تارمایی دیکتاتۆرییەت….!

عەزیز ئاجیکەند

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٣ی مانگی مارس ڕەشنووسی دەستورێک لەلایەن ئەحمەد شەرع واژۆ کرا کە با ئاشکرا پێشێڵکردنی تەواوی نەتەوەکانی وڵاتی سووریەی لە خۆگرتبوو. ئەم بەناو دەستوورە بە ئاشکرا گوزارشتی لە”عەقڵیەتێکی تاکەکەسی” دەکرد، کە لە مێژ ساڵە خەڵکی سوریە دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم دەکەن و لەدژی ڕاساون و خەباتیان کردووە و ڕاپەڕیون .

بە پێی ئەم ڕەشنووسە وڵاتی سووریە بەردەوام وەک وڵاتێکی عەرەبی پێناسە دەکرێ و سیستمی سیاسی وڵاتەكەش سەرۆكایەتێ و ئیسلام وەك ئاینی سەرەكی ڕۆڵ دەبینێ و فیقهی ئیسلامیش وەك سەرچاوەی سەرەكی یاسادانان بڕیاردەر دەبێ. بە پێی ئەم دەستوورە زمانی عەرەبی وەک هەمیشە بە فەرمی دەبێتە زمانی یەکەمی وڵات. ئەم پرۆسەیە پێنج ساڵ دەخایەنێت و دوای ئەم ماوەیە ئەحمەد شەرع دەتوانێ بۆ هەشت یان خۆ دەساڵ وەک سەرۆک کۆمار بمێنێتەوە. بە پێی ئەم ڕەشنووسە سەرۆک کۆمار دەبێ مسوڵمان بێ و ئەرکی فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکانش لە ئەستۆ دەگرێ.

 ئەحمەد شەرع لە کاتێکدا دەست بۆ واژۆ کردنی ئەم ڕەشنووسە دەبات کە دوو ڕۆژ بەسەر وادەی ڕێکەوتنێکدا تێپەڕ دەبێ کە لەگەڵ مەزڵووم کۆبانی سەرکردەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، کردی. ئەحمەد شەرع بە واژۆ کردنی ئەم دەستورە هەموو بەڵێنەکانی ئەم ڕێکەوتنەی پشت گوێ خست و پێچەوانەی ڕێکەوتنەکە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی تری ناو سوریەشی  بە کردەوە پێشێلکرد.

 ئەم دەستورە لە بنەڕەتدا وێڕای پێشێڵکردنی مافی سەرجەم پێکهاتەکانی ناو سووریە، ڕێڕەوی داهاتووی سوریە بەرەو ئاقارێکی پڕمەترسی و نادیار دەبات و هەوڵ بۆ سەقامگیر کردنی دەسەڵاتێکی فاشیستی و پاوانخوازی دەدات کە تییدا تەنیا دەسەڵاتخوازانی نزیک لە ئەحمەد شەرع دەتوانن بڕیاردەر بن.

ئەم دەستورە بە جێگای چارەسەر کردنی سەرجەم قەیرانەکانی ئێستای سووریە، لە هەوڵی سەپاندنی نەزمێکی نۆێ و ئیدئۆلۆژێکی دیاریکراو دایە کە ئامانجی کپ کردنی دەنگ و ڕەنگی هەموو هێزە سیاسی و بیر جیاوازەکانە . ئەم مەیڵە و ئەم هەوڵەی ئەحمەد شەرع نەک دیمۆکراسی بۆ داهاتوی سووریە زەمانەت ناکات بەڵکوو کێشە و مڵملانییەکان زیاتر و ئاڵۆزتر دەکات. ئەم ڕەشنووسە پاوانخوازی لە فۆرمێکی نوێدا بەرهەم دێنێتەوە و دەسەڵاتی ناوەند دەچەسپێنێت و دەستی دەسەڵات ئاوەڵا دەکات بۆ سەرەڕۆیی زیاتر و داسەپاندنی دیکتاتۆرییەتێکی نوێ و ڕێگا بۆ بەرتەسک کردنەوەی چاڵاکی سیاسی خۆش دەکات. دەستور گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە کە لە نێوان دانیشتوانی کۆمەڵگادا پێک دێ. ئەگەر کۆمەڵگا بیهەوێ بەرەو دەسەڵاتی سیاسی و دیمۆکراتیک هەنگاو بنێ، دەبێ دانیشتوانیی گرێبەستێک لە نێوان خۆیاندا پێک بێنن بۆ دیاریکردنی ماف و ویست و داخوازییەکانیان. لە وەها کات و ساتێکدایە کە گرنگی دەستور بەرچاو دەکەوێ تا بەکردەوە دەرهێنانی سنووری دەسەڵات و حکومەت و ناوەندە سیاسییەکان دیاری بکات. کەوابوو دەتوانین بڵێن دەستور ئەرکی ڕێکخستنی پەیوەندیی ناو تاکەکانی کۆمەڵگای لە ئەستۆدایە و دەنگ و ڕەنگی خەڵک نوێنەرایەتی دەکات.

ئەم دەستوورە جیا لە ڕەوایی دان بە ئەحمەد شەرع و بەخشینی دەسەڵاتی زیاتر بە ئەو، خزمەت بە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی تایفی و دیکتاتۆر لە چەشنی دەسەڵاتی پێشوودا دەکات بۆ کارامە کردنی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لە سوریەی نوێدا. 

لەو دەستورەدا بەئاشکراو بە ناوی پارێزگاری کردن لە یاسای وڵات مافی نەتەوەیەک پشت گوێ خراوە کە خاوەنی مێژیەکی پرشنگدار و پشت ئەستوورە بە ئەزموونی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بە بەشداری ژنان. ئەم پشت گۆێ خستنە ئامانجدارە و مەبەستێکی سەرەکی لە پشتە و دەیهەوێ بە هاوکاری دەوڵەتانی داگیرکەری ناوچەکە، بزووتنەوەی ڕۆژئاوا وەک سەرەکیترین نەیاری وەها یاسایەک، لەناو بەرێت و لە ناوەڕۆکی شۆڕشگێڕانەی خۆی بەتاڵی کاتەوە.

لە دەستووردا پاراستنی مافی کەمینەکان و سەرجەم پێکهاتەکان بە ئایینی جیاوازەوە پێویستییەکی بنەرەتیە بۆ پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ڕەخساندنی زەمینەی ئاوێتە بوون کە لەم دەستوورەدا بە ئاشکرا پێشێڵکراوە کە ئەمە خۆی دیمۆکراسی دەکاتە ئامانجی لە ناو بردن. دەستور بریتیە لە یاسای باڵا بۆ باشتر بەرێوەبردنی کۆمەڵگا. بەڵام دەستووری واژۆ کراو بە دەستی گروپە جیهادییەکان لەگەڵ بنەمای پێکەوە ژیان و بنیاتنانی سیستەمێکی دیموکراسی ئەمرۆیی ناتەبایە.

خەڵکی سووریە کە زیاتر لە نیو سەدە لە ژێر دیکتاتۆرییەتی ئەسەددا لە ئازادی و ئاسایش بێبەری بوون، مافی خۆیانە کە بەدەستی خۆیان چارەنووسیان دیاری بکەن. خەڵکی سووریە بێجگە لە هەژاری و نەهامەتی، شەڕ و نائەمنی، کوشتار و وێرانی شتێکی تریان بەنەسیب نەبووە. بێگومان دەسەڵاتی “هەیئەتی تەحریری شام”یش بە پێشینەی ئەلقاعدە و داعیشەوە جیاوازییەکی لەگەڵ بەشار ئەسەد نابێت.