ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی: ئێران دەستی بە پیتاندنی متالیک ئۆرانیۆم کردووە

✍فیرووز مامۆیی

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی مانگی بەفرانبار، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پشتڕاستی کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چالاکیەکانی خۆی بۆ توێژینەوە و گەشەپێدان بۆ بەرھەمھێنانی متالیک ئۆرانیۆم (بە فارسی اورانیوم فلزی) وەکوو سووتەمەنیی رێئەکتۆری توێژینەوەیی تاران دەست پێ کردووە.

بە پێی راگەیەندراوی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، رافائێل گرۆسی، بەرپرسی گشتیی ئاژانس ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بەفرانبار، وڵاتانی ئەندامی ئاژانسی لە پەیوەند لەگەڵ بەرنامەی نوێی ئێران سەبارەت بە توێژینەوە و گەشەی بەرھەمھێنانی متالیک ئۆرانیۆم وەکوو بەشی سەرەکی بۆ ئامادەکردنی سووتەمەنی پێویستی ڕێئەکتۆری توێژینەوەیی تاران، ئاگادار کردووەتەوە.

رێئەکتۆریی توێژینەوەیی تاران ٥٤ ساڵ پێش بە دەستی خودی ئەمریکا ساز کرا و ئێستا لە سووتەمەنی ئۆرانیوم بە ئاستی پیتاندنی ٢٠٪ کەڵک وەردەگرێت. لەم راپۆرتە نھێنیەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، کە نموونەیەکی لە لایەن رۆیتێرز بڵاو کراوەتەوە، ھەروەھا ئاماژە دراوە بەوەیکە ئێران لە ھەوڵی ئەوەدایە کە متالیک ئۆرانیۆم بە ئۆرانیۆمی سروشتی بەرھەم بھێنێت، پاشان ئەوەش بگەیەنێتە ئاستی ٢٠٪ کە بۆ رێئەکتۆری توێژینەوەیی تاران پێویستە.

ئەم راپۆرتە جەخت دەکاتەوە، کە ئێران ڕۆژی چوارشەممە ئاژانسی ئاگادار کردووەتەوە، کە ھیچ ئاستەنگێک لە سەر چالاکیەکانی خۆی لەھەمبەر توێژینەوە و گەشەی دانانێت و چاکسازیی و دامەزراندنی پێداویستیەکانی پەیوەندیدار بە توێژینەوە و گەشەی لە کارخانەی بەرھەمھێنانی سووتەمەنی بۆ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێسفەھانی دەست پێ کردووە.پێشتر ڕۆژنامەی واڵستریت ژۆرناڵ بڵاوی کردبووەوە، کە ئێران ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی ئاگاداێ کردووەتەوە کە قۆناغی بەرھەمھێنانی متالیک ئۆرانیۆمی لە دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێسفەھان دەست پێ کردووە.

بە پێی رێکەوتنی بەرجام، بەرھەمھێنانی متالیک ئۆرانیۆم کە بۆ بەرھەمھێنانی “بۆمبی ئەتۆم”یش بەکار دەھێنرێت، بۆ ئێران قەدەغە کراوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستا ئەزموونی بەرھەمھێنانی ئۆرانیۆمی فلزیی نەبووە، بەڵام ھۆشداریی داوەتە ئاژانس کە ئەگەر ئابڵۆقەکان لا نەبردرێت لە ماوەی چوار بۆ پێنج مانگی داھاتوو دروستکردنی دامەزراوەی بەرھەمھێنانی ئەم مادە ھەستیارە لە ئێسفەھان دەستپێدەکات. حکوومەتی ئێران لە مانگی ژانویەی ساڵی ٢٠١٩یش رایگەیاند بوو کە بە نیازی دروست کردنی دامەزراوەیەکە بۆ بەرھەمھێنانی ئەم مادەیە، بەڵام لە ژێر گوشاری ئاژانس پاییزی ھەر ئەو ساڵە وازی لەو ھەوڵەی خۆی ھێنا.

کازم غەریب ئابادی، نوێنەری ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی چوارشەممە رایگەیاند، کە تاران بەرنامەکانی خۆی دوو ساڵ لەوە پێش بە ئاژانس راگەیاندووە. ناوبراو لە درێژەدا وتوویەتی: ھەموو ئەم قۆناغگەلە بە ئاگاداریی ئاژانس گەیشتووە و دەگات و پشکێنەرانی ئاژانسیش لە سێ ڕۆژ لەوە پێشەوە، کارخانەی بەرھەمھێنانەی لاپەڕەی سووتەمەنیان پشکنیوە.

دەوڵەتی ترامپ لە مانگی گوڵانی ساڵی ٩٧ی ھەتاویی لە بەرجام ھاتە دەر و ئابڵۆقەگەلێکی توندی بە دژی ئێران پەسەند کرد. رژیمی ئێرانیش یەک ساڵ دواتر، لە دژکردەوە بە ھەوڵەکانی ئەمریکا، وردە وردە لە بەڵێنەکانی خۆی بەرجام پاشگەز بوویەوە و مەجلسی رژیمی ئیسلامی ئێرانیش ڕۆژی ١٢ی سەرماوەزی ئەمسال بە پەسەند کردنی گەڵاڵەیەک، رێگای چالاکتر کردنی بەرنامەی ئەتۆمی خۆیان بە مەبەستی گوشار خستنە سەر ڕۆژئاوا و کەم کردنەوەی پاشماوەی بەڵێنەکانی ئێران گرتە پێش و یەکێک لە رێگا کردەییەکان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئابڵۆقەکانیش، پیتاندنی متالیک ئۆرانیۆمە.

حکوومەتی ئێران ھەروەتر لەم دواییانەدا رایگەیاند کە، بەرھەمھێنانی ئۆرانیۆمی ٢٠٪ی دەست پێ کردووەتەوە و سانترفیوژی پێشکەوتووی دامەزراندووە. ھەروەھا پاشکەوتی ئۆرانیومی ٣.٥٪ی ئێران گەیشتووەتە ١٠ قات زیاتر لە ئاستی رێگا پێ دراو لە نێو ڕێککەوتنی بەرجامدا.