شکستە یەک لە دوای یەکەکانی سوپای پاسداران

✍مانی مەلەک

سوپای پاسداران سازمانێکی نیزامیە کە چەن ڕۆژێک دوای شۆرشی گەلانی ئێران و هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی لە ساڵی هەزار و سێسەد و پەنجا و حەوتی هەتاوی بە فەرمانی ریبەری ئەو کاتی کۆماری ئیسلامی واتە خومەینی دامەزرا کە لە چەند لەق پێک هاتبوو هێزی زەوینی هێزی ئاسمانی هێزی دەریایی هێزی قودس و بەسیج.

سوپای پاسداران لە سەرەتاوە وەک هێزێکی سەربازی کاری دەکرد و لە ژێر فەرمانی رێبەری کۆماری ئێسلامیدا بوو بەڵام لە دوای هەوڵی کودتای پادگانی نۆژەی هەمەدان کە تایبەت بوو بە هێزی ئاسمانی ئەرتەشی ئێران سەرکردەکانی سوپا وردە وردە دەستیان گرد بە سەر ئەرتەشدا و فەرماندە باڵاکانی خۆیان لە جێگەی فەرماندەکانی ئەرتەش لە سەرانسەری ئێران دانا و بەو جۆرە بوون بە خاوەن و دەسەڵاتداری ئەرتەش.

سوپای پاسداران کە لە چەند لەق پێک هاتبوو ساڵانە زۆرترین بەشە بودجەی لە لایەن مەجلیسی شۆرای ئیسلامیەوە بۆ تەرخان دەکرا کە بەشێکی زۆری بودجەکە لە لایەن فەرماندەکان و بڕیاردەرانیەوە تەرخان دەکرا بۆ کاری تێکدەرانە و ئاژاوە نانەوە لە دەرەوەی سنوورەکان و بە تایبەتیش ڕۆژهەڵاتی نێوەراست و وڵاتاتی دراوسێی ئێران. بۆ ئەو مەبەستەش کەڵکیان لە سوپای قودس وەر دەگرت سوپای پاسداران جگە لەوانە دەستێوەردانی لە کار و باری ئابوری ئێرانیش کرد و بەشێکی زۆر لە کارخانە ، بانک ، مۆڵ و سەهامەکانی ناو بازاری خستە ژێر سوڵتەی خۆی و بەو جۆرە پارەیکی زۆری جگە لە بەشە بودجەکەی بە دەس دە‌هێنا. پاش چەن دەیە لە هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی سوپا توانیبووی هێز و پارێەکی زۆر بە دەس بێنێ لە چەن وڵات بە ناوی یارمەتیدانی هەژاران و هێزی نیشتمانی چەندین گروپی تیرۆریستی وەک خۆی پێک هێنابوو و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەی بە کارەکانی دەدا بەڵام لەگەڵ هاتنە سەر کاری دەوڵەتی ترامپ لە ئەمریکا و خستنە ناو لیستی تیرۆری ئەو رێکخراوەیە و ناساندنی وەک هێزێکی تیرۆریست و تێکدەرەوە لە لایەن سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکاوە دەسەڵاتی سوپا لە ناوچەکە زۆر کورت بووەوە هەر وەها بە کوژرانی قاسمی سلێمانی سەرکردەی فەیلەقی قودس لە لایەن ئەمریکاوە گورزێکی کوشندە لەو رێکخراوەیە درا. پارەکانی سوپا بلۆکە کرابوون و بە هۆکاری بە تیرۆریست ناسینیەوە چیتر نەیدەتوانی وەک رابردوو کاری تێکدەرانە و تیرۆریستیەکانی لە ناوچەکە بە ئاسانی ئەنجام بدا یەکێکیتر لە هەوڵەکانی سوپا بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە و تیرۆریستی، ناردنی هێز و داگیرکردنی ناوچەیک لە وڵاتی سووریا لە ژێر ناوی شەڕ لە دژی داعش بوو بە درێژایی ئەم ساڵانە ئەو پڕۆژە هیچ دەسکەوتێکی نەبووە و تەنیا نمایشێکی شکست خواردویی نیزامی بووە تەنانەت دەیان جار لە لایەن ئیسرائیلەوە هێرش کراوەتە سەر ئەو شوێنانەی کە سەرباز و ئەفسەرەکانی سوپا تێدا نیشتەجێ بوون و دەیان کەسیان لێ کوژراوە و ساڵانە میلیۆنها دۆلار بۆ مانەوەی ئەو هێزە لە سوریا و پشتیوانیی دەسەڵاتی دژە خەڵکیی بەشار ئەسەد کە هاوپەیمانی حکوومەتی ئێرانە سەرف دەکرێت.

لە پاش ئەو شکستانە و بێدەسەڵاتکرانی سپای تیرۆریستیی پاسداران لە جەبهە و شوێنی جۆراوجۆر، ئەو ڕێکخراوەیە پەنای بردووەتە بەر شەڕی سایبێری و بەو مەبەستەش لقی لە ناو سپا پەرەپێداوە کە بە ئەرتەشی سایبێری ناسراوە و بوودجەیکی بەرچاوی تەرخان کردووە بۆ بار هێنان و دامەزراندنی هاکێرەکان. ئەو ئەرتەشە وەکوو بەشەکانی دیکەی سپای پاسدارانی خەرکی کاری تیرۆریستییە بەڵام لە شێوازێکی دیکەدا کاتێک هاکێرەکانی سپا دەست دەبەن بۆ زانیاری و شتی شەخسی مرۆڤەکان و شیرکەتەکان و دەوڵەتان جۆرێکە لە دزی و تیرۆر و درێژی سیاسەتی سپا لە هەموو ساڵانی تەمەنیدایە. بەر پرسانی سوپای پاسداران ئەم کردەوە قیزەون و دوور لە مرۆڤایەتیە وەک شانازی بۆ خۆیان ئەژمار دەکەن. لەم ساڵانەدا ئەرتەشی سایبێریی کۆماری ئیسلامی چەندین هێرشی ئەنجامدا بەڵام لە هیچکامیاندا سەرکەوتوو نەبوو هەر لەم ڕۆژانەدا بێژەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایانگەیاند زیاتر لە ٢٠٠ لاپەڕەی فەیسبوکی تایبەت بە هەکێرەکانی سەر بە سوپای پاسدارانیان داخستووە کە لە هەوڵی سیخۆری لە سەر کارمەندانی ئەرتەش و هێزی ئاسمانی ئەرتەشی ئەمریکا بوون. رێکەوتی  ٢٥ی پوشپەڕی ئەمساڵ واتە١٤٠٠ی هەتاوی ئەو هەواڵە لە لایەن تیمی لێکۆڵەرانی فەیسبوکەوە بڵاو کراوەتەوە کە بەشێک لەو هاکێرانە چەندین مانگ بۆ راکێشانی سەرنج و بە دەس هێنانی متمانەی ئەو ئەرتەشیانە پەیوەندیان لەگەڵیان هەبووە و ویستویانە لەو رێگایەوە برۆنە ناو ئیمەیل و شتە شەخسیەکانیانەوە و سیخۆڕیان لە سەر بکەن ئەو گرووپە لێکۆڵەرە ناوی هاکێرەکانیان ناوە پێستی کیسەڵ و راشیان گەیاندووە لەو هێرش و پیلانەدا سەرمایەیکی زۆر لە لایەن سوپای پاسدارانەوە تەرخان کراوە. لە ساڵانی رابردووشدا هاوشێوەی ئەم جارە چەندین هێرش لە لایەن ئەم هاکێرانەی سەر بە سوپاوە ئەنجام دراوە لەوانە سایتەکانی رادیۆ زەمانە ، هەواڵنامەی ئەمیر کەبیر ، سایتی جێرس ، سایتی شەپۆلی سەوز .

ئەم پیلانەی سوپای پاسداران نەیتوانی ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی بپێکێ و لە کۆتایی هەر کام لە هێرشە سایبێریەکانی تەنیا شکستی بۆ ماوەتەوە. تەنیا کارێک کە سوپا کردویەتی ئەوەیە ماوەیک جارێ پارە ، سروەت و سامانی خەڵک و وڵات بۆ کاری تیرۆریستی و پڕۆژە شکست خواردوو و قیزەونەکانی بە کار دەهێنێ و شکستیش دەخوات. لە کاتێکدا کە خەڵک لە خراپترین و سەختترین دۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتیدا دەژین سەرکردەکانی سوپای پاسداران ساڵانە میلیۆنها دۆلار خەرجی گرووپە تێکدەر و تیرۆریستیەکان لە سەرانسەری دنیا، هێرشی سایبێری، بەرنامەی شکست خواردویی مووشەکی، کەناڵ ،پەیج ، سایت و ڕۆژنامە و لەم بابەتانە بۆ پەرەپێدانی بیری ڕەشی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەکەن. چەن ساڵێکیشە خەرجێکی دیکەشیان پێ زیاد کردووە کە لە رێگای دەر هێنانی فیلم و دراما پڕلە چەواشەکانیانەوە وا نیشان بدەن کە گوایە سوپا دەسکەوتی گەورەی بۆ گەلانی ئێران بووە و پارێزەری ئەمنیەت و ئاسایشی وڵاتە، بەڵام بە هیچ شێوەیک هیچکام لەمانە ناتوانن راستیەکان لە گەلانی ئێران و گەلانی دنیا بشارنەوە. ئەو راستیەی کە سوپا خوێنی هەزاران مرۆڤی بێ تاوانی لە ئەو پەڕی بێ رەحمی و بێ ویژدانیدا رژاندووە، ئەو راستیە کە لە هەر شوێنێکی ئێران دەنگێکی نارەزایی لە لایەن خەڵکەوە بەرز بێتەوە خێرا چەکدار و بە کرێگیراوەکانیان بە ئەو پەڕی بێ رەحمی و دوور لە مرۆڤایەتیە هێرش دەکەنە سەریان و بێباکانە و راستەوخۆ تەقەیان لێدەکەن یان لێیان ئەدەن و دەنگیان کپ دەکەن. لەم دواییانەشدا لە پێش چاوی دنیا بە مووشەک لە فرۆکە ئۆکراینیەکەی دا و ١٧٦ مرۆڤی بێ تاوانی کردە قوربانی. بە هەزاران بەڵگە هەیە کە سەلمێنەری ئەو راستیەن کە سوپای پاسداران لە سەرەتای دروست بوونیەوە تا ئێستا هیچ دەسکەوتێکی جگە لە نەهامەتی ، هەژاری ، ئاژاوە و کێشە بۆ خەڵکی ئێران و بگرە ناوچەکەش نەبووە. عەلی خامنەیی پشتیوانی سەرەکی سوپایە و ئەم راستیە زۆر باش دەزانێت کە سوپای پاسداران پڕۆژەیکی شکست خواردووە بەڵام ئامادەیە ژیانی خەڵک و سروەت و سامانی وڵات بکاتە قوربانی  خواست و ویستەکانی خۆی کە کۆتا ویستەکانی کردەوەی تیرۆریستی و کوشتنی خەڵکی بێتاوانە. لە ئیستادا بە خۆشحاڵیەوە سەرجەم قسە و باس و هەڵوێستەکانی سەرکردەی وڵاتان بە تێکرا ئەوە دەگەینێ کە بۆیان دەرکەوتووە سوپای پاسداران بە هەموو لەق و باڵەکانیەوە هێزێکی تیرۆریستیە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەخریتە پەراوێزەوە و چیتر رێگای پێ نادەن بە ئاسوودەیی درێژە بەو کارانەی بدا .