ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی لاوانی پێشڕەو بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی ژن
ڕۆژی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن، ڕۆژێکی تایبەتە؛ چونکە ئەم ڕۆژە ڕۆژی بزووتنەوەی ژنان لە سەدەی ڕابردووەوە و پڕە لە دەستکەوت و بەدەستهێنانی مافەکانیان. ئەگەر ئاماژەیەک بە مێژووی ئەم ڕۆژە بکەین، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٧٥ بۆ یەکەمین جار لە وڵاتی ئەمریکا، کە بەشێک لە ژنانی کرێکاری پیشەسازیی پارچەچنین کە لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا ئیشیان دەکرد، بۆ باشتربوونی بارودۆخی کارەکەیان هاتنە سەر شەقام و خۆپیشاندانیان کرد، بەڵام بە دەستی پۆلیسی ئەمریکا سەرکوت کران. دواتر ئەم خۆپیشاندانانە لە ساڵەکانی ١٩٠٧ و ١٩٠٨دا دووپات بوونەوە، تا ئەوەی لە ساڵی ١٩٠٩ لە ئەمریکا بۆ یەکەمین جار وەکوو ڕۆژی نیشتمانیی ژنان دانرا.
دواتر کڵارا زێتکین، ژنێکی سۆسیالیست و ڕێبەری بزووتنەوەی کرێکاری، لە دووەمین کۆنگرەی نێونەتەوەییدا خوازیاری ئەوە بوو کە ڕۆژی ٨ی مارس وەکوو ڕۆژی ژن دیاری بکرێت؛ ئەم پێشنیازە قبووڵ کرا و لە ساڵی ١٩١١ هاوکات لەگەڵ ئەمریکا، لە وڵاتانی ئەڵمانیا، دانیمارک، سویسرا و ئوسترالیا ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی ژن بەڕێوە چوو. لە ساڵی ١٩١٧ لە ڕووسیا، ژنانی زەحمەتکێش و کرێکار لە ٨ی مارسدا هاتنە سەر شەقام و بووە یەکەمین بڵێسەی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕووسیا و زۆر دەستکەوتیان بەدەست هێنا. هەرچەند لە نێوان دوو شەڕی جیهانیدا بەهۆی ئامادەیی فاشیستەکان و دیکتاتۆرەکانی وەک هیتلەر و… ٨ی مارس قەدەغە کرا، بەڵام هەر بەردەوام بە شێوازی نهێنی هەموو ساڵێک یادی دەکرایەوە، تا ئەوەی دوای کۆتاییهاتنی فاشیزم و تەواوبوونی شەڕی جیهانیی دووەم، لە ساڵی ١٩٧٥ بە شێوەیەکی فەرمی لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕۆژی ٨ی مارس وەکوو ڕۆژی جیهانیی ژنان ڕاگەیەندرا. ئێستاش لە هەموو جیهاندا ساڵانە ڕێز لەم ڕۆژە دەگیرێت.
ژنان لەم بزووتنەوەیەدا زۆر دەستکەوتیان بەدەست هێنا، وەک: کەمکردنەوەی کاتی کار، مووچەی یەکسان لەگەڵ پیاوان، قەدەغەکردنی کاری منداڵان، مافی دەنگدان و بەشداری لە سیاسەتدا، مافی لەباربردنی منداڵ و زۆر دەستکەوتی تر. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بزووتنەوەی ژنان زۆر جیاوازترە بەهۆی ئایین و کولتووری پیاوسالارییەوە، بەڵام ژنان هەر ڕانەوەستاون. ئەگەر ئاماژە بە ژنانی کورد بکەین لە ناو دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بابەتەکە تۆزێک قورسترە؛ چونکە ژنانی کورد هەم دەبێت خەبات بۆ ڕەگەزەکەیان بکەن، هەم لە بواری نەتەوەییەوە هەوڵ بدەن و هەم لە بواری چینایەتی و نایەکسانیدا، هەموو ئەمانەش بزووتنەوەی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات تایبەت دەکات.
ژنان لە ئێران و کوردستان لە کاتی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا، لە ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمە (بەرامبەر بە ٨ی مارس) بە گشتی لە هەموو شارەکان هاتنە سەر شەقام. هەرچەند کۆماری ئیسلامیی ئێران کە تازە هاتبووە سەر کار ئەم خۆپیشاندانەی سەرکوت کرد و نەیهێشت لە ساڵانی دواتردا بەڕێوە بچێت. لە کوردستانیش کە ئەو کات حیزبەکان گەشەیان کردبوو، حیزبی کۆمەڵە وەکوو حیزبێکی چەپ و سۆسیالیست، یەکەمین حیزب بوو کە دروشمی یەکسانیی ژن و پیاوی دا و بە واقیعی ژنان لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵەدا بەشدار بوون؛ بۆ یەکەمین جار یەکەمین دەستەی ژنانی پێشمەرگەی چەکدار کرد و ئەو مافەی بە ژنان دا کە شانبەشانی پیاوان لە یەک مەیداندا شەڕ بکەن و خاوەن مافی تر بن. ئێستاش کە ماوەی چل ساڵە کۆماری ئیسلامی بە جۆرەها شێوە ژنانی سەرکوت کردووە و یەکێک لە چوارچێوە ئایدیۆلۆژییەکانی حیجابی زۆرەملێ و سڕینەوەی ژنان لە سیاسەت و زۆر شتی تر بووە، بەڵام بینیمان کە لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”دا، ژنانی ئازادیخواز لەگەڵ پیاوانی ئازادیخوازدا بۆ چوار مانگ لە سەر شەقامەکان خۆپیشاندانیان کرد و هەزاران لاو خوێنیان ڕژا و توانییان زنجیری کۆیلایەتیی حیجابی زۆرەملێ فڕێ بدەن و زۆر دەستکەوت بەدەست بهێنن.
ئێمەش وەکوو ڕێکخراوی لاوانی پێشڕەو، کە هەزاران لاوی ژنمان لەگەڵە، بەردەوامین لە پشتگیریی بزووتنەوەی ژنان و تا گەیشتن بە دەستکەوتی زیاتر بۆ ژنان و بەدەستهێنانی مافەکانیان هەوڵ دەدەین و درێژەدەری ئەم ڕێگەیەن؛ چونکە هەزاران لاوی ژن لەم ڕێگەیەدا گیانیان بەخت کردووە. بە خوێنی سووری ئەو لاوانە، ئێمەی لاوانی کچ و کوڕ درێژەدەری ڕێگەی ئەوانین بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی.
