شووشەی تەمەنی دەسەڵاتی تاران ڕوو لە شکانە…

0

عەزیز ئاجیکەند

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاڵۆزی دایە و ململانێکان گەیشتونەتە ئاستێکی هەستیار و چاوەڕوانی شەڕ و پێکدادانی زیاتر دەکرێ.

کێشەکانی نێوان ئێران و وڵاتە زڵهێزەکان لەچەشنی گرێپوچکەیەکی نەکراوە هەر دێت و ڕوو لە زیادی دەکەن. ئەم گرێپوچکانە نە دەکرێنە و نە کێشەکانیش چارەسەر دەبن. دانوستانەکانیش نەبوونە فریادڕەسی کۆماری ئیسلامیی و بەستەڵەکەکانیش زیاتر بەستیان.

 ئێران خۆی بە براوەی شەڕی ١٢ ڕۆژە دەزانێ و سەرباری لە ناو چوونی زۆربەی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کوژرانی بەرپرسانی باڵای و هەڕەشەکانی ترامپ بۆ ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم و گوشار و هەڕەشەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی ئوروپایی بۆ تەسلیم بوون و مەڵکەچ کردنی دەسەڵاتی تاران، بەڵام خامنەیی هەر نایهەوێ دەستهەڵگری پلانی پیتاندنی یۆرانیۆم بێت. بەگوێرەی ڕێککەوتنی “بەرجام” کۆماری ئیسلامیی دەبوایە تەنیا ٢٠٢ کیلۆ ئۆرانیۆمی بەڕێژەی ٣.٦٧% بەرهەم بێنێت. بەڵام بە نهێنی ٤٠٠ کیلۆگرەم ئۆرانیۆمی پێتێندراوی ٦٠%ی بەرهەمهێناوە. مەودای داخوازییەکانی ئەمریکا و ئێران ئێجگار لە یەک دوورن و ئاسۆی چارەسەکردنی بارگرژییەکانی دوو لایەن وەک هەمیشە لە لێڵی دایە، بەڵام هەموو نیشانەکان دەرخەری ئەوەن کە ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئامانجیان بە چۆک داهێنان و تەسلیم کردنی دەسەڵاتی تارانە. گوشارەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی پێگەی ڕژیمی تارانیان بە تەواوەتی لاواز کرد. تا ئێرە ئەمریکا و زلهێزەکان لەگەڵ پێکانی چەندین ئامانجیان، براوەی ململانێیەکەن. 

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم بێنەوبەرانە، نە کۆشکی سپی  و نە سێ زڵ هێزی ئوروپایی ئاڵمان و فەرانسە و بریتانیا ستراتێژییەکی وەها ڕوونیان بۆ دوای کۆماری ئیسلامیی پێ گەڵاڵە نەکراوە. ئەمریکا وەک خۆی هەوڵدەدات بەرژەوەندییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پارێزراو بێ و نایهەوێ بە کەوتنی کۆماری ئیسلامیی بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی بکەوێتە بەرمەترسی لە ناو چوونەوە. کەواتە هەڵە نیە کە بڵێن ئەمریکا بژاردەیەکی تری جیا لە سازان و گوشاری زۆر بۆ سەر ئێران نییە. ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامیی لەوپەڕی لاوازی دایە. توانا نیزامییەکانی لاواز بووە. زیانی گیانی زۆر بەر ڕێبەریی سپای پاسداران کەوتووە و زۆرێک لە ناوەند و بنکە و دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی وێران بوون. خامنەیی لە هەموو لایەکەوە دەستی بەتاڵە و هیچ ئاسۆیەکی ڕوون لەبەردەمیدا نییە و پاوانخوازی هاوپەیمانانی ناوچەییش لەوانە روسیە و چینیش زۆر جێگای دڵخۆشکەر نین و بەڵکوو بۆ دەسەڵاتی تاران جێگای نیگەرانیە. هەڕەشەکان جیدین و پەیامی ڕوونیان بۆ خامنەیی هەیە ئەویش تەسلیمبوون و ملکەچ بوونە. ملکەچ نەبوونی ئێران، بارودۆخی ئابووریی خراپتر دەکات. قەیرانەکان تەشەنە دەستێن. کۆماری ئیسلامیی هەم لە ناوەوە ڕیسوایە هەم لە دەرەوەش دۆڕاوی سەرەکی هەموو مەیدانەکانە. ئەمڕۆ ئێران لە خراپترین بارودۆخی خۆیدا بەسەر دەبات. ناکۆکییەکانی ناو لوتکەی دەسەڵات ڕۆژبەڕۆژ قووڵتر دەبنەوە. تەنانەت لایەنگرانی هاتنەوە و چالاک بوونەوەی گوتاری چاکسازیش ناتوانێ تەمەن بۆ ڕژیم بکرێ. پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی ئیسلامیی و زۆرینەی خەڵکی ئێران، گەیشتۆتە خاڵێکی بێگەڕانەوە. دەسەڵات نەک هەر مافی ژیانێکی ئاسایی لە زۆرینەی کۆمەڵگا زەوتکردووە، بەڵکوو بە زیندان، لە سێدارەدان، سەرکوتکردنی ئازادییە دێموکراتیکەکان، وەڵامی خواست و ویستی ناڕازیان دەداتەوە. ئەم دۆخە بە کردەوە کۆمەڵگای ئێرانی لەبەردەم تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە داناوە. 

ئەگەر خۆمان لە گوشارە دەرەکییەکان ببوێرین کە ڕەنگە زۆریش دڵخۆشکەر نەبن بەڵام لە کۆمەڵگای ئێراندا بە کردەوە ڕەوتگەڵێک خەریکی گەشە و پەرەسەندنن کە ئەم ڕەوتانە دەتوانن بە کردەوە کۆماری ئیسلامیی بڕوخێنن و جێگەی دڵخۆشکەریشن. مەیلی شۆڕش و بەرخۆدان کە خوازیاری گۆڕانکاری بنەڕەتییە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و خوازیاری جۆشدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە بە پانتایی هەموو ئێران شکڵی گرتووە و لە هەڵکشاندایە. ستراتێژی ئەم مەیلە خوازیاری روخانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامییە نەک چاکسازی و نەک سازان، ئەم مەیلە پشت ئەستوورە بە مێژوویەکی پڕشنگدار پێکهاتوو لە خەباتی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز کە ئەزموونی شۆڕشێکی وەکوو ژن ژیان ئازادیان لە پشتە. جەماوەری بەشدار لەم مەیلە خاوەنی وشیاری سیاسییە و قۆڵی لێ‌هەڵماڵیوە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی بەختەوەر. ئەم مەیلە لە کوردستان باڵای بەقەد مێژووکەی بەرزە و قامەتی لەشکان نەهاتویە. ئەم مەیلە لە فۆڕم و شێوازی جۆراوجۆردا بەردەوام لەسەنگەری دژی ڕژیم دایە. ئەم شۆڕشە بە گرتنەبەری تاکتیکی نوێ و بە شێوازی نوێ خۆی بەرۆژ دەکاتەوە. کۆماری ئیسلامیی نە بە بزەی دیپلۆماسی و نە بە مانۆڕ و نە بە چاکسازی، ناتوانێ تەمەن بۆ دەسەڵاتە قیزەونەکەی بکڕێتەوە. شووشەی تەمەنی دەسەڵات لە دەستی بە هێزی جەماوەردایە. ئەم هێزە لە کوردستان دڵخۆشکەرە…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *