی بە بەڵێنەکانی لە رێککەوتنی ناوەکی ، دەستێوەردان لە کار و باری وڵاتانی ناوچەکە ، تاقیکردنەوەی چەک و موشەکی قەدەعە کراو ، پشتیوانی و هاوکاری ماڵی گرووپە تیرۆریستیەکان بونە هۆکاری قورستر کردنی سزاکان و گەمارۆکان و بە یەکجاری دۆخی ئابوری وڵات وێران بوو. کاتێک کە دۆخی ئابوری هەر وڵاتێک تێک دەچێت زەرەرمەندی سەرەکyی دۆخەکە خەڵکی کەم داهات، مامناوەند و هەژار دەبن لە ئێرانیش بە هۆی زۆر بوونی ژومارەی دانیشتوان ، گەندەڵی دام و دەزگا حکومیەکان ، نەبونی هەلی کار و بە فیڕۆ درانی سروەت و سامانی وڵات لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە ، بەشێکی بەرچاو لە خەڵکەکی کرێکار و کەم دەرامەدن هەر چەندە کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنە سەر کارەوە جگە لە ماڵوێرانی و کێشە و گرفت هیچ جۆرە خزمەتگوزاریێک و خۆشگوزەرانیەکی بۆ خەڵک بە دی نە‌هێناوە. بەڵام لەگەڵ ئەوە هیچ کات لە ماوەی ئەم چل ساڵەی دەسەڵاتداریدا دۆخی ئابوری خەڵک تا ئەو رادەیە خراپ نەبووە لە ئێستادا بە پێی ئامار و راگینراوەکان هێڵی هەژاری لە ئێران گەیشتووەتە یەک لە سێ واتە لە هەر سێ کەس یەکیان لە ژێر هێڵی هەژاریەوەیە.  هەر وەها  ژیانێکی زۆر ئاسایی و سەرەوتایی لە شارە بچوکەکان پێویستی بە مانگانە حەوت ملوێن تمەنە ، بەڵام ژیان لە شارە گەورەکان پێویستی بە مانگانە نزیکەی دە ملوێن تمەنە. ئەم کارەساتە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا ملیۆنها دۆلار بۆ گرووپە تیرۆریستیەکان دەنێرێ و هاوکاریان دەکات بەڵام بۆ خەڵکی ئێران شتێک بە ناوی یارانەی دیاری کردووە کە بریتیە لە مانگێک ٤٥ هەزار تمەن، لە لایکی ترەوە سوپای پاسداران بۆ پرۆژە سەربازی و موشەکیەکانی ساڵانە تلیاردها تمەن سەرف دەکات .

ژیانی خەڵک تا رادەیک دوژوار بووە کە ئاماری تەڵاق لەم ساڵانەدا گەیشتوەتە لووتکە ، لە بەر گوشاری ئابووری و دۆخی نالەباری ژیان سەدان کەس دەستیان دایە خۆکوژی و لە ئێستادا وای لێ هاتووە خۆکوژی مرۆڤێک وەک شتێکی زۆر ئاسایی چاوی لێ دەکرێت کە لە راستیدا کارەساتێکی گەورەیە.  بەشێکی بەر چاوی گەنجانیش تا رادەیک بە نیسبەت  ژیان و داهاتویانەوە بێ هیوا بوون کە پەنایان بردووەتە بە کار هێنانی ماددە هۆشبەرەکان.

بەشێکی دیکە لە خەڵک بۆ دەس خستنی پارە و بە دابینکردنی بژیوی ژیانیان، ئەندامانی جەستەیان وەکوو گورچیلە ، قەڕنیەی چاو ، دڵ و کەبەدیان بە نرخێکی هەرزان دەفرۆشن. ئەوە بە ئاشکرا دەیسەلمێنێت کە خەڵک لە چە دۆخێکدا دەژین مرۆڤێک ئەگەر لە ژێر قورسترین گوشار و لە ئەستەمترین دۆخدا نەبێت چۆن ئەندامی جەستەی دەفرۆشێ بۆ پارە؟ لە ئێستادا بەشێک لە ژنان بە پارەیکی کەم بۆ ماوەی نۆ مانگ مناڵدانیان بە کرێ ئەدەن بەو کەسانەی کە توانای مناڵبونیان نیە، کەسانی کەم داهات و هەژار بەم شێوە دەژین و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش خۆیان و بنەماڵەکانیان لە باشترین ڤێلاکان و کاخەکان خەریکی خۆشگوزەرانین و بۆیان گرینگ نیە لە کۆمەڵگادا چی رو دەدات.  لەو دۆخە نالەبارەدا جینایەتکارترین کەسیان وەک سەرۆک کۆمار دیاری کردووە و ئەویش هاوشێوەی سەرۆک کۆمارەکانی رابردوو بە کۆمەڵێک درووشمی خەیاڵی و دوور لە راستی دەستی بە کار کردووە دروشمی سەرەکی ئەوەی کە لە ماوەیکی کورتدا دۆخی ئابوری خەڵک باش دەکا و خۆشگوزەرانی و هەلی کار زیاد دەکا، بەڵام لە راستیدا ئەگەر چاوێک بە سەر بار و دۆخەکەدا بخشێنین بۆمان دەر دەکەوێت باری ئابوری و ژیانی خەڵک خراپتر دەبێ و چاکتر نابێت. هەناردە کردن و هاوردە کردنی هەموو شتیک بە هۆی گەمارۆکانەوە وەستاوە هەر وەها فرۆشتنی نەوت و گاز و سەرچاوە سرووشتیەکان شمولی گەمارۆکانی ئەمریکا دەکەن و هیچ وڵاتێک ئامادە نیە بیانکڕێت ، بانکەکان یەک لە دوای یەک تووشی کورت هێنانی پارە دەبن و دەرگاکانیان دادەخرێت، سەرمایە دارەکان ئامادە نین هاوکاری بکەن و پۆل پۆل وڵات بە جێ دهێڵن.