کۆماری ئیسلامی ئێران، حکومەتێکی ناڕەوایە

✍هێرش ئەسکەری

سەردەمی تێکنۆلۆژیە و زانست و زانیاری دەربارەی شێوازەکانی ژیانێکی شیاوی ئەمڕۆیی لە چرکەساتێکدا دەگاتە گشت مرۆڤی سەر گۆی زەوی. بەهەمان شێوە، نەزانین و نەشیاوبوون، گشت سنوورەکان دەبەزێنێت و ناڕەوابوون و ڕواڵەتی دزێوی خۆی لە پێش چاوی هەموو جیهان دەردەخات. حکومەتی فاشیسمی ئیسلامی لە ئێران و شێوازی هەڵسوکەوتەکانی لە ناوەوە و لە دەرەوەی سنوورەکانی دەسەڵاتەکەی، هێمای ناڕەوابوونی پێکهاتەیەکی ملهوڕە کە ڕۆژ نییە جەنایەت و ئاقارە دژە ئینسانیەکانی لە لاپەڕەکانی مێدیا و ناوەندەکانی هەواڵ نەکەوێتە پێش چاو.

ئەو ڕژیمە نەتەنیا پێشێلکاری مافە گشتییەکانی دانیشتوانی جوغرافیای ئێرانە، بەڵکو تەنانەت لە ئاستی نێونەتەوەییدا، پابەند نییە بە گرێبەست و ڕێککەوتنەکانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و بەگشتی بەدژی ڕێکارەکانی پەیوەندیی شیاوی ئینسانی لەم سەردەمەدا وەستاوەتەوە.

وەک دەبینین، هاوکات لە گەڵ پەرەسەندنی دابڕانی پەیوەندی لە لایەن هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەو ڕژیمەو تەریککەوتنی زیاتری لە بواری پەیوەندییە نێونەتەوییەکان، لە لایەکی دیکەوە ئابووری و داهاتەکانی ئەو دەسەڵاتەش هەتا دێت بچووکتر دەبێتەوە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئەو ڕژیمە وێڕای دژایەتی کردنی جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ و ڕێککەوتنە جیهانیەکان بۆ دەستەبەربوونی ژیانێکی ئازاد و ئاسوودەتر، ڕاشکاوانە شەڕ و ئاژاوە دەنێتەوە و بووەتە مەترسیەکی گەورە بۆ دانیشتوانی ئێران و بەگشتی بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەوڵدان بۆ ڵەناوبردنی نەیاران، تێرۆر و ڕەشەکوژی و لەسێدارەدان، دەسبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، کوشتاری خەڵکی زەحمەتکێش و کەمداهاتی سەر سنوورەکان و دەیان کردەوەی دزێوی دیکە کە هەربەتەنیا لە ڕژیمێکی وەها دڕندە دەوەشێتەوە، هێشتا بەردەوام لە چوارچێوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دا درێژەی هەیە.

کۆماری ئیسلامی بەدرێژایی تەمەنی نگریسی خۆی نیشانی داوە کە ڕژیمێکی نەگۆڕو ناڕەوایە و هەتاهەتایە بە پشتبەستن بە یاساکانی شەریعەت و بە پەیڕەو کردن و جێبەجێکردنی بڕیارە ئایینی و بەناو ئاسمانیەکان، دەکەوێتە گیانی خەڵک. مانەوەی ئەم ڕژیمە کارەساتێکی مرۆییە لە دنیای سەردەمەدا.

حکومەتێک کە بەدژی ژنە و سوکایەتی بە نیوەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەکات؛ حکومەتێک کە دژی منداڵ و ئاژەڵ و تەبیعەتە؛ حکومەتێک کە نەتەنیا نوێنەرایەتی خەڵک ناکات، بەڵکوو لە بەرەی لەناوبردنی خەڵکدا ڕاوەستاوە؛ دەسەڵاتێکی ڕانتخۆر و باجگر کە گشت ئابووریەکەی لە ژێر ڕکێفی میلیشیایەکی تێرۆریستیدایە؛ حکومەتێک کە بەشی زۆرینەی هێزە دەوڵەتی و ئەمنیەتی و نیزامیەکەی لە لیستی ڕەشی  تێرۆری نێودەوڵەتیدایە؛ کوا دەبێ لە جیهانی ئەمڕۆدا درێژە بە بوونی بدات؟!

ئەو ڕژیمەو کردەوەو باووەڕمەندیەکانی، مەترسین بۆسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. هەوڵی لێبڕاوانەی هەر تاکێکی ئازادیخواز بۆ لەناوچوونی ئەو حکومەتە، هەنگاوێکی گەورەیە بۆ بنبڕکردنی ستەم و چەساندنەوەی ئینسان.

کۆماری ئیسلامی ئێران، حکومەتێکی ناڕەوایە!