02/10/2026

هۆشیاریی نەتەوەیی لە تەونی گوتارە زاڵەکاندا

0
2191c011-d9f8-4dc9-ba50-7ef0a2dc9865

بێگەرد سووزەنی
لە سەردەمێکدا دەژین کە شەڕەکان لە سنوورەکانی جوغرافییاوە کۆچیان کردووەتە نێو کایەی زمانیی و نیشانەناسی. لەم گەمەیەدا، گوتارەکان دەستەواژەیەکی ڕووت نین، ئەوان پێکهاتوون لە هێزگەلێکی شاراوە بۆ داتاشینی شوناس یان بەرەو پەراوێزخستنی نەتەوەکان. لەم سۆنگەیەوە، پرسیارکردن سەبارەت بە چەمکی هۆشیاریی نەتەوەیی و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ گوتاری زاڵی ڕۆژدا، دەبێتە پێویستییەکی نەگۆڕ کە بەرپرسیارێتییەکەی لەسەر دوو پێگەی سەرەکی دەوەستێت: لە لایەکەوە، بژاردەی ڕۆشنبیران و نووسەران، وەک ڕینوێنیکاری چەمکەکان و ڕەخنەگرانی واقیع، ئەرکی ڕزگارکردنی زمان لە داوی ڕوواڵەتگەراییان لەسەر شانە. لە لایەکی تریشەوە، ناوەندی خێزان و قوتابخانە وەک خاڵی دەستپێکی ئەم هۆشیارییە لە مێشکی نەوەی نوێدا کار دەکەن؛ چونکە زمان وەکوو کەرەستەی بەرهەمهێنانی مانا و فیکر، یەکەمین تۆوی شوناس دەچێنێت.
کۆمەڵگەکان زۆرجار بەرانبەر بەو گوتارە فیکری و کولتوورییانەی لە جیهانی دەرەوە دێن و دەبنە هەژمونییەکی زاڵ، تووشی دوو کاردانەوەی جەمسەرگیر دەبن؛ تەسلیمبوونی ڕەها یان ڕەتکردنەوەی کوێرانە. لێرەدا ڕێگای عەقڵانی، گرتنەبەری شیکردنەوەی ڕەخنەیییە. ئێمە ناتوانین دەرگا بە ڕووی جیهاندا دابخەین، بەڵام پێویستە هەر گوتارێکی هەناردە بە پاڵێوکەی ڕێسا و هزری نەتەوەیی خۆماندا تێپەڕێنین و بپرسین: ئایا ئەم گوتارە نێردراوە متمانەمان پێ دەبەخشێت، یان بەرەو پاشکۆیەکی بێدەنگ دەمانگۆڕێت؟ لێرەوە بە پێی ڕچاوکردنی بەرژەوەندی نەتەوەیی، جیاوازیی نێوان گوتاری زاڵی هەڵە و دروست دەردەکەوێت. گوتاری هەڵە کار لەسەر چاندنی ورەی بێهیوایی، خۆکەمبینی و کاڵکردنەوەی بەهای مێژوو دەکات و چەمکە هاوردەکانی بە شێنەیی لە ناخی ئێمەدا سەقامگیر دەکات. لە کاتێکدا گوتاری هەناردەی دروست و بنیاتنەر، هاوسەنگی لە نێوان هاوچەرخبوون و پاراستنی ڕەسەنایەتیدا دروست دەکات و متمانە بەخۆبوون دەبەخشێتەوە بە تاکی کۆمەڵگە.
لە سەردەمی فرەڕەهەندیدا کە زمان گرنگترین مژارە، زمان تەنیا ئامرازی گەیاندنی پەیام نییە و لەگەڵ خۆی کۆمەڵێک کەلتوور و وردەکەلتوور و بەهای نەگونجاو دەهێنێت. لێرەوە دەکرێت لە یەک کاتدا، لە چەندین ڕوانگەی جیاوازی زمانەوانی, کۆمەڵناسی و فیکرییەوە سەیری دۆخی نەتەوەیەک بکرێ و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. زمانەوانیی هاوچەرخ ئەو ڕاستییەمان بیر دەخاتەوە کە هەر نەتەوەیەک بەڕیوەبەری و کۆنترۆڵی زمان و چەمکەکانی خۆی لەدەست بدات، بێگومان کۆنترۆڵی داهاتووی خۆیشی لەدەست دەدات. بۆیە پاراستنی زمان و پەرەپێدانی، گەورەترین چەک و هەر لەو حاڵەشدا قەڵایە بۆ ڕاوەستان لە بەرانبەر هەر گوتارێکی زاڵ کە بیەوێت چەواشەی مێژوومان بکات و هەبوونمان بێدەنگ بکات.
ئەگەر بمانەوێت ئەم باسە لە ئاستی تیۆرییەوە بێنینە ناو ژیانی ڕۆژانە، نموونەکان زۆرن؛ بە تایبەتی لەو شوێنەی کە زمان و شوناس دەکەونە بەر هێرشی گوتارە زاڵەکان. جگە لەو مەترسییەی کە لە بەشی یەکدا سەبارەت بەوەی کە زمانێکی دەسەڵاتدار بەسەر زمانێکی ترەوە زاڵ دەبێت، مەترسی زۆرتر و گرینگتر ئەویە کە ئەو زاڵبوونە بە ئارامی ببێتە سەرباشقەی بیر و باوەڕی ناوخۆییی خودی ئەو کۆمەڵگەیەی کە زمانەکەی پەراوێز خراوە.
بۆ نموونە، دەتوانین ئاماژە بەو دایک و باوکانە بکەین کە لەگەڵ منداڵەکانیان بە فارسی قسە دەکەن، بەو هیوایەی کاتێک منداڵەکەیان گەورە دەبێت و دەچێتە ناو کۆمەڵگا و زانکۆ و… لە زاراوە و شێوازی قسەکردنەکەیدا دیار نەبێت کە کوردە (دیارە لێرەدا باسی ئەوە ناکەین کە بۆ دەبێ کورد بوونی بشاردرێتەوە). بێگومان فێربوونی هەر زمانێکیتر جگە لە زمانی دایک، دەتوانێت هەلێک بێت بۆ ئەزموونی ناسینی کەلتوورێکی دیکە؛ بەڵام نەک بەو مەرجەی ببێتە ئامانج بۆ شاردنەوەی شوناس و نەتەوەی خۆت. لێرەدا ناتوانین تەنیا وەک هەڵبژاردنی زمان بۆ تاک سەیری بابەتەکە بکەین؛ چونکە ئەمە دەتوانێت نموونەیەک بێت لەو گوتارە زاڵە هەڵەیەی کە بە شێوەیەکی نەرم و ڕۆژانە دەچێتە ناو ژیانی خێزانەوە.
هەمان شت لە بابەتی ناوی منداڵدا دەبینین. هەندێک جار دایک و باوک لەبەر هەڵبژاردنی ناوێکی کوردی بۆ منداڵەکەیان لۆمە دەکرێن، یان پێیان دەگوترێت کە ناوەکە لە داهاتوودا دەبێتە هۆی زیان یان گاڵتە پێکردن بە منداڵەکەیان، بە تایبەتی لە قوتابخانە و زانکۆ، چونکە کەسانی فارس، تورک یان عەرەب بە ئاسانی ناتوانن بێژەی بکەن. لێرەدا پرسیارگەلێک دێتە ئاراوە: بۆ ناوی منداڵی کورد پێویستە بە زمانی بێگانە ڕەوانتر بەسەر زاریاندا بێت؟ بۆچی ناوی کوردی دەبێتە شتێک کە پێویستە لێی بترسین؟ بۆ دەبێ ناوی بۆ نموونە کانی، شەوین، بەیان لە عەبدولموتەلیب و عەبدولغەففار و ئازەرنووش و سپێهرداد دژوار تر بێ!
هەروەها، کاتێک پرسیار دەکرێت: «بۆچی لەگەڵ منداڵەکەت فارسی قسە دەکەیت؟» ناتوانین هەمیشە وەک پرسیارێکی سادە چاوی لێ بکەین؛ کاتێک دەبینین لە ژێر ئەم گوتارەدا کۆمەڵێک باوەڕی هەڵە کۆدەبێتەوە، وەک ئەوەی زمانی کوردی بۆ داهاتووی منداڵ سوودی کەمتر هەیە، یان فارسی دەتوانێت دەرگای سەرکەوتن زیاتر بکاتەوە. بەو بۆنەوە لێرەدا ئیتر بابەتەکە لە ئاستی هەڵبژاردنی تاکەکەسییەوە دەگوازرێتەوە بۆ گوتارێکی تایبەت.
هەڵبەت ئەم گوتارە زاڵانە تایبەت بە ناو و زمان نییە. کاتێک بەردەوام بە نەوەی نوێ دەگوترێت کە بۆ خوێندن، کار، زانکۆ و سەرکەوتن پێویستە لە زمانی خۆی دووربکەوێتەوە، ئەوا بە ئارامی زمان لە کەرەستەی شوناسەوە دەگۆڕێت بۆ هێمای داڕمان. ئەمە لە بنەڕەتدا گۆڕینی پێوەری بەهاکانە.
لە هەمان کاتدا، هەوڵی نووسەران، خوێندکاران و دامەزراوە ئەکادیمییەکان بۆ فێربوون و بەکارهێنانی زمانی کوردی نیشان دەدەن کە ئەم پەیوەندییە هێشتا نەبڕاوە؛ بەڵام ئەم هەوڵانە کاتێک کاریگەریی درێژخایەنیان دەبێ کە زمان لە ئاستی هەوڵی کەمینەوە بگوازرێتەوە بۆ بەشێکی سروشتیی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگە.
لەبەر ئەمە، نابێت هەموو کێشەکە بخەینە سەر شانی دایک و باوک. ئەو دایوبابەی بۆ منداڵەکەی زمانی دەسەڵات هەڵدەبژێرێت، لەوانەیە خۆی کاریگەریی لەو سیستەمە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە وەرگرتبێت کە ساڵانێکە پێی دەڵێت: ئەگەر دەتەوێت پێش بکەویت، دەبێت زمان و نیشانەکانی خۆت پەراوێز بخەیت. لەوێدا ڕەخنەی ڕاستەقینە دەبێت ئاراستەی ئەو گوتارە بێت، چونکە تاک زۆرجار بەرهەمی ئەو ژینگەیەیە کە تێیدا پەروەردە بووە.
لە کۆتاییدا، پێویستە جیاوازییەکی ڕوونمان هەبێ لەنێوان فێربوونی زمانێکی تر و لەدەستدانی زمانی خۆمان. کوردبوون بە مانای داخستنی دەرگا بەڕووی زمانەکانی تر نییە و واتای ئەوەیە کە فێربوونی هەر زمانێک، بە نرخی لەدەستدانی زمانی دایکمان نەبێت. ئەگەر گوتاری زاڵ بتوانێت وای لێمان بکات کە زمانی خۆمان بە کەمتر ببینین، ناوی خۆمان بە شەرمەوە بڵێین و پێویستی سەرکەوتن بە دوورکەوتنەوە لە شوناسی خۆمان ببینین، ئەوا ئەو گوتارە تەنها لە دەرەوە بەسەرماندا زاڵ نییە و ڕۆ چووتە ناو بیرکردنەوەمانەوە. و لەوانەیە ئەمە مەترسیدارترین قۆناغی زاڵبوونی گوتارێک بێت: ئەو کاتەی کە چیتر پێویستی بەوە ناکات کەسێکی تر بیسەپێنێت؛ چونکە ئێمە خۆمان دەست بە دووبارەکردنەوە و وەبەرهەمهێناوەی ئەو گوتارە دەکەین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *