ترس لە تەنیایی لە منداڵاندا…!

ڕامیار سەرحەدی

پەروەردە و بارهێنان یەک لەو خاڵە گرینگانەیە کە هەموو دایک و باوکێک ئەبێ ئاگاداری بن و بزانن چۆن لەگەڵ منداڵی خۆیان هەڵسووکەوتیان ببێ کە لە هەر بوارێکەوە لە تەندرووستیدا ببن، توێژینەوەی زانستی سەلماندوویەتی کە زێدەتر لە شەست لە سەدی کەسایەتی دەروونی مرۆڤ لە شەش ساڵەی سەرەتایی منداڵیدا چێ ئەبێ و ئەمە پیشاندەری گرینگی پەروەردەیە. هەرچەند بارهێنانی مرۆڤ هەتا دوارۆژی تەمەن بەردەوامە، بەڵام گرینگی شەش ساڵی سەرەتایی قۆناغی منداڵی حاشاهەڵنەگرە و گرینگتر ئەوەیە کە باوک و دایک ئەبێ قۆناغ بە قۆناغی ژیانی مندالەکەیان بناسن هەتا خەساری پێ ناگات و لە بواری دەروونییەوە پێگەیەکی جێگیری ببێت.

بە داخەوە دایک و باوکانی ئەمرۆ کە خاوەن منداڵ ئەبن بێ ئەوەی بچووکتترین زانیارییان سەبارەت بە پەروەردەی منداڵ ببێ لە جیاتی فێربوونی پەروەردە، بە شێوەی ئەزموونی ڕاست و هەڵە لەگەڵی ئەدوێن و هێدی هێدی شێوازی بارهێنان فێر دەبن و زێدەتر ئازاری رۆحی منداڵان دەدەن. ئەمە لەحاڵێکدایە ئەم نەزانینە ئەبێتە هۆی تووشبوونی ترس، دڵەڕاوکێ، نینۆک خواردن و ناسازگاری و…هتد. لەم وتارە ئەمانەوێ لەمەڕ یەک لەو کێشانەی کە زۆر باو بووە واتە ترس لە تەنیایی باس بکەم. 

بەژانترین دیاردەی ژیانی میکانیکی لەم ساڵانەی دواییدا، بە تەنها جێهێشتنی منداڵە لە ماڵەوە، بە تایبەت ئەو کەسانەی تاقە منداڵێکیان هەیە زیاتر ئامانجی ئەم یادداشتەن. ئەو توێژینەوانەی کراون ئەوەمان پیشان ئەدات کە زۆربەی ئەو خێزان و دایک و باوکانەی منداڵەکانیان بە تەنهایی لە ماڵەوە بە جێدێڵن و خۆیان بۆ ئامانجی کار یا ڕەنگە بۆ خوێندن و… لە ماڵ دوور دەخەنەوە، لە گەڕانەوەدا لەگەڵ چەندین دیمەنی ترسناکدا رووبەڕوو دەبن. بەوپەڕی داخ و کەسەرەوە دەبێ ئەوە قەبووڵ بکەین کە لەمڕۆدا بە سەدان و بگرە هەزاران دایک و باوک هەن بە بێ گوێدانە مەترسی و ئەنجامە کارەساتبارەکان دەرگای ماڵەوە لە سەر منداڵە تەنهاکەی خۆیان دادەخەن و بۆ ماوەیێک بە تەنیایی جێی‌دەهێڵن. با بە بێ پەردەپۆش کردن ڕاستی باسبکەم و وەک دەڵێن ڕاشکاوانە و بە روونی بڵێم کە هیچ کەس و لە هیچ هەلوومەرجێکدا نابێت منداڵ بە تەنهایی لە ماڵەوە جێ‌بهێڵین و ئەم کێشەیەش چ لە شەودا و چ لە رۆژدا هیچ جیاوازییکی نییە. دایک و باوک سەبارەت بە مندالەکانیان بەرپرسن و ئەوەی کە بە بێ گوێدانە ئەرکی دایکایەتی و باوکایەتی منداڵەکەیان بە تەنهایی و بە بی هیچ سەرپرشتیارێک لە ماڵەوە جێدەهێڵن لووتکەی هەست بە بەرپرسایەتی نەکردنە. 

ئەو زیانەی بە هۆی تەنها جێهێشتنی لە ماڵەوە تووشی منداڵ دەبێ تەنها لە مەترسییە جەستەییەکاندا کورت نابێتەوە. بەڵکوو لە ڕووی دەروونییەوە زیاتر بۆ لەسەر وەستان و توێژینەوە دەبێ، چونکوو منداڵێکی تازە سەرپێ کەوتوو و کەم تەمەن کە لە پڕ لە خەو خەبەری دەبێتەوە و خۆی لە ماڵێکی تاریک و درگا لەسەر داخراودا دەبینێتەوە و چەندین کاژێر کەس وەڵامی هاوار و گریانەکانی ناداتەوە و هیچ کەس نییە بە هانایەوە بێت، رووبەرووی هەژێنترین، ناخۆشترین و تێکدەرترین ئەزموونی ژیانی دەبێتەوە. ئەو کێشە دەروونییەی کە جان باڵبی لە تیۆری (پەیوەست بوون)  Attachment بە منداڵی “دڵبەستەی نەحەواوە” ناوی دەبات و هەندێ کێشەی دەروونی بە شوێن خویدا دەهێنێت. ڕەنگە هەتا لە ژیان دا مابێ متمانە بە کەس نەکات و ڕەشبینی لە زەینیدا جێگیر ببێ. ماوەیێک پێش ئێستا دیمەنێکی دڵتەزێنم بینی بەو چەشنە کە منداڵێکی بچکۆلانە بە دەموو چاوێکی سوورهەڵگەڕاو لە سەر باڵکۆنی ماڵەکەیانەوە وەستابوو، ژنی دراوسێکان لەمپەڕی باڵکۆنی ئاپاڕتمانەکەوە دڵخۆشی دەدایەوە کە: دایکت زوو دەگەڕێتەوە… 

دیارە ئەوە کارێکی ئاسایی بێت کە هەندێجار مرۆڤ ناچار بێت بۆ کارێک بچێتە دەرەوە و منداڵەکەی لەگەڵ خۆی نەبات، یان بە هۆی ناخۆش بوونی کەش و هەوا بیهەوێت منداڵەکەی لە ماڵەوە بە تەنها بە جێ بهێڵێت، بەڵام لەمجۆرە حاڵەتانەدا لە باتی ئەوەی منداڵەکە “بەقەدەر” بسپێرێ، پێویستە بە لە بەرچاو گرتنی ئەو خاڵەی لە منداڵەکەتان لە هەموو بڕیار و کارێکی دیکەی ژیانتان گرینگترە، پێشتر رێگا چارەیێی بۆ بدۆزنەوەو دوای دەستەبەرکردنی ساغی و ئاسایشی ئەو، ئەمجارە شوێن ئەنجامدانی کارە پێویستییەکەتان بکەون.

زۆر کەس دەڵێن دراوسێ ئەتوانێ یاریدەدەری چاک بێت، کە وایە هەوڵبدەن ناسیاویی لەگەڵ ئەو کەسانەدا پەیدا بکەن کە لە دەورووپشت‌تاندا دەژین و لە داوای یارمەتی کردنیان سڵ ناکەن، بۆ نموونە لەگەڵ خۆ بردنی منداڵ بۆ کلینیکی ددان ساز کردن کارێکی ئەوەندە قورس نییە کە لەگەڵ بەتەنها جێهێشتنی لە ماڵەوە هاوتا بێت.

رەنگە چوونە دەرەوەیەکی چەن خولەکی  لە رۆژدا زۆر مەترسیدار نەنوێنێت، بەڵام وا چاکترە کە هەرگیز ئەو کارە نەکرێت، دیارە مەبەست لە بە تەنها جێهێشتنی منداڵ لەو کاتانەدایە کە لە خانووی باواندایە نەوەک باخچەی ساوایان یان ئەو دامەزراوە و دەزگایانەی کاریان چاودێڕی کورت‌ماوەی منداڵانە کە جێی متمانەن.

هەندێ جار بە هۆی کەم بوون یان پارە زۆر تێچوونی دایەنی شارەزا و باوەڕ پێکراو، لە خۆیدا دەبێتە هۆی سازبوونی چەندین کێشە و گرفتی بەرچاو، ئەو تایبەتمەندیانەی پێویستە دایەنێکی باش هەیبێت بریتین‌لە:

  1. منداڵەکەتان بناسێت واتە شارەزای ئاکاری منداڵەکەتان بێت.
  2. منداڵ خۆشەویست بێت و پەروەردەی منداڵ بزانێت کە بە چ شێوەیێک لەگەڵیدا هەڵسووکەوت بکات.
  3. جێگەی متمانەت ئێوە بێت.
  4. پێویستە ئەو کەسە یان ئەو شوێنەی دایەنەکەتان پێ دەناسێنێت بە باشی تایبەتمەندییە ڕەوشتییەکانی بزانێت.
  5. لەش ساغ و سڵامەت بێت، چ لە ڕووی دەروونی و چ باری جەستەیی

پێویستە ئەو خاڵانەی سەرەوە ئاماژەی پێدرا گرینگی پێ بدەن، لەبەر ئەوەی سەرەکی‌ترین فاکتەری شوێندانەر لە سەر ڕەوتی گەشەی فیکری ئەو منداڵە دایەنەکەیە و دەبێ ئەوە قەبووڵ بکەین کە پاش ماوەیێک منداڵ زیاتر خوو بەوەوە دەگرێت تا بنەماڵەکەی. تەواوی ئەمانە لە حاڵەتێکدایە هیچ ڕێگەیێکی دیکە بۆ بەتەنیا جێهێشتنی منداڵەکە نییە، چوونکوو بمانەوێ و نەمانەوێ بوونی دایەن لە ماڵەوە کاریگەری قووڵی لەسەر زەینایەتی منداڵەکە دەبێت و منداڵەکە لە ئێوە دوور دەخاتەوە. کەواتە دەبێ دامەزراندنی ئەو تەنها بە هۆی پێویستییەوە بێت، نەک بۆ ئەوە بێت کە زیاتر ئیسراحەت بکەین و بواری زیاترمان هەبێ بۆ ڕابواردن!

سەرچاوەکان:

  • دەروون ناسیی گەشە، لۆرا بێرک، وەرگێڕانی: یەحیا سەید محەمەدی، بەرگی یەکەم
  • دەروون ناسیی پەروەردە، عەلی ئەکبەر سەیف، وەشانخانەی سۆخەن
  • شێوەکانی پەروەردە و بارهێنان، هان پۆل رسووبێر، وەرگێڕانی: سادات جاسمی