سپای ئینسانکوژی تاریک پەرەستان 

ئالان پ .سابڵاغ

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٨ی مانگی ژوئیەی ساڵی ٢٠٢٥ی هەتاوی لە درێژەی هەوڵەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ئێران، لە پەرلەمانی وڵاتی بلژیک ڕەشنووسی بریارنامەیەک بە کۆی دەنگ پەسەند کراکە لەمەودوا وڵاتی بلژیک ئەرکدار دەبێ بەدواداچوون بکات بۆ ناساندنی سوپای پاسداران وەکو “رێکخراوێکی تیرۆریستی” لە ئاستی یەکێتیی ئەورووپادا.

كاتێك باس له‌ سپای پاسداران ده‌كرێ خەیاڵەکان یەکسەر بەرەو ئاژاوه‌ نانه‌وه‌ و ناسه‌قامگیرییه‌ک ده‌چێت كه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا لە ئارا دایە.  ناسەقامگیرییەک کە بێ گومان لە ڵایەن هێز و گروپەکانی سەر بەم هێزە دێنە ئاراوە و رێکدەخرێن. ٤٦ساڵ لەوەپێش خومەینی لە فەرمانێکیدا بە ڕەسمی دامەزراندنی سپایەکی ڕاگەیاند کە تا بە ئەمرۆش وەک مۆتەکەیەک بە سەر سەری کۆمەڵگای ئێران و ناوچەکە و هەموو جیهاندا دەسووڕێتەوە. سپایەک کە وەک ڕێکخراوێکی سەربازیی و باسکی چەکداریی کۆماری ئیسلامیی و بڕبڕەی پشتی دێتە ئەژمار.

ئامانجە سەرەکییەکانی دامەزراندنی سپا 

یەکەم دەست بەسەراگرتنی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و ڕێگری کردن لە سیستەمێکی سیاسیی دیموکرات و فرەلایەن لە ئێران

دووهەم هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی بۆ وڵاتانی ناوچەکە بۆ پێکهێنانی ئیمپراتۆرییەتی شیعە بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەم سپایە لە چوار لق و چەندین بەش پێکهاتووە لەوانە هێزی زەمینی، دەریایی، ئاسمانی و سپای قودس لە نێو ئەو چوار بەشەدا، سەرەکی ترینیان سوپای قودسە کە چالاکییەکانیان لە دەرەوەی سنووری ئێرانە و بەکردەوە هەموو سیاسەت و کاروچالاکییەکانی ئێرانی خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.

شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێڕاق دەرفەتێکی زێرینی بۆ سپای پاسداران خوڵقاند. دەرفەتێک کە تێیدا سپا توانی دەست بە هەموو مڵک و سامانی دەوڵەتدا بگرێ. سپای پاسداران چ لە کوردستان و چ لە ناو جەرگەی  شەڕی ئێران و عێڕاقدا چووە نێو ئابووری بازاڕی ڕەشەوە. ئەم هێزە بۆ دابین کردنی خەرجی چالاکیە جینایەتکارانەکانی لە کوردستان و هەزینەی زۆری شەڕی ئێران و عێڕاق بە فەتوای خومەینی دەستی کرد بە فرۆشتن و بڵاو کردنەوەی مادەی هۆشبەر. سپای پاسداران دوای شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، ئیمکانی دەست کەوت تا لە پاڵ پەرەدان بە چالاکیەکانی پێشوی لە بواری قاچاغی مادەی هۆشبەردا بە دەست ڕاگەیشتن بە دەیان ئیسکلە، فرۆکەخانە و ڕێگای سنوری، خەریکی هەناردە و هاوردە کردنی کالای قاچاغی جۆری دیكه‌ش بێت. سپای پاسداران لە پرۆسەی چالاکیە ئابووریەکانیدا و ئەو تەرحە دەیان میلیارد دۆلاریانەی لە بواری نەوت، گاز و پیتروشیمیدا زەوتی کردن، بەرە بەرە بوو بە گەورە ترین دامەزراوەی ئابووری نیزامی لە ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەراست و ئاسیای ناوەندیدا. سپا لە پاڵ چالاکیە ئابووریەکانیدا ئیمکانیشی دایە فەرماندەکانی تا لە ڕێگای بونیادی تەعاونەوە بەسەر بازاڕە ماڵی و ئەرزیەکانیشدا زاڵ بن. بەڵام بەرهەمی هەموو ئەم چالاکیانە پێکهێنانی ئابووریەکی شپرزە و قەیراناوی بوو بۆ ده‌وڵه‌تی لەسەر کاری کۆماری ئیسلامیی.

هەروەها سپا بێجگە لەوەی کە لە ڕێگای خامنەییەوە بەسەر وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێراندا باڵا دەستە و کاربەدەستانی باڵای ئەم وەزارەتخانەیە بە گشتی بە تەئیدی سپای پاسداران دادەندرێن، خاوەنی سازمانێکی ئیتلاعاتی و سیخوڕی هاوتەریبە کە بە شێوەی تەخەسوسی لەم بوارەدا کار دەکات. سپا هەروەها بەڕەسمی شاخەی عەمەلیاتی “برون مرزی” هەیە و لە ئەڕژانتین و ئەمریکای لاتینەوە گرتوویەتی تا ئۆرووپا و تا باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست و گەلێک شوێنی دیکە تۆڕەکانی عەمەلیاتی خۆی بڵاو کردووه‌تەوە.

سپــــــــای قـــــودس

سپای قودس، یەکێک لە باڵە ناسراوەکانی سپای پاسدارانە کە لە دەسپێکی شەری نیوان دوو وڵاتی کۆنەپەرەستی ئێران و عێراق لە سالی ١٩٨٠ی سەدەی ڕابردوو بە مەبەستی چالاکی لە بەرژەوەندییەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ناو خاکی ” عێراق”دا دامەزراوە. ئەم هێزە لە ژێر دەمامکی چالاکیی کلتووریی و هونەری لە دەرەوەی ئێراندا چالاکیی زانیاری و ئیستخباراتی دەکات و دەستی داوەتە سازکردنی فیلمی دیکۆمینتاری لە دژی ڕۆژئاوا. ئەرکی سەرەکی سپای قودس ڕێکخستن و پڕچەک کردنی گروپە ئیسلامییە چەکدارەکانە کە ئاجێندای ئێران لە ناوچەکەدا جێبەجێ دەکەن.

کوشتن و برین و ڕفاندن و بێسەروشۆێن کردنی نەیارانی دەسڵاتی کۆماری ئیسلامیی لە دەروەوەی سنوورەکانی ئێران، ئەرکی سەرشانی ئەم هێزەیە. ماوەی زیاتر لە ٤٦ساڵە سپای تیرۆریستی پاسداران دژ بە گەلانی ئێران و بەتایبەت دژ بەگەلی کورد بە كوشتن‌ و زیندان ‌و رفاندن لە ناوخۆ‌و دەرەوەی ئێران و تۆپباران و موشەکبارانی بارەگاکانی هێزەکوردیەکان، چالاكی تیرۆریستی دەكات.

کەواتە دەتوانین بڵێن کە  سپای پاسداران تەنیا هێزێکی سەربازیی سەركوتگەر لە ناو خۆی ئێراندا نیە، بەڵكو لەماوەی زیاتر لە چواردەیەی رابردوودا هەموو جومگە ئابوریی‌، سیاسی و سەربازییەكانی ئێرانی بەدەستەوە گرتووە ‌و بۆ پاراستنی بنەماكانی ویلایەتی فەقیە‌و هێشتنەوەی دەسەڵاتی رەشی كۆماری ئیسلامیی لە رێگەی دروستکردنی سپای قودس هەموو ئامرازێكی دژە ئینسانی ‌و تیرۆریستی بەكار هێناوە‌و بەكاری دێنێت. سپای پاسداران جێبەجێكاری سیاسەتی پاوانخوازانەی رژیم بە ناو هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامیی بۆ دەرەوەی سنورەكانی خۆی بووە ‌و بە دروستكردنی دەیان رێكخراوی تیرۆریستی دیكە لەژێر ناوی جۆراوجۆ دەستی لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە وەك عێراق، سوریە، لوبنان وەرداوە‌و بۆ پێكهێنانی هیلالی شیعە بە خەرج كردنی بودجەی خەیاڵی‌و لە رێگەی تیرۆر ‌و كوشتن هەوڵیان بۆ دروستكردنی هیلالی شیعە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. بەڵام ئەم پرۆژەیە لەگەڵ روخانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد و هێرشەکانی دەوڵەتی ئیسرائیڵ بۆ سەر گروپەکانی بەناوی میحورەی مقاومەت و شكست پێ هێنانی ئەم گروپانە، بەکردەوە پرۆژەکە لە گەڵ شکست بەرەو روو بوو. 

دوابەدوای گورانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و شکستی ستراتیژی کۆماری ئیسلامیی لەم ناوچەیە و دابڕانی لە گرووپە نیابەتییەکانی بە تایبەتی دوای شەری ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، ئێران بە کردەوە لاواز بوو، بێ گومان ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ کۆماری ئیسلامیی گرنگی تایبەت بە خۆی هەیە و ئێران نایهەوێ دەستی لەم ناوچەیە داببڕێ و بەردەوام لەهەوڵی رێکخستنەوەی ئەم گروپانەدایە تا بەم شێوەیە بتوانێ سپای قودسی بهێنێتەوە ناو چەقی روداوەکان بۆ گوشار هێنان بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل و پاراستنی بەرژووەندییە سیاسی و ئیستراتیژییەکانی خۆی.

ئەگەر ئەم ڕەشنوسەی پارڵمانی بلژیک لە تەواوی یەکییەتی ئوروپا بە کردەوە دەربێ و هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەم سپایە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسن و بەنە ڕیزی پەسەندکرانی ئەم هەوڵە، ئەوە بێگومان زەربەیەکی کوشندە دەبێ لە ڕێژیمی دڕندەی  کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تایبەتی کە ئێستا هەڕەشەوگوڕەشەکانی ئەم سپایە باس لە تێکدانی ئارامی هەموو جیهان دەکات. لە هەمان حالیشدا ئەم هەوڵە پێشکەوتنێکی گەورە دەبێ بۆ خەباتی ڕەوای گەلانی مافخوازی ئێران بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی. لەبەر ئەوەی کە سنووری هاواری مافخوازانەی گەلی کورد دەشکەندرێ و ناوەندە بڕیاردەرەکانی دنیا بۆیان دیار دەکەوێ کە نەتەوەی کورد ٤٦ساڵە لەگەڵ هێزێکی تیرۆریستی دڕندە سەنگەر بەسەنگەر لە بواری کۆمەڵاتی و سیاسییەوە شەڕ دەکا، کە سامانی وڵاتێکی دەوڵەمەند و بەرفرەوانی وەکو ئێرانی داگیر کردووە و خۆی پێی پڕچەک کردووە کوردستانیشی میلیتاریزە. لە لایەکی تریشەوە ئەو بڕیارە زیانێکی قورسی دەبێ بۆ داهاتەکانی سپای پاسداران و هەر لەو سۆنگەیەشەوە توانای ئەو سپا سەرکوتکەرە بۆ سەرکوتکردنی هاواری گەلانی ئێران بەگشتی و گەڵی کورد بە تایبەتی کەم دەکاتەوە. لەوەش گرینگتر ئەو بەشەی سیاسەتی دەرەکیی ڕێژیم کە هێزی قودسی سپا بەڕێوەی دەبات و وڵاتانی ناوچەکەی پێ لە ئاژاوەوە دەگلێنێ، ئەگەر بەتەواوییش لەکار نەکەوێت، ئەوە هیچ بڕشتێکی ئەوتۆی نامێنێ.