بەرین بوونەوەی هێرشی نیزامیی ئیسرائیل و درێژەی بێدەنگیی حکوومەتی ئێران

ئیسرائیل لە درێژەی هێرشەکانیدا بۆ سەر میلیشیا و هاوپەیمانەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران و بنکەکانی سپای قودس لە سووریە و عێراق، سێ شوێنی گرینگی سەربازیی و چەک و چۆڵی ئەو هێزانەی کردە ئامانج و زیاتر لە ١٠٠ کەس لە ھێزەکانی سەر بە سپای قودس و حیزبوڵڵای لوبنانی لەنێو برد.

بە پێی هەواڵی ناوەندی چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل لە ھێرشێکی بەرین و کەموێنەدا، بنکە و بارەگاکانی سوپای قودس و میلیشیاکانی حیزبوڵڵای لوبنان”یان لە قۆنەیتەرییە، ئەلبووکەمال و دەیرەزوور ١٨ جاری یەک لە دوای یەک لە چەند کاتژمێردا کردە ئامانجی هێرشەکانیان و بە تەواوەتی خاپووریان کردن و لە ئاکامیشدا ١٠٥ کەس لەو ھێزانەیان کوشت.

هەر بە پێی ڕاپۆرتی ئەو سەرچاوەیە، ئەو سێ شوێنەکە هێرشیان کراوەتەسەر، زۆر گرینگ و هەستیارن و پێشتریش لە لایەن ئیسرائیلەوە خاپوور کرابوون، بەڵام لە لایەن سپای قودسەوە بۆ جارێکی دیکە بووژابوونەوە.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە سەدان جار بنکە و پایەگاکانی سپای قودسی سەر بە سپای پاسدارانی رژیمی ئیسلامیی ئێران و میلیشیا و گرووپە تیرۆریستیەکانی سەر بەو سپایە لە سووریە و عێراق بە دەستی ئیسرائیل و ھێزە ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا کراونەتە ئامانج و لە ئاکامی ئەم ھێرشانەدا بە دەیان ھەزار لەو ھێزە چەکدارانە کوژراو و بریندار بوون، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران تا بە ئەمڕۆ جگە لە ھەڕەشە و گوڕەشەی بێ ناوەرۆک و بێ کردەوە، ھیچ وەڵامێکی بۆ ئەو ھێرشانە نەبووە و رۆژ لە دوای رۆژیش پێگە و ھێزی خۆی لە ناوچەکەدا لەدەست دەدات و کز و لاوازتر دەبێت.