کۆماری ئیسلامی و گەمە کردن بە گیانی دانیشتووانی ئێران

✍فیرووز مامۆیی

لەم رۆژانەی دواییدا و پاش ئەوەیکە لە زۆربەی وڵاتانی جیھان بەشێکی بەرچاو لە خەڵک و بەتایبەتی ئەو توێژەی کە بەرگریی لەشیان لاوازە، واکسینی کۆرۆنایان کوتاوە، ڕژیمی ئیسلامی ئێران ٥٠٠ ھەزار واکسینی “ئێسپوتینک وی” لە وڵاتی رووسیە کڕیوە.

بڕیار وایە ڕژیم لە چەند وڵاتێکی دیکە و لەوانە چین و ھێند و کوبا بڕە واکسینێکی دیکە بکڕێت، ئەمە لەحاڵێکدایە کە عەلی خامنەیی رێبەری ڕژیم لەم دواییانەدا کڕینی واکسینی ئەمریکایی و ئێنگلیسی قەدەغە کردبوو و ھەر ئەمەش ناڕەزایەتیەکی زۆری خەڵک و ناوەندە پزیشکیەکانی ناوخۆی ئێرانی لێ کەوتەوە و بە ھەزاران کەس لە خەڵک بە بڵاوکردنەوە ھاشتەگی واکسێن بکڕن، لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرانبەر بەم بڕیارە دیکتاتۆرانەی خامنەیی ھەڵوێستیان گرت.

لەحاڵێکدا خامنەیی کڕینی واکسینی لە وڵاتانی رۆژئاوایی قەدەغە کردووە، کە زۆربەی خەڵک لەسەر ئەو بڕوایەن خامنەیی و باقی بەرپرسانی ڕژیم خۆیان لەو واکسینانەیان کوتاوە و تەنیا بۆ خەڵکی بە ڕەوا نابینن کە کەڵکی لێ وەربگرن.

زۆرینەی گەلانی دانیشتووی ناو ئێران بەو ڕاستیە گەیشتوون کە کۆماری ئیسلامی ھیچ بایەخێک بە ژیانی خەڵک نادات و ھەر لە سەرەتای ھاتنە سەر دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە تۆتالیتێرەوە تا بە ئێستا کە ٤٣ ساڵ بە سەر تەمەنی پڕ لە جەنایەتیدا تێپەڕ دەبێت، ھەمیشە ژیان و گوزەران و ئاسوودەیی خەڵکی ھەژار و چەوساوەی ئەو وڵاتە، بووەتە قوربانیی زێدەخوازییەکان، دوژمنکارییەکان و سەرەڕۆییەکانی ڕژیم و ھەموو کات قوربانیانی سەرەکیی سیاسەتە دژە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی، خەڵکی دانیشتووی ئێران و بەتایبەتی توێژی کەمداھات و دەستکورتی ئەو وڵاتە بوون.

بە چاوخشاندنێکی خێرا بە سەر کارنامەی  کۆماری ئیسلامی لە ھەموو ساڵانی دەسەڵاتیدا، بۆمان دەردەکەوێت کە ڕژیم تەنیا شتێک کە بۆی بایەخی بووە برەودان بە بیری فۆندەمێنتاڵی ئیسلامی خۆی لە ناوچەکە و بگرە لە ھەموو جیھان بووە و بێ بایەخترین بابەتیش کە ھیچ کات بە گرینگیەوە لێی نەڕوانیوە، چەند و چۆنی باری ژیان و گوزەرانی خەڵک بووە.

ھەر لە ھاتنە سەر دەسەڵاتی ڕژیم و تەسویە حیسابی ناوخۆیی لەگەڵ بیرجیاوازان، ھێرش بۆ سەر گەلانی مافخوازی ناو ئێران، ھەڵخڕاندی شەڕی کۆنەپەرستانە لەگەڵ ڕژیمی لەنێوچووی بەعس، پەرە پێدانی بەرنامەی مووشەکی و ئەتۆمی، پاڵپشتی و تەیارکردنی ڕەوتە توندئاژۆ و دەمارگرژە ئیسلامییەکان لە ژێر ناوی ھەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی و دروست کردنی ھیلالی شیعە و دەیان کردەوەی نابەجێ و نامرۆڤانەی دیکە، ھەموویان تێچووی گەورەی ئابووری و سیاسییان بووە و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لە سەر ژیانی خەڵکی ئێران بووە و ھەتا ئەم چرکە ساتەش ڕژیم بۆی گرنگ نییە کە خەڵک بە چ چەرمەسەری و نەھامەتییەک ژیان تێپەڕ دەکەن و تەنیا بابەتێک کە ڕژیمی پێداگریی لەسەر دەکات پاراستنی بەھا ئیدیۆلۆژیکەکانی خۆی و پێڕەوی کردنی سیاسەتە نگریسەکانی خۆی بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتە و هاوکات دەسەڵاتدارەکانی حکوومەت خەریکی دزی و تاڵانی سامان خەڵک و پڕکردنی گیرفانیانن.

ئەم بارودۆخەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵکی دروست کردووە، بە چەشنێکە کە کۆمەڵگای ئێرانی کردووەتە کۆگایەکی گەورەی بارووت و چاوەڕێی چەخماخەیەک دەکات کە وەرچەرخانێکی مەزن لەو کۆمەڵگایەدا دروست بکات و کۆماری ئیسلامیش وەکوو دەیان ڕژیمی دیکتاتۆر و چەوسێنەری دیکەی جیھان، بە لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوو بسپێردرێت و ئاسۆی بەختەوەری بۆ ژیانێکی شەرافەتمەندانە و بە کەرامەت بە سەر ئەو کۆمەڵگایەدا باڵ بکێشێت.