ژنان، جەنگاوەرانی ناو خەبات و چەقڵی چاوی دوژمنانی کوردستان ..
م.باران
ژنانی ڕۆژهەڵات
بێگومان ژنانی کورد لە ڕیزی تێکۆشەرانی بەرچاوی مێژووی خەبات و تێکۆشانی ناو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانن بۆ دەستەبەر کردنی ژێانێکی ئاسودە و یەکسان. ئەوان لەپاڵ دایکایەتیی و پەروەردەکردنی ڕۆڵەکانیان، لەگەڵ تێکۆشان بۆ دەستخستنی مافەکانی خۆیان، هەرگیز دەستە وەستان نەوەستاون وبەردەوام چ لەناو سەنگەرەکانی شەڕداو چ لە پشت بەرەکانی شەڕ، چالاک و بەشدار بوون و کاریگەری بەرچاویان هەبووە لە پێش خستنی بززتنەوەی رزگاریدەری کوردستاندا. بەهۆی هێرشی بەردەوام و لە وەستان نەهاتوی داگیرکەران بۆ سەر کوردستان، شۆرش و بەرخۆدان هەمیشە لە کوردستاندا هەبووە و بەردەوام سەنگەرەکانی خەبات ئاوەدان بوون. ژنان بەردەوام و لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا بەشدار و چالاک بوون و زۆرترین زیانیان بینیوە و باری قورسی ژیان و خەبات بەردەوام بەسەر سەری ئەوانەوە بووە. بەشەهامەتەوە دەتوانین بڵێن کە ڕۆژهەڵات خاوەنی بەرزترین رێژەی خەبات و تێکۆشانی ژنان بووە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا. لەدوای روخانی رژیمی پاشایەتی و هاتنەسەرکاری رژیمی دژە ژنی کۆماری ئیسلامیی، ژنان بەتایبەت ژنانی کوردستان له ئاستێکی زۆر بەرین و بێ وێنە هاتنە مەیدانی خەباتی سیاسی و جەماوەری و لەهەموو مەیدانەکانی خەباتدا بەشدارو چاڵاک بوون. هەر وەک ئاماژەمان پێدا بەشداری ژنانی کورد لە سیاسەت و هەڵگرتنی چەکدا مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. بێگومان کۆمەڵە وەک هێزێکی نوێ و چەپ و سوسیالیستی له کوردستان، یەکەم هێزی بزوێنەر و هاندەر و پشتیۆانی ژنان له کوردستان بوو. هێرشی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر کوردستان لە ٢٨ی گەڵاوێژی سالی ١٣٥٨دا، ئەگەر هێرشێک بوو بۆ ئەستاندنەوەی دەسکەوتەکانی شۆرش لە کوردستان لە ناو جەرگەی بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا، لە راستیشدا هێرشێکیش بوو بۆ سەر ژنانیش. لەبەر ئەوەی ژنان شان بەشانی پیاوان هاتبوونە مەیدانی خەبات بە دژی رژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو. هاتنە مەیدانی ژنان و هاوشان لەگەڵ جەماوەری کوردستان بۆ رژیم تەحەموول نەدەکرا. ژنان لە کوردستان ڕاپیچی زیندان دەکران و دەخرانە بەر توندوتیژترین ئەشکەنجەکان و سزای ئێعدامیان بەسەردا دەسەپا. بە پێی ئەو راپۆرتانەی لە پەیوەند لەگەڵ ژنانی کوردی لە سێدارە دراو بڵاو بۆتەوە دەریدەخەن کە لە سەدا نەوەد و نۆی تەمەنی ئەم ژنانە لە نێوان ١٨ تا ٢٥ ساڵاندا بووە. بە پێی سەرجەمی ئەو توێژینەوانەی کە لە پەیوەند لەگەڵ ژنانی کوردا کراوە دەریدەخەن کە :
٦١ ژنی کورد لە نێوان ساڵەکانی ١٣٥٨ تا ١٣٦٧ بە تاوانی چالاکی سیاسی لە سێدارە دراون. ئەم ژنانە لە کاتێکدا کۆتایی بە ژیانیان هاتووە کە ١٧ لەسەدیان ژێر ١٨ ساڵ، ٥١ لە سەدیان لە نێوان ساڵەکانی ١٨ تا ٢٥ ساڵان، ٢٥ لەسەدیان لە نێوان ٢٦ تا ٣٠ ساڵان دابووە کە رێکەوتی لە سێدارەدراوی ٢٨ لە سەدیان لە نیوان ساڵەکانی ١٣٦٠ تا ١٣٦٢ی هەتاویدا بووە. ٢٢ لەسەدەکەی تریشیان لە نێوان سالەکانی ١٣٦٣ تا ١٣٦٧هەتاویدا بووە. دروشمی زۆر بەجێ و ژیرانەی کۆمەڵە وەک ئامانجی راستەقینەی ئەو ڕێکخراوەیە، داکۆکی کردن لە مافەکانی ژنان و بەشداری دانی ئەوان لە خەباتێکدا بوو کە تێیدا دەبوو ژنانیش بەشدار بن. ژنانیش دەبوو بێجیاوازی بۆ دەستەبەر کردنی ئاوات و خۆزگەکانیان خەبات کەن و توانایی و هێزی لەبن نەهاتووی خۆێان بێننە مەیدان و بە هەمووانی نیشان بەن .
سیاسهتی کۆمەڵە بۆ چەکدار کردن و ڕێگەخۆشکردن بۆ پەیوەستبوونی ژنان بە ڕیزەکانی شۆڕش به هیمهتی خودی ژنان شکڵی گرت. سادق بوون و خۆشەویستی و چالاک بوونی هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە هەموو بوارەکاندا و بە تایبەتی بۆ مسۆگەر کردنی مافەکانی ژنان و جێگر کردنی لە کوردستاندا، سەرنجی ژنانیشی بۆ ئەم بەشە لە خەبات ڕاکێشابوو. ژنانی ئازار چێشتوو ، خۆزگە و ئاواتی خۆیان لە ناو رێبازی ” کۆمەڵە”دا دەدیتەوەو کۆمەڵەیان بە هی خۆێان دەزانی.
ژنانێک كه سووكایهتی و نایهكسانیان له ژیانی خۆیاندا ئەزموون كردبوو
له سهردهمی شۆڕشی ٥٧دا مەجالیان بۆ خولقا و توانیان ئیرادهی خۆیان نیشان بدهن و بههیمهتی خۆیان جێگای خۆیان له ههموو بوارێكدا كردهوه و کۆمەڵەش ئەو سەنگەر و مەیدانە بوو کە ژنان دەیان توانی تێیدا ڕۆڵ بگێڕن و تواناییەکانی خۆیانی تێیدا نیشان بدەن. لە لایەکی تریشەوە کۆمەڵە دەیهەویست کە لە هەموو توێژ و لایەنەکانی کۆمەڵگادا، ڕەچەشکێنی خەباتیکی نۆی لە سەردەمی خۆیدا بێت و خۆی زیاتر لەوی کە هەیە کۆمەڵایەتیتر و جەماوەریتر کاتەوە.
ساڵی ١٣٦١ بۆ یەكەمجار لە هەر چوار پارچەی كوردستان چەغماغەی بەشداری ژنان لە شۆڕش و بەدەستەوەگرتنی چەکی بەرخۆدان لە لایەن کۆمەڵەوە لێدرا. یەكەم دەستەی پێشمەرگەی ژنان لە كۆمەڵەدا چەكدار کران و ئیتر ژنان لە ڕیزی پێشەوە هاتنە مەیدانی خەبات و بەرخۆدان.
ئەم ڕووداوە مێژووییە بۆ یەكەمجار بوو لە كوردستان رویدەدا و تابوویەكی ئەو سەردەمە بوو كە بە دەستی كۆمەڵە و ژنانی ئازادیخواز شكا. چەكدار بوونی ژنان ئەو مەدالیایە كە هەتا هەتایە لە ملی كۆمەڵەدا ئەدرەوشێتەوە و بۆ هەمیشە بوو بە ماییەی شانازی کۆمەڵە وەک تاقە حیزبی پێشکەوتوی لایەنگری مافەکانی ژنان لە کوردستان.
نابێ لە بیریشمان بچێتەوە کە ئەم هەوڵەی کۆمەڵە بۆ چەکدار کردنی ژنان تهنها بۆ ئهوه نهبوو كه چهكیان كردبێتە شان و به شهڕ بێن لهگهڵ كۆماری ئیسلامیی، بهڵكوو ئهوان بە هیمەتی کۆمەڵە چهكیان كرده شانیان بۆ ئهوهی نیشان بدهن كه پهیامی یهكسانیان بۆ كۆمهڵگای كوردستان پێیه. ژنانی ناو ریزەکانی کۆمەڵە هێوا و بڕوا به خۆیان له ناخی ههزاران ژنی كوردستاندا زیندوو كردهوه. به ههزاران ژن له كوردستان كه له بنهماڵهی خۆیان له ژێر گوشاری ڕوانینی کۆنی سوونهتی ئازاریان دەچێشت، سووكایهتیان پێدهكرا و ناڕازیی بوون، هانایان بۆ پێشمهرگهی كۆمهڵه دههێنا، بهو جۆره پاشهكهشهیان به برا و باوك و كهس و كاری دهمارگرژی خۆیان دهكرد. ژمارهیهكی زۆر له ژنانێك كه له ژێر زهختی سونهتی دواكهوتووی كۆمهڵگادا بوون، هاتنه ناو ڕیزی پێشمهرگهی كۆمهڵه. سهرهڕای ئهمانه ژنان له ناو هێزی پێشمهرگهی كۆمهڵهدا به دوو قاتی پیاوان زیاتر زهحمهتیان كێشا، ئازاریان دی تا توانیان جێگهی خۆیان بكهنهوه. تهنانهت ئهوان له شهڕهكاندا بۆ ئهوهی نیشان بدهن هیچیان له پیاوهكان كهمتر نییه زۆرتر فیداكاریان دهكرد. ئەم روداوە گرنگە و ئەم حەرەکەتە دهستكهوتێكی گهوره بوو كه به ناوی كۆمهڵه و به ناوی ژنانی سوسیالیست و تێكۆشهرانی یەکسانیخوازی ژن له كوردستان تۆمار كرا.
شۆرشی مەزنی ژینا « ژن، ژیان، ئازادی »کە ژنان تێدا ڕەچەشکێن و سووکانی شۆڕشەکەیان بەدەستەوە بوو لە مەودایەکی زۆر کەمدا بوو بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی گشت گیر. لەم شۆڕشەدا ژنان بە پاڵپشتی پیاوانی ئازادیخواز لە کوردستان و پشت ئەستوور بە رەوتی چەپ لە کوردستان واتا « کۆمەڵە» ، بڵێسەی شۆڕشێک لێدەدەن کە خوازیاری گۆڕانی بنەڕەتی لەناو کۆمەڵگاو روخانی دەسەڵاتێکن کە ژیانی بۆ ئەوان کردۆتە دۆزەخێکی گەورە.خەڵکی کوردستان بە تایبەتی ژنان لەم شۆڕشەدا بە کردەوە چوونە قۆناغێکی نوێ لە خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامیی بۆ بەدیهێنانی داواکارییەکانیان. لەم شۆڕشەدا ژنان پێشەنگ بوون. ئازادی و یەکسانی بوو بە داخوازی سەرەکی بزووتنەوەکە. دروشمی « ژن، ژیان، ئازادی »، لە شەقامەکانی کوردستانەوە توانایەکی وەها شۆڕشگێڕانە وجووڵێنەری وەدەست خست کە بوو بە وێردی سەر زاری هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە جیهاندا و بە کردەوە یەکڕیزی و هاوسۆزێکی مەزن و گەورەی بەدوای خۆێدا ڕاکێش کرد. ئەم شۆڕشە بێدەنگییەکانی شکاند و هاواری پەنگ خواردی دەیان ساڵەی خۆی لەژێر ناوی بژی « ژن، ژیان، ئازادی » و « مەرگ بۆ دیکتاتۆر » هاوار کرد. بزووتنەوەو چاڵلکییەکانی ژنان بۆ رزگاری و گەیشتن بە خواست و ویستەکانیان کۆمەڵێک دەسکەوت و ئەزموونی بە نرخی لە شەقامی کوردستاندا تۆمار کردوە. کەواتە دەتوانین بەشەهامەتەوە بڵێن کە لەپاڵ هێزەکانی تری چالاک لە گۆڕەپانی خەبات لە کوردستان ئەوە هێزە چەپەکانن کە دەبێ ئەم دەسکەوت و ئەزمونانە بپارێزن و لەئەزمونەکانی کەڵک وەرگرن و لە شۆڕشی داهاتوودا کەڵکی لێ وەرگرن . شۆرشگێران و رێبەرانی بەئەزموونی خەباتی جەماوەری لەکوردستان دەبێ لە بیری شکڵدان و پەرەپێدانی جەمسەرێکی چەپی بەهێز کە هەڵگری بە ئەمەگی ئاڵای شۆرشی ژنان و دەسکەوتەکانی ئەم شۆڕشە لە کوردستاندا بن و زیاتر خۆی بۆ ئامادە کەن. دەبێ شۆرشگێران و ڕێبەرانی ئەم شۆرشە کە لە هەوڵ و خەباتی تا ئێستایان ئەزموونیان بەدەس هێناوە لە دەوەرەی داهاتووشدا دەور بنوێنن و لەدەوری یەک کۆببنەوە و تواناییەکانیان بە شێوازێکی بەرنامە بۆ داندراو، لە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکتردا بخەنە گەڕ و لایەنە بەهێزەکانی ئەم شۆڕشە بەهێز و بەرەوپێشی بەرن . تا بەم شێوە لایەنی چەپی ئەم شۆڕشە بەهێز کەن و هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی خۆیان واتا بەرەی شۆڕش بگۆرڕ . ئەوە ئەرکی چەپەکانی کوردستانە تا جاڕێکی تر و بەشێوازێکی ژیرانەتر سوککانی ئەم شۆرشە بەدەستەوە بگرن و ڕێنوێن و ڕێنیشاندەری بن . ژنان و کچانی شۆڕشگێری کوردستان لەقۆناغی یەکەمدا ڕۆڵی باشیان گێرا و بوونە ئاوێنەی باڵا نوێنی شۆڕش و بێ گومان لەقۆناغی ئێستاشدا شەقامی شۆڕش چاوی هەر لەوانە و هەر ئەوانیش دەبن کە شان بەشانی پیاوان و دایک و باوکەکان بەرەو شۆڕشی داهاتوو هەنگاو بنێن.
کۆمەڵە تا گەیشتن بە ئازادی دەسبەرداری خەباتی ژنان نابێ …