خەبات و بەرخۆدانی ئازادیخوازیی ژنان لە شەڕە جیهانییەکانەوە هەتا خەباتی ژنانی کورد…..

پێشەکی
سەدەی بیستەم یەکێک بوو لە توندترین و خوێنڕێژترین قۆناغەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، سەدەیەک کە دوو شەڕی گەورەی جیهانی و هەروەها ژمارەیەکی زۆر شەڕو چالاکیتر، تێیدا ڕوویداوە. لە نێوان ئەم هەموو گۆڕانکارییە گەورانەدا، ژنان ڕۆڵێکی گرینگ و کاریگەرییان هەبوە، ڕۆڵێک کە زۆرجار لە مێژووی فەرمی و نووسراوەدا یان شاردراوەتەوە یان بێ بەها کراوە، ئەم مێژووە نیشانی داوە کە بێ هاوکاری و هاودڵی ژنان، پیاوان بە تەنیا ناتوانن شەڕەکان بەڕێوە ببەن و سەرکەوتوو بن. سەرهەڵدانی بزووتنەوەی فێمێنیستی لە رۆژئاوا لەلایەک و قسەوباس و ڕاوبۆچوونەکان سەبارەت بە بەشداری و ڕۆڵی کاریگەری بەشداریکردنی ژنان لە نێو هێزی چەکداری و ئەکادیمییەکانی رۆژئاوا لەلایەکیتر، رێگەخۆشکەر و هاندەری زیاتر بوو بۆ ژنان کە وەکوو شەڕڤان بەشداری جوڵانەوەکان بکەن.
شتێکی نوێ و سەیرو سەمەرە نییە کە لە کۆمەڵگەی ئێستادا کە هێشتا سێبەر و تێڕوانینی پیاوسالارانە، کولتوور و ئایین بەسەر نەتەوەی کورددا زاڵە، بەشداری ژنان وەکوو شەڕڤان لەنێوان هێزە چەکدارەکان، شکاندنی سیستمی پیاوسالاری و دژایەتیی تەقلیدی کۆنەپارێزییە.
مێژوونووس و نووسەری ئەمریکایی ماری ڕیتێر بێرد، لە کتێبی ژن وەکوو هێز لە مێژوودا نووسیویەتی لەو شوێنانەی کە ژن فەرمانڕەواو بڕیاردەرو جێبەجێکار بوون، سەربازەکانیان هانداوە بۆ شەڕو شانبەشانی پیاوان لە شەڕدا بوون و بۆ بەرگری کردن لە ماڵومنداڵ و نیشتمانیان چەکیان هەڵگرتووە.
ژنان و شەڕە جیهانییەکان:
بەشداری ژنان لە شەڕی جیهانی یەکەم شتێکی شاراوە نییە. لە شەڕی جیهانی دووهەم (١٩٣٩–١٩٤٥) و شەڕەکانی دواتر، ئەم بەشدارییە چووە قۆناغێکی نوێ. ژنان تەنها یارمەتیدەر نەبوون، بەڵکوو بوون بە هێزێکی سەرەکی لە چالاکییە سەربازی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا و تواناییان نیشان دا بۆ سەقامگیرکردنی پێگەو شوێنی خۆیان لە کۆمەڵگەی جیهانی بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی مافەکان. لە شەڕی چەکداری، پەرەستاری، رۆژنامەوانی، بوارەکانی کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ، پیشەسازی و بواری زەوی و زار، ژنان چالاک بوون و زۆرجار گیانی خۆیان فیدا کردووە و هاوکات لەگەڵ ئەوەیش، ژنانی کاریگەر لە مێژووی شەڕەکاندا کەم نەبوون و نین. ڕاستییە مێژووییەکان لە شەڕی جیهانی دووهەمدا، بە پێی ئامارەکان لە یەکێتی سوڤیەتدا نزیکەی ٣٠٠,٠٠٠ ژن، لە وڵاتە یەکگرتووەکان ٣٥٠,٠٠٠ ژن، لە بەریتانیا ٤٥٠,٠٠٠ ژن، لە ئەڵمانی نازی ٤٥٠,٠٠٠ ژن، لەناو هێزە چەکدارەکاندا بەشدارییان کردووە، نزیکەی ٧٥٪ ئەو ژنانە بە دڵخوازی خۆیان چوونەتە ناو شەڕ. ئەمە لە کاتێکدا بووە کە زۆرێک لە ڕێبەرانی سیاسی و سەربازی وڵاتە یەکگرتووەکان بە توندی دژ بە بەشداری ژنان بوون. بەڵام ئەنجامی خەبات و پێداچوونەوەی ژنان ئەوە بوو کە لە ساڵی ١٩٤٨ یاسای تێکەڵکردنی ژنان لە چالاکییە چەکدارەکاندا وەک بەشێکی فەرمی پەسەند کرا و ژنان وەک هێزی چەکدار ناسێندران.
ژنان، کار و بەرپرسیارێتی نوێ
لە درێژایی شەڕی جیهانی دووهەمدا، کاتێک پیاوان لە مەیدانی شەڕدا بوون، ژنان بەرپرسیارێتییەکانی ناو ماڵ و کۆمەڵگەیان گرتە ئەستۆ. ژنان لە کشتوکاڵ، کارگەکانی بەرهەمهێنانی چەک و چۆڵ، دروستکردنی فڕۆکە، کەشتی و کەرەستە سەربازییەکاندا کاریان کرد. لە بواری پەرەستاری و خزمەتگوزاریی مرۆییدا، ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا، هەزاران ژن لە ڕێکخراوەکان وەک خاچی سووری ئەمریکا وەک پەرەستیار و یارمەتیدەر بارهێنراون. ئەم بەشدارییە ڕێگایەکی گرنگ بوو بۆ سەقامگیرکردنی هەستی سەربەخۆیی، سەربەرزی و یەکسانی ڕەگەزی. بەپێی ئامار، ڕێژەی ژنانی خاوەنکار لە ساڵی ١٩٣٩ بڕی ٢٦٪ بوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٤٣ بۆ ٣٦٪ی ژنانی خاوەنی تەمەنی کارکردن گەیشت، ئەمەش تەنها ئەو ژنانە دەگرێتەوە کە لە بازاڕی کاردا تۆمار کراون، نەک ژنانی ماڵەوە.
ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لە ئێران و بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، ژنان شانبەشانی پیاوان لە شەڕ و سەنگەر و ئامادەکارییەکانی شەڕدا خەباتیان کردووە و ژمارەیەکیان گیانیان فیدا کردووە.
ژنانی کورد و خەباتی ئازادی
بە درێژایی مێژوو، ژنانی کورد پێگەیەکی گرنگیان لە بزووتنەوەکانی ئازادیخوازی گەلی کورددا هەبووە. لە ماوەی زیاتر لە ٥٠ ساڵی رابردوودا، بزووتنەوەکانی ئازادیخوازی بە گرنگترین بازنەی خۆڕاگری گەلی کورد ناسراون. ژنان لە ڕاپەڕینی باشوور، خەباتی باکوور، و شۆڕش و بەرگری دژی داعش لە ڕۆژئاوا، نەک تەنها لە چوار پارچەی کوردستان، بەڵکوو لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیشدا بوون بە هێمای بەرخۆدان و ئازادی.
نموونە مێژووییەکان
قەڵای دمدم: لە سەرەتای سەدەی حەڤدەهەمدا، ژنانی کورد بە سەرکردایەتی گەوهەر خاتوون و پەریزاد خاتوون بە شێوەیەکی قارەمانانە دژی داگیرکاری سوپای سەفەوی ڕاوەستان.
“زەریفە”: یەکەم ژنی کورد کە ساڵی ١٩٣٧ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی تورکیا بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کرا.
“لەیلا قاسم”: ساڵی ١٩٧٤، لە ژێر تەنافی سێدارە، سروودی نەتەوەیی «ئەی ڕەقیب»ی خوێند و بوو بە هێمای بەرخۆدان دژی ستەم و بێدادی.
“سەکینە جانسز”: یەکێک لە ژنانی ناسراوی خەباتی کورد کە ساڵی ٢٠١٣ لە پاریس شەهید کرا.
“قەدەمخێر” خەڵکی پارێزگای لۆڕستان یەکێکیتر لە ژنە شۆڕشگێڕانی سەردەمی ڕەزاشای پەهلەوی بووە کە لە شەڕەکاندا قارەمانێتی گەورەی تۆمار کردووە.
زۆرن ژنانی کورد کە توانیویانە مێژوویەکی زێڕین و پڕ لە شانازی بۆ خۆیان و گەلەکەیان تۆمار بکەن و هەر یەکەیان لە بوارێکدا ڕۆڵێکی گرینگیان بینیوە بۆ خزمەتکردن بە کورد و کوردستان، ژنانی نووسەر، شاعیر، سیاسەتمەدار، پێشمەرگە، شەڕڤان، فەرماندەو … کە نموونەیان زۆر و بەرچاوە لەنێو نەتەوەکەماندا.
لە ئایینە جیاوازەکاندا و بە شێوەی جۆراوجۆر لە روانگەی خۆیانەوە باسیان لە ژن کردووەو پێگەو جێگەیان بۆ ژن وەکوو نیوەی کۆمەڵگە داناوە، لەم سەردەمی مۆدێرنیتەیشدا ئایینی ئیسلام بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردی لەخۆ گرتووەو کاریگەری لەسەر داناوە، هەندێک پیاوانی ئایینی لە ژێر کاریگەری ئایین و کولتوور و نەریتدا باوەڕی تەواویان بەوەیە کە، پیاوان مافی خاوەندارێتی ژنیان بەدەستەوەیە و ژنانیش دەبێ ملکەچی پیاوان بن و چاودێری بکرێن، پیاوانیان سەرتر لە ژنان داناوە، پیاوانی دەست ئاوەڵا داناوە لەکاتێکدا ژن گوێڕایەڵیان نەبن ریگەپیدراوە لە ژن بدرێت، تەنانەت دیارکراوە کە لێدانەکە رێگەپێدراوە تا ئەو ئاستەی جێگەو شوێنی دیار نەبێت. پیاوانی ئایینی بڕوایان بەوە هەیە کە دەبێت ژن لە ماڵەوە دابنیشێت و لەناو خەڵکدا نەناسرێن و نەبیندرێن، ژنان نابێت فێری نووسین و خوێندنەوە ببن ئەمانەو زۆر شتیتر وەک ئەوەی لە قورئاندا هاتووە رێگەخۆشکەرن بۆ زاڵبوونی پیاوان بەسەر ژنانداو زۆربەی پیاوانی ئایینی کەڵکیان لێوەرگرتوون و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر بەشێک ژناندا سەپاندووە.
کۆتاییی
ژنان، لە شەڕە جیهانییەکانەوە هەتا خەباتی ئازادیخوازی گەلان، نیشانیان داوە کە تەنها بینەر یان قوربانی مێژوو نین، بەڵکوو ژنان خۆیان مێژوویان خولقاندووە، ڕۆڵی ژنان شتێکی حاشاهەڵنەگرەو پشتگوێ خستنیان حاشاکردنە لە نیوەی مێژووی مرۆڤایەتیی. خەباتی ژنان، بە تایبەتی ژنانی کورد، هێشتا بەردەوامە و بوونەتە هێمای ئازادی، یەکسانی و بەرخۆدان، ژنانی کورد ئێستا زۆر وشیارترن و بەردەوام لە بەرەوپێشبردنی هزرو بیری سەربەخۆیی و ئازادی و دەستەبەکردنی مافەکانیان.
