کۆچی مێژوویی مەریوان، بەهێزترین خەباتی مەدەنی، بەهێزترین یەکدەنگی، بەهێزترین ئیرادە…!
دواڕۆژ
بڕیاری ژیرانەی کاک فؤاد وەک داهێنەرێکی بەهێزی خەباتی مەدەنی و پشتیوانی خەڵکی مەریوان، حەرەکەتێکی تایبەتی و تاکتیکێکی شۆڕشگێڕانەی سەردەمێکی تایبەت بوو لە بەرانبەر سیاسەتی سەرکوتگەرانە و شەڕەنگێزانەی ڕژیمێکی تۆتالیتێری تازە بەدەسەڵات گەیشتووی لەچەشنی کۆماری ئیسلامی. ئەم حەرەکەتە مێژوویییە کە بە داهێنان و ڕێنوێنی کادرەکانی کۆمەڵە بە تایبەتی فؤادی ڕێبەر گەڵاڵە ببوو، بوو بە یەکێک لە پێناسە هەرە گرینگەکانی شێوازی خەباتی جەماوەری لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان. ئەم هەنگاوە گرنگە کە تا ئەو سەردەمە نموونەی نەبوو، لە ماوەیەکی کەمدا هاودەنگی و هاودڵییەکی بەرینی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی تینوی ئازادی و یەکسانی پێکهێنا. ئەم هاودڵی و یەکییەتی و هاوخەباتی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان سنوورەکانی نایە پشت سەر و بوو بە ترپەی دڵی هەموو نافەرمانیە مەدەنییەکانی دوای خۆی.
زۆر جار بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە خولقێنەری ڕووداوە مێژوویییەکانن و بە نافەرمانی مەدەنی ناوزەد دەکرێن، بۆ ساڵهای ساڵ وەک ئاوێنەی باڵانوێن لە سەردەمە جیاوازەکاندا، خۆ دەنوێنن و ڕۆڵی تایبەتی خۆیان دەگێڕن و دەبنە هێمایەکی گرنگ بۆ دەستپێکی شۆڕشێکی نوێ لە قوڵایی دڵی کۆمەڵگا. ٤٦ ساڵ لەمەوبەر لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، بروسکەی ڕووداوێکی لەم چەشنە لێدرا. ئەوکات زۆربەی هەرە زۆری شارەکانی کوردستان لەلایەن شۆڕاکانی شارەوە بەڕێوە دەبردران. کە ئەم شۆڕایانە لەلایەن خەڵکەوە هەم هەڵدەبژێردران و هەم پشتیوانێکی گەرم و گوڕیان لێدەکرا. دیارە ئەو سەردەم ناوەندگەڵێکی تریش هەبوون کە ئەوانیش بەهێز و ئیرادەی خەڵکەوە دامەزرابوون و لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بە تایبەتی لە شاری مەریوان چالاک بوون. ئەو کات خەڵکی کوردستان لەگەڵ دوژمنی سوێندخواردووی خۆیان لە بەرەی شەڕدا بوون و دوژمنەکەشیان دەسەڵاتێکی تا سەر ئێسقان پڕچەک و بێبەزەیی. دوژمنی سوێندخواردووی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە خۆی لە هیچ جینایەتێک لەدژی بزووتنەوەی ڕەوای کوردستان نەدەپاراست، بەردەوام لە هەوڵی پیلانگێڕیدا بوو کە ژەهری خۆی بڕێژێ و بە هەر شێوەیەک بۆی بکرێت تۆڵە لە خەڵکی کوردستان بکاتەوە و بە چۆکیان دا بینێت. خەڵکی کوردستان زۆر ژیرانە بڕیاریان دابوو کە دژی داگیرکارییەکانی ئەم ڕژیمە هەڵوێست بگرن و سەنگەرەکانی خەبات و تێکۆشان ئاوەدان بکەن. لێرەدا بوو کە بیرۆکەی کۆچێک لە قوژبنێکی کوردستان و لە شاری مەریوان، خۆی گەڵاڵە دەکات تا وەک بزووتنەوەیەکی مەدەنیانەی ناڕەزایەتی دژ بە هەموو پیلانگێڕی دوژمنکارییەکانی کۆماری ئیسلامی خۆی نیشان بدات. ئیتر لێرەدا خەڵکی کوردستان بە بڕیاری ژیرانەی ڕێبەرێکی کارامەی خۆیان واتا کاک فؤادی هەمیشە ڕێبەر بڕیاری کۆچێک دەدەن کە تا بە ئەمڕۆش وێردی سەر زمانی هەموو پیر و لاوێکە…. ئەم کۆچە ڕۆژی ٣١ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بە دژی سیاسەتی داگیرکاری ڕژیمی ئیسلامی لە حەرەکەتێکی مێژوویدا لە ناو دڵی شاری مەریوان دەستپێدەکات و لە ئۆردووگای کانی میران لەنگەر دەگرێت.
پێش ئەم کۆچە، کاک فؤاد و هاوڕێیانی دەستیان کرد بە دامەزراندنی چەندین ناوەند وەک ئەنجومەنی شار، گوند، گەڕەک و پێکهاتەکان، خەباتی مەدەنی ژنان و شۆڕای کرێکاران.
هەموو ئەم هەوڵانە و ئەم ئامادەکاریانە کە هاوڕێیانی کۆمەڵە گرتبویانە پێش و هەنگاوی چڕیان بۆ هەڵگرتبوو بۆ بەرپەڕچدانەوەی دەسەڵاتێک بوو کە بڕیار بوو هێرش بکاتە سەر کوردستان و هەموو ئەو دەسکەوتانەی کە تا ئەم کاتە بەدەست هاتبوون. ڕژیم دەیهەویست کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە ناوەڕۆکی شۆڕشگێڕانەکەی خۆی بەتاڵ بکاتەوە و تووڕەیی دووبەرەکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵانی خەڵک بە بیروباوەڕی جیاوازەوە، بچێنێت و پاشەکشە بە خواست و ویستی خەڵک بکات و چەک لە خەڵک بستێنێتەوە و بەم جۆرە پێگەی خۆی لەناو کوردستاندا قایم بکات و بارەگا و ناوەندەکانی سەر بە خۆی سەقامگیر بکات. کاک فؤاد هاوڕێ لەگەڵ نوێنەرانی ئەنجومەنی شار لە دانیشتنێک لەگەڵ بەرپرسانی ڕژیم، داوایان کرد کە بارەگاکان لە سەرباز چۆڵ بکرێن و شار بەجێ بهێڵن. بەم شێوەیە کاربەدەستانی ڕژیم وەڵامی داواکەی کاک فؤاد و هەڤاڵانیانی نەدایەوە. کاک فؤادیش لەو کاتەدا پێشنیارێکی مێژوویی دا بە خەڵک و وتی، ئەگەر ئەوان شار چۆڵ ناکەن ئێمە شارەکە چۆڵ دەکەین. بەم جۆرە بیرۆکەی چۆڵ کردنی شار چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە شار چۆڵ کرا.
هاوکات لەگەڵ چۆڵ کردنی شاری مەریوان، شەپۆلێکی بەهێزی پشتیوانی لە لایەن خەڵکەوە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان دەستپێکرد و خەڵکی شۆڕشگێڕی شارەکانی سنە و سەقز و بانە و بۆکان دەستیان کرد بە ڕێپێوان بەرەو مەریوان.
دەنگدانەوەی ئەو کۆچە لە ئاستێکدا بوو کە بەتەواوەتی بەرپرسانی ڕژیمی پەکخست و ئەوانی ناچار بە دانیشتن لەگەڵ بەرەی یەکگرتووی خەڵک بە ڕێبەری کاک فؤاد کرد.
بەمجۆرە مستەفا چەمران وەک نوێنەری دوژمنی سوێندخواردووی کوردستان، لە چەندین دانیشتنی چەند ڕۆژەدا پاشەکشەیان لە کردەوە قێزەونەکانی خۆیان کرد و بەم جۆرە سەرکەوتنێکی مێژوویی بۆ یەکەمین نافەرمانی مەدەنی لە کوردستانی شۆڕشگێڕ بۆ کۆمەڵە و کاک فؤاد و خەڵکی مەریوان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، تۆمار کرا.
کۆچی مێژوویی مەریوان یەکێک لە پێشکەوتووترین شێوازەکانی خەباتی مەدەنییە کە لەلایەن خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستانەوە هەم تاقی کراوەتەوە و هەم بە کردەوە دەرهاتووە. ئەم خەباتە ئەمڕۆ بەکردەوە بووتە ڕەمزێک بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی هەر جووڵەیەک و هەر هەنگاوێک دژی داگیرکەر.
لێرەوە سڵاو دەنێرین بۆ ورە و خۆڕاگری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە ئەوە بۆ زیاتر لە ٤٦ ساڵە دژی دوژمنی سوێندخواردووی خۆیان وەستاون و سەنگەرەکانی خەبات و تێکۆشانیان هەروا بە گەرمی هێشتۆتەوە. سڵاو لە مەریوان و خەڵکی بە ئەمەگی ئەو شارە کە بە حەرەکەتەی خۆیان باشترین وانەیان دا بە نەوەکانی دوای خۆیان. سڵاو لە کاک فؤاد وەک داهێنەری خەباتی مەدەنی. یادی هەتاهەتایە لەدڵماندا زیندووە.