ڕێرەوی ترامپ بۆ خنکاندنی ئێران …

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی دوو وڵاتی ئەرمەنستان و ئازەربایجان، ڕێکەوتنی “داڵانی زەنگزۆر”یان واژۆ کرد. دۆنالد ترامپ لە ناو مەراسمی واژۆ کردنەکەدا وتی؛ زیاتر لە ٣٥ ساڵە ئەرمەنستان و ئازەربایجان خەریکی کێشمەکیش و شەڕ بوون و جگە لە ماڵوێرانی هەزاران کەس ئاوارە و کوژراون، ئەمە هەر دوو وڵاتی تووشی کێشە کردوە و ئێستا بە واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتنە، ڕێگایەکی نوێ بۆ ئاشتی و کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتیی دەیان ساڵەی نێوان هەردوو وڵات کرایەوە.
ڕێکەوتنی، ئەمریکا، ئەرمەنستان و ئازەربایجان بۆ ” داڵانی زەنگزۆر” و دانانی ناوی ترامپ لەسەر ئەو ڕێگەیە، کاریگەری گرنگی لەسەر ئابووری، ژئۆپولوتیک و ئەمنیەتی نە تەنها بۆ ڕژیمی ئیسلامی ئێران هەیە بەڵکوو وڵاتی روسیەش زەرەرمەندی سەرەکەییە و ناتۆ دەبێتە هاوسنووری وڵاتی روسیە و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو وڵاتە دادەنێت و ئەم ڕێکەوتنە بە گشتی ئێران زیاتر دەخاتە مەنگەنەوە و ڕۆڵی ڕژیم لە ترانزیتی ناوچەکە و بە تایبەتی وڵاتی “قەفقاز” کەم دەکاتەوە. لە یەکێک لە بڕگەکانی ئەو ڕێکەوتنەدا هاتووە کە وڵاتی ئەرمەنستان مافی تایبەتی بەڕێوەبردنی ئەم کریدۆرەی بۆ ماوەی ٩٩ ساڵ ئەدات بە ئەمریکا و “دونالد ترامپ” ئەم ڕێگەی وەک “ڕێگەی ترامپ بۆ ئاشتی و باشکردنی جیهان” ناوناوە و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ڕێگەی “داڵانی زەنگزۆر” ئەوەیە کە بە پێچەوانەی ڕێگەکانی دیکە باج لە هیچ کەلوپەلێک وەرناگیرێت.
ئەم داڵانە پێشتر لە ڕێگەگەڵێک وەک وڵاتانی “لەهستان و لیتوانی” و برلین لە سەردەمی شەڕی سارد بە کار هێنراوە. ئەمە لە لاێکەوە و لەلاێکی دیکەوە “ئێلهام علی ئۆف” سەرۆک وەزیرانی ئازەربایەجان وتی: ئێمە ئەمڕۆکە لە قەفقازی باشوور بەرگێکی نوێمان لە مێژوودا نووسیەوە و بە ئاشتی گەیشتین، هەروەها “نیکۆل پاشینیان” سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستانیش وتی: ئەم ڕێکەوتنە وەرزێکی نوێیە لە ئاشتی و هەروەها وتیشی ئێمە خەریکین بەردی بناغەیەک باشتر لە ڕابردوو کە ئەزمونمان کردوە، دادەنێن.
ئەم ڕێکەوتنە کاردانەوەی بەرپرسانی ئێرانی لەگەڵ خۆیی هێنا و “عەلی ئەکبەر ولایەتی” ڕاوێژکاری خامنەیی وتی: هەر جۆرە هەوڵێک بۆ دروستکردنی ئەم داڵانە لەگەڵ پەرچەکرداری سەختی ئێران ڕووبەڕوو دەبێتەوە و تاران ئەمە وەک هەڕەشەێکی جدیی بۆ سەر سنووری خۆی و جێگەی ترانزیتی ئەو وڵاتە دادەنێت و ئەم ڕێکەوتنە سنووری ژئۆپولتیکی ناوچەکە دەگۆڕێت، لە بەرانبەردا تورکیە لەم ڕێکەوتنە زۆر ڕازیە و لە بەرژەوەندی خۆیدا دەیبێنێت و ئەوەش وایکردوە کە ڕژیمی ئیسلامی تەریک و تەریک تر دەبێتەوە.
لە لاێکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ڕژیمی ئێران وتی ئەم ڕێکەوتنە شتێکی باشە و ناوچەکە تووشی ئاشتی دەکات بەڵام دەستێوەردانی هەر جۆرە وڵاتێکی دەرەکی کاریگەری نەرێنی لەسەر ناوچەکە دەبێت و بە تایبەتی لە سنوورە هاوبەشەکان و ڕژیم ترسی لە ئەمریکایە کە ببێتە هاوسنووری، ڕژیمی ئیسلامی ئێران باش دەزانێت کە ئیسرائیل لە ڕێگەی سوریەوە بووەتە هاوسنووری و لەملاشەوە ئەمریکا لە ڕیگەی ئەرمەنستان و ئەم ڕێکەوتنەوە تا ٩٩ ساڵی دیکە کراوە بە هاوسێ و ئەوەش مەترسی جدیی هەیە بۆ سەر ڕژیمی ئیسلامی ئێران و چیدی ئێران ناتوانێت لە ناوچەکە هاتوچۆ و هەڵسوکەوت بکات هەر بۆیە گڕی گرتووە و دەستی داوەتە کۆمەڵێک هەڕەشە لەم پرۆژە و ئەوەش وا دەکات ڕژیمی ئیسلامی ئێران زیاتر و زیاتر پەراوێز بخرێت. چون کاتی زمانی هەڕەشە بەسەر چووە و ئەوە تەنها ڕژیم بۆ لەناو چوون نزیک دەکاتەوە و کردویەتی و هەروەها بەشداری ئەمریکا لەم ڕێکەوتنە شەکستێکی دیکەیە بۆ ڕژیم.
“باقری کەنی” ئەندامی “شورای راهبردی روابط خارجی ایران” دەڵێت؛ ڕژیمی ئیسلامی ئێران بە سانایی لە بەرانبەر ئەم پێشهاتەدا ناگوزەرێت و هەروەها ڕۆژنامەی کەیهان، سەر بە خامنەیی لە ڕۆژنامەی بەیانیی خۆیدا نووسیوەتی کە ئەم ڕێکەوتنە لەلایەن ئەمریکاوە خەیانەتێکی گەورەیە کە لە ئێران کراوە و نابێ ئێران بە ئاسانی واز لەم بابەتە بێنێت و دەبێت وڵامێکی گونجاوی بۆ ئەم پرسە هەبێت و وەک یەکەم هەنگاو دەبێ بە پێی بەڵگەنامەکانی “ژنۆ و جامائیکا” هاتوچۆی کەشتیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە “تەنگەی هۆرموز” قەدەغە بکات.
کۆمەڵێک لە پسپۆڕان لەسەر ئەو باوەڕن کە بە دروست کردنی ئەم کریدۆرە، ناتۆ دەگاتە سەر سنوورەکانی ئێران و روسیە و ئەمەش بە واتەی کیش و ماتە بۆ ڕژیمی ئیسلامی ئێران و لە بواری دیپلوماسی پێی دەوترێت “خنکاندنی ژئۆپولتیک”. ئەوان لە وتەکانی خۆیاندا دەڵێن کە ڕاسپاردنی ئەم ڕێگەیە بە ئەمریکا کردوەیەکی ئامانجدارە بۆ ڕیگە گرتن لە بەرپرچدانەوەی گەمارۆ و دژایەتیکردنی ئێران.
چونکا لە ئەگەری هەر کاردانەوەیەکی ڕژیم، ئەوە ئەمریکایە لە بەرانبەریدا؛ بابەتێک کە ڕووبەڕوو بوونەوەی سەخت و دژوارە بۆ ئێران و ڕژیمی ئیسلامی ئێران ناتوانێت بەرپرچی ئەمریکا بداتەوە، چونکا کاردانەوەی سەختی لەگەڵ دەبێت. خامنەئی تووڕە لە ئاڵوگۆڕەکانی قەفقاز و تێکۆشانی وڵاتی لوبنان و ئێراق بۆ چەک وەرگرتنەوە لە حزبوڵڵا و حەشدی شەعبی و لە بەرانبەردا ترامپ هیوادارە کە ئەم داڵانە ببێتە هۆی ئەوەی وڵاتانی زیاتر بە پەیمانی ئیبراهیم پەیوەست بن.
بەشێک لە پسپۆڕان باس لەوە دەکەن کە ڕژیمی ئیسلامی ئێران لە وڵاتگەلێک وەک لوبنان، ئێراق، سوریە و یەمەن بە میلیونها دۆلاری خەرج کردوە و لەبەرانبەردا ئەمڕۆ هەروا کە دییمان هەموو ئەو گروپانە یا بە تەواوەتی شکەستیان خواردوە یا خەریکە چەک دەکرێن و ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی ڕژیم لە ناوچەک لاوازتر دەبێت و ڕژیم بەرەو دوا هەناسەکانی خۆی دەچێت و ئەمەش بە ڕوونی دیارە کە ڕژیم تا دێت لە ناوچەکە و جیهانیش بە گشتی تەریک و تەریک تر دەکەوێت.
لە کۆتاییدا دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە سیاسەتی هەڵە و خراپی ڕژیمی ئیسلامی ئێران بووەتە هۆی کاولکردنی ژێرخانی ئابووری ئێران و هەروەها شەڕی دوانزە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل زیاتر ڕژیمی خستە مەنگەنەوە و ئێستا خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئێران توشی دەیان و سەدان چەرمەسەری و کێشە بونەتەوە و ڕژیم لە ناوخۆ توشی کێشەی جدییە و لە دەرەوە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پاشەکشەی کردوە و ئەمڕۆکە ئیسرئیل بوەتە هاوسنووری ئێران و ئەمریکاش ئەوە بووە هاوسنووری و چیدی ڕژیم ناتوانێت گەمارۆکان دەور بداتەوە و بە گشتی ڕژیمی ئیسلامی ئێران کیش و مات.