کۆماری ئیسلامی لە لێواری ڕووخان

✍مانی مەلەک

لەگەڵ هاتنە دەرەوەی ویلایەتە یەکگەرتووەکانی ئەمریکا لە بەرجام یان رێککەوتنی ئەتۆمی و گەرانەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران و قورس بوون و زۆربوونی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی سزاکان ، لە لایەن ئەمریکاوە کۆمەڵێک پلانی تایبەتیش داندران بۆ کۆتایی هێنان بە کارە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و بە تایبەتی کورت کردنی دەستی سوپای پاسداران و سوپای قودس لە ڕۆژهەڵاتی ناوە راست ، لە هەوڵەکانی ئیدارەی ترامپ بۆ ئەو مەبەستە دەتوانین ئاماژە بە لە ناو بردنی قاسمی سلێمانی سەرکردەی سوپای قودس ، ناوبردن و ناساندنی سوپای پاسداران وەک هێزێکی تێرۆریست و خستنە ناو لیستی رەشی تیرۆر، سەپاندنی سزا و گەمارۆ خستنە سەر فارماندە باڵاکانی سوپای قودس و سوپای پاسداران بکەین.

 ئیدارەی ترامپ سیاسەتی گوشاری بێ سنووری بۆ سەر کۆماری ئیسلامی هەڵبژارد و وای دانابوو لە ژێر ئەو گوشارەدا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی مەرجەکانی قەبوڵ بکەن و بڕۆنە سەر میزی وتووێژ بەڵام بەشێک لە کاربەدەستان و خاوەن بڕیارەکان وەکو عەلی خامنەی و فەرماندەکانی سوپای پاسداران جیبەجێ کردنی ئەو خاڵانەی کە ئەمریکا بۆیانی دیاری کردبوو لە بەرژەوەندیی خۆیان و دەسەڵاتەکەیان نەدەزانی و ترسی ئەوەیان بوو کە کەسە نزیکەکانی ناو دەسەڵاتی خۆشیان بەو هۆیە لەدەست بدەن، بەو هۆکارانە و زۆر هۆکاری دیکەش ئەو پلانەی ئەمریکا سەری نەگرت. لە ماوەی کار کردنی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشویی ئەمریکا خامنەی هەموو کات ئەمریکای بە شەیتانی گەورە و دوژمنی ئێران ناو دەبرد و وتووێژی رەت دەکردەوە سوپای پاسدارانیش بەردەوام خەریکی هەڕەشە و بە کار هێنانی زمانی زەبر بوو بەرامبەر ئەمریکا. بەڵام ئێستا و لەگەڵ هاتنە سەرکاری ئیدارەی نوێەکەی بایدێن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەتیش عەلی خامنەی ، ڕۆحانی و جەواد زەریف هەڵوێست و جۆری قسەکردنەکانیان گۆڕیوە و سیاسەتێکی تازەیان گرتووەتە بەر لە هەمبەر ئەمریکا لەوانەش دەتوانین ئاماژە بە قسەکانی رۆحانی لە کۆبونەیەی هەیئەتی دەوڵەت لە ڕۆژانی رابردودا بکەین کە وتی ئەمریکیەکان ئێستا گەمارۆکان لابەن ئێمە ئێوارەکەی پابەندی بەرجام دەبین، خامنەیش لە قسەکانی ئەم دواییانەیدا بەردەوام باس لە بەرجام دەکات و ئەڵێ متمانەم بە ئەمریکا نیە ئەوان دەبێ سەرەتا گەمارۆکان لابەن پاشان ئێمەش دەگەرێینەوە سەر بەڵێنەکانمان ئەم شێوازە هەڵوێست گرتنانەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و گۆڕینی زمانی زەبر و هەڕەشە بە زمانی نەرم و باس لە وتووێژی ئاشتیانە نیشانەی روون و ئاشکرای شکست و داڕووخانی کۆماری ئیسلامییە، حکوومەتی لە بواری ئابووری و سیاسییەوە بە تەواوەتی وێران بووە و گەرانەوەی ئەمریکا بۆ بەرجام و لابردنی گەمارۆکانی زۆر بە لاوە گرینگە، بەڵام کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی باش دەزانن بەرجام و لابردنی گەمارۆکان هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت هۆکارەکەشی ئەوەیە  سیستمی بانکی ئێران فەشەلی هێناوە ، لەگەڵ نزیکبونەوەی ساڵی نوێ لە ئێران روبەروی کورت هێنانێکی یاکجار زۆری بودجەوە بووەتەوە ، گرووپە تیرۆریستیەکانی لە ناوچەکە فەشەلیان هێناوە و ڕۆژ نیە لە لایەن ئیسرائیل، عەرەبستان و ئەمریکاوە چەن کەسیان لێ نەکوژرێ و هیرشیان نەکرێتە سەر،  لە ناوخۆی وڵات نازەزایەکی بەرینی گەلانی ئێران لە هەموو چین و توێژەکان دەستی پێ کردووە و وەک چۆن بەردەوام لە درووشمەکانیاندا دەیڵێن  خواستیان نە بەرجامە و نە چاکسازی بەڵکو ڕووخان و نەمانی بە تەواوەتی ئەو رژێمە دیکتاتۆرییە گەندەڵ و دژە مرۆڤەیە کە ژیانی خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تا هاتووە زەعمەتتر و ناخۆشتر بووە. کۆماری ئیسلامی بەردەوام لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە بە بۆنەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و کردەوە دوور لە مرۆڤایەتیەکانیەوە سەر کۆنە دەکرێ و بەیاننامەی بۆ دەر دەکرێت وڵاتانی دراوسێ بەردەوام وەک هەرەشەیک بۆ سەر ئارامی و ئاشتەوای باسی دەکەن، لە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیشدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ماهیەتی راستەقینەی بۆ هەمووان ئاشکرا دەبێ و چیتر ناتوانێ راستیەکان بشارێتەوە بۆ هەموو وڵاتانی ئەم جیهانە  دەرکەوتووە چ رژێمێکی دڕندە ، دژە مرۆڤ و ئاژاوەگێڕە بۆیە گەرانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ناوکی هیچ لەو دۆخە ناگۆرێت کە کۆماری ئیسلامی تێ کەوتووە. یەکیەتی ئورووپا و ئەمریکاش ئەم جارە بەوانە ڕازی نابن و بۆ ملکەچکردنی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە داخوازەکانیان و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، قسەی تازەیان لە دانیشتنەکان پێ دەبێ وەک بابەتی مافی مرۆڤ و گرووپە توند ئاژۆکانی سەر بە ئێران. لە لایەکی دیکەوە لە ڕۆژانی رابردودا عەرەبستان داوای ئەوەی کردووە ببێت بە ئەندامی لیژنەی دانوسانکار لەگەڵ کۆماری ئیسلامی واتە پێنج زێدە یەک، بە دڵنیاییەوە عەرەبستان سەبارەت بە حووسیەکان و حزبوللەی سەر بە کۆماری ئیسلامی کە ئارامی وڵاتەکەیان تێکداوە هەڵوێست و داواکاری دەبێ و لەو ملهوڕییانەی کە توندئاژۆکانی سەر بە حکوومەتی ئێران دەیکەن خۆش نابێ.

گرفت و کێشەکانی کۆماری ئیسلامی زۆر لەوە زیاترن کە بە رێککەوتنی ناوکی کۆتاییان پێ بێت و چارەسەر بكرێن ئەوەی کە بۆ هەمووان دەر کەوتووە ئەوەیە کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران نەک هەر هۆکاری ئازار و ستەم بۆ سەر دانیشتوانی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتیەتی بەڵکوو بووتە هۆی ئاژاوە لە ناوچەکە و جیهان و دوژمنی یەکەمی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەیە.