کوردستان، خاڵی بەریەککەوتنی خەباتە ڕزگاریخوازانەکان

0
ئەسعەد دوروودی کەمانگەر

چڕبوونەوەی لەسێدارەدانەکان، پەرەسەندنی دۆسیەسازییە ئەمنییەکان و زیادبوونی گوشار بۆ سەر چالاکوانانی سیاسی، کرێکاری، ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان، تەنیا کۆمەڵێک هەنگاوی ناڕێکخراو یان کاردانەوەی کاتیی حکوومەت بەرامبەر بە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان نییە. ئەم تاوانانەی حکوومەت بەشێکە لە سیاسەتێکی پێکهاتەیی (Structural) کە ڕەگی لە سروشتی دەوڵەتی ناوەندی و پێوەندیی ئەو دەسەڵاتە لەگەڵ نەتەوە بندەستەکان لە ئێراندا هەیە. تێگەیشتن لەوەی کە ئەمڕۆ لە کوردستان ڕوودەدا، بەبێ تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان سەرکوتی سیاسی، چەوسانەوەی نەتەوەیی و پێوەندییە چینایەتییەکان مەحاڵە.

کۆماری ئیسلامی، هاوشێوەی دەوڵەتەکانی پێش خۆی، کوردستان تەنیا وەک جوگرافیایەک کە بەشێک لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی پێکدێنێ چاو لێناکات، بەڵکوو وەک خاکێکی داگیرکراو و بەو پێیەشە وەکوو “بابەتێکی ئەمنی” پێناسەی کردووە. لە چوارچێوەیەکی ئاوهادا، هەر شێوازێک لە ڕێکخراوبوونی سەربەخۆی کۆمەڵایەتی وەک هەڕەشەیەک لە دژی دەسەڵات و پێکهاتەی سیاسی سەیر دەکرێت. لەبەر ئەمەشە، سەرکوت تەنیا ڕووبەڕووی حیزب و هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆن و ئەندامان و چالاکانی ئەوان نابێتەوە. چالاکوانانی کرێکاری، ڕێکخراوەکانی ژنان، مامۆستایان، خوێندکاران، نووسەران، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی ژینگەییش دەکەونە ژێر گوشاری “ئەمنییەتییەوە” چونکە پرسی سەرەکی بۆ حکوومەت تەنیا دژایەتیی سیاسی نییە، بەڵکوو پرسی سەرەکی دروستبوونی هێزی کۆمەڵایەتی سەربەخۆ لە دەرەوەی دەسەڵات و دەوڵەتە. لە ڕاستیدا کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕێگەی تێکۆشانی ئەنجومەنە ژینگەیی، فەرهەنگی و مەدەنییەکان جۆرێک لە دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی خوڵقاندووە کە پێناسەی “ئەمنییەتی” لە مانایەکی دەوڵەتی و پۆلیسییەوە گۆڕیوە بۆ هاوپشتییەکی ڕێکخراوی جەماوەری، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ حکوومەتێکی تۆتالیتەری وەکوو کۆماری ئیسلامی.

کوردستان و بزووتنەوەکەی لەم پەیوەندییەدا دۆخێکی تایبەتیان هەیە لەبەر ئەوەی بە شێوەی مێژووی و لە کردەوەدا ساڵانێکی دوورودرێژە خەبات بۆ مافە پیشەیی، مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ پرسی نەتەوەیی هەڵپیکراوە. لە دۆخێکدا کە نەتەوەی کورد مافی بەڕێوەبردنی کاروباری خۆی لێ زەوت کراوە و لە دەرفەتی یەکسانی سیاسی بێبەشە و تەنانەت زمان و کولتوورەکەی لە لایەن دەسەڵاتەوە لە ژێر هەڕەشەی لەناوچووندایە، تەنانەت سەرەتاییترین داواکارییە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە داخوازی سیاسی. بۆیە تێکۆشان بۆ یەکسانیی ڕەگەزی، دروستکردنی ڕێکخراوێکی کرێکاریی سەربەخۆ، خوێندن بە زمانی دایک، یان ناڕەزایەتی بەرامبەر بە حوکمی نامرۆڤانەی ئیعدام، هەموویان لە دەزگای ئەمنیی حکوومەتدا لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا لێکدەدرێنەوە.

لە ڕوانگەی چەپەوە، پرسی کوردستان ناتوانرێت تەنیا بۆ چەوسانەوەی نەتەوەیی یان تەنیا بۆ چەوسانەوەی چینایەتی کورت بکرێتەوە. ئەم دوو پرسە و پرسە کۆمەڵایەتی و مەدەنیی و سینفییەکانی دیکەش لە ڕاستیی کۆمەڵگای کوردستاندا بە تەواوەتی لێکتەنراون. کوردستان هاوکات لەگەڵ ستەمی نەتەوەیی، لەگەڵ بێبەشبوونی ئابووریی بە ئەنقەست و درێژخایەن، ڕێژەی بەرزی بێکاری و گرفتی ئابووریی بنەڕەتیی دیکە بەرەوڕووە. ئەم بێبەشکردنە ئابوورییە تەنیا پشتگوێخستنێکی سادە نییە، بەڵکوو سیاسەتێکی چالاکی تاڵانکارییە کە لە ڕێگەی قۆرغکردن و گواستنەوەی سەرچاوە سروشتییەکان، سەپاندنی ئابوورییەکی پۆلیسی و نیزامی بەسەر کوردستان، و ناچارکردنی هێزی کاری کوردستان بۆ کۆچی بەکۆمەڵ و کردنیان بۆ هەرزانترین و بێمافترین چینی کرێکار لە پەراوێزی شارە گەورەکانی ناوەنددا جێبەجێ دەکرێت. هەروەها هەموو چین و توێژەکانی دیکەش کە مافخوراو و بێبەشکراون، قوربانیانی دەسەڵاتێکن کە هاوکات لەگەڵ داگیرکاربوونی، دژە ژن، دژی ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانە، خاوەنی سیستەمێکی نامرۆڤانە قەزاییە، دوژمنی شادی و ژیانێکی شیاو بۆ مناڵان، لاوان، کەم ئەندامان و بەساڵاچووانە.

لەم ناوەدا ژنانی کورد وەک خاڵی یەکتربڕینی هەموو ستەمەکان، قوربانیی سێ لایەنەی ستەمی نەتەوەیی، چینایەتی و ڕەگەزیی دەسەڵات و نەریتی کۆنەپارێزن. بۆیە کوردستان هەموو مێژووی خەباتەکەی لە شۆرشی ژیندادا لە ژێر دروشمی سەرەکیی ژن، ژیان، ئازادی وەکوو مانیفیستی دژایەتیی داگیرکاری، سەرکوتکاری و بێمافی هاوار کرد.

لە مێژووی بەرەوڕووبوونەوەی حکوومەتی ناوەندی لەگەڵ خەڵک و بزووتنەوەی کوردستان سەرکوت تەنیا ئامرازێک بۆ کپکردنی دەنگە دژبەرەکان نەبووە بەڵکوو بەشێک بووە لە میکانیزمی بەرهەمهێنانەوە و پاراستنی ئەو نەزمە سیاسی و ئابوورییەی کوردستانی بە داگیرکراوی و لە باری ئابوورییەوە لاواز ڕاگرتووە. لەسێدارەدان، زیندان، بانگهێشتکردن و ئەمنیکردنی فەزای گشتی، ئامرازگەلێکن بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی ئەو سووژە گشتییانەی بە گژی نەزم و دەسەڵاتدا دەچنەوە.

حکوومەت باش دەزانێت کە بزووتنەوەی نەتەوەیی دیموکراتیک، بزووتنەوەیەکی کرێکاریی بەهێز، بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵی ژنان و دامەزراوە مەدەنییە سەربەخۆکان ئەگەر ببنە یەک و لێک هەڵپێکرێن، دەتوانن ببنە هێزێکی کاریگەر لە دژی پێکهاتەی باڵادەست. هەر بۆیە کوردستان تەنیا جوگرافیایەکی ژێردەستە نییە، بەڵکوو بەهۆی ئەزموونی مێژوویی و ڕێکخراوەیی خۆیەوە، بووەتە پێشڕەوێکی فیکری و سیاسی کە مۆدێل و ئاسۆیەکی پێشکەوتنخواز بۆ تەواوی بزووتنەوە ئازادیخواز و ڕزگاریخوازەکانی تری ناو جوگرافیای ئێران دەستنیشان دەکات.
لەم دۆخەدا مافی دیاریکردنی چارەنووس پێگەیەکی سەرەکی پەیدا دەکات. لە ڕوانگەی چەپی دیموکراتیکەوە، مافی دیاریکردنی چارەنووس نە ئیمتیازێکی تایبەتە، نە داواکارییەکی ناسیۆنالیستیی تەسک، بەڵکوو یەکێکە لە بنەڕەتیترین مافە دیموکراتیکەکانی مرۆڤ کە مەرجی سەرەتاییە بۆ ئازادی و بنیاتنانی یەکیەتییەکی ئارەزوومەندانە. هیچ نەتەوەیەک نابێت بە زۆر لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا ڕاگیرێت کە تێدا بەشداریی ئازادانە و یەکسان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی لێ زەوت کراوە. بەرگریکردن لە مافی دیاریکردنی چارەنووس لە پلەی یەکەمدا بەرگریکردنە لە بنەمایەکی دیموکراتیک: خەڵک خۆیان بڕیار لەسەر شێوازی پێوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان دەدەن.

ئەم مافە هەروەها مەرجێکی پێویستە بۆ هاوپێوەندییەکی ڕاستەقینە لە نێوان نەتەوە و چینە جیاوازەکاندا. یەکسانی ناتوانێت لەسەر بنەمای ئینکاری مافە نەتەوەییەکان بنیات بنرێت. هەروەک چۆن ئازادی کرێکاران بەبێ ڕێکخراوبوونی سەربەخۆ مەحاڵە، پێکەوەژیانی دیموکراتیک لە نێوان نەتەوەکانیشدا بەبێ بەفەرمی ناسینی مافی دیاریکردنی چارەنووس ئیمکانی نییە. هەر پڕۆژەیەکی سیاسی کە بیهەوێت پرسی نەتەوەیی پەراوێز بخات یان بۆ داهاتوویەکی نادیار وەدوای بخات، لە کردەوەدا یارمەتیدەری بەرهەمهاتنەوەی پێوەندییە نایەکسان و ستەمکارانەکانە.

هەر بۆیە خەبات لە دژی ئەو سەرکوتە سیاسی و دۆخە “ئەمنییەتییەی” ئەمڕۆ زیاتر لە جاران لە کوردستان لەئارادایە، تەنیا خەباتێک نییە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ؛ بەڵکوو بەشێکە لە خەباتێکی بەرینتر لە دژی پێکهاتەکانی باڵادەستیی سیاسی، ئابووری و نەتەوەیی. بەرگریکردن لە زیندانیانی سیاسی، پشتگیریکردن لە ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکاری و مەدەنییەکان، خەبات لە دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی و پشتیوانیکردن لە مافی دیاریکردنی چارەنووس، ڕەهەندە جیاوازەکانی خەباتێکی هاوبەشن بۆ ئازادی، یەکسانی و ڕزگاری.

کوردستانی ئەمڕۆ یەکێک لە خاڵەکانی بەریەککەوتنی ئەم خەباتانەیە. هەر شەپۆلێکی نوێی سەرکوت باشتر دەریدەخات کە حکوومەت لە ڕێکخراوبوونی سەربەخۆی کۆمەڵگای کوردستان دەترسێت. هەر مانگرتنێکی گشتی، هەر جووڵەیەکی ناڕەزایەتی و هەر شێوازێک لە هاوپێوەندی کۆمەڵایەتیش نیشانی دەدات کە ویستی ئازادی، دادپەروەریی ئابووری و کۆمەڵایەتی و مافی دیاریکردنی چارەنووس هێشتا زیندووە. بەبێ متمانە بەم هێزە ڕێکخراوە پێشڕەوە، داهاتوویەکی دیموکراتیک لە دایک نابێت. داهاتوویەکی دیموکراتیک تەنیا کاتێک پێکدێت کە ئەم داواکارییانە نەک وەک بابەتگەلی پەراوێزی، بەڵکوو وەک کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی هەر پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازانە ببیندرێن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *