کوشتاری ٦٧ لاپەڕەیەکی تر لە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی

✍️دواڕۆژ

ئەم ڕۆژانە یادی ٣٧مین ساڵی به‌ڕێوه‌چوونی فه‌رمانی خومه‌ینییە بۆ كوشتنی به‌كۆمه‌ڵی به‌ندكراوانی سیاسی لە ئێران. كە ئەم کوشتارە بەکۆمەڵانە له‌ یه‌كه‌مین ڕۆژه‌كانی مانگی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوییەوە دەستپێدەکات و له‌ ماوه‌ی مانگه‌كانی گه‌لاوێژ و خه‌رماناندا بەو پەڕی خۆی دەگات. دوای نۆشینی جامی ژەهر لە لایەن خۆمەینیەوە و پاش کۆتایی هاتن بە شەڕی ماڵوێرانکەری ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق لە پلان و بەرنامەێکی داڕێژڕاو و بۆ پێشگرتن به هەستانی شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵک که سەرانی ڕژیم پاش جامی ژەهر لێی دەترسان، هەزاران ئازادیخۆاز و تێکۆشەر بە بیروباوەڕی جیاوە که دەسبەسەر و ڕاپێچی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی کرابون و زۆرەبەی هەرە زۆریان سزاکەیان تەواو ببوو دەبو ئازاد بکرێن، کوشتاری بە کۆمەڵیان دەسپێدەکەن و ئەم کوشتارەش لە ١١٠ شاری ئێران و بە فەرمانی خومەینی جەلڵاد بە کردەوە دەرهات. لەو ماوەیەدا تەواوی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی پڕ بوون لە زیندانی سیاسی، له ناکاو زیندانییەکان خرانە حاڵەتی قەرەنتینە، هەموو چاوپێکەتنەکانی زیندانیان و بنەماڵەکانیان ڕاگیران. ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکان لە بەندەکان دەرهاتن. پاسەوانانی ناو زیندانەکان گۆڕان و پاسدارانی جینایەتکاری سپا جێگایان گرتنەوە. بەندکراوەکان چوار چوار و لە گروپی شەش کەسیدا بەرەو لای پەتی سێدارە کە لە پێش سالۆنی کۆبونەوەکاندا هەڵاوەسرابوون، ڕەوانە دەکران و لە چەن چرکەدا هەموو شتێک کۆتایی پێدەهات….

ژنان و کچانی لە سێدارە دراو 

زۆربەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە پەیوەند لەگەڵ کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە دەیەی شەستی هەتاویدا، باس لە ژومارەیەکی سەرسووڕهێنەر دەکەن کە زۆر جار ژومارەی ڕاستی کوشتارەکان نەزانراوە بەڵام باس لە  ١٢٠ هەزار کەس دەکرێ کە یان لە سێدارە دراون و یان تیرباران. لەم ڕێژەیە ناو و ژیانی ٢٠ هەزار کەس زانراوە و وێنە و ژیان نامەیان لە بەر دەس دایە و لە سایتە جۆراوجۆرەکانی سەر بەلایەنە سیاسییەکان بەرچاو دەکەون. لەناو سەرجەمی قوربانیادا ناو و وێنەی پێنج هەزار کەس لە ژنان و کچان بەرچاو دەکەوێ کە پێش لە سێدارەدانیان بە سەخترین ئەشکەنجەکان و دەستدرێژی جنسی ئازار دراون و پاشان کۆتایی بە ژیانیان هێندراوە…

بە پێی سەرژمێرییەکان :

 ٦٨١ ژن تەنیا لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەس داوە و٥٣  ژنیان دووگیان بوو. ٧٨٩ کچی تەمەن ١١ بۆ ١٨ ساڵان بوون کە زۆربەیان پێش کوشتاریان دستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر. ٢٣٠ کەسیان خۆیندواریان لەئاستێکی بەرز هەبووە. ٧٣٤ کەسیان لیسانس و٤٠١ کەس خاوەنی دیپلۆم بوون. ٣٨١ ژن کارمەند و ٧٣ کەسیان هونەرمەند. پێویستە بوترێ کە ژنان و کچانێکیش بوون کە لە شەقامەکان و کۆڵانەکان بەدەستی کۆماری ئیسلامیی تیرۆر کراون.

ژومارەیەکی یەکجار زۆر لە دایکانی زیندانیانی سیاسی کە تەمەنیان لە سەروی ٥٠ ساڵەوە بوو، بە دەستی جەڵادانی کۆماری ئیسلامیی یان تیرەباران کراون یان لە سێدارە دراون یان خۆ بۆ درێژ ماوە لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامیدا ماونەتەوە.

ژومارەی ئێعدامەکان 

بەشیکی هەرە زۆری ئامارەکان باس لە ٣٠ هەزار کەس دەکەن کە لە ساڵی ١٣٦٧دا بە فەرمانی خۆمەینی لەسێدارە دراون. دەسپێکی ئەم شەپۆلە لە کوشتارە بە کۆمەڵەکان لە سەرەتاوە لە زیندانەکانی ئەوین و گەوهەردەشتن و پاشان لە دەرفەتێکی زۆر کەمدا دەگوازرێنەوە بۆ زیندانەکانی تریش کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا.

مونتەزری لە کتێبی بیرەوەریەکانیدا بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانەی کە بە دەستی گەیشتبوون، ژمارەی کوژراوەکان ٢٨٠٠ تا ٣٨٠٠ کەس باس کردوە و لەلایەکی تریشەوە لەسەر بنەمای هێندێک لە ڕاپۆرتەکان کوژراوەکان لە نێوان ٥ تا ٦ هەزار ئینسانی تێکۆشەر دایە کە لەم جەنایەتە سامناکەدا گیانیان لە پێناو خۆڕاگری و لەسەر بیر و بۆچوونەکانیان لەدەستداوە.

ڕێكخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ، لە ساڵی١٣٨٤ لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی “وەزیرانی مەرگ”، دەوری راستەوخۆی مستەفا پورمحەممەدی، لە جەریانی ئێعدامی بە هەزاران کەس لە زیندانیانی سیاسیدا بەڵگەمەند کردوە. لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا، موستەفا پورمحەممەدی، ئەندامی هەیئەتێک بوو کە بە هەزاران زیندانی سیاسی دوای بازجویی دو سێ خولەکی بەرەو جوخەکانی مەرگ ڕەوانە کرد. سزای مەرگی زیندانیانیەکان لە حاڵیکدا دەردەکرا کە دادگاکانی “شۆڕش” پێشتر ژمارەیەکی زۆر لەم کەسانەیان بە زیندان مەحكوم کردبوو وە دەورەی زیندانیان تێپەڕ کردبوو.

پرۆژەی کوشتنی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران لە ڕۆژی هەینی ٢٨ ی مانگی پوشپەڕی ١٣٦٧ تەنیا رۆژێک دوای بە سەرەوە نانی جامی ژەهری قەبوڵ کردنی ئاگربەس لە شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێڕاقدا، لەسەر بنەمای فەرمانی خومەینی دەستی پێکرد.

خومه‌ینی به‌ پێك هێنانی كومیته‌یه‌ك بریتی له‌ “نه‌یێری” قازی شه‌رع، “ئه‌شراقی” دادستانی تاران و “موسه‌وی ئه‌رده‌بیلی” دادستانی گشتی تاران و به‌ ده‌ركردنی فتوای مه‌زهه‌بی فه‌رمانی كوشتاری به‌ هه‌زاران زیندانی سیاسی ده‌ركرد. دوای ده‌ركردنی ئه‌م فتوایه‌ جینایتكارانی پیشه‌یی وه‌ك “لاجه‌وه‌ردی” و “داوودی” و ده‌یان جینایه‌تكاری دیكه‌ زیندانه‌كانی بۆ رێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی كرده‌ مه‌یدانی شه‌رێكی یه‌ك لایه‌نه‌ و شكست له‌ به‌ره‌ی شه‌ریان له‌ زیندانه‌كان و به‌ دوور له‌ چاوی خه‌ڵك كرد به‌ سه‌ركه‌وتن بۆ ئیسلام. سێداره‌كان به‌ر‌پا كران و خه‌باتكارانی ئازادیخواز به‌ وتنی “نا” به‌ جه‌لادانی رژیم له ‌سێداره‌دران و سه‌رشوڕی مێژوویان بۆ جه‌لادانی كۆماری ئیسلامی به‌جێهێشت. به‌ هه‌زاران زیندانی خه‌باتكار و خۆڕاگر ئێعدام كران، به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ر جینایه‌تكارانی ئیسلامییدا سه‌ریان دانه‌نه‌واند. هه‌واڵی ئه‌م جینایه‌ته‌ له‌ رادیو و ته‌له‌ویزیون و راگه‌یه‌نه‌ره‌كاندا بڵاو نه‌كرایه‌وه‌ و خومه‌ینی و هاوكاره‌كانی له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ بوون كه‌ ده‌توانن قفلی دیكتاتوری بۆ هه‌تاهه‌تایی له‌ سه‌ر ده‌می كۆمه‌ڵگا بده‌ن. ته‌رمی قوربانیانی ئه‌م جینایه‌ته‌ به‌ نه‌هێنی له‌ خاوه‌رانی تاران، دارالره‌حمه‌ی شیراز، باغی رێزوانی ئیسفه‌هان، حه‌وشه‌ی به‌ناو دادگای ئینقلابی سنه‌ و ده‌یان شوێنی دیكه‌ به‌ خاك سپێردران. ناوی گۆڕستانی ئه‌م ئازیزانه‌یان كرد به‌ “له‌عنه‌ت ئاوا” تا به‌ خه‌یاڵی خاوی خۆیان خه‌ڵك دووری لێبگرن. به‌ڵام ئه‌م گۆڕستانانه‌ ده‌ستبه‌جێ بوونه‌ شوێنی ئازیزانی‌ له‌بیرنه‌كراو و به‌ دڵنیایه‌وه‌ له‌ داهاتوودا ده‌بێته‌ شوێنی به‌ یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ی ئه‌ویندارانی رێگای رزگاری مروڤ.

له‌ مانگی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٦٧دا كوشتاری زیندانیانی سیاسی له‌ زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامیی گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی خۆی. ئه‌گه‌ر له‌ مانگی گه‌لاوێژدا كومیته‌ی به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانی خومه‌ینی ئه‌وله‌ویتی خۆی كوشتاری زیندانیانی موجاهێد دانابوو ئه‌م جار ئینسان كوژان كوشتاری زیندانیانی كومونیستیان خسته‌ ئه‌وله‌ویتی خۆیانه‌وه‌. ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌م له‌ هاوسه‌نگه‌رانی قوربانیانی جینایه‌تی هاوینی ساڵی ٦٧ كه‌ له‌و كوشتاره‌ به‌كۆمه‌ڵه‌ رزگاریان بووه‌ له‌ بیره‌وه‌ریه‌كانی خۆیاندا به‌شێك له‌ كرده‌وه‌ی دڕندانه‌ی جینایه‌تكاران و  زیندانیانی بێ دیفاعیان بۆ بیروڕای گشتی گێڕایه‌وه‌. به‌ڵام هێشتا ئه‌مه‌ش دەرخەری گشت راستییەکان نییە. هێشتا به‌شێكی گه‌وره‌ له‌ راستییەکانی ئه‌م جینایه‌ته‌ له‌ خه‌ڵك شاردرایه‌وه‌. زۆرێك له‌ بڕیارده‌ران و به‌رێوه‌به‌رانی ئه‌م جینایه‌ته‌، له‌ دادستانی گشتیه‌وه‌ تا سه‌رۆكی دادگاكان و باقی جینایه‌تكارانێك كه‌ له‌ كاره‌ساتی كوشتاری زیندانیانی سیاسی له‌ ساڵی ٦٧ ئامرازی به‌هێزی خومه‌ینی له‌ شەڕ له‌دژی زیندانیانی بێ دیفاع بوون، چه‌ند ساڵ دواتر جل و به‌رگی ئیسلاح خوازانی حكومه‌تیان له‌به‌ر كرد و بۆ رزگار كردنی كه‌شتی قه‌یران لێدراوی حكومه‌تی ئیسلامیی وه‌خۆ كه‌وتن و ئه‌مجاره‌ كه‌شتی ئه‌وانیش له‌ ناو هه‌رگدا گیرساو تا بەم ڕۆژ هەر بەردەوامن لە جینایەت و زوڵم و زۆر.