مەیتی چاکسازیخوازی، زینەتی بەناو هەڵبژاردنەکانی 1400

✍م.کەنداڵ – سنە

چاکسازیخوازی، ئەویش لە جۆری ئیسلامی-ئێرانی، لەو بزووتنەوانیەیە کە بە ڕواڵەتێکی نەرم بەڵام بە دوتۆیەکی ناووکی پارێزگارانە و بناژۆخوازانە، کە لە نێوان ئەم دوو دەیەی ڕابردوو دا، هەمیشە نێوی لەگەڵ هەڵبژاردن گرێی خواردووە و لە ساتەکانی پێشبینی نەکراوی هەڵبژادنە سیاسییەکان دەکەوێتە سەرزار. ئێسڵاح تەڵەبیی ئیسلامی _ئێرانی بە کەم کردنەوە و شێواندنی مانای ڕاستەقینەی چاکسازی، بە ڕێخستنی جۆرەها کایەی زمانیی تازە و خۆ شاردنەوە لە ژێر ناوگەلی نوێ، لەم ساڵانە، ڕۆڵی ئاپاراتووسی سیاسیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی گێڕاوە.

پێشینەی عەینی و ئەزموونکراوی هەر دوو بازنەی ئێسڵاحات، یانێ کیانی چەپی ئیسلامی و نیاوەرانی تکنۆکراتی بە باشی نیشان ئەدات کە ئەم جەرەیانە و ڕێڕەوەکانی تا چ ڕادەیەک بە دەسەڵاتی وەلیی فەقی و گشتخوازیی ڕێبەری حکوومەت ئێران یان بە واتایەکیتر “بڕوا و ئێلتزامی عەمەڵی بە ئەسڵی ویلایەتی مۆتڵەقەی فەقی، ئێسلامی شێعی و پەیڕەوی لە نیزامی کۆماری ئیسلامی” بەستراونەتەوە. تەنیا کارکردی بەرچاو و ڕۆشنی بزووتنەوەی چاکسازیخوازێ لە سەرەتای دەسپێکردنیەوە، هەموو کاتێ بەڕێوەبردنی بەرنامە و پلانێکی دووپات کراو  و بەدەسهێنانی ئاکامێکی باش بۆ تەواوەتی دەسەڵات بووە. ئەرکی بە ناو ڕێفورمخوازەکان لەم گەمەیەدا  “گەرم کردنی کوورەی هەڵبژاردن” بوو بەناو هەڵبژاردنێک کە تێدا بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتداران و حکوومەت لە باتی بەرژەوەندییەکانی خەڵک هەڵدەبژێردرێ و ئێسڵاح تەڵەبەکان لە ڕۆڵی تەدارەکچی، خەڵک هان دەدەن کە لەم شانۆیە ڕۆڵی هەڵبژێر لە ئەستۆ گرن.

شانۆکارێکی درۆزن کە بە جلوبەرگ و دەمامکی کۆن و چڵکن دێتە سەر شانۆی بە ناو هەڵبژاردن  تا لە هەر دوو گۆشەی مەیداندا، نەخشی خۆی بگێڕێ. لە سووچێکەوە بە ناوی میانەڕەو (پۆلیسیەچاکەکە) بەر لە تەقینەوەی تووڕەیی گشتیی گۆمەڵگا و ئاشکرابوونی ڕواڵەتی ڕاستەقینەی دەسەڵات لە نێۆ خەڵک دەگرێ و لە لایەکی ترەوە بە جلوبەرگی ڕادیکاڵەوە (پۆلیسە خراپەکە) نیشاندەری مەشرووعیەتی ڕژیم لە دیدی نێودەوڵەتیەوە بێت.

ئاکامی مەعامەڵەی جەرەیاناتی ئێسڵاح تەڵەبی کە بەمەبەستی بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسی – ئابووریدا دەیکەن، هیچی دیکە نییە بێجگە لە بەهەدەردانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی، بەقەرزدانی ژیانی خەڵک و کەڵک لە هەوڵی چالاکانی ڕاستەقینە بۆ بەش خوازی دەسەڵات و ژیانی مشەخۆرەکان. ئەمانە بێشەرمانە، بەردەوام لە کاری نەشتەرگەری و بنیاتنانەوەی ڕژێمدان .

ئامانجی ئیسڵاحخوازە حکوومەتییەکان شتێک جگە لە بێهیواکردنی خەڵک لە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی و شانسی ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و بە لاڕێدا بردنی خەبات و بزووتنەوە جەماوەرییەکان نەبووە و نییە.  ئەوەش لە حاڵێک دایە کە دۆخی ڕیفۆرمخوازە حکوومەتییەکان لە هیچ کام لەم چەند ساڵە دا وەک ئەم کاتانە نەبووە، ناکۆکی و ناهۆمێدی لە ناوەوەی خۆیان، و بەرزبوونەوە ئاستی ناڕەزاییەکان و حیساب بۆ نەکردن  و هەڵوێستی توندی خامنەیی بەرانبەریان، ئایکۆنی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی ڕیفۆرمخوازن ، کە سەرەڕای هەموو ئەمانە، وەک ڕابردوو ئامادەکاری بۆ بەشداری لە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم ڕۆژانە و چەند مانگی داهاتوو دەکا، بە گەڕانەوەیەکی ترووماتیک و ڕاگەیاندنی بەشداریکردن لە مەیدانی سیاسی و بەناو هەڵبژاردنەکانی حکوومەتدا جارێکی دیکە وەفادارییان بە سیستمی ولایەتی فەقی  ڕادەگەیەنن هەوڵ دەدەن هاندەر بن بۆ بەشداریی ژمارەیەکی زیاتری خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنی حکوومەتدا و هاوشان لەگەڵ پاوانخوازن و باڵی توندڕەوی لایەنگری ویلایەتی فەقی دژی خواستەکانی خەڵک بوەستنەوە.

سروشتی دەوڵەتی و حکوومەتی بوونی بزووتنەوەی ڕیفۆرمیستی  و هاوڕێیەتیی لەگەڵ هێزی دەسەڵات، یەکێکە لە ئافاتە سەرەکییەکانی پرۆسەی بە دیموکراسیکردن و بە ئاکام گەیشتنی بزووتنەوە ئازادیخوازانەکان لە ئێرانە.

ئەکتەرێکە کە لە وەکوو ڕەوتێکی بێ مەترسی بە داپۆشینی ڕاستییەکانی دیکتاتۆر و دەسەڵاتی دیکتاتۆری ڕۆڵ ئەگێڕێ و جەخت ئەکاتەوە کە بنەمای نیزام ڕێگرە لە هەر گۆڕانێک لە ناویدا. کرانەوەکەی ڕژێمی  وەلایی بۆ گەڕانەوەی ڕیفۆرمخوازەکان بۆ سەر گۆرەپانی هەڵبژاردن،  نەک لەبەر ڕازیکردنی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا و گرینگی خودی بەشداربوونی خەڵک بەڵکوو بۆ ئەوەیە کە لای چاوەدێرانی نێودەوڵەتی وابنوێنن کە عکوومەت لای خەڵک خوازراوە و خەڵک لە هەڵبژاردنەکانیدا بەشداری دەکەن.

باشترین ڕووبەڕووبوونەوە و کردەوەش لەدژی ڕیفۆرمخوازەکان و هەموو باڵەکانی حکوومەت بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردن چۆڵ هێشتنەوەی شوێنەکانی دەنگدانە، نابێ دەرفەتی بەیاسایی نواندنی دەسەڵات بە پشتبەستن بە بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان بدرێتە ئەم دەسەڵاتە دژە خەڵکییە، دەبێ دەستی ویلایەتی فەقی لە یاریکردن بە وشەی ” خەڵک ” بەتاڵ بکەینەوە .