ئاگامان لە قوربانییەکان بێ

✍ئەسعەد دوروودی

هەواڵی دەسدرێژی کرانە سەر ژمارەیەکی زۆر لە خانمان لە شاری سەردەشت لە لایەن تاوانبارانی سەر بە دەزگا ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران، شەپۆلێک لە نەفرەت و تووڕەیی خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی گرتەوە و جارێکی دیکە ڕۆڵی حکوومەتی ئێران و دەستوپێوەندەکانی لە تاوان بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان ئاشکراتر لە جاران دەرخست.

ئاکاری نامرۆڤانەی دەستوپێوەندە خۆجییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران شتێکی تازە نییە بەڵام ئەم تاوانە بۆ ماوەیەکی زۆر و بەرانبەر بە ژمارەیەکی زۆر کراوە و ئاسەوارەکانی زۆر قووڵ و دڵتەزێن و بۆ کۆمەڵگا پڕ لە خەسار و بۆ قوربانیان و کەسانی نزیکیان پڕ لە ئازار و گرفتە. ئەوەی تاوانباران کێن و چین بۆ خەڵکی دەرکەوتووە و ئەوان ئەم لاپەڕە ڕەشەشیان بە دەفتەری ئەستووری تاوانەکانیان زیاد کرد کە بێگومان یەکێک لە ڕەشترین تاوانەکانە.

لەم بابەتەدا سەرەنجەکە نەک لە سەر تاوانبار و پشتیوانەکانیان لە نێو دەسەڵات بەڵکوو لە سەر قوربانییان و چۆنیەتیی یارمەتیدانیان و هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانیان و دانانی هەتوان لە سەر برینی قووڵیانە.

قوربانییانی دەسدرێژی نەک هەر لە سەردەشت و لە کوردستان تەنانەت لە وڵاتانی پێشکەوتووش کە یاسا پشتگیریی قوربانیان دەکا، لە ژێر گوشارێکی قورسدان و بارێکی زۆر گرانیان بۆ هەتا هەتایە دەکەوێتە سەرشان. جیا لەو گوشارە دەروونییەی کە خودی تاوانەکە بۆ قوربانی دێنێ و هەموو چرکەیەک لەگەڵیەتی، ترس لە ئاشکرابوونی کارەساتەکە و ترس لە چۆنیەتیی هەڵسوکەوت و هەڵوێستی دەورووبەر بەتایبەت کەسە نزیکەکان و خانەوادە و دۆستان و خەڵکی گەڕەک و شار سەرباری هەموو دەردەکانیانە.

لە کۆمەڵگایەکدا کە پەروەردەی کولتووری باوک ــ پیاوسالار دایمە نەکەی نەچی ئەتۆ کچی بە گوێی کچاندا دەخوێنێ و بڕیاری خۆ شاردنەوە و خۆپارساتن و خۆداپۆشین و خۆ سانسۆر کردن و پێنەکەنین و … یان بۆ دەردەکا، ئەگەر کەسێک ببێتە قوربانیی دەستدرێژیی تاوانبارێک لەوانەیە خۆی بە خەتابار بزانێ و بیر لەوە بکاتەوە کە چی کردووە کە کەوتووەتە داو و ئەو کارەساتەی بەسەردا هاتووە. زۆربەی جار لەو ڕوانینە باوکسالارانەدا بە کچانی قوربانی دەگوترێ: “بزانی چی کردووە کە وایان بەسەر هێناوە.” واتە بە ئاسانی جێگەی تاوانکار و قوربانی دەگۆڕدرێت و قوربانیان لە باتی پشتیوانی لێکران و ئاگالێبوون و یارمەتیدانیان بۆ زاڵبوون بە سەر دۆخی نالەبار پاش دەسدرێژی، هێرشیان دەکرێتە سەر و تەریک دەخرێنەوە و شانسێکیان بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر ژیانێکی ئاسایی بۆ نامێنێتەوە. سەیر نییە کە زیاتر لە ١٠ کەس لەو ٤٠ و چەند قوربانییەی سەردەشت هەوڵی خۆکوشتنیان داوە. بۆ کەسێک کە بە بێ هیچ تاوانێک بووەتە قوربانیی تاوانبارێک کە بە پشتیوانی دەسەڵاتێکی ڕەش کۆمەڵگای بە قەهقەرادا بردووە، خۆکوشتن وەکوو تاکە ڕێگەیەک بۆ دەرباز بوون لە تانەی ئاشنا و بێگانە و لە نیگای پڕ لە تەوس و توانجی کۆمەڵگا دێتە بەرچاو.

ژمارەیەک لە هۆکارەکانی بێدەنگی کردنی قوربانیانی دەسدرێژیی جینسی ئەمانەن.

١. ڕوانینی کۆمەڵگا بۆ قوربانی وەکوو تاوانبارە و ئەو قوربانییە لە لای کۆمەڵگای خاوەن بیری دواکەوتوانەی باوکسالاری ڕێز و بایەخی خۆی وەکوو مرۆ لەدەستدەدا و کەس نایەوێ لە کۆمەڵگا و خانەوادەدا بەوشێوەیە چاوی لێبکرێ.

٢. کەسانی دەورووبەر و بەتابەت خانەوادەی قوربانی بڕوا بە قسەکانی نەکەن و بڵێن: ” تا خۆت شتێکت نەکردبێ یان جۆرێک لە ئاکارت نەنواندبێ کەس دەسدرێژیت ناکاتە سەر.” ئەو بێ متمانەییە بە کۆمەڵگا و خانەوادە و کەسانی نزیک فاکتۆرێکی گرینگی هەڵبژرادنی بێدەنگییە.

٣. لە نموونەی سەردەشتدا دەسەڵات و یاسای زاڵ بە قووڵی دژە ژنە و سیستەمی قەزایی حکوومەت کەمترین ماف دەداتە قوربانیانی دەسدرێژی و قوربانیان کە دەبینین شانسێکی زۆر کەم هەیە کە تاوانبار سزا بدرێ ئەو کارە بە بێسوود دەزانن و نایکەن.

٤. تاوانبار و دەسدرێژیکار کەسێکی خاوەن دەسەڵات یان سەر بە دەسەڵاتدارانە و قوربانی دەزانێ نەک هیچ سزایەکی بۆ نابڕێتەوە بگرە قوربانی و کەسوکاری دەکەونە بەر هێرش و سزا و دۆخەکە خراپتر دەبێ.

٥. تاوانبار کەسێکی نزیکی قوربانییە و لە چوارچێوەی سیستمی باوکسالاریدا کە “ڕێزی پیاوانی خانەوادە” بە بنەمایەکی گرینگی کولتووری لە کۆمەڵگادا دەبیندرێ شکاندنی ئەو “شکۆ” و “هەیبەتە” کارێکی ئاسان نییە و لە لایەن خانەوادە و کۆمەڵگاوە بە توندی بەرپەرچ دەدرێتەوە و خۆدی تاوانباریش لە ژێر کاریگەریی ئەو کولتوورە و پاراستنی “پیرۆزیی خانەوادە” دا مەیلی بە ئاشکراکردنی تاوانەکە نییە.

 

بۆ ئەوەی ئەو بێدەنگییە بشکێ چەندین فاکتۆر دەور دەبینێ. دوکتور ئارێنس لە کتێبێکیدا سەبارەت بە کولتووری بێدەنگی لە نێو قوربانیانی توندوتیژیدا دەنووسێ: ” بۆ شکاندنی بێدەنگی دەبێ لێهاتوویی، ئامراز و مافی دەربڕین بۆ تاکەکان مسۆگەر کرابێ، ئەگەر تاکێک ئەمانەی نەبێ بێدەنگی هەڵدەبژێرێ.” لە کوردستانی بندەستی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا زۆربەی کچانی وڵاتەکەمان نە فێر دەکرێن کە ئەگەر کەسێک دەسدرێژیی کردە سەریان ئەوان خەتابار نین، نەک تەنانەت فێردەکرێن سنوورەکان کامەن و چ ئاکارێک بە دەسدرێژیی جینسی حیساب دەکرێ بۆیە نە لێهاتوویی و نە ئامرازی پێویست بۆ شکاندنی ئەو بێدەنگییەیان نییە. هاوکات کچانی وڵاتی ئێمە مافی دەنگ هەڵبڕین و پارێزگاری لە خۆیان وەکوو زۆربەی مافە سەرەتاییەکانی دیکەیان لە لایەن کولتووری پیاو سالاری زاڵەوە ــ کە دەسەڵات و ئایینی زاڵ پشتیوانی لێدەکەن و وەبەرهەمێ دێننەوە ــ لێزەوت کراوە.

چالاکانی بواری یەکسانی، حیزبە پێشکەوتنخواز و بەدەربەستەکان، ئەندامانی ئاشنا بە مافی ئینسان لە نێو کۆمەڵگا و خانەوادەدا و بە گشتی هەموو مرۆڤێک کە خەم بە مرۆڤایەتی و مافی ئینسانەوە دەخوا دەبێ هاورای قوربایانی ئەم کارەساتە و کارەساتەکانی دیکەی خولقاوی کولتووری دواکەوتووی زاڵی کۆمەڵگا بن. بە هەموومانەوە دەبێ پشتیوان و یارمەتیدەری قوربانییەکان بین و نەهێڵین ڕووداوێک کە هیچ تاوانێکیان تێدا نییە ببێتە هۆی فەوتانی داهاتوویان و دەرفەتێ ژیانێکی شیاویان بۆ هەمیشە لێبستێندرێتەوە.