هەژاریی خەڵكی ئێران ‌و سامانی حكومەتی ئیسلامی

✍سامان-سنە

هەڵاوسانی ئابوری بە خێرایی زیاد دەكات ‌و هاوكات رژیمی ئیسلامی هەر وەرزە و جارێك رێگا بە سەرمایەدار ‌و خاوەن كارگەكان دەدات نرخی كاڵاكانیان زیادتر بكەن. ئەمەش جیایە لەو هەڵكشانەی نرخەكان كە ڕۆژانە ‌و بەشێوەی رۆتینی بەهۆی بەرز‌ و نزمبوونەوەی نرخی تمەن بەرامبەر بە دۆلار روودەدات. ئەمەش لەكاتێكدایە كە دیاریكردنی حەقدەست‌و نرخی هێزی كار هەموو ساڵێك لەكۆتایی مانگی رەشەمە دەبێت بە بابەت‌و باسی نێوان دەوڵەت لەلایەك‌و بەناو نوێنەرانی كرێكاران لەلایەكی دیكەوە. شانۆگەرییەكی ناشیرین لە مشتومڕ‌و گفتوگۆ لەسەر حەقدەستی كرێكاران كە ئینسان بێزار دەكات، لەكۆتاییشدا لەسەر بڕێك پارە وەك حەقدەستی ساڵانەی كرێكاران ڕێكدەكەون كە ئەوەش هیچ هاوسەنگییەكی لەگەڵ ئەو حەقدەستە نییە کە کرێکاران و بنەماڵەکانیانپێویستیانە بۆ ئەوەی تەنانەت بتوانن ژیانێکی مەمرە و مەژی پێ بەڕێوە ببەن.

بێ شەرمی سەرمایەداری ‌و حكومەتی سەرمایەداران لە ئێران هیچ سنورێك ناناسێت. ئەمە حكومەتی دز‌و مافیا‌ و رانتخۆرە ئیسلامییەكانە. بە پوڵ ‌و سامانی بەتاڵانبراوی خەڵك بۆ خۆیان ڤێلای ڕازاوە لەخۆشترین شوێنی شارەكان دروست دەكەن، سواری ئۆتۆمبێلی لوكس ‌و ئاخرمۆدێل دەبن ‌و  حیسابە بانكی بێژومارەکانیان پڕ دەکەن ‌و خەریکی ڕابواردن ‌و ژیانێکی خەیاڵین بەڵام کە دەگاتە خەڵك هیچ بەرپرسایەتییەک قەبووڵ ناکەن و هەزار بیانووی وەک ئابڵووقەی ئابووری و هتد دێننەوە بۆ ئەوەی هیچ ئیمکاناتێک بۆ خەڵک دابین نەکەن.

خەڵك بینیویانە ‌و دەیبینن كە لە حكومەتی سەرمایەداران ‌و ژمارەیەك تاڵانچی ‌و دز ‌و جەردە‌ و ڕانتخۆر هیچ سودێكی بۆیان نییە و هیچیان لێ دەستناکەوێ. ئەم رژیم‌ و سیستمی ئابوری و كۆمەڵایەتییە تەنیا دەبێت بڕوخێت تا خەڵك بتوانن دەسەڵات‌ و سامان لە دەستی كەمینەیەكی بەلاشخۆر ‌و تاڵانچی دەربێنن ‌و بۆ خۆشگوزەرانی خۆیان‌ و پێشكەوتن ‌و باشتركردنی دۆخی ژیانی ئینسانیی خۆیان بەكاری بێنن. هەر ڕۆژێك دواخستنی هێرش بۆ سەر حكومەتی جەردە ئیسلامییەكان‌ و هەر ڕۆژ درێژەی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە، زیانێكی گەورەی بۆ خەڵك دەبێت كە قەرەبوو ناكرێتەوە. بۆیە بۆ پێشگرتن لە ناوچوونی هەموو شتێك و داڕمانی زیاتری ئێران لە هەژاریی‌و چارەڕەشی، دەبێت قۆڵی لێهەڵماڵدرێت‌ و بە شۆڕش ‌و ڕاپەڕین، كۆتایی بەم دەسەڵاتە بهێنریێت. ئەمە كەم خەرجترین ‌و ئاشتیخوازانەترین‌ و شارستانیترین رێگایە بۆ گۆڕینی بارودۆخ ‌و ئاڵوگۆڕ‌ و شۆڕش لە ئێراندا. بۆ ڕزگاری خۆمان‌ و بۆ رزگاری دانیشتووانی ئێران هیچ ڕێگایەك بێجگە لە شۆڕش لەبەردەم خەڵكدا نییە