دەنگی «نەخێر بۆ لەسێدارەدان» لە قوڵایی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە

ئارمان رەجەبی

لە سەردەمێکدا کە هەڵمەتەکانی دژی سزای لەسێدارەدان لە جیهاندا فراوان دەبن، دەنگی نەخێر بۆ لەسێدارەدان لە ئێراندا لە شوێنێکی چاوەڕوان نەکراوەوە بەرز بووەتەوە: لە ناو زیندانەکان، لە قوڵایی قاوشەکانی ئەمنی، و لەنێو ئەوانەوە کە خۆیان سزای لەسێدارەدان.

ئەم دەنگە دەنگدانەوەیەکی ئاشکرایە؛ نیشانەی شەرمەزاری و سوکایەتیکردنی ڕژێمێکە کە دەسەڵاتی خۆی لەسەر سێدارەدان و کوشتنی ڕەسمی دامەزراندووە.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە سێدارەدان نەک وەک سزایەکی دادوەری بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و سەرکوتکردنی ناڕەزایی بەکارهێناوە.

لەدەیەی خوێناوی شەستەکانەوە تا ئەمڕۆش سێدارە بەشێکی جیانەکراوەی میکانیزمی حوکمڕانی ئەم ڕژێمە بووە ئێستا، لە وەڵامی کۆماری ئسلامی ئێران بۆ ڕاپەڕینی جەماوەری «ژن، ژیان، ئازادی» نە دیالۆگ بوو و نە چاکسازی. بەڵکو هەمان ئامرازە کۆنەکانی سەرکوتکردن بوون: گوللە، زیندانیکردن و لەسێدارەدان.    

  لەسێدارەدان؛ سیاسەتێکی ڕەسمی نەک وەڵامی دادوەری

دوایین نمونەی ئەم ڕەوتە لە شاری بوکان ڕوویداوە. کە پێنج کەس لە کاتی ڕاپەڕینی «ژن، ژیان، ئازادی» دەستگیرکراون ڕووبەڕووی سزای قورسی لەسێدارەدان و زیندانی درێژخایەن دەبنەوە. لیستی ئەو سزایانەی دەرکراون گوزارشت لە قووڵی دڕندەیی رژێم دەکات:

• رزگار بابامیری (تەمەن 42 ساڵ): دوو جار لە سێدارە بەدرێ و 15 ساڵ زیندان

• پەژمان ساڵانی (20 ساڵ): سێ جار لە سێدارە بەدرێ و 15 ساڵ زیندان

• سوران قاسمی (28 ساڵ): سێ جار لە سێدارە بەدرێ، 10 ساڵ و یەک ڕۆژ لە زیندان

• کاوە سەلحی (40 ساڵ): سێ جار لە سێدارە بەدرێ

• تەیفور بابامیری (تەمەن 47 ساڵ):  جارێک لە سێدارە بەدرێ و 15 ساڵ لە زیندان

دەرکردنی دوو یان سێ سزای لەسێدارەدان بۆ کەسێک نەک تەنها لە ڕووی یاساییەوە بێمانایە و پاساوێکی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئەو عەقڵییەتەش دەکات کە مرۆڤایەتی تێدا کەم بووەتەوە بۆ سفر. ئەمە ڕوخساری ڕاستەقینەی ڕژێمێکە کە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە خەڵک سنووری عەقڵ و ئەخلاق و یاسای بەزاندووە.

 ◦ بۆچی جارێکی تر کوردستان؟

کۆماری ئیسلامی هەمیشە کوردستانی وەک ئامانجی سەرەکی بۆ سەرکوتکردنی سیاسی و سەربازی هەڵبژاردووە. هەر لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆش ئەم هەرێمە یەکێک بووە لەبنکەکانی بەرخۆدان و ئازادیخوازی.

 لە ڕاپەڕینەکانی ئەم دواییەدا کوردستان لەپێشەنگی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و بانگەوازەکانی گۆڕاندا بوو.

بۆکان و سنە و مەهاباد و سەقز و شارەکانی تری کوردستان هەر کاتێک کۆماری ئیسلامی ئێران کەوتووەتە قەیرانەوە باجێکی قورسیان داوە بۆ بەرخۆدان. ئەمجارە لە دوای فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ڕژێم جارێکی تر دەستی کرد بە قوربانی کردن لە کوردستان.

 ◦ لەسێدارەدان وەک ئامرازێکی ترس نەک دادپەروەری

ئامانجی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ ئەم داواکارییانە ڕوونە: ناردنی پەیامی ترس بۆ کۆمەڵگا  بە گشتی.

ئەوان دەیانەوێت بڵێن: “ئەگەر بەرخۆدان بکەریت، نەک تەنها یەک جار، بەڵکو چەند جارێک دەتکوژین.”

بەڵام ئەم پەیامە پێچەوانەی خۆی گۆڕاوە. ئەمڕۆ، تەنانەت لەناو زیندانەکانیشدا، زیندانییەکان شەرعییەتی ئەم دەزگا سەرکوتگەرانەیان بە هاواری “نەخێر بۆ لەسێدارەدان” بەرەنگاری شەرعییەتی ئەم دەزگایە سەرکوتگەرانە کردووەتەوە.

لەسێدارەدانی سیاسی نەک تەنها نەیتوانیوە ڕاپەڕینەکان بکوژێنێتەوە، بەڵکو بووەتە سیمبولی بەرگری و قوربانی بوون. ئەوەی کۆماری ئیسلامی لێی تێناگات ئەوەیە کە سەرکوتکردنی توند تۆوی هۆشیاری و ڕاپەڕینی نوێ لە کۆمەڵگادا دەچێنێت.

 ◦ حکومەتێک گەمارۆدراوە لەلایەن خەڵکەکەی خۆیەوە

کۆماری ئیسلامی ئێران چیتر لە نێو وڵاتدا شەرعییەتی نییە و نە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا متمانەی هەیە.

سیاسەتی سەرکوتگەرانە، ناکارایی ئابووری و گەندەڵی سیستماتیک ئەم ڕژێمەی لە ناوەوە بەتاڵ کردووە. دوایین قەڵاکانی بەندیخانە و سێدارە بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، تەنانەت ئەوان چیتر بێدەنگی دروست ناکەن.