كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین

0

محەمەد حەکیمی

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لە قەیراناویترین ناوچەکانی جیهان‌ و دوای شەڕی یەکەمی جیهانی کۆمەڵێکی زۆر کێشە و گرفت تێیدا سەری هەڵداوە و تا ئێستاش ئەم کێشانە بەردەوامن و درێژەیان هەیە. هۆکاری قەیرانی ئەم ناوچە دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار کە بریتیین لە: 

یەکەم، بە هۆی گەمەی ئەکتەرە سیاسییە نێودەوڵەتی‌ و ناوخۆییەکانەوە لە ناوچەکە، دووهەم بە هۆی ژێرخانی ئابووری‌ و بە تایبەتی بوونی زێڕی ڕەش “نفت”، کە لە کۆنەوە چاوی وڵاتە زلهێزەکانی بەرەولای خۆی ڕاکێشاوە و هەمیشە هەوڵی ئەوەیان داوە ناوچەکە و بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی خاکەکەیان نەوتی زۆری هەیە، لە ژێر چاودێری خۆیاندا بێت‌ و وەک کۆلۆنییەکی نێو دەوڵەتی سەیری ئەو وڵاتانە دەکەن، بە تایبەتی وڵاتانی کەنداو کە نەوتی خاوی زۆرە و بە هۆی ئەو کێشە و گرفتانەی دروست دەکرێت هەمیشە شەڕ و ئالوزی تێدا بەدی دەکرێ و لەم ناوە وڵاتە زلهێزەکان بە گشتی قازانجی گەورەی تێدا دەکەن‌ و جگە لە بەتاڵانبردنی ژێرخانی ئابووری ناوچەکە چی چەک‌ و تەقەمەنی کۆنی خۆیان هەیە لەم ناوچە بە نرخێکی گونجاو پێیان دەفرۆشن یان بە سەر خەڵکی ناوچەکە تاقی دەکەنەوە. 

کێشەیەکی دیکە کە پێموایە گرنگترین کێشەی ناوچەکەیە، مافە نەتەوە بێ دەوڵەتەکانە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەکەوە نەدراوە بۆ نموونە: کورد وەک یەکێک لە گەورەترین نەتەوەکان نە تەنها رۆژهەڵاتی ناوین، بەڵکوو وەک یەکێک لە نەتەوە گەورەکانی جیهانیش تا ئێستاش خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ نییە و وەک کۆلۆنی لە نێوان چوار دەوڵەتی “سوریە، ئێران، ئێراق و تورکیە” دابەش کراوە و هەر ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی وڵاتە زلهێزەکان‌ و تەنانەت دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانیش توانیویانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان کەڵک لە کورد وەربگرن.

لەمناوەدا رۆژهەڵاتی ناوین، وەکوو بەشێک لە نیزامی نێونەتەوەیی، لە ژێر یاسا و رێساکانیی جیهاندایە. هەر چەن دوای شەڕی یەکەم‌‌ و بە تایبەتی دووهەمی جیهانی، کۆلۆنیەکان نەمان، بەڵام هەروا کە لەسەرەوەش ئاماژەم پێکردوە، بە هۆی بوونی نەوت‌ و دروستبوونی هەرێمێک بۆ جولەکە “اسراییل”  رۆژئاوا توانیویەتی هەژموونی خۆیی لە ناوچەکە بهێلێتەوە و وەک حاکمی بێ‌رکابەری ناوچەکە لە زۆر شوێن حوکم بکات…

“اسراییل”یش لە ساڵی ١٩٤٨ تا ساڵی ١٩٩٦ توانی ٦٥ میلیارد دۆلار یارمەتی لە ئەمریکا وەربگرێت ‌و بەمەش توانی بۆ دروستکردنی دەوڵەت یارمەتیدەری بێت، هەرچەن بەو رادە یارمەتییە زۆرەی کە ئەمریکا کردویەتی، “اسراییل” هەرگیز بە تەواوی گوێ لە مستی ئەمریکا نەبووە و زۆر جار بە بێ گوێدانی سیاسەتی ئەمریکا کاری خۆیی بردووەتە پێشەوە، بۆ نموونە هێرشی ئسراییل بۆ سەر بنکە و دامەزراوە ناوکیەکانی “اتمی” وڵاتی ئێراق‌ و درێژە بە دروستکردنی خانووسازی لە بەرزاییەکانی جەولان‌ و زۆر شتی دیکە، توانیویەتی بە شێوەیەک لە شێوەکان سەربەخۆیی خۆی رابگرێت‌ و ئێستا بووە بە دەوڵەتێک کە خاوەنی زیاتر لە سەد کڵاوەی ناوکییە “اتمی”یە.

بەڵام کوردستان هەر بەو شێوە کۆنەی خۆی لە ناوچەکە ماوەتەوە و تەنها هەرێمێکی نیمچە ئازادی هەیە کە ئەویش تووشی کۆمەڵێکی زۆر کێشە و گرفتە و وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا گرنگییان بەو دەسەڵاتە کوردییە نەداوە و نادەن، لە ١٦ی ئوکتوبر کاتێ عەرەب‌ و رژیمی ئێران جارێکی دیکە هێرش دەکەنەوە سەر کوردستان‌ و بەشێکی زۆر لە خاکی کوردستان داگیر دەکەن، کورد نە تەنها دۆستیی نییە، بەڵکوو لە ناو ماڵی خۆشیدا چەن لەت‌ و کەرت کەرت بووە و زۆر بە سانایی بەشێکی زۆر لە خاکی کوردستان بە تایبەتی شاری کەرکوک کە بە دڵی کوردستان ناسراوە لە دەست دەدەدن کە شادەماری نەوتی کوردستانە‌ و لەو لاشەوە لە رۆژئاوای کوردستان شاری عەفرین لە دەست دەدەن کە ئەویش رێگای کوردستانە بۆ دەریای ئازاد، بەداخەوە نە کورد بە دەریای ئازاد گەیشت‌ و نە توانی کەرکوک ڕابگرێت، کورد نە تەنها وەک ئسراییل نەیتوانی دەوڵتێک بۆ خۆی دامەزرێنێت، بەڵکوو پاشەکشەی زۆریشی کرد لە داخوازییەکانی‌ خۆی‌.

لە کوتاییدا دەبێ بڵێم سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە زلهێزەکان لە ناوچەکە تەنها دوو شت زیاتر رەچاو دەکات کە بریەتییە لە پاراستی ئیسراییل‌ و کونترولکردنی نەوت‌ و هەناردەکردنی بو ناو بازارەکانی جیهان‌ و کورد نەتەنها بۆ ئەوان گرنگ نییە، بەڵکوو بەس وەک ئامرازی گوشار دژی دەسەڵاتی ناوەند کەڵکیان لێ وەرگرتووە و زۆر بە سانایش پشتی بەر دەدەن، وەک ئەوەی لە کەرکوک‌ و عەفرین روویاندا و زۆر دوور نییە لە قامیشلوو کۆبانیش بە تەنهامان بێڵن…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *