02/11/2026

ناڕەزاییەکان لە ئورووپا، لە مافخوازییەوە تا داگیرکاریی ئایدۆلۆژیک

0
watermarked_img_14146359022749108286

ئەسعەد دروودی

ناڕەزاییە فراوانەکانی فەرەنسا، کە ئێستە گەیشتووەتە چەندین وڵاتی دیکەی ئورووپا، لە بنەڕەتدا بە ناڕەزایی خوێندکاران دژی کەمبوونی بودجەی ناوەندەکانی خوێندن و نەبوونی مامۆستای پێویست دەستی پێ کرد. ئەم ناڕەزاییانە زۆری نەخایاند کە پەرەی سەند و بوو بە دەربڕینی ناڕەزایی بەرانبەر بە قەیرانە قووڵە ئابوورییەکان و بەرزیی تێچووی ژیان. ئەم دۆخە گوشاری قورسی خستووەتە سەر چینی کەمداهات و کەلێنە ئابوورییەکانی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندانی لە جاران گەورەتر کردووەتەوە. ئەم قەیرانە لە ڕاستیدا دەرئەنجامی پاشەکشەکردنی دەوڵەتە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کە چینە هەژار و مامناوەندەکانی کردووەتە قوربانیی قازانجی کۆمپانیا گەورەکان و سەرمایەداریی چاوچنۆک.
ئەم نووسراوەیە، وێڕای پشتیوانی لە مافی ڕەوای خەڵکی مافخواز بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە سیاسەتە نامرۆڤانەکانی دەسەڵاتداران، دەیەوێت سەرنج بخاتە سەر دوو مەترسیی سەرەکی کە هەڕەشە لەم بزووتنەوەیە دەکەن: یەکەم، هەوڵی ڕەوتە ڕادیکاڵ و ئیسلامییەکان بۆ بەلاڕێدابردنی ئەم ناڕەزاییە مرۆییانە و، دووهەم، ئەو دابڕانەی لە بەشێک لە هێزە چەپەکاندا ڕووی داوە کە بە ناوی هاودەنگیی دژەئیمپریالیزمەوە کەوتوونەتە داوی ئیسلامیزمەوە.

بنەمای ڕەوای ناڕەزاییەکان
خۆپیشاندانەکان لە کێشە ڕاستەقینە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرچاوە دەگرن و لە بنەڕەتدا دژ بە هەڵاواردن، چەوسانەوە و بنەماکانی سیستەمی ستەمکارانەی نێۆلیبراڵن. بەرزبوونەوەی خێرای تێچووی ژیان، داڕمانی خزمەتگوزارییەکانی وەک پەروەردە، قەیرانی نیشتەجێبوون و هەستکردن بە پەراوێزخران، ڕەهەندە سەرەکییەکانی ئەم قەیرانەن. بەتایبەت لاوان هەست دەکەن دەسەڵاتی سیاسی گوێ بۆ داواکارییەکانیان ناگرێ و داهاتوویەکی نادیار و بێهیواییان لەبەردەمدایە؛ ئەوەش کەلێنێکی قووڵی لە نێوان نەوەی نوێ و سیستەمی سیاسی دروست کردووە.

هەوڵی ئیسلامی سیاسی بۆ داگیرکردنی ئایدۆلۆژیکیی ناڕەزاییەکان
هاوکات لەگەڵ ئەم ڕاستییە، هەوڵێکی ئاشکرا بۆ داگیرکردنی ئایدۆلۆژیکیی ئەم ناڕەزاییانە لەلایەن ڕەوتە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکانەوە دەبینرێ. ئەوان هەوڵ دەدەن چوارچێوەیەکی ئایینی و توندڕەو بدەنە بزووتنەوەکە و خەباتێکی مافخوازانە بۆ دادپەروەری، بگۆڕن بۆ شەڕی مەزهەبی و تێڕوانینی جەمسەرگیری. لە باتی بەرانبەرکێی سیستەمی نۆئۆلیبراڵیست لەگەڵ خەڵکی چەوساوە و مافخوراو، ئەوان کێشەکە بۆ شەڕی «ڕۆژئاوا» بەرانبەر بە «ئەوانی دیکە» کورت دەکەنەوە تا بەم شێوەیە داواکارییە مەدەنییەکان بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیان بەکار بهێنن.

قەیرانی چەپ و لەبیرکردنی ناسنامەی دادپەروەرانە، سێکۆلار و فێمینیستی
ئەوەی بۆ ئێمەی چەپی کوردستان جێگەی سەرەنج و نیگەرانییە، ئەوەیە کە بەشێک لە هێز و کەسایەتییەکان بە ناوی «چەپ»ەوە بوونەتە هاودەنگی ڕەوتە ئیسلامی و دژەڕۆژاواییەکان. کێشەی سەرەکیی ئەم بەشە لە بزووتنەوەی چەپ تەنها لە تێکەڵبوونی سیاسەتی ناسنامەدا نییە، بەڵکوو لەو دابڕانە قووڵەدایە کە لە نێوان خەباتی چینایەتی، فێمینیستی و سێکۆلاردا دروست بووە. کاتێک لایەنێک بە ناوی «چەپ» و «دژەئیمپریالیزم»ەوە دەکەوێتە داوی سازش و هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسلامیزمی سیاسی و هێزە دواکەوتووەکاندا، پەیامی ڕەسەنی چەپ کاڵ دەبێتەوە. لە بەرانبەردا، تێڕوانینێکی چەپی سێکۆلار و فێمینیست جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕزگاریی چینی کرێکار و توێژە پەراوێزخراوەکان تەنها بە یەکخستنی تێکۆشان دژی سەرمایەداری، پیاوسالاری و داگیرکاری دەکرێت، نەک بە پشتگوێخستنی یەکسانی و سێکۆلاریزم بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسلامیزم و گوایە بەهێزکردنی بەرەی دژەئیمپێریالیستی. بوژانەوەی ڕاستەقینەی چەپ مەرجە بە گەڕانەوە بۆ سەر ڕێچکەی سەربەخۆییی فکری و دوورکەوتنەوە لە ڕەوتە دواکەوتووەکان.

فریوکاریی ڕاستی توندڕەو و ڕەگەزپەرستان (ڕاسیستەکان)
لایەنێکی تری مەترسیدار لەم ئاڵۆزییەدا، هەوڵی ڕاستڕەوی توندئاژۆ و ڕاسیستەکانە کە دەیانەوێ بە شێوازێکی فریوکارانە، هاوکات کە تەواوی تاوانەکە دەخەنە سەرشانی کۆچبەران، دەیانەوێ وێنەیەکی چەواشەکراو لە هاوسەنگەربوونی چەپ و ئیسلامیزم نیشان بدەن تا لەو ڕێگەیەوە پێگە و دەنگە سیاسییەکانی خۆیان بەهێز بکەن. ئەوان کێشە بنەڕەتییەکانی سیستەمی سەرمایەداری و نۆئۆلیبراڵیزم پشتگوێ دەخەن و تووڕەییی خەڵک ئاراستەی کۆچبەران دەکەن.
ناڕەزاییە ڕەواکانی خەڵک لە ئورووپا پێویستی بە داکۆکیی هۆشیارانە هەیە؛ لە لایەکەوە دژایەتیکردنی سیستەمی ستەمکاریی ئابووری، و لە لایەکی تریشەوە هۆشیاربوونەوە بەرانبەر بەو داوە ئایدۆلۆژییانەی کە دەیانەوێ ئەم بزووتنەوە ئینسانییە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکار بهێنن. تەنها لەڕێگەی بزووتنەوەیەکی سەربەخۆ، سێکۆلار، یەکسانیخواز و دوور لە توندڕەویی ئایینی و ڕاستی توندئاژۆوە دەتوانرێت دادپەروەریی ڕاستەقینە بەدی بێت.

بەرەو دادپەروەریی ڕاستەقینە: پاراستنی ناڕەزاییە ڕەواکان لە داو و تەڵە ئایدۆلۆژییەکان
ناڕەزاییە ڕەواکانی خەڵک لە ئەورووپا، لەسەر جەستەی قەیرانە قووڵە ئابوورییەکان و نادادپەروەریی سیستەماتیک هەڵقوڵاون؛ هەر بۆیە، ئەم ناڕەزاییانە لە ئێستادا پێویستیان بە داکۆکییەکی هۆشیارانە و ستراتیژی هەیە. لە لایەکەوە، ئەرکی مرۆڤی چەپ، ئازادیخواز و یەکسانیخواز ئەوەیە کە بێپەردە دژایەتیی سیستەمی ستەمکاریی ئابووری بکات، ئەو سیستەمەی کە سەروەت و سامان لە دەستی کەمینەیەکدا چڕ دەکاتەوە و زۆرینە بەرەو هەژاری دەبات.
لە لایەکی تریشەوە، وشیاربوونەوە و هۆشیاریی سیاسی بەرانبەر بەو داو و تەڵە مەترسیدارانەی ئایدۆلۆژیاکان زۆر پێویستە، چونکە هەمیشە هێزە دووڕووەکان و ڕەوتە پۆپۆلیستەکان هەوڵ دەدەن ئەم بزووتنەوە ئینسانی و جەماوەرییانە بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیان قۆرخ بکەن و بەکاری بهێنن.
دادپەروەریی ڕاستەقینە هەرگیز بە بەزەیی سیستەمەکان بەدی نایێت، بەڵکو تەنها و تەنها لەڕێگەی بزووتنەوەیەکی سەربەخۆ، سێکۆلار، یەکسانیخواز و دوور لە هەموو جۆرە توندڕەوییەکی ئایینی و فاشیزمی ڕاستی توندئاژۆوە دەتوانێت سەرکەوتوو بێت؛ بزووتنەوەیەک کە مافی مرۆڤ و کەرامەتی بنچینەییی تاکەکەس بکاتە ڕێنوێن و ڕێگە نەدات هیچ هێزێک ئاراستەکەی بەرەو کاولکاری بگۆڕێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *