ستراتیژیی ترس و دەرهاوێشتە دەروونی-سیاسییەکانی لەسێدارەدانی سیستماتیک لە ئێراندا: لە دابڕانی ڕەوشتییەوە بۆ نامۆبوونی کۆمەڵایەتی…..

بەرکۆ
شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لە ئێراندا، نەک تەنها سزایەکی یاسایی، بەڵکوو ستراتیژیەکی سیاسیی داپڵۆسێنەرە کە ئامانجی سەرەکیی پاراستنی قەوارەی دەسەڵات لە ڕێگەی ئەندازیاریکردنی ترس و تیرۆری دەروونیی کۆمەڵگەدایە. لە ژینگەی سیاسیی هاوچەرخی ئێراندا-بەتایبەت لە دوای ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی ساڵانی ڕابردوو و بازدانی گوتاریی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی)-سیستمی زاڵ لەسێدارەدانی وەک چەکێکی سیاسیی ستراتیژی دژ بە ئیرادەی گۆڕانکاریخوازی کۆمەڵگە بەکارهێناوە. ئەم دۆخە وا دەخوازێت کە چاو لە بێلایەنییەکی تیۆریی دەستکرد بپۆشرێت و دیاردەکە لە ناو جەرگەی ململانێی سیاسی و هاوکێشەی «دەسەڵاتی سەرکوتکار و شەقامی ڕاپەڕیو»دا شیبکرێتەوە؛ بە جۆرێک کە ڕەهەندە دەروونییەکانی ئەم سەرکوتکارییە، وەک بەشێک لە مەکینەی چالاکی ڕژێم بە مەبەستی مانەوەی سیاسیی دەسەڵات تیشکی بخرێتەسەر.
لەم دواییانەدا، جۆری ئەو تۆمەتانەی کە دەسەڵاتی سیاسی لە ئێراندا بۆ سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەکاریان دەهێنێت، گۆڕانکارییەکی گوتاریی قووڵ و بونیادیی بەسەردا هاتووە. تێپەڕبوون لە چەمکە کلاسیکی و فیقهییەکانی وەک “موحاربە” بەرەو چڕکردنەوەی تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” یان هاوکاری لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە دەرەکییەکان، تەنیا گۆڕینی دەستەواژەیەکی یاسایی نییە، بەڵکوو گواستنەوەیە بەرەو ستراتیژییەکی قووڵتر کە لە زانستی سیاسیدا بە “ئاسایشیکردنی سەرکوت (Securitization of Repression)” دەناسرێت. کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی ئەم گۆڕانکارییەوە، دۆخێکی نائاسایی و هاوشێوەی جەنگ لە کایەی گشتیدا بەرهەم دەهێنێت، کە تێیدا توندوتیژیی حکوومەتی لە کردەوەیەکی سەرکوتکاریی سادەوە دەگۆڕێت بۆ پێویستییەکی حەتمی بە مەبەستی مانەوە و پاراستنی دەسەڵات. ئەم مۆدێلە هاوچەرخەی بەرهەمهێنانی ترس، ئامانجی یەکەمی کارکردنە لەسەر “پێکهاتەی ناسینی (Cognitive Structure)” کۆمەڵگە. کاتێک ناڕازیی یان چالاکوانی نەتەوەیی لە ڕێگەی گوتاری میدیایی و فیلمی دانپێدانی زۆرەملێوە وەک “خائین بە ئاسایشی نیشتمانی” وێنا دەکرێت، پرۆسەیەکی دەروونی لە هزری هاوڵاتیاندا کارا دەبێت کە ئەلبرت باندۆرا بە “دابڕانی ڕەوشتی (Moral Disengagement)” ناوی دەبات. لەم دۆخەدا، تاکی کۆمەڵگە بۆ ڕزگاربوون لە فشاری دەروونی و ترسی دەسەڵات، پێوەرە ئەخلاقییەکانی خۆی بۆ هاوسۆزی سڕ دەکات. بێدەنگیی بەکۆمەڵ بەرانبەر لەسێدارەدانەکان چیتر وەک کشانەوەیەکی ترسنۆکانە نابینرێت، بەڵکوو لە ڕووی دەروونییەوە وەک چاوپۆشینێک بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتی پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە. دەرئەنجامی درێژخایەنی ئەم سڕبوونە دەروونییە، تێکچوونی متمانەی نێوان هاوڵاتیان و سەرهەڵدانی قۆناغی “نامۆبوونی کۆمەڵایەتی”یە. کاتێک تۆمەتی سیخوڕی دەبێتە ئامرازی سەرەکیی سیستم، جۆرێک لە گومانی گشتی و “ئەتۆمیزەبوون (Atomization)” پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دادەپۆشێت کە تێیدا تاکەکان پاشەکشە بۆ ناو کایەی تایبەتی خۆیان دەکەن. ئەم بابەتە هەوڵ دەدات لە ڕوانگەی دەروونناسیی سیاسی و کۆمەڵناسیی توندوتیژییەوە، شیکاری بۆ ئەو میکانیزمانە بکات کە چۆن ئەم ستراتیژییە هێزی متمانە و هاوسۆزی لە جەستەی کۆمەڵگەی ئێراندا دەکوژێت.
لە شەرعیەتی فیقهییەوە بۆ پارادۆکسی ئاسایش: گۆڕانی فۆرمی گوتاری سەرکوت
بۆ تێگەیشتن لە ڕەهەندە قووڵەکانی واقیعی ئێستای ئێران، پێویستە سەرەتا سەرنج لەو تێپەڕبوونە مێژوویی و گوتارییە بدرێت کە سیستمی حوکمرانی لە جۆری سزاداندا ئەنجامی داوە. لە دەیەکانی ڕابردوودا، لانی کەم تا پێش سەرهەڵدانی شەپۆلە نوێیەکانی ناڕەزایەتی، کۆماری ئیسلامی بۆ ڕەواییدان بە لەسێدارەدانەکان، چەکێکی سەرەکیی بەکاردەهێنا کە ئەویش شەرعیەتی ئایینی و فێقهی بوو. تۆمەتەکانی وەک “دژایەتیکردنی خودا” و “گەندەڵکاری سەر زەوی” وەک چەمکێکی پیرۆز و ڕەها وێنا دەکران. کێشەی ئەم جۆرە تۆمەتانە بۆ دەسەڵات لە ئێستادا ئەوەیە کە بەهۆی کاڵبوونەوەی پێگەی ئایدۆلۆژیا لە ناو جەستەی کۆمەڵگەدا، چیتر ناتوانن شۆک یان ترسی پێویست لە ناو کایەی گشتیدا بەرهەم بهێنن؛ بە پێچەوانەوە، زۆرجار قوربانی لە مێشکی خەڵکدا وەک “پاڵەوان” یان” قوربانیی بیروباوەڕ” وێنا دەکرا. لێرەوە، دەسەڵات بۆ نوژەنکردنەوەی ستراتیژیی ترسی خۆی، چەمکی “ئاسایشیکردنی سەرکوت” دەهێنێتە کایەوە. لەم مۆدێلە نوێیەدا، تۆمەتەکە لە کایەی دۆگمای ئایینییەوە دەگوازرێتەوە بۆ کایەی پاراستنی نیشتمان لە مەترسیی دەرەکی، بە تایبەتی تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل.” لە کاتێکدا پێشتر هاووڵاتی تەنیا ڕووبەڕووی سیستمێکی سیاسی دەبووەوە، ئێستا دەسەڵات وا دۆخەکە وێنا دەکات کە هاوڵاتیی ناڕازی ڕووبەڕووی “ئاسایشی نیشتمان و خاکی وڵات” دەبێتەوە. ئەم گۆڕانکارییە، ڕاستەوخۆ کار لەسەر لایەنی دەروونیی مرۆڤەکان دەکات؛ چونکە مێشکی مرۆڤ لە کاتی هەستکردن بە “مەترسیی دەرەکی” یان دۆخی هاوشێوەی جەنگ، بە شێوازێکی ئۆتۆماتیکی ئامادەیی بۆ قەبووڵکردنی توندوتیژیی دەوڵەت تێدا دروست دەبێت، بەو پاساوەی کە “ئاسایشی بەکۆمەڵ لە سەرووی مافە تاکەکەسییەکانەوەیە”.
ئەندازیاریی دابڕانی ڕەوشتی: چۆن ویژدانی گشتی سڕ دەکرێت؟
کاتێک توندوتیژیی سیستماتیک بەرگی ئاسایشی لەبەر دەکرێت، قۆناغی دووەمی ستراتیژییەکە دەست پێدەکات کە تێکشکاندنی پێوەرە ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی “دابڕانی ڕەوشتی”یەوە. لە ڕوانگەی دەروونناسیی ناسینی کۆمەڵایەتییەوە، مرۆڤەکان خاوەنی سیستمێکی چاوەدێریی ناوەکین (Self-regulatory mechanisms) کە ڕێگرییان لێدەکات بەرانبەر بە کوشتن و ئازاری هاوچەشنەکانیان بێدەنگ بن. بۆ تێپەڕاندنی ئەم بەربەستە ویژدانییە، گوتاری فەرمی لە ڕێگەی میدیاکانەوە میکانیزمی “بێبەهاکردن یان سڕینەوەی تایبەتمەندییە مرۆییەکان (Dehumanization)” بە شێوازێکی نوێ کارا دەکاتەوە.
ئەم بێبەهاکردنە تەنیا داماڵینی قوربانی لە تایبەتمەندییە مرۆییەکان نییە، بەڵکوو داماڵینی تەواوی ناسناسنامە مەدەنی و سیاسییەکانیانە. دەسەڵات هێڵی نێوان چالاکییە ئاساییەکان (وەک ناڕەزایەتی بە مەبەستی دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکان) و خەیانەت لێڵ دەکات. هاوڵاتیان کاتێک لە ڕێگەی شاشەکان و فیلمی دانپێدانی زۆرەملێوە دەبینن کە تۆمەتبار دەخرێتە ناو چوارچێوەی “سیخوڕی و خیانەت”، لە ڕووی دەروونییەوە هاوسۆزییان بۆی نامێنێت. لای تاکی سەر شەقام، ئەو کەسە چیتر گەنجێکی ناڕازی، ژنێکی ئازادیخواز یان چالاکوانێکی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو “ئامرازێکی ماددیی دەستی دوژمنە” کە بۆ تێکدانی ئاسوودەیی ژیانی ئەوان بەکرێگیراوە. بەم شێوازە، دەسەڵات تێچووی ئەخلاقیی بێدەنگبوون لەسەر شانی هاوڵاتی مێشک شۆراو لادەبات؛ تاکی کۆمەڵگە لە ناوخۆی خۆیدا بێدەنگییەکەی بەرانبەر لەسێدارەکان بە ترسنۆکی نابینێت، بەڵکوو وەک “هەڵوێستێکی ژیرانە بۆ پاراستنی سەقامگیری وڵات” پاساوی بۆ دەهێنێتەوە، کە ئەمەش لوتکەی دابڕانی ڕەوشتییە.
نامۆبوونی کۆمەڵایەتی: داڕمانی متمانە و دروستبوونی کۆمەڵگەی ئەتۆمیزەکراو
دەرئەنجامی ڕاستەوخۆ و کۆتایی ئەم پرۆسەیە، لە پچڕانی پەیوەندییە مرۆییەکان و دروستبوونی “نامۆبوونی کۆمەڵایەتی (Social Alienation)”دا خۆی بەیان دەکات. کاتێک میکانیزمەکانی ترس دەگەنە ناو قووڵایی هزری کۆمەڵگە، متمانەی نێوان هاوڵاتیان تووشی داڕمانێکی گەورە دەبێت. بەهۆی ئەوەی تۆمەتی سیخوڕی، تۆمەتێکی ناڕوون، سێبەرئامێز و کشانەوەیە و دەکرێت بەسەر هەر کەسێکدا بسەپێندرێت، جۆرێک لە “گومانی گشتی (Universal Suspicion)” باڵ بەسەر پێکهاتەی کۆمەڵگەدا دەکێشێت. ئەم دۆخە کۆمەڵگە بەرەو پرۆسەی ئەتۆمیزەبوون دەبات، کە تێیدا پێکهاتەی بەکۆمەڵ تێکدەشکێت و دەگۆڕێت بۆ تاکە لێک دابڕاو و گۆشەگیرەکان کە متمانە بە دەوروبەری خۆیان ناکەن. لێرەوە، سێ نیشانەی سەرەکیی نامۆبوونی کۆمەڵایەتی دەردەکەون:
هەستی بێدەسەڵاتی (Powerlessness): تاکەکان دەگەنە ئەو باوەڕە کە توانای گۆڕانکاریی سیاسییان نییە و توندوتیژیی دەسەڵات قەدەرێکی حەتمییە.
ئانۆرمی (Anomie): پێوەرە بەهایی و ئەخلاقییەکان دەشێوین؛ کاتێک بینینی لەسێدارەدانی ڕۆژانە بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەبێتە واقیعێکی فەرمی، بەهای خودی “ژیان” لەبەر چاوی کۆمەڵگە دادەبەزێت و توندوتیژی ئاسایی دەبێتەوە.
گۆشەگیری ((Retreatism: مرۆڤەکان لە ترسی گوتاری ئاسایشی، لە کایەی گشتی و چالاکییە هاوبەشەکان دەکشێنەوە و خۆیان لە ناو بازنەیەکی زۆر بچووکی خێزانیدا کەرەنتینە دەکەن.
دەرئەنجام
شەپۆلی لەسێدارەدانەکان کاریگەریی نەرێنی قووڵ لەسەر جەستەی کۆمەڵگەی کوردی و ئێرانی بەجێدەهێڵێت، کە دەکرێت لە سێ تەوەری سەرەکیدا کورت بکرێنەوە:
1– ستراتیژی تێرۆر (Terror Strategy) وەک ئامرازێکی سیاسی
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی ڕێژەی لەسێدارەدان (بەتایبەت لە کاتی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکاندا) چەند ئامانجێکی سەرەکی دەپێکێت:
پیشاندانی هێز لە کاتی لاوازیدا: کاتێک ڕژێم لە ناوخۆیدا ڕووبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتی دەبێتەوە، پەنا بۆ لەسێدارەدانی چڕ دەبات تا پەیامێکی ڕوون بنێرێت: “ئێمە هێشتا کۆنتڕۆڵی تەواوی دۆخەکەمان لەدەستدایە.”
تێچووهەڵگرکردنی خەباتی سیاسی: بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر چالاکوانانی سیاسییدا (بەتایبەت لە کوردستان و بەلووچستان)، دەسەڵات دەیەوێت تێچووی دژایەتیکردنی هێندە بەرز بکاتەوە کە هاووڵاتییان پێش هەر جۆرە چالاکییەک، بیر لە مەرگ بکەنەوە.
ئاساییکردنەوەی توندوتیژی: دووبارەبوونەوەی بەردەوامی ئەم سزایە، هەستیاری (Desensitization) لە کۆمەڵگەدا کەم دەکاتەوە و وای لێدەکات وەک واقیعێکی تاڵ، بەڵام نەگۆڕ وەربگیردرێت.
٢– دەرهاوێشتە دەروونییەکان (Psychological Impact)
ئەم ستراتیژییە تەنیا کاریگەریی لەسەر کەسی لەسێدارەدراو نییە، بەڵکوو تەواوی جەستەی کۆمەڵگە تووشی شۆک دەکات:
ترسی گشتگیر و دڵەڕاوکێی درێژخایەن: دروستکردنی کەشێک کە مرۆڤەکان تێیدا هەست بە ئاسایش نەکەن؛ ئەم ترسە وا دەکات تاکەکان هەمیشە لەژێر فشاری دەروونیدا بن و نەپەرژێنە سەر کێشە بنەڕەتییەکانی وەک ئازادی و مافە مرۆییە بنەڕەتییەکان.
شۆکی دەروونیی خێزانەکان (Trauma)
خێزانی زیندانیانی سیاسی و لەسێدارەدراوان ڕووبەڕووی ئەشکەنجەیەکی دەروونیی بەردەوام دەبنەوە؛ لە چاوەڕوانییەکی کوشندەوە تا دەگاتە نەدانەوەی تەرمی ئازیزانیان یان ڕێگریگرتن لە شینگێڕیی ئازادانە و تەنانەت شکاندنی کێلی مەزاری قوربانی.
بێهیوایی فێرکراو (Learned Helplessness)
کاتێک کۆمەڵگە دەبینێت هێچ میکانیزمێکی یاسایی یان نێودەوڵەتی ناتوانێت ڕێگری لەم سێدارەدانانە بکات، جۆرێک لە بێهیوایی و داڕووخانی دەروونی باڵ بەسەر خەڵکدا دەکێشێت، کە وایان لێدەکات بڕوایان بە گۆڕانکاری نەمێنێت.
٣– کاریگەرییە سیاسییەکان (Political Impact)
لەسەر ئاستی پێکهاتەی سیاسی و پەیوەندیی نێوان گەل و دەسەڵات، ئەم دەرئەنجامانەی لێ دەکەوێتەوە:
داڕووخانی شەرعییەتی یاسایی: دادگاییکردنی خێرا، بێبەشکردن لە پارێزەر و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا، دەسەڵاتی دادوەری لە ئێراندا کردووەتە ئامرازێکی تەواو سیاسی. ئەمەش بڕوای خەڵکی بە چەمکی “یاسا” و “دادپەروەری” لەو سیستمەدا بەتەواوی لەناو بردووە.
سەپاندنی بێدەنگیی کاتی و تەقینەوەی داهاتوو: ئەگەرچی ترس دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی شەقامەکان کپ بکات، بەڵام هاوکات کینە و تووڕەییەکی پەنگخواردوو لەژێر پێستی کۆمەڵگەدا دروست دەکات. ئەم کۆنترۆڵە تەنیا سەپاندنی سەقامگیرییەکی ساختەیە کە لەگەڵ بچووکترین دەرفەتدا وەک ڕاپەڕینێکی بەهێزتر دەتەقێتەوە.
هەڵاواردنی پێکهاتەیی: ئامارەکان هەمیشە دەریدەخەن کە ڕێژەی لەسێدارەدان لە کوردستان و بەلووچستاندا لەچاو ناوچەکانی دیکە بەرزترە. ئەمەش بووەتە هۆی قووڵبوونی درزی سیاسی و نەتەوەیی لە نێوان پێکهاتەکان و ناوەندی دەسەڵاتدا.
