خەباتی ژنان بەرو یەکسانی ڕاستەقینە ….

هەرچەند، له سەردەمی ئێستادا ژنان، توانیویانە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە زانکۆ و بازاڕی کارەوە تا بوارەکانی سیاسی و بەڕێوەبردن حوزووری بەر چاویان هەبێت و بە ڕواڵەت بۆ یەکسانی خەباتی بێوچان دەکەن، بەڵام بوونی ڕواڵەتی هەمان یەکسانی ڕاستەقینە نییە. ئەم بۆشاییەی نێوان “دەستڕاگەیشتن” و “یەکسانی” ڕەگ و ڕیشەی لە هۆکارە مێژوویی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت دەروونناسیدا هەیە، ئەگەرچی باسێکی زۆر بەر فراوانە و لە یەک بابەتدا باسی لێناکرێت، بە کورتی پێداچوونەوە بەم بابەتە دەکەم.
١_ هۆکارەکانی بەردەوامبوونی نایەکسانی
ڕەگ و ڕیشەی کولتووری و نەریتی:
١.١ لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا، ڕۆڵی جێندەری بۆ چەند هەزارە لەسەر بنەمای دابەشکردنی نەریتی کار لە قاڵب دراوە. پیاوان وەک بژێوی ژیان و دەسەڵاتداری بنەماڵەی خۆی و ژن وەک چاودێر بۆ خێزان پێناسە دەکران. ئەم وێنەیە هێشتا لە عەقڵی دەستەجەمعی زۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا بوونی هەیە و تەنانەت نائاگایانە کاریگەری لەسەر ڕەفتار و بڕیارەکان هەیە.
١.٢ نایەکسانی لە دەرفەتەکاندا نەک تەنها لە یاساکاندا:
لە زۆرێک لە وڵاتان یاساکان بە ڕواڵەت یەکسانن، بەڵام پێکهاتە و بیرکردنەوەکان هێشتا یەکسان نین. بۆ نموونە ژن و پیاو دەتوانن ببنە بەڕێوەبەر، بەڵام ژنان کەمتر دەبینرێن و تۆڕی پشتیوانی کەمتریان هەیە و دەرفەتی کۆمەڵایەتی کەمترن.
١.٣ بەرپرسیارێتی دووانەی ژنان:
ژنان بە گشتی دەبێت هاوسەنگی لە نێوان کار و بەرپرسیارێتی خێزانیدا هەبێت. ئەم دوو فشارە پێشکەوتنیان قورستر دەکات.
١.٤ هەڵوێستە چەقبەستوو و تێڕوانینە جیاکارییە شاراوەکان:
هەڵوێستەکانی وەک “ژن بۆ ئەم کارە گونجاو نییە”، “ئەوان هەستیارن”، یان “ئەولەویەتی ئەو خێزانەکەیەتی” تا ئێستاش لە زۆر ژینگەدا دەبیسترێت و ڕێگری لە گەشەکردنی ڕاستەقینە دەکات.
٢_چۆن کۆمەڵگایەک دەتوانێت لە “دادپەروەری جێندەری”ەوە بگۆڕێت بۆ “یەکسانی ڕاستەقینە”.
٢.١ قۆناغی یەکەم: دادپەروەری بۆ قەرەبووکردنەوەی نایەکسانی مێژوویی
لە هەنگاوی یەکەمدا کۆمەڵگا دەبێت قبووڵی بکات کە نایەکسانی بوونی هەیە.
ئەم قۆناغە زیاتر قۆناغێکی چاکسازی و پشتیوانییە. ئەمە برتیە لە:
دروستکردنی یاسای پاراستن بۆ ژنان (مۆڵەتی منداڵبوون، ئاسایشی کار، بیمەی منداڵبوون، پشتیوانی بۆ سەرۆکی ماڵە ژنەکان و هتد)
کۆتایی ئەرێنی (بۆ نموونە تەرخانکردنی ڕێژەیەک لە کورسییەکانی بەڕێوەبەرایەتی یان زانکۆ بۆ ژنان)
پەروەردەی گشتی سەبارەت بە مافی ژنان و پیاوان
لەم قۆناغەدا ئامانج ئەوەیە کە ژنان بتوانن بە مەرجی یەکسان لەگەڵ پیاوان ڕکابەری بکەن.
٢.٢ قۆناغی دووەم: گۆڕانی هەڵوێست و ڕۆشنبیری گشتی
هیچ یاسایەک بەبێ گۆڕینی بیرکردنەوەکان بەردەوام نابێت. کەواتە لە هەنگاوی دووەمدا دەبێت کولتوری گشتی بەرەو ڕێزگرتن و باوەڕبوون بە تواناکانی ژنان هەنگاو بنێت.
چارەسەرەکان:
پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی پەروەردەیی (کتێبی خوێندن، بەرنامەی میدیایی، ڕیکلام). پێشخستنی نمونەی سەرکەوتووی ژن لە زانست، سیاسەت، بەڕێوەبردن، هونەر، و وەرزشدا. هاندانی پیاوان بۆ بەشداریکردنی یەکسان لە کارەکانی ماڵەوە و پەروەردەکردنی منداڵ. لەم قۆناغەدا کۆمەڵگا وردە وردە لە ڕوانگەی “ژن پێویستی بە پشتیوانی هەیە” دەچێتە ڕوانگەی “هەم ژن و هەم پیاو بەرپرسیارن لە گەشەکردنی کۆمەڵگا”.
٢.٣. قۆناغی سێیەم: یەکسانی پێکهاتەیی و دامەزراوەیی
کاتێک دادپەروەری جێندەری تا ڕادەیەک جێگیر بوو و کولتووری گشتی گۆڕانی بەسەردا هات، دەبێت یەکسانی ببێتە بەشێک لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی.
ئەمە برتیە لە:
نەهێشتنی هەر جیاکارییەکی شاراوە لە دامەزراندنی کارمەند، پلەبەرزکردنەوە، یان مووچەدا. هەڵسەنگاندنی ئەدای کارکردن لەسەر بنەمای توانا و شایستەیی نەک ڕەگەز، ئامادەبوونی هاوسەنگی ژنان و پیاوان لە بڕیاردان و داڕشتنی سیاسەتدا. شەفافیەتی داتا و ئاماری جێندەری بۆ چاودێریکردنی یەکسانی. لەم قۆناغەدا چیتر پێویستی بە “کۆتا” یان “ئیمتیازاتی تایبەت” نییە، چونکە کۆمەڵگا بەڕاستی گەیشتووەتە هاوسەنگی.
٢.٤ قۆناغی کۆتایی: یەکسانی لە دەروون و ڕەفتاردا
لە کۆتاییدا یەکسانی ڕاستەقینە کاتێک بەدەست دێت کە:
ڕەگەز چیتر فاکتەری حوکمدان یان سنووردارکردن نییە، هەر کەسێک بە بەهرە و ئیرادە و مرۆڤایەتی خۆی دەناسرێتەوە، و ڕێزگرتنی یەکتر لە هەموو پەیوەندییە مرۆییەکاندا دامەزراوەیی کراوە. لەم ئاستەدا ژن و پیاو دژی یەک نین، بەڵکو پێکەوەن.
٣~ئەنجام
– یەکسانی جێندەری مانای چییە؟
یەکسانی بە مانای یەکسانی ڕەها نییە، بەڵکو مامەڵەی یەکسانە لەگەڵ بەها و ماف و دەرفەت و ڕێزگرتنی یەکتر.
دەتوانین بڵێین: یەکسانی لە کەرامەتی مرۆڤدا: ژن و پیاو لە ڕووی بەهای مرۆڤایەتی و مافی بڕیاردان یەکسانن. یەکسانی لە دەرفەتەکاندا: پێویستە هەردووکیان دەرفەتی خوێندن و کارکردن و بەشداریکردن لە سیاسەت و گەشەکردنیان هەبێت لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە.
دادپەروەری لە جیاوازییەکان: یەکسانی بە مانای چاوپۆشیکردن لە جیاوازییە بایۆلۆژی و دەروونییەکان نییە، بەڵکو دابینکردنی هەلومەرجێکە کە هەموو مرۆڤێک بەبێ گوێدانە ڕەگەزێک، بتوانێت پەرە بە بەهرەکانی بدات.
