منداڵ، بەردی بناغەی كۆمەڵگە

تەلار ئیوەر

قۆناغی منداڵی لە گرنكترین قۆناغەكانی ژیانی مرۆڤە، ئەمە تەنها مەبەست پێی ماوەی ئامادەكردن نییە بۆ داهاتوو، بەڵكو ئەوە ژیانی ئێستایەتی كە پێیدا تێپەڕدەبێت ‌و دەبێتە بنچینەیەك بۆ داهاتووی، چونكە پەروەردەكردنی تەمەنی پێش چونە خوێندنگە كەسایەتی ‌و داهاتووی مرۆڤ دیاری دەكات، هەر چەندە ئەمە مانای ئەوە نییە كە هەرگیز نەتوانرێت جارێكی تر لە پەروەردەی قۆناغی دواتری چاكسازی بۆ بكرێت ‌وەك هەندێك لە زانایان بۆی دەچن، چونكە مرۆڤ بونەوەرێكە شایەنی گۆڕانە. بەڵام باشتر ‌وایە بەهاوكاری خێزان‌ و دەزگا پەروەدەییەكان هەر لەسەرەتاوە هەوڵ بدرێت مرۆڤێكی تەواو ‌و دەروون دروست ‌و سەركەتوو لە گشت بوارەكانی ژیان بەرهەم بهێنرێت.

تیۆریە دەروونیی ‌و پەروەردەییەكان جەخت دەكەنەوە لەسەر گرنگی شەش ساڵی سەرەتایی لە تەمەنی منداڵ‌ و كاریگەری لەسەر كەسایەتی تاك لەماوەی ژیانیدا، ئەنجامی زیاتر لە سەد توێژینەوەی هاوچەرخ لە‌ ولایەتە یەكگرتووەكان كراوە دەربارەی كاریگەری ئەو شارەزاییانەی كە منداڵان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و بەسەریدا گوزەر دەكات لە تەمەنی سەرەتایی ژیانیدا، توێژینەوە كە لە ڕێی ئەنجامەكانەوە جەخت دەكەنەوە لەسەر پێویستی بەرنامەیەكی نەخشە بۆ داڕێژراوی پەروەردەیی سەرەتای منداڵی كە لەڕێی ئەم بەرنامەیەوە زانیاری و شارەزایی ‌وا بە منداڵ ببەخشێت كە گونجاو بێت لەگەڵ توانا و تایبەتمەندیی ‌و پێداویستییەكانی.

مێرمنداڵی قۆناغی پەڕینەوە لە تەمەنی منداڵییەوە بۆ گەورەساڵی، دەستبەردان لە دونیای منداڵانە و چوونە ناو جیهانێکیتر کە دەبێت وەکوو کەسێکی گەورەساڵ بیر بکەنەوە و هەڵسوکەوت بکەن، ئەمە خۆی لای هەر کەسێک پێویستی بە هەوڵ و تێکۆشانە. کچێکی بچووک یان کوڕێکی منداڵ هەتا دوێنێ لە دونیای شیرینی منداڵیدا ژیاون، کتوپڕ خۆیان لە بەردەم کۆمەڵێک نیاز، بەرپرسیارێتی و ترس و نیگەرانی مرۆڤە گەورەکاندا دەبینن.

تەمەنی مێرمنداڵی لە ڕوانگەی دەرونناسییەوە، قۆناغێکی ئاڵۆزە لە نێوان منداڵی و گەورەساڵیدا تێدەپەڕێت کە بە گشتی لەنێوان تەمانی ۱۱ بۆ ۱۲ ساڵی هەتا تەمەنی ۲۲ ساڵی بەردەوامە و لە لایەنی جەستەیی و سۆزداری و ناسینەوە گۆڕانێکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت.

ڵەم قۆناغەدا، تاک بەدوای شوناسی تاکەکەسی و سەربەخۆییدایە، لە ژێر کاریگەری هاوتەمەنەکانی خۆیدا دەبێت. تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پێویستی بە لێهاتوویی و توانایی دایک و باوک و کۆمەڵگا هەیە بۆ ئەوەی کەسایەتیی تاک بۆ گەورەساڵی زۆر بە باشی فۆڕم بگرێت، لەبەر ئەوەی ریشەی زۆربەی گیروگرفتەکان لە  قۆناغەدا خۆی حەشار داوە.

تەمەنی نێوان ٨ بۆ ۱۲ ساڵی گۆڕانکاریی جەستەیی لە کوڕ و کچدا روودەدات کە ئەم گۆڕانکارییانە هەستی کونجکۆڵی و دڵەڕاوکێی لەلا دروست دەکات بەتایبەت کاتێک مێرمنداڵ نازانێت دەبێت چاوەڕوانی چی بکات، بیرکردنەوەیەکی ڕەش و سپییان هەیە، شتەکان یان دروستن یا هەڵەن، باش یان خراپ، لەو نێوەدا هیچ شتێکیتر نابینن. هەروەها لەم تەمەنەدا زۆرترین پێویستییان بە پاراستنی سنووی تاکە کەسی خۆیان هەیە. 

تەمەنی ۱۴ بۆ ۱۷ ساڵی

گۆڕانکارییە جەستەییەکان تا ناوەڕاستی تەمەنی مێرمنداڵی بەردەوامە، لە زۆربەی  کوڕان لەم تەمەنەدا گۆڕانکاری خێرای گەشە و باڵغ بوونیان بەردەوامە، دەنگیان بۆڕ و گڕ دەبێت، زیپکەی گەنجی لە روخساریان دەردەکەوێت، گۆڕانکاری جەستەی زیاتر و پڕتر بووە و زۆربەی کچەکان عادەتی مانگانەیان ڕێک بۆتەوە. لەم تەمەنەدا حەزیان له پەیوەندی سۆزداری  دەبێت. زۆربەی مێرمنداڵان لەم تەمەنەدا لە کاتێکدا هەوڵ بۆ سەربەخۆیی دەدەن لەگەڵ دایک و باوکیان زۆرتر تووشی دەمەقاڵە دەبن، هەر بەم هۆکارە کەمترین کاتیان لەگەڵ خێزان و زۆرترین کاتیان لەگەڵ هاوڕێکانیان بەسەر دەبەن.

کۆتاییەکانی تەمەنی مێرمنداڵی ۱٨ بۆ ۲۲ساڵ و سەروتر

مێرمنداڵ لەم تەمەنەدا گەشەی جەستەیی پڕ بۆتەوەو بە تەمەنی باڵغ بوونی تەواو گەیشتووە، لەم تەمەنەدا باشتر دەتوانن هەڵسەنگاندن بۆ مەترسی و باشییەکان بکەن، هەست بە بەهێزتر بوونی زیاتری خۆیان دەکەن زیاتر بیر لە داهاتوو دەکەنەوە، پەیوەندی سۆزداری هاوڕێیەتییان سەقامگیرترە و ڕاوبۆچوونی خێزان واتا دایک و باوکیان بۆ گرینگە لەم تەمەنەدا.

قۆناغی مێرمنداڵی یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی ژیانی هەر تاکێکە، و ئەم قۆناغە کاریگەریی لەسەر هەموو قۆناغەکانیتری ژیانی مرۆڤ هەیە، کەواتە شێوازی هەڵسوکەوت و ڕێنمایی و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم تەمەنەدا سەرنج و وردبینییەکی زۆری دەوێت.

بەڕێز هاوناز مستەفا دەرچووی بەشی گەشتووگوزار لە زانکۆی سوڵیمانی و شارەزای بواری ئاسەوار و نووسەر لە بواری منداڵان لەپەیوەند لەگەڵ قۆناغی منداڵ و مێر منداڵی دەڵێ منداڵ هەر کە لە دایک دەبێ لە یەکەم ڕۆژی تەمەنییەوە گەشە کردنی دەست پێدەکات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەستی پێ‌ دەکرێت.

ئەم گەشە کردنە لە بوارەکانی بیۆلۆژی، بیرکردنەوە و کەسایەتی و تێگەیشتن و تەنانەت لە شێوەی هەڵسووکەوت کردن، دێتە بەرچاوو بەردەوام شتی تازە و نوێ فێر دەبێ و وردە وردە بە گوێ گرتن و بیستنی وشەکان، ڕوانین و بینی کەرەستەکانی دەوروبەری و دەست بردن بۆیان، لەگەڵ دەوروبەری خۆی ئاشنا دەبێت و تاقیکردنەوە و زانیاریی نوێ و زیاتر بەدەست دێنێ. یەکەم ساڵی گەشەکردنی منداڵ به چەند قۆناغدا تێدەپەڕێ و گەشەکردنیشی لە هەر دوو لایەنی “جەستەیی و دەروونییەوە” دەست پێ دەکات. منداڵ بە فێر بوون و لێکدانەوەی دونیای دەوروبەری خۆی هەوڵدەدات کۆمەڵێک گۆرانکاری سەرەتایی لە قۆناغەکانی داهاتویدا پێک بێنێت. ئەم شێوە لە گۆڕانگاری و فێربونانەش لە قسەو جوڵە و کردەوەکانیدا دەبینرێت و بەرەبە بەرە هەنگاو بۆ فێر بوونی شتی زیاتر هەڵدەگرێ. ئەم سەردەمە گرنكترین قۆناغەكانی ژیانی منداڵ پێک دێنێ کە دەتوانێ راستەوخۆ ببێتە بناغەیەک بۆ دەست پێکردنی ژیانی داهاتووی. لێکۆلینەوەکان دەریان خستووە کە شەش ساڵی یەکەمی ژیانی منداڵان دەتوانێ گەورەترین ڕۆڵی هەبێ لە سەر کەسایەتی منداڵ لە ماوەی ژیانیدا. شێوەی جوڵانەوەو هەڵسوکەوت کردن و بارهێنان، كاریگەری تەواوی هەیە لەسەر چۆنییەتی گەشەكردن، ژیری ‌و ڕادەی كۆمەڵایەتی ‌و هەروەها هەڵچونەكانی منداڵان. 

منداڵ هەر لە سکی دایکییەوە هەتا تەمەنی ٢ ساڵ، هەرشتێکی دەروونی بەئەرێنی و نەرێنی لە دایک ڕووبدات کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لە سەری. له‌ ڕووى گه‌شه‌سه‌ندنى سایكۆلۆژى په‌روه‌رده‌یی، ته‌مه‌نى منداڵ گرنگترین قۆناغەکان بریتین لە قۆناغى بنیاتنان و لاساییكردنه‌وه‌ کە ئەم دەورەیە لە تەمەنی ٧ ساڵیدا زۆر بەرچاوە. قۆناغى چوونە دەرەوە و ئاشنابوون به‌ دونیای دەرەوەی ناو ماڵ کە دیارە لەو سەردەمەدا منداڵ دەتوانێ چاک و خراپ تا ڕادەیەک لێک جیا بکاتەوە و لێکدانەوەی بۆ بکات و زۆر جاریش دەتوانێ بریار لەسەر بابەتەکانیش.

 قۆناغێکیتر کە دەتوانێ زۆر هەستیار بێ قۆناغی سەربەخۆ بوونە. کەواتە دەتوانین بڵێین کە تێپەڕاندنی قۆناغی منداڵی بەرەو مێرمنداڵی دەستپێکی گەشە کردنی جەستەیی و هزری منداڵە بەرەو گەورە بوون، قۆناغی تێپەڕاندن و گۆڕان بەرەو باڵغ بوونی جنسی و کۆمەڵایەتی و خۆناسینە. مێرمنداڵی قۆناغی گواستنەوەی لە تەمەنێکی زۆر کەمدا بەرەو گەورەیی و سەربەخۆیی و هەروەها پەسەند کردنی ئەرکەکانی ژیان و بە کردەوە دەرهێنانیان . لەم بەشەدا مێر منداڵ لەگەڵ دوو پرسی گرنگ ڕووبەڕوو دەبێتەوە:

لە گرنگترینیان دەتوانین ئاماژە بە تێڕوانین و بونیادنانەوەی پێوەندی لەگەڵ دایک و باوک و گەورەکان و کۆمەڵگا بکەین و هەروەها خۆناسین و خۆگونجاندن لەگەڵ ژیان و خۆ رێکخستن لەگەڵیان لە چەشنی مرۆڤێکی سەربەخۆ، دەتوانێ لەو پرسە گرنگانە بێت کە لەم وەرزە لە تەمەندا مێر منداڵ روبەرویان دەبێتەوە… درێژەی هەیە….

هاوناز مستەفا