بــەرەو قـــۆناغی دووهەمی شۆڕشی ژینا…!
بــەرەو قـــۆناغی دووهەمی شۆڕشی ژینا…!
ئەمڕۆژانە یادی شۆرشێک دەکەین کە لەچاو تەواوی ئاخێز و ڕاپەرین و جموجوڵەکانی ئەم ٤٥ ساڵە، جیاوازترە . ئەم شۆرشە کە بە شۆرشی ژن ژیان ئازادی ناوبانگی دەرکرد ، کۆمەڵێک تایبەت مەندی هەیە کە لە شۆرش و بەرخۆدانەکانی پێش خۆی جیا دەکاتەوە . ئەم شۆرشە بە دروشمی زۆر پرلەمانای « ژن، ژیان، ئازادی» چووە ناو بەرخۆدانێکەوە کە ئاستی بەرزی پێشکەوتوویی و مرۆڤدۆستی لە پێناسە هەرە گرنگەکانی بوو.
ڕچەی ئەم شۆرشە ژنان شکاندیان . ژنانێک کە لە یەک دەیەی ڕابردوودا هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییان کردووەتە مەیدانی خۆڕاگری و خەبات لەدژی هەموو ئەو ڕەنج و ئازارانەی کە سەرچاوەکەیان دەسەڵاتێکی گەندەڵی تێکەڵ بە ئیسلامی سیاسی و یاسای کۆنەپەرستانەی ئیسلامیی و نەریتی پرتووکاوی پیاو مەزنیە. ژنان بە بەشداریی بەرچاویان لە بزووتنەوەی جەماوەری و شۆڕشگێڕانە، بە پشتیوانی لە خەباتی یەکسانیخوازی، بە خۆڕاگرییان لە ناو زیندان، بە ناڕەزایەتی دژبە قەتڵە نامووسییەکان لە شەقامەکانی شارەکانی کوردستان، بە فڕێدانی حیجاب لەسەر سەکۆکانی ناو شار، بە بردنە ژێر پرسیاری هەڵاواردنی ڕەگەزی لە چوارچێوەی زانکۆکان، بە بەشداریی پڕگڕوتینیان لە ڕیزی خەباتی مامۆستایان و خانەنشینان و بزووتنەوەی پاراستنی ژینگە، بە بەشدارییان لە ڕیزی ناڕەزایەتیی نووسەران و هونەرمەندان دژبە هەڵاواردن و توندوتیژیی جنسیەتی، بە بەرەنگاربوونەوەیان بەرامبەر بە جیاوازی ڕەگەزی، دەسەڵاتی مەلاکانیان ئیسلامیی و کۆنەپەرەستەکانیان خستە ژێر پرسیارەوە. ئەمرۆ ئیدئولۆگەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی زۆر بەباشی دەزانن و لییان روونە کە بەشداری و ڕۆڵی بەرچاوی ژنان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و نارەزایەتییەکان، بەرهەمی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتیی ڕیشەدارە لەئاستی کۆمەڵگای ئێراندا.
لەپێناو پێشخستن و وەگەڕخستنەوەی شۆرشێک هاوشێوەی شۆرشی ژینا، دەبێ سەرەنج بدرێتە ئەو پێگەیەی کە ژنان لە ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا هەیانە و بەکردەوە و بە هەوڵ و چاڵاکی و ماندووبوونی خۆیان بەدەستیان هێناوەو لە شۆرشی ژیناشدا بە کردەوە تاقیان کردەوەو قورسایی خۆیان نیشان دا. ئەم بزووتنەوەیە، پێویستە پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی لەناو جەماوەری نارازی لە کۆمەڵگادا بەهێزتر بکات و ڕێکخراوتر بێتە مەیدانی ململانیەوە. ئەم بزووتنەوەیە لە قۆناغی ئێستادا دەبێ خۆێ ئابدێت و فورمۆڵە بکاتەوە ولە گەڵ سەرجەم بزووتنەوەکانی ترکە خاڵی هاوبەشیان هەیە، تێکەڵ بێت. شۆرشی « ژن، ژیان، ئازادی» توانای ژنانی لە بواری ڕێکخستن و ڕێبەری دا بە باشی نیشاندا. لە قۆناغی تازەشدا دەبێ ژنان هێزی مەزنی خۆیان ئەم جار رێکخراوتربێننە مەیدان. شۆرشی ژینا نیشانی دا کە کوردستان و بزووتنەوەکەی ترپەی دڵی هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و شۆڕشگێڕانە لە ئێرانە. کەواتە ئەم بزووتنەوەیە توانای ئەوەی هەیە کە هێزی بزوێنەری خۆی ڕێکخراوتر بێنێتە مەیدان. بۆ پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، پێویستە هەموو بزووتنەوەکانی ناو کۆمەڵگا یەکبگرن. گەشەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندیی ئەم بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییانە دەتوانێ بەستێنەکانی هەموو خەباتە سیاسییە جەماوەرییەکان لە سەرتاسەری کوردستان ئامادە بکات. لە قۆناغی ئێستادا ئەو نارەزایەتیانەی کە ئاوێتەی ڕێپێوانی سەر شەقام و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتین دەتوانن دەزگای سیاسی، ئیداری و ئابووریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بەتەواوەتی پاشەکشە پێبکەن . کۆماری ئیسلامیی بە کردەوە نیشانی داوە کە لە شۆرشی ژنان دەترسێ . بڕبڕەی پشتی شۆرشی ژینا ژنان بوون . بۆیە یەکگرتوویی بزووتنەوەی ژنان لەگەڵ سەرجەم بزووتنەوەکانی تر زامنی سەرکەوتنەو قورسایەکەشی دەتوانێ ڕیزی هێزە چەکدارەکان و سپای پاسداران تێکبدات و پرش و بلاویان بکات. لەباری سیاسیەوە ناکۆکیی ناو ئەم هێزانە قووڵتر بکاتەوە و هێزی سەرکوتیان دابمرکێنێتەوەو بەستێنەکانی ڕێکخستنی ڕاپەڕین و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بۆ قۆناغی سێهەم ئامادە بکات. بارودۆخی ئێستا ڕێبەری کارامەی خۆی پێویستە کە بێ گومان شۆرشی ژینا وەڵامی ئەم پێویستیەی دایەوە. کەواتە ئەم بزوتنەوەیە دەبێ خۆی بەهێزترکات تا بتوانێ ڕێبەرانی بەتوانای خۆی بدۆزێتەوە…
ژنانی شۆرشگێری کوردستان ، بە پشت بەستن بە هەموو ئەزموون و دەستکەوتەکانی هەتا ئێستایان دەتوانن لە کوردستان یادی شۆرشی مەزنی ژینا بکەنە مۆتەکەیەکی دیکە بۆ ئەم دەسەڵاتە.کۆماری ئیسلامیی لە هەموو شوێنێک بەرەوڕووی بەرخۆدانێکی شۆرشگێرانەو نارەزایەتی ژنان و سەرجەم بزوتنەوەکانی تری ناو کۆمەڵگا بووەتەوە و ئەم بابەتە تەنانەت درزی خستووەتە ناو ڕیزی دەسەڵاتدارانی ڕژیمەوە.
لە یادی شۆرشی ژینادا، جێی خۆیەتی لە هەموو شارەکانی کوردستان دەنگی “نا” بۆ دەسەڵاتی دژی ژن، هەڵوەشاندنەوەی هەموو جۆرە چەوسانەوەیەک بەرانبەر ژنان، نەمانی هەڵاواردنی ڕەگەزی لە هەموو بوارەکان بەرز بێتەوەو یەکگرتوو و بەهێز لە بەرابەر گشت ئەم دەسەڵاتە دژەژنەدا ڕاوەستین. بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان، لە گۆڕستانی ئایچییەوە هەتا بەرخۆدانی ژنان لە سەرتاسەری کوردستان نیشانی داوە کە خاوەنی وەها توانا و هێزێکە.