ڕاگەیاندنی کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی ژن

(سەبارەت بە ناڕەزایی دەربڕێن بە سووتاندنی کچێکی ٢٢ ساڵ لەلایەن باوکییەوە لە سنە)

ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ رەزبەری ١٤٠٠هەتاوی کچێکی ٢٢ ساڵان خەڵکی شاری سنە، تەنها لەبەر ئەوەی هاورێی کوڕی هەبووە، لەلایەن باوکییەوە سووتێندراوە، بەداخەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سنە، گیانی لە دەست داوە.

ئێمە ئەم کوشتنە جەرگبڕە کە دوورە لە هەستی باوک و منداڵی، ئیدانە دەکەین.

لە دەستوورە پەسەندکراوەکانی دەوڵەتدا، سەبارەت بە کوشتنی نامووسی سزاکان کەمتر کراونەتەوە.

کەمکردنەوەی ئەو سزایانەی بۆ باوک و دایکی تاوانبار لەبەر چاو گیراوە، هاودەنگی لەگەڵ ناموسپەرەستی و بانگەشەی جیاکاری سەبارەت بە ژنان، هۆکاری گەشەی فەرهەنگێکی دواکەوتوانە و دژایەتی لەگەڵ مافی ژنان و هەروەها پیاوسالارییە کە کوشتنی نامووسی لە ڕەنگدانەوەی ئەم دەستوور و یاسایانە بەشێوەیەکی زۆر ئاسایی جێبەجێ دەکرێن.

ئێمە چالاکوانانی بواری مافی ژن لە سنە کوشتنی ژنان و دیاردەی کوشتن بە ناوی نامووس مەحکوم دەکەین و خوازیاری گۆڕانکاری لە یاساکانی جیاکارانەی دژ بە مافی ژنانین.

دەستور و یاسا دەبێت مافی یەکسانی ژن و پیاو بەڕەسمی بناسێت.

بۆ بنەبڕکردنی کوشتنی نامووسی لە کۆمەڵگای کوردستان، دەبێت بە هێز و ئیرادەی خەڵک، بەتایبەت هاوکاری ژنان، بتوانین هاوکات لەگەڵ گۆڕانکاری لە یاساکان لە بەرابەر کولتوری دژە ژن و کولتوری کۆنەپەرستی پیاوسالارانە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دروست بکەین، بۆئەوەی دیاردەی ناشیرین و تۆقێنەری ژن کوشتن و قەتڵی نامووسی بکەینە ناو زبڵدانی مێژووەوە.

ئێمە لە هەموو ڕێکخراوەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کرێکاری و دامەزراوەکانی مەدەنی، کولتوری و لە هەموو مرۆڤێکی بەڕێز و ئازادیخواز داواکارین بۆ گۆڕینی یاساکانی جیاکاریانەی دژ بە مافەکانی ژنان وە هەروەها  لە ڕەخنەگرتن و ئاشکراکردنی دیاردەی کولتوری نادروستی دژەژنی و پیاوسالاری لەگەڵ ئێمە هاودەنگ بن.

هەموومان پێکەوە بۆ سزادانی بکوژانی ژنان و پێشێلکارانی مافی ژن بێینە مەیدان.

کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مافی ژنان لە سنە

یەکشەممە ١١ ڕەزبەر ١٤٠٠هەتاوی