سەرمەیەداریی ئیسلامیی ئێران تاوانباری ئازارەکانی دەسفرۆشانە

✍مانی مەلەک

دەسفرۆش بە کەسێک دەوترێت کە شوێنێکی دیاریکراوی بۆ کەسابەت نییە و ناچارە بۆ ئەوەی ژیانی بەڕێوەبەرێ و داهاتێکی هەبێ لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکیر بڕوات،  زۆربەیان لە سەر شۆستەی شەقامەکان جل و بەرگ ، کەوش ، کیف ، خواردەمەنی و شتومەکی ناوخۆیی و دەرەکی بەنەرخێکی هەرزانتر لە دوکانەکان دەفرۆشن.

دەسفرۆشی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێراندا شتێکی تازە نییە بەڵام زۆربوونی ئاماری دەسفرۆشان لە شارە گەورە و بچووکەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان وای کردووە کە کاربەدەستانی شاراداریی شارەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان چەندین تەرح و بەرنامە دابرێژن و هەتائێستاش لە هیچکامیاندا سەرکەوتوو نەبون، بۆ ئەوەی بزانین بۆچی ئاماری دەسفرۆشان وا زیادی کردووە پێویستە چاوێک بە مێژوی دەسەڵاتی حکوومەتی ئێران هەتا ئێستا بخشێنین، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران تەنیا لە ساڵەکانی 1384 تا 1397 واتە لە 13 ساڵدا ژمارەی ئەوانەی لەتەمەنی کارکردندان لانیکەم  16 ملیۆن کەس زیادی کردووە. ئەم کەسانەی ئەو نەسڵەن کە بەشێکی بەرچاویان بە پڕۆپاگاندای ڕژیم بۆ گەورەبوونەوەی خانەوادەکان بوونی منداڵی زیاتر لەدایکبوون و زۆربەیان لەدایکبووی دەیەی شەستی هەتاوین. ئەو نەسڵە ئێستا پێگەیشتوون و ئامادەی کارن بەڵام لەبەر سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران کە داڕمانی ئابووریی بەدواوە بووە کاریان دەسناکەوێ. گەمارۆ نێونەتەوەییەکان کە ئاکامی سیاسەتی چەوتی حکوومەتی ئێرانن، دزی و گەندەڵی کاربەدەستانی حکوومەت و دەستوپێوەندەکانیان، قوروخکرانی زۆرێک لە شوێنەکان لە دامودەزگا دەوڵەتییەکاندا لە لایەن کەس و کار و دەستوپێوەندەکان حکوومەتەوە، درانی هەموو پرۆژە گەورەکان بە سپای پاسداران، سەرفی بوودجەیەکی زەبەند بۆ بەهێزکردنی تیرۆریستە هاودەستەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەموو جیهان، دانانی پارەیەکی زۆر بۆ شوێنە ئاینییەکان و ناوەندە ئاینییەکان بۆ فریودانی خەڵک و دەیان و سەدان سیاسەتی دیکەی لەو جۆرە وای کردووە لاوان و تازەلاوانێک کە ئامادەی کارن و کاریان دەسناکەوێ زۆریان ڕوو بکەنە کاری وەکوو دەسفرۆشی.

هاوکات شارەداریی شارەکان دەستیان داوەتە دامەزراندنی کەسانێک کە بە تاوانی توندوتیژی و چەقۆکێشی لە زینداندا بوون و ئەو کەسانە بۆ سەرکوت و بێحورمەتی بە دەسفرۆشەکان و هێرش کردنەسەریان بە  توندترین و ناشیرینترین شێوە و تاڵانکردنی ئەو تۆزە شتومەکەی بۆ بژیوی خانەوادەکانیان دەیفرۆشن، بەکاردێنن.  ئەو هەڵسوکەوتە ناشیرین و نامرۆڤانەیە زۆر جار ناڕەزایی خەڵکی لێکەوتووتەوە و خەڵک لەسەر دەسفرۆشەکان هاتوونەتە جواب بەڵام لەبەر ئەوەی دەزگا ئەمنییەتی و قەزاییەکانی حکوومەت پشتیوانی لە مەئموورەکانی خۆیان دەکەن ئەو دیاردەیە زیاتر پەرەدەستێنێ و مەئموورەکان ڕۆژ لە ڕۆژ دڕندانەتر و ناشیاوتر ڕووبەڕووی دەسفرۆشان دەبەنە و بێحورمەتییان پێ دەکەن، پارەیان لێدەستێنن و تاڵانیان دەکەن.  ئەوەی ئەو مەئموورانە دەیکەن تەنانەت لەگەڵ یاسا نائینسانیانەکانی حکوومەت نایەتەوە کە دەڵێ ئەگەر شتومەکی دەسفرۆشێک گیرا دەبێ ببرێتە شارەداری و پاش ئەوەی خاوەنەکەی جەریمە کرا شتەکانی بە تەواوی بدرێتەوە.

لە وڵاتانێک کە زۆرترین ئەژماری دەسفرۆشیان تێدایە وەک  هێندوستان، سەنگاپوور ، مەکزیک بۆ چارەسەری ڕێژەیی گرفتەکانی دەسفرۆشەکان  هەندێک یاسا دانراوە و کۆمەڵێک مافیان بۆ دیاری کراوە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە گشتی نەک هیچ مافێکیان بۆ دیاری نەکراوە بەڵکو ئەو کۆمەڵە بڕیارەش کە دەردەکرێت سەبارە بە کارەکەیان بۆ دژایەتی و لە ناو بردنیانە نەک بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و پلانێکی باش بۆ ئەوەی خەریکی کار وکەسابەتیان بن.

ئەگەر بگەرێینەوە بۆ ساڵە کانی پێشتر کە هەژماری دەسفرۆشەکان کەم بوو شوێنی کەسابەتیان زۆرتر بەردەم دوکانەکان بوو وا بوو کە دوکاندارەکان مانگانە بڕە پارەیەکیان لێ وەردەگرتن و رێگەیان دەدان  لە بەردەم دۆکانەکەیان شتەکانیان دانێن و کەسابەت بکەن یان لە ترمیناڵەکان  هەر کامە و شوێنێکیان بۆ دیاری دەکرابوو و خەریکی کەسابەتی خۆیان دەبوون. وردە وردە لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دەسفرۆشان لە ئاکامی سیاسەتە نامرۆڤانە و دژە کرێکاری و هەڵەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا و کەم بوونی شوێن بۆ کەسابەت روویان لە مەیدانەکان، مۆڵەکان ، سەر شەقامەکەن وتەنانەت کۆڵانەکانیش کرد، لەم نێوەدا کۆمەڵێک لە کار بە دەستانی رژێم لە شارەداری شارەکان و کۆمەڵێک سەرمایەدار ئەمەیان بە هەلێک زانی کە زیاتر ئەو خەڵکە هەژارە بچەوسێننەوە و بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان تەماحیان کردە ئەو تۆزە پارەیەش وا دەسفرۆشەکان بە ڕەنجی شانیان پەیدایان دەکرد. سەرەتا کاربەدەستانی شارەدارییەکان بە هاوکاریی سەرمایەدارەکان و خاوەن مۆڵ و پاساژە گەورەکان بڕێ پارەیان دیاری کرد بۆ ئەو کەسانەی کە لە بەردەم دووکان ومۆڵەکان ئەشیا و کەلوپەل دەفرۆشن واتە لە لایکەوە دووکاندار و خاوەن مۆڵەکان پارەیکیان وەردەگرت لە لایەکی دیکەوە ژمارەیەکلە کارمەندانی شارەداری کە هاودەستی ئەو تاڵانە بوون. ئەم تاوانە ئەوەندە بەردەوام بوو و بەرینبووەوە کە دواتر دامودەزگانی رژێم بە ناچاری دانیان بەوەدا نا کە مافیایەک پێک هاتووە بۆ ئەم کارە کە پۆلیس خەریکی لێکۆڵینەوە و بەدوادا چوونە بۆ دەسبەسەر کردنی ئەندامانی ئەو مافیایە!!!

بە پێی بەڵگە و قسەی چەن کەس لە دەسفرۆشەکانی شارە جۆراو جۆراکانی کوردستان و ئێران و بە تایبەتیش لە شاری تاران، ئێستا شوێنەکانی ناو بازاڕ و شوێنە شلۆقەکان بە بڕە پارەیکی دیاری کراو بۆ مانگێک بە شێوەی رەهن دەدرێت بە دەسفرۆشەکان ئەم بڕە پارەیە لە 300 هەزار  تمەنەوە دەس پێدەکات تا 5 ملیۆن تمەن  ئەمە لە کاتێکدایە هیچ گەرەنتییەک نییە کە بەکرێگیراوانی شارەداری هێرش نەکەنە سەریان و ئەشیاکانیان نەبەن تەنانەت لەو ماوەیەشدا کە بە هۆی پەتای کۆرۆنا هاتوچۆ قەدەغە کرابوو و هیچ کەسابەتێکیان نەبوو کرێی شوێنەکانیان لێ وەرگیراوە.

شێوەی هەڵسووکەوتی کاربەدەستانی حکوومەت و سسەرمایەداران لەگەڵ ئەو توێژە زەحمەتکێشە کە زۆریان منداڵ و تازەلاوانی هەژارن ناوەرۆکی دەسەڵاتی گەندەڵ و مافیایی سەرمایەداریی ئیسلامی لە ئێران نیشان دەدا کە سەرەڕای ئەوەی دەزانن ئەو کەسانە بە تۆزێک پارە کە دیار نییە بە قەرزیش پەیدایان نەکردبێ تۆزێک شتومەک دەکڕن و دەیانەوێ لە ڕێگەیەکی شەرافەتمەندانەوە ژیانی خۆیان بەو کەسابەتە بەرنەسەر و بە دڵڕەقی تەواو تاڵانیان دەکەن و شتەکانیان دەشکێنن و ڕێگە لە کار و کەسابەتیان دەگرن.

پلانەکانی دەسەڵاتدارانی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی تەنها بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیانە و هیچ بیرێک لە ژیانی خەڵکی هەژار ناکەنەوە، بۆ نموونە لە شاری هەمەدان چەند ساڵ لەمەوپێش شارەداری بڕیاری دەرکرد و بودجەی تەرخان کرد پیادەڕەوێک لە ناوەڕاستی شار دابنێت و هاتوچۆی سەیارە و وەستانی دەسفرۆشی لەو شەقامە قەدەغە کرد خەرجێکی یەکجار زۆری بۆ ئەو تەرحە کرد و دزییەکی زۆری تێدا کرا هەتا تەواو بوو بەڵام لەدەرەنجامی ئەو تەرحەدا هەموو دەسفرۆشانەی لەو شوێنە کەسابەتیان دەکردی بێکار بوون و بەرپرسانی حکوومەت بە هیچ شێوەیک بۆیان گرینگ نەبوو ئەو هەموو مرۆڤە کە لەوێ کەسابەتیان دەکرد ئێستا چیان لێ بەسەر دێت! لە کوێ کەسابەت دەکەن! بە بێ ئیش و کار چۆن دەژین!

نموونەی دیکەی ئەو کارە لە شاری سنە ڕوویدا کە شارەداری بە هاوکاریی سپای پاسداران لە ناو بازاڕی شاری سنە تەرحێکیان داڕشت کە بە هۆی ئیجرایی کردنیەوە دەیان دەسفرۆش شوێنی کەسابەتەکانیان لە دەسدا و  بێکار بوون ئەم تەرحە لە شەقامی فردەوسی سنەیە و بوودجەیەکی زۆری بۆ تەرخان کراوە. شارەداری ئەم جارەی سنە  کە بۆ دەنگ کۆکردنەوە چەندین جار بەڵێنی بە دەسفرۆشەکان دابوو چارەی گونجاو بۆ شوێنی کار و کاسبیان بدۆزێتەوە پاش دەسبەکاربوونی وەکوو هەموو بەرپرسەکانی دیکەی حکوومەت دەرکەوت بەڵێنەکانی درۆینە و فریوکارانە بوون! سپای پاسداران لە شارەداری شاری سنە دەورێکی زۆری هەیە و لە هەموو کارەکاندا دەستی هەیە و هیچ تەرح و بڕیارێکی شارەداری بە بێ ڕێگەپێدانی سپای پاسداران جێبەجێ نابێ. ماوەیەک لەمەوبەر کە بە هۆی کارەکەی شارەداری لە شەقامی فردەوسی دەسفرۆشەکان بێکار بوون و بۆ ناڕەزایی دەربڕین خۆپێشاندانیان کرد بەرپرسی سوپای بیتەولموقەدەسی کوردستان و پاسدارێکی زۆر چوونە ئەو شوێنانەی بۆ دەسفرۆشەکان دیاری کرابوو و هەڕەشەیان لێکردن و بە ئاشکرا نیشانیاندا پشتی بەرپرسانی شارەداری دەگرن و ئەگەر دەسفرۆشەکان درێژە بە ناڕەزایی بدەن سەرکوتیان دەکەن.

ئێستا شارەداری سنە کۆمەڵێک شوێن و رێکاری دیاری کردووە بۆ دەسفرۆشەکان و تایبەتە بەوانەی بە هۆی تەرحی شەقامی فردۆسیەوە بێکار بوون رێکارەکەی پێدانی وامێکی ١٥ ملیۆن تمەنییە کە بۆ ژمارەیەکی کەم دیارییان کردووە، کە بە هەزار زەحمەت و دوای چاوەڕوانییەکی زۆر دەدرێت ئەویش ئەگەر دەسفرۆشەکان مەرجەکانی بانک و شارەداری بەجێبێنن کە یەکیان ئەوەیە کە دەسفرۆشەکان دەبێ بیسەلمێنن کە دووکان یان شوێنێکی کەسابەتیان داناوە و پێویستیان بەو وامەیە. ئەو شوێنانەش وا دیاری کراون زۆر کرێیان گرانە و کاتێکی دیاریکراویان هەیە و بە گشتی ئەوەندە ناهێنێ خەڵک تێیاندا کار بکەن. بەو شێوەیە دیارە بەو بڕە پارە کەمە و بەو مەرجە قورسانە هیچ دەردێکی ئەو توێژە زەحمەتکێشە چارەسەر نابێ.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و دەسەڵاتدارەکانی بۆیان گرینگ نییە دەسفرۆشەکان و توێژە هەژار و زەحمەتکێشەکان چەند لە ژێر گوشاردان و ژیانیان چەندە زەحمەتە، ئەوان بیر لە قازانج و بەرژەوەندیی خۆیان دەکەنەوە و ڕۆژ لە ڕۆژ بە ڕێگە و شێوەی تازە درێژە بە زوڵم و چەوساندنەوەی خەڵک دەدەن. کۆماری سەرمایەداریی ئیسلامیی ئێران هۆکاری سەرەکیی هەژاری و بێمافی و هەموو گرفتەکانی ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشانە.