لە تابۆەکانەوە تا ڕاستییەکان، توندوتیژی دژی ژنان لە کوردستان هێشتا بەردەوامە

٢٥ی نۆڤامبری هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان دیاری دەکرێت. ئەم ڕۆژە هێمای گرنگیدانی جیهانییە بە مافەکانی ژنان و وەبیرهێنانەوەی ئەوەیه کە تا کۆمەڵگایەک کە ژنان تێیدا ئازاد نەبن و هەست به ئاسایش و ئەمنییەت نەکەن، هەرگیز ناتوانێت یەکسانی و دادپەروەریی ڕاستەقینه ئەزموون بکات. بەڵام لێکۆڵینەوە لە توندوتیژی دژ بە ژنان لە کوردستان، لە دەرەوەی تێڕوانینی گشتیی، پێویستی بە شیکارییەکی قووڵی کولتووریی و مێژوویی و سیاسی هەیە بۆ ئەوەی لە هۆکارەکانی بەردەوامیی توندوتیژیی بەرانبەر به ژنان و ڕۆڵی حیزب و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان تێیدا، تێبگەین.
من نامەوێ لەم بابەتەدا لە سەر شتەکان زۆر ورد ببمەوە و مێژوو و کولتووری کوردستان هەڵکۆڵم و لە ڕاستیدا ئەمە کاری مێژووناسان،پسپۆڕان و کۆمەڵناسانه و من بە پێی زانیارییەکانی خۆم تێکۆشاوم تەنها هەندێ شت بخەمە ڕوو. وەکوو ژنە کوردێک کە هەم هەڵگری کولتووری کوردیه و هەمیش برینداری ئەو کلتوورەیه ئەم بابەتە دەورووژێنم، ڕەنگه تفێکی سەرەوژوور بێ و هەر نێوچاوانی خۆمان بگرێتەوە، بەڵام پێویسته هەندێ جار نقورچکێک لە خۆمان،لە کولتوورمان،لە داب و نەریتمان بگرین تا بتوانین گۆڕانکاریی ئەرێنی تێیدا درووست بکەین.ئەم نوقرچکە وەک شەربەتێک وایه ڕەنگه تاڵ بێت و نێو زارمان تاڵ بکات بەڵام لە کۆتاییدا نەخۆشینەکەمان چارەسەر دەکات و ڕزگارمان دەکات.
ئەگەر بمانەوێت باسی کوردستان بکەین، دەبێت بەبێ ترس بچینە قووڵاییەوە، نەک لەسەر ئاستی تیئۆری، بەڵکوو لەو شوێنانەی کە کچان هێشتا لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا و کەمتریش، بەبێ مافی هەڵبژاردن هاوسەرگیری دەکەن، کە ژن هەڵگری ئابڕوو و شەرەفی بنەماڵه و خێڵەکەیەتی، کە ژن به کەم عەقڵ(ناقص العقل) ناوی لێ ئەبەن و تەنانەت لە ڕیزەکانی ئەو لایەنەنای کە ئاڵای ئازادی و یەکسانییان هەڵگرتووە، ژنان پشکێکی یەکسانیان لە سیاسەتدا نییه و زۆرجار نابینرێن.
نامەوێت وەک کلیشه بچمە ناو جۆرەکانی توندوتیژی و کاریگەرییەکانی، دەمەوێت هەنگاوێک ئەولاتر بڕۆم و تێگەیشتنێکمان هەبێ لە خۆمان و کوردستان و کولتوورەکەی و جۆرەکان و هۆکارەکانی توندوتیژی لەم جوغرافیایەدا.
لەم بابەتەدا دەمەوێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەمەوە:
ئایا توندوتیژی دژ بە ژنان لە کوردستان بوونی هەیە؟ باوترین جۆرەکانی توندوتیژی چین؟
تا چ ڕادەیەک کولتوری کوردی کاریگەری نەرێنی لەسەر بەردەوامی ئەم توندوتیژییە هەیە؟
حیزبه سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی سەدەیەک بوونیان هەیە و خۆیان بە خاوەنی بیرۆکەی یەکسانی و مافی ژنان دەزانن. تا چ ڕادەیەک توانیویانە کاریگەریی لەسەر کولتووری کۆمەڵایەتی و دەستەجەمعی گەلی کورد درووست بکەن؟
جگە لە کولتوور و نەریتی دژەژن لە کوردستاندا و کاریگەریی کەمی حیزبەکان لەم بوارەدا، ئایا توندوتیژی دژی ژنان لەناو حیزبەکاندا بوونی هەیه؟ ئەگەر هەیه هۆکار چییە و تا چەند هەوڵی کەمکردنەوەی دراوە؟
کولتووری کوردی بە هەموو جوانی و دەوڵەمەندییەکانییەوە هەڵگری کۆمەڵێک نەریتی دژەژن و بەرتەسککەرەوەیە. دڵنیام چەمکی “ژن به ژن”تان زۆر بیستووە هەرچەند ئەمە هەڵئەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێکی دوور و تایبەتیشە بە هەندێ شار و ناوچەی کوردستان، بەڵام ئەوەیکه گرنگه ئەمەیه کە ژن بە ژن سەردەمانێک لە کوردستان هەبووه.
یان بەرخوێن،”واتا کاتێک کەسێک پیاوێک دەکوژێ لە جیاتی پوول کچێک بە زۆر ئەدەنه ماڵی کوژراوەکه”، نەریتی قیزەونی خەتەنەکردنی ژنان بۆ کەمکردنەوەی هەستی جێنسییان، پشکنینی پەردەی کچێنی کە سەردەمانێک بیانوویەک بوو بۆ کوشتنی ژنان،هاوسەرگیریی زۆرەملێ و منداڵ_هاوسەری، ڕێگریی و سنووردارکردنی کچان لە خوێندن، سەرەوهەوێ و دەیان توندوتیژیی دیکه کە لە کولتووری کوردیدا بووە و بەم جۆرەیه ژنانیان پێ جەوساندووەتەوە و کردوویانه بە ژێردەستە.
یەکێک لە عەیب و ئیرادەکانی ڕەسم و نەریتە کۆنەکانی کوردەواری له کاتی منداڵبووندا دەرئەکەوێت، ئەو کاتەی دایکێک منداڵی دەبوو ئەگەر منداڵەکە کوڕ بواتای ئەوە چرای ماڵەکەیان هەڵئەکرد و واتای ئەوە بوو کە وەجاخی ئەو باوک و دایکه ڕۆشنه و نەسڵیان درێژەی هەیه و تەقەی خۆشیشیان ئەکرد بەڵام ئەگەر منداڵەکە کچ بواتای ئەوە ئیدی وەجاخ کوێر بوون و ئەمە لە خۆیدا هەم هەستی گوناح،ناکارامەیی و شەرمی ئەدا بە دایکەکە و هەمیش ئاستی منداڵە کچەکەی لە مرۆڤێکەوە دائەبەزاند بۆ بوونەوەرێکی بێ بەها.ئەم باوەڕە وردە وردە دیاردەی کوڕپەرەستی پەرە پێدا و ژن تەنیا وەک خزمەتکارێک بۆ خزمەتکردن بە پیاو و نێرینەی بنەماڵەکە سەیر دەکرا و ڕێزی ئەو، بە دەرەجەی گوێڕایەڵیەکەی پێوانه دەکرا.
ژنێکی باش و ڕێک و پێک لە نێو کولتووری کوردیدا ژنێک بوو کە دەنگی پێکەنینی کەس نەیبیسبێت،شان بە شانی پیاو لە دەرەوەی ماڵ و لە مەزاراکاندا کار بکات و کاری ماڵیشەوە بکات و چێشتلێنەرێکی باش بێت و کوڕزێ بێت و بە تەواوی لە خزمەتی هاوسەرەکەیدا بێت و بەڵی بان چاو بکات، ڕێک ئەو تایبەتمەندیانەی کە کوێلەیەک هەیەتی.ئاوا ژنێک، ژنێکی باشە و پەسەندکراوی کۆمەڵگەکەیه.
لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئێستایشی لەگەڵ بێ، ژن به زەعیفه ناوزەد دەکەن و بە کەمعەقڵی دەزانن.ئەمانه و دەیان توندوتیژیی دیکه کە هەر لە منداڵیەوە بەرۆکی به ژنانی کورد گرتووە و زۆربەیانیش تا ئێستا بەردەوامن لە لایەک و دیاردەی ژنکوژیی و خۆکوژیی ژنان کە توندترین جۆری توندوتیژییه لە لایەکی دیکه زەروورەتی نووسینی ئەم جۆرە باباتانەی زۆرتر دەکاتەوە.
دیاره توندوتیژی خێزانی نەک هەر کوردستان بەڵکوو لە ئاستی جیهاندا باوترین جۆری توندوتیژیی دژی ژنانه و لە نێوان ئەویشدا توندوتیژی دەروونی، ڕەوانی و پێکهاتەیی باوترینیانه.
لێرەدا واز لە یاسا ئیسلامی و پیاومەزنەکەی کۆماری ئیسلامی دێنم و ڕێک دەچمەوە سەر کولتوور و داب و نەریتەکەمان،هەرچەند لەگەڵ ئەو ڕاستیە هەم کە یاسا دەتوانێت کولتوور بگۆڕیت و کولتووری باش جێ بخات بەڵام هەندێ جار کولتوور زاڵ ئەبێتە سەر یاسادا، بە سەریدا باز دەبات و بۆ مانەوەی خۆی، لەگەڵ یاسا و پێشکەوتن و تەنانەت شۆڕشیش بە شەڕ دێت.ئەوە نییه شۆڕشی ژینا بەو گەورەیی و کەم وێنەیی خۆیەوە بەو درووشمه یەکسانیخوازانەیەوە نەیتوانی گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ لە کولتووری پیاوسالارانەی زاڵ بە سەر کوردستاندا درووست بکات.کە وابوو لە کوردستان نە تەنیا یاسا بەڵکوو پێکهاته ، داب ونەریت، کولتوور و پەروەردەی سەقەت و کۆنەپەرستانه لەو کۆمەڵگادا ڕۆڵی سەرەکیان هەیه لە بەردەوام بوونی توندوتیژی بەرانبەر به ژنان.
کوردستان ئەمڕۆ بە شارنشینی و هاتنی جیلی نوێ و ڕۆشنبیر گۆڕا، بەڵام ڕەگ و ڕیشەکه هێشتا لە ژێر زەویدا زیندووە، پڕیشکێک بەسە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو نەریته.
کوردستان یەکێکە لەو ناوچەگەله کە ئاماری خۆکۆژیی ژنان و ژنکوژیی لەم ساڵانەدا جێگەی نیگەرانی بووه و هۆکارەکانیشی زیاتر بۆ ئەو توندوتیژییانه دەگەڕێتەوە کە بە شێوەی شاراوە و ئاشکرا بەرانبەریان دەکرێت.
ئەی دوای دەیان ساڵ کار و خەباتی چڕ و پڕی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێنانی ئەندێشەی بەرابەری و یەکسانی بۆ نێو بەرنامه و سیاسەتیان، بۆچی گۆڕانکارییە کولتوورییەکانی کۆمەڵگای کوردستان زۆر خاو بووە.
بە بڕوای من حیزبه کوردییەکان کە هەندێکیان مێژووی نزیکەی یەک سەدەیان هەیه نەییانتوانیوه کاریگەرییەکی بەرین و بەرچاویان لە باشترکردنی دۆخی ژنان لە کوردستاندا هەبێت.سەبارەت بە توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان لە نێو حیزبەکانیشدا ناتوانین بڵێین هیچ توندوتیژیەک نەبووە، ئەمە ئیدعایەکی پووچ و دوور لە ڕاستیه.ناکرێ حیزبێک لە کۆمەڵگایەک تەغزیه بکات کە هێشتا عەقڵیەتی پیاوسالاری تێدا زاڵه و هێزی مرۆیی لە کۆمەڵگایەک وەربگرێت کە هێشتا چاکسازیی تێیدا نەکراوه، هێشتا پرسی ژن تێیدا نە تەنها چارەسەر نەکراوە بەڵکوو دوای پرسی نەتەوەیی کەوتووە، ناکرێ ئیدعای ئەوە بکات کە لە نێو تەشکیلاتەکەیدا مافی ژنان بە تەواوەتی بەدیهاتووە ناتوانێ بڵێت بەرانبەر به ژنان توندوتیژی ناکرێت.
کە واته بەڵێ وەکوو ژنێک دەڵێم لە هەموو حیزبەکاندا توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان بوونی هەیه و بە تیبیعیشی دەزانم بەڵام پرسیارەکە لێرەدا دێتە پێش، حیزب و رێبەرییەکی چەنده توانیویانه بەرنگاری ئەم توندوتیژیانه ببنەوە؟ئایا یاسا دەروون حیزبییەکان کە زۆریش مرۆڤانه و دادپەروەرانەیه، وەکوو خۆیان جێبەجێ دەکرێن؟
هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا، عەقڵیەتی پیاوسالاری هێشتاکه هەر زاڵه، هەم بە سەر تاکەکانی کۆمەڵگادا و هەمیش تا ڕادەیەک بە سەر ئەندامەکانی حیزبەکاندا.عەقڵیەت، ئەویش عەقڵیەتێک کە بەرژەوەندییە کەسییەکانتی تێدا بێت زۆر دێر و سەخت دەتوانی وەلای نێی.عەقڵیەت، جل و بەرگ نیه بە ئاسانی بیگۆڕی، عەقڵیەت گۆڕین ئازاری هەیە پێویستی بە بوێری،ئازایەتی،لەخۆبوردوویی و خباتی بەکۆمەڵ هەیه.
هەر ئەو عەقڵیەتە پیاومەزنه دزەی کرده نێو ساختاری حیزبەکان و بووە هۆی ئەوەیکه زۆرێک لە ژنانی شۆڕشگێڕ و خەباتکار لە نێو حیزبەکاندا تواناکانیان لە بەرچاو نەگیرێت،پەروەردە نەبن،ون بن و نەبینرێن.
لێتان ئەپرسم لە نێو حیزبەکاندا چەند ژن لە لوتکەی بڕیاردان بوون؟چەند ژن لە مێژووی خەبات سڕاونەتەوە لەبەر ئەوەی ناو و ئازایەتیەکانیان تۆمار نەکراوه؟چەند ژنی خاوەن قسە و بۆچوون و سیاسەتوان لە نێو کوورەی پیاوسالاریدا توانەتەوە و نوقم بوون؟
چەند ژن بێزار و ماندوو بوون لە بەشەڕهاتن لەگەڵ بیری پیاوسالاری لە نێو حیزبەکاندا و وازیان لە خەبات و شۆڕش هێنا؟
کاتێک حیزبێک ناتوانێت چاکسازی جێندەری لە پێکهاتەی ناوخۆیی خۆیدا جێبەجێ بکات، چۆن دەتوانێت کۆمەڵگا بگۆڕێت؟.
دروشمەکان،بەرنامە و پڕۆگرامەکان، باس لە دادپەروەری دەکرد، بەڵام دەسەڵاتی نێرینە هەر ماوە و پێویسته کاری زیاتری بۆ بکرێ.
لە کۆتاییدا ئەبێت باس لە چارەسەرەکان بکەین، ناکرێ تەنها ڕەخنەگر بین، ئەبێت باسێکیش لە چ کردن بکەین.
بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بەرانبەر به ژنان دەبێت بە گشتی و بەکۆمەڵ قۆڵی هیمەتی لێ هەڵماڵین و بیر و هزری یەکسانیی و بەرابەری لە نێو زەینی تاک بە تاکی خەڵکی کوردستاندا بچێنین و نیاگامان به ژن بکەین بە نیگایەکی ئینسانی، با لە ئاست درووشمەکانماندا بژین و با پراگماتیک بین.
ئەگەر ڕۆژێک هات کە کچێک لە کوردستان بتوانێت بە ئازادی پیاسه بکات، بە ئازادی بڕیار بدات، بە ئازادی عاشق بێت، بە ئازادی بژی ئیدی ئەو ڕۆژە توندوتیژی کۆتایی دێت.
بەڵام تا کوڕ بوون ئیمتیاز بێت و کچ بوون کۆت و بەند ، تا ژنێک ببینرێت بەڵام نەبیسترێت، تا کاتێک حیزبێک خۆی بە پێشەنگ بزانێت بەڵام ژن لە تروپکیدا نەبێت، دەبێت دان بەوەدا بنێین که ئێمە هێشتا لەسەر ڕێگای ڕزگاری نەوەستاوین.
بە هیوای ژیانێکی ئازاد،سەربەست و ئینسانیی بۆ هەموو ژنانی جیهان
