بەرزو بەڕێز بێت یادی دوو پێشمەرگەی تێکۆشەری ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە، هاوڕێیان سامان ئیبراهیمی و هیوا سادقی…
ڕێک دوو ساڵ لەمەوبەر بوو، هەواڵێکی کورت و ناخۆش هەموو ڕیزەکانی کۆمەڵە و خەڵکی کوردستانی هەژاند. هەواڵەکە زۆر کورت بوو، بەڵام بەڕاستی جەرگەبڕ بوو. هەواڵێک کە لە ڕووداوێکی دڵتەزێن دەدوا. بەڵێ، لە ئەنجامی گرژی و ناکۆکی سیاسی و کێشە ناوخۆییەکانی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە، ئێمە بۆ یەکەم جار لە مێژووی زێڕینی خەباتی پڕ لە شانازی کۆمەڵەمان، شاهیدی سوور بوونی دەستان بە خوێنی ڕۆڵەکانی قوتابخانە مەزنەکەی کاک فوئادی هەمیشە ڕێبەر بووین.
تاوانی ئێمە و هاوڕێیانی گیانبەخت سامان و هیوا، بووژانەوە و سەرلەنوێ ساغکردنەوەی چالاکییەکانمان بە ناوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانەوە بوو. ئێمە نەمانویست بتوێنەوە و ملکەچی کۆمەڵێک پێشهاتی سیاسی بین کە بۆ هەتاهەتایە دەبنە پەڵەیەکی ڕەش بەسەر جەستەی مێژوومانەوە. ئێمە بڕیارمان دا کە کۆمەڵە دەبێت لە باری سیاسیەوە وەفادار بە مێژووی خۆی و سیاسەتی ژیرانەی خۆی لە بەرانبەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بێت و بەرپرسانە بڕوانێتە مێژووی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان.
هەر بۆیە لە بڕیارێکی ژیرانەدا هاتینەوە ژێر چەتری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و پێمان باش بوو لەگەڵ خۆمان و ڕێبازەکەمان ڕووڕاست بین. کە بەداخەوە ئەم هەنگاوەی ئێمە بە گیان لەدەستدانی دوو تێکۆشەری خۆشەویستمان تۆمار کرا کە بە خوێنی سوور و گەرمیان ئاڵای کۆمەڵەیان سوورتر کرد.
ئەمڕۆ ئێمە لە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە لە ساڵڕۆژی گیانبەخت کردنی ئەو ئازیزانەماندا، درود دەنێرین بۆ گیان فیداکاری و گیانبازیان. سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵەی ئازیزیان و سپاسیان دەکەین کە وەک هەمیشە وەربەرز و قایم وەستاون. دڵنیایان دەکەینەوە یادی ڕۆڵەکانیان لامان زیندووە و بیرەوەری و فیداکاری و گیانبازییان دەکەینە ئاوێنەی بەرزەنوێنی خەباتمان.
یادی هاوڕێیان سامان و هیوا و سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە لامان بەرز و بەڕێز و خۆشەویستە…