داخستنی ئینترنێت دوایین تیری کەوانە

✍ئاسۆ ئیسلامپەنا

پڕۆژەی بەرتەسککردنەوەی ئینترنێت لە ئێران بە ناوی پاراستنی مافی بەکارهێنەران و خەڵک، لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامی لە پەسندکردن و جێبەجێکردن نزیک بووەتەوە. ئەم کورتە نووسینە هەوڵ دەدات پرۆسەی پەسندکردن و ئامانجەکانی ئەم پڕۆژەیاسایە و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگای ئێران لێکبداتەوە.

ناوەرۆکی پڕۆژەیاساکە

پڕۆژەیاساکە لە ژێر ناوی “گەڵاڵەی پاراستنی مافی بەکارهێنەران” بە ڕواڵەت باس لە فیلتێرکردن و داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیهانییەکان ناکات، بەڵکوو تەنیا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەی لە ئێران بەکار دەهێنرێن، پێویستە نوێنەرایەتی لە تاران بکەنەوە و  سێرڤەری داتا و زانیارییەکانی بەکارهێنەرانی ئێرانی بگوازنەوە ناو ئێران و بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی بجووڵینەوە. بەپێچەوانەوە تووشی سزادان و داخستن دەبن.

ئاشکرایە کە کۆمپانیا گەورەکانی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئامادە نین نوێنەرایەتی لە ئێران بکەنەوە و سێرڤەری داتاکانیان بگوازنەوە ئێران. دیکتاتۆرییەتی کۆماری ئیسلامی و نەبوونی ئازادی بەپێچەوانەی پرنسیپەکانی کاری ئەو کۆمپانیایانەیە. هەر بۆیە یاساکە هەوڵ دەدات تاوانی فیلتێرکردن و داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەگشتی ئینترنێت بداتە پاڵ بەڕێوەبەرانی تۆڕەکان و بەمجۆرە شان نەداتە ژێر بەرپرسیارێتیی ئەنجام و کاریگەرییەکانی یاساکە لەسەر کۆمەڵگای ئێران.

ئامانجی یاساکە

ئەگەرچی گەڵاڵەی یاساکە هەوڵ دەدات پاراستنی زانیارییەکانی بەکارهێنەرانی ئێرانی بە گواستنەوەی سێرڤەری داتا و زانیارییەکان بۆ ناو ئیران بکاتە بیانوو، بەلام ئاشکرایە کە گواستنەوەی ئەم زانیاری و داتایانە بۆ ناو ئێران بەمانای دەستڕاگەیشتنی ناوەندە ئەمنی و سەرکوتگەرەکانی ‌حکوومەتە بە ناوەڕۆکی هەموو چالاکییەکان لە ئینتێرنێت. ئەمەش ئامرازێکی هەستیارە بۆ سەرکوت و کپ کردنی دەنگی جەماوەر و کۆنترۆڵکردنی هەرچی زیاتری چالاکییە سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان.

ئامانجی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی لەم یاسایە، داخستنی ئینتێرنێتی جیهانی و جیاکردنەوەی ئێرانە لە پەیوەندیی بێ سانسۆر و ڕاستەوخۆی کۆمەڵگای ئێران لەگەل کۆمەڵگای جیهانی. هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوانە، حکوومەت بەردەوامە لە پێگەیاندنی پڕۆژەی ئینتیرنێتی خۆماڵی و تا تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە هەوڵدەدات هەنگاو بە هەنگاو کۆمەڵگا لە ئینتێرنێتی جیهانی داببڕێت و لە ئەنجامدا کۆمەڵگایەکی دابڕاو لە جیهان هاوشێوەی کۆریای باکوور بنیات بنێت بۆ سەرکوتی ڕەها و داپڵۆسینی جەماوەری و خنکاندنی هەر دەنگێکی نەیار و تەنانەت ڕەخنەگر.

چۆنییەتی پەسندکردنی یاساکە

یاسای بەرتسککردنی ئینتێرنیت بەشێوەیەکی زۆر دەگمەن تەنانەت بە بەراورد لەگەڵ یاساکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی، پڕۆسەیەکی بەپەلە و نائاسایی تێپەڕ کردووە. ئەم یاسایە بە ڕەچاو کردنی مادەی ٨٥ی دەستوور (یاسای بنەڕەتی)ی کۆماری ئیسلامی، کەوتووەتە پڕۆسەی پەسند کردنەوە. بەپێی مادەی ٨٥، ئەم یاسایە بۆ پەسندکردن پێویستی بە دەنگی گشتیی مەجلیسی حکوومەت نییە و دوای پەسندکردنی لە کۆمیسیۆنێکدا، ڕاستەوخۆ دەدرێتە شۆرای نیگابان و لە ژێر ناوی تاقیکردنەوە و کاتی، بەڵام بۆ ماوەیەکی نادیار دەکەوێتە جێبەجێ کردن. ئەم پڕۆسەیە لەلایەکەوە ڕێگە بۆ جێبەجێ کردنی بەپەلەی یاساکە خۆش دەکات و لەلایەکی دیکەشەوە هەوڵ دەدات بە پێداگری لەسەر کاتی بوون و تاقیکاریی یاساکە لە مەیدانی جێبەجێ کردندا، بەرهەڵستی و دژایەتیی گشتی تا ڕادەیەک کەم بکاتەوە. هاوکات دەرفەتێکە بۆ دامەزراندنی ژێرخانەکانی ئینتێرنێتی خۆماڵی و دابڕینی یەکجارەکیی بەشە جیاوازەکانی ناوخۆی کۆمەڵگا لە یەکتر و هەروەها داخستنی دەرگای پەیوەندیی جیهانی بەڕووی جەماوەری ئێران.

پێشتریش یاسای سزادانی ئیسلامی هەر بەمجۆرە یەکەمجار پەسند کرا و ڕێگەی بۆ سەپاندنی یاسای کۆن و دواکەوتووانە بەسەر کۆمەڵگادا خۆش کرد و لە بەستێنێکی فراوانتردا سەرکوت و دیکتاتۆرییەتی ئیسلامیی لە ناو کۆمەڵگادا پەرە پێدا.

وەگەڕخستنی ئەم یاسایە لە چەندین ڕووەوە کاریگەریی گەورە و گرینگی دەبێت لەسەر کۆمەڵگای ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. کاریگەریی کولتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، لە گرینگترین کاریگەرییەکانی داخستنی ئینتێرنێتن.

كاریگەریی کولتووری

کولتوور زۆر جار وەک بوونەوەرێکی زیندوو هێما دەکرێت کە دەبێت زەمینەی پشکووتن و گەشەکردنی بۆ بڕەخسێت. پڕۆسەی بەجیهانیبوون و گشتگیریی ئینتێرنێت وەک ئامرازێکی هەرە گرینگی پەیوەندی، ئەم بەستێنەی لە ئاستێکی بێوێنەدا خۆش کرد بۆ پەیوەندیی کولتوورەکان و کارلێکیان لەسەر یەکتر و لەم ڕێگەیەشەوە و نوێبوونەوە و گەشەی کولتووری. تێکەڵاو بوونی کولتوورە جیاوازەکان، زەمینەخۆشکەری لێک تێگەیشتنی زیاتر و لێرەشەوە پەرەسەندنی هەستی لێبوردەیی و ئاشتیخوازی و پێکەوەژیانی جیهانییە. بە داخستنی ئینتێرنێت وەک دەروازەی ئەم پەیوەندییە جیهانییە، کۆماری ئیسلامی لە ڕێی سەپاندنی کولتووری دڵخوازی خۆی و لەوانە بەرهەمهێنانەوە و پەرەپێدانی کولتووری دوژمنایەتی لەگەڵ وڵاتانی دیکە، تووشی بەرەنگاریی کەمتر دەبێت و بە تێچوویەکی سیاسیی کەمتر، زیاتر لە ئامانجە کولتوورییەکانی نزیک دەبێتەوە. وەستاندنی گەشەی کولتووری و بەرهەمهێنانەوەی نۆرمە کولتوورییە کۆنەکان، زەمینەخۆشکەری بوونی کۆمەڵگایەکی دواکەوتووە کە تێیدا پێشێل کردنی سەرەتاییترین مافەکان ئاسایی دەبێتەوە و تووشی کەمترین بەرهەڵست دێت.

کاریگەریی کۆمەڵایەتی

پەرەسەندنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاریگەرییەکی بێوێنەیان بووە لەسەر ئاستی نزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتنی زیاتری پێکهاتە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای ئێران. ئەگەر ساڵانی سەرەتای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، دەزگای پڕوپاگاندای ئیسلامی سەرکەوت لەوەی بەشێک لە خەڵکی ئێران لە دژی پێکهاتە ئایینی و زمانی و نەتەوەییەکانی دیکەی ناو ئێران بورووژێنێت، بێئاگایی و یەکتر نەناسینی ئەو پێکهاتە جیاوازانە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی پڕۆسەی سەرکوتی خەڵکی ئێران بوو بە دەستی خەڵک خۆیان. بە گەشەکردنی پەیوەندیی نێوان هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ئێران، ئاستی زانیاری و یەکترناسینی ئەم پێکهاتانە بەڕادەیەک گەشەی کردووە کە تەنانەت هەوڵەکانی دەست و پێوەندەکانی حکوومەت بۆ پژاندنی تۆوی نەفرەت و لە یەکتر دوورخستنەوەی پێکهاتەکانیش ئیتر ناتوانێت ئەم پێشڤەچوونە لە نزیکایەتی و پەیوەندیی دۆستانە و ئاشتییانە خاو بکاتەوە یان بیوەستێنێت.

بە داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک دەرگای ئەم پەیوەندییە نێوان پێکهاتەییەی ناوخۆی کۆمەڵگای ئێران، حکوومەت هەوڵ دەدات ئامرازی لەیەکتر دوورخستنەوەی پێکهاتە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا، جارێکیتر وەک داردەستێک بۆ سەرکوتی خەڵک بەکار بهێنێت و هەروەها پێش لە رێکخستنی ماناداری نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بگرێت.

كاریگەریی ئابووری

ئینترنێت شێوازی بازرگانی و چالاکیی ئابووریی لە هەموو جیهان گۆڕی. ئینتێرنیت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ گەشەکردنیان لە ئێرانیش بوونە ئامرازێکی هەرە گرینگی چالاکیی ئابووری. لە ئابووریی داڕماوی ژێر زەبری کۆماری ئیسلامیدا، بە سەدان هەزار کەس (دەوروبەری دوو ملیۆن کەس بەپێی خەمڵاندنە گشتییەکان) تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان کردە دەرفەتێک بۆ کار کردن و دەستخستنی داهات بۆ بژیوی ژیان. ئەم مەیدانە تازەیەی بواری ئابووری کە کەمتر دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێریی حکوومەتەوە، زۆر زوو بووە سەرچاوەی داهاتی ژیانی بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگا، کە دەتوانن بە دوور لە نۆرمە سەپێنراوەکانی حکوومەت بەسەر بازاڕە کلاسیکەکانی ناو شارەکان، بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانیان بخەنە بەر دیدە و دەستی کڕیاران؛ ئەو بەرهەم و خزمەتگوزارییانەی کە لەوانەیە لە ناو دووکان و ناوەندەکانی بازرگانیدا قەدەغە و ببنە هۆی سزادانی خاوەن و کڕیارەکانیش.

داخستنی ئەم مەیدانە بەرین و ڕوو لە گەشەیەی چالاکیی ئابووری و داهاتی خەڵک، ژمارەیەکی زیاتر لە جەماوەری کۆمەڵگا تووشی هەژاریی زیاتر و بێ داهاتی و گرفتەکانی دەرەنجامی ئەم هەژارییە دەکات. بەڵام بۆ کۆماری ئیسلامی کە ئابووری بریتییە لە تەنیا دابینکردنی پارەی پەرەپێدان و سەپاندنی حکوومەتی دینیی جێی پەسندی خۆیان لە ناوچەکە بەگشتی و زۆر شوێنی دیکە، دابینکردنی ژیانی ئابووریی جەماوەر لە پلەکانی سەرەوەی پلانە ئابوورییەکاندا جێی نابێتەوە. هەربۆیە ئامانجە سەرەکییەکانی حکوومەت لە سەپاندنی یاسای داخستنی ئینترنێت، بێ کەمترین ڕاڕایی هیچ بایەخێک بە لەدەستچوونی سەرچاوەی ژیان و گوزەرانی خەڵک نادات.

کاریگەریی سیاسی

ئینترنێت هەر زۆر زوو بوو بە مەیدانێک بۆ چالاکیی سیاسیی هەڵسووڕاوانی بواری سیاسەت و لەگەڵ گەشەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاری سیاسی لە چالاکیی نوخبەی بوارەکەوە بوو بە پرسی ڕۆژانەی زۆربەی جەماوەری ئاسایی ناو کۆمەڵگا. ئەم پەرەسەندنە لە دوو بواردا خۆی بینییەوە:

بواری زانیاری: لە نەبوونی میدیا و ناوەندی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ لە ئێران، ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەخێرایی ئەم بۆشاییەیان پڕکردەوە و بوونە سەرچاوەی یەکەم و سەرەکیی بڵاوکردنەوە و دەستخستنی هەواڵ و زانیاری. خێرایی ئەم پڕۆسەیە بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاریی سیاسیی کۆمەڵگای لێکەوتەوە و گرینگترین ئامراز بوو بۆ پووچەڵکردنەوەی پڕوپاگاندای سیاسیی حکوومەت، کە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی چەواشە و ئاراستەکراو، هەوڵی دەدا خۆی وەک تاکە هێزی سەرکەوتوو و بێ بەرهەڵست نیشان بدات. داخستنی ئەم دەروازەیەی هەواڵ و زانیاری یەکێک لە گرینگترین ئامانجەکانی پڕۆژەیاسای بەرتەسک کردنەوەی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.

بواری ڕێکخستن: لەگەڵ بەرفراوانبوونی بەکارهێنانی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران، پرۆسەی ڕێکخستن بۆ چالاکیی سیاسی و بەتایبەت وەڕێخستنی خۆپیشاندان و ناڕەزایی گۆڕانێکی گەورەی بەسەرداهات. ئەگەر پێش سەردەمی گشتگیریی ئینتێرنێت، ڕێکخستنی سیاسی  پڕۆسەیەکی کات گر بوو و زیاتر لە چوارچێوەی کاری شانە و گرووپەکانی ناو شارەکانەوە دەکرا و لە باشترین حاڵەتدا شار یان ناوچەیەکی بەرتەسکی دەگرتەوە، ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم هەلە زێڕینەیان ڕەخساند کە لە ئاستێکی زۆر بەرین و هاوکات لە چەندین ناوەندەوە کاری ڕێکخستن و خۆ سازدان بە خێراییەکی بێوێنە پەرە بستێنێت.

کۆماری ئیسلامی باش دەزانێت کە ڕێکخستن گرینگترین ئامرازە بۆ بەرەوڕووبووبەوەی دەسەڵاتەکەی. هەربۆیە هیچ جۆرە ڕێکخستنێکی جەماوەری تەنانەت لە ئاستی گرووپی هونەری و ئەدەبیشدا تەحەمول ناکات و هەوڵ دەدات هەرجۆرە ڕێکخستنێک هەر لە یەکەمین هەنگاوەکاندا لەبار ببات. داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش وەک ئامرازی سەرەکیی ئەمڕۆی کاری سیاسی لە ئێران، هەر لەم پێناوەدایە.

 

پەرەسەندنی ناڕەزایی و خۆپیشاندان لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ئێران، بە بەشداریی زۆربەی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا، ناکارامەیی دەزگای سەرکوتی حکوومەتی بۆ کاربەدەستان ئاشکرا کردووە. هەربۆیە دەسەڵات پەنای بردووەتە بەر دوایین تیری ناو کەوانەکەی و هەوڵ دەدات بە دابڕینی خەڵک لە جیهان و هەروەها پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا، داهاتوو خۆی مسۆگەر بکات.