کورد لە بەردەم گەردەلوولی گۆڕانکارییەکاندا؛ یەکگرتن یان توانەوە؟

جیهان و بەتایبەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕووبەڕووی قۆناغێکی نوێ و هەستیار لە ئاڵوگۆڕی ستراتیژی بووەتەوە. کاتێک نەتانیاهۆ نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پیشانی جیهان دا، ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ ئەوەی ناوچەکە بەرەو شەڕ و ململانێیەکی گەورە هەنگاو دەنێت.
لەم هاوکێشە نوێیەدا، چین وەک ڕکابەرێکی سەرسەختی ئەمریکا و ئیدارەی ترامپ دەرکەوتووە، ئەمەش هاوسەنگیی هێزی لەسەر ئاستی جیهان گۆڕیوە. ترامپ وەک بازرگانێکی زیرەک، هەوڵ دەدات هەموو ڕێگاکانی گەیشتنی وزە (نەوت و گاز) بە چین دابخات؛ بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا لە ڤەنزوێلاوە دەستی پێکرد و کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی وزەی ئەو وڵاتەی کرد. ئێستاش هەمان ئەو سیاسەتەی بەرامبەر بە “مادۆرۆ” پەیڕەو کرد، دەیەوێت لە ڕێگەی گەمارۆی دەریاییەوە بەرامبەر ئێرانیش جێبەجێی بکات و ڕێگری لە پاپۆڕە بارهەڵگرەکانی نەوت بگرێت.
ئەم گۆڕانکارییانە گەمە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕن؛ ئەمریکاش بۆ سەرخستنی ئەم پلانە، ناچارە باج بە وڵاتانی ناوچەکە (وەک تورکیە، عەرەبستان و عومان) بدات. لەم نێوەندەدا، یەکەم قوربانیی ئەم ساتوسەودایە “ڕۆژئاوای کوردستان” بوو، کاتێک ترامپ چرای سەوزی بۆ “جۆلانی” و هێزە ڕەشەکەی هەڵکرد تا هێرش بکەنە سەر خاکی کوردستان، ئەمەش وایکرد ئەو هێزە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر خاکی کوردستان دەست پێ بکەن و دەیان تاوان لە کوردستان بخوڵقێنن.
ئێمەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو جەرگەی دۆخێکی زۆر تایبەتمەندداین. کوردستان دوای دابەشبوونی بەسەر چوار دەوڵەتدا، کرایە کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتی و ئەو دەوڵەتانەش هەمیشە لە ڕوانگەیەکی ئەمنی و سەربازییەوە مامەڵەیان لەگەڵ پرسی کورددا کردووە:
لە باکووری کوردستان: تورکیە بەردەوامە لە نکۆڵیکردن لە بوون، کولتوور و ناسنامەی نەتەوەییمان.
لە ڕۆژئاوای کوردستان: ڕێگری لە هەر دانپێدانانێکی فەرمی دەکرێت و هێشتا سەدان هەزار کورد بێ ناسنامە ماونەتەوە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان: ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بە هەموو شێوەیەک هەوڵی تواندنەوەی کورد دەدات و دەیەوێت لە ڕێگەی گۆڕینی دیمۆگرافیا و هێنانی خەڵکی بیانی، جوگرافیای کوردستان بشێوێنێت و ناوچەکەی کردووەتە زیندانێکی گەورە.
لە باشووری کوردستان: مێژوویەکمان لەگەڵ ئەنفال و کیمیاباران هەیە و لە ١٦ی ئۆکتۆبەریشدا بینیمان چۆن بە هاوکاریی تورکیە و ئێران و پشتگیریی هەندێک وڵاتی عەرەبی، کەرکووکیان داگیر کردەوە.
لە ئێستاشدا، هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی تورکیە و داعش بۆ سەر عەفرین، هێزەکانی جۆلانی هەوڵی داگیرکردنی کۆبانی و شارەکانی دیکەی ڕۆژئاوا دەدەن بۆ سڕینەوەی شوناس و کولتووری کوردی. بێدەنگیی ئەمریکا بەرامبەر ئەم کوشتار و داگیرکارییە، ئەو ڕاستییەی سەلماند کە چیتر کورد بۆ ئەمریکا ئەولەوییەت نییە و وەک هەمیشە “کورد تەنیا شاخەکان دۆستین”. لێرەدا ڕێککەوتنێکی قێزەونی نوێ لە نێوان ئەمریکا، تورکیە و ئیسرائیلدا دەردەکەوێت کە مەترسییە بۆ سەر هەر چوار پارچەی کوردستان. مێژوو پێمان دەڵێت هاوپەیمانی لەگەڵ زلهێزەکان تەنیا کاتییە و ئەوان هەرگیز بەرژەوەندیی خۆیان و هاوپەیمانێکی وەک تورکیە ناکەنە قوربانیی کورد. تەنیا ڕێگەی دەربازبوون لە ئەم قەیرانە، یەکگرتوویی نەتەوەییە؛ وەک چۆن لە ڕۆژانی ڕابردوودا بینیمان بەرخودانی ڕۆژئاوا هەموو کوردانی بۆ گیانبازی لە پێناو خاک و نیشتمان کۆکردەوە، ئەو هەڵوێستەی گەل لە ماوەی چەند ڕۆژدا بۆ ڕۆژئاوا نیشانی دا، عەرەب نەیانتوانی لە ماوەی دوو ساڵدا بۆ غەزەی بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ئێران بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە بەرەو داڕمان دەچێت. ناڕەزایەتیی بازاڕی تاران و پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکان، ڕژێمی تووشی ترس کردووە. لە بەرامبەردا، ڕژێم پەنای بۆ کۆمەڵکوژی برد و بە پچڕاندنی ئینتەرنێت، لە ماوەی دوو ڕۆژدا دەیان هەزار کەسی کردە قوربانیی سیاسەتەکانی خامنەیی. لە کرماشان و ئیلام سەدان گەنج کوژران و هەزاران کەس ڕەوانەی سیاچاڵەکان کران. مانگرتنی سەرتاسەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە دەنگی حیزبەکان و بەشداریی هەموو چینەکان (تەنانەت دوکانە گچکەکان) بەڕێوەچوو، ڕژێمی تووشی شۆک کرد و وای لێکرد دەست بکات بە ڕەشبگیریی سەدان کەسی بێتاوان، بەڵام ئەوە ورەی خەڵکی دانەبەزاندووە و نەتەوەکەمان لەو بەشەی نیشتمان لە سەر هێڵن بۆ ڕاپەڕین دژی داگیرکەر.
کوردستان بە گشتی تووشی کێشە و گرفتی زۆرە و دەبێ کورد زۆر بە وریاییەوە لەم قۆناغەدا هەڵسوکەوت بکات. ڕۆژئاوا لە ژێر هەڕەشەی جۆلانی و داعشدایە. باکوور بەدەست سیاسەتە بێ ئەنجامەکانی ئەردۆغان دەناڵێنێت؛ ئەو پرۆسەی ئاشتییەی باسی دەکات تەنها مانۆڕێکە بەهۆی ئاڵوگۆڕە بنەڕەتییەکانی ناوچەکە و هەر لە سەرەتاوە شکستی خواردووە. لە باشوور دەوڵەتی ناوەند بە بیانووی جۆراوجۆر و بڕینی مووچە (کە ساڵی ڕابردوو لانیکەم دوو مووچە نەدراوە) ئازاری نەتەوەکەمان دەدات.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، کە بووەتە زیندان، ڕژێم خەریکە بە چوار دەوری نیشتماندا دیوار دەکێشێت و بە هەزاران گەنج لە زیندانەکاندان؛ هیچ کەس لەو بەشە داگیرکراوەماندا ناتوانێت بە ئاسانی هەناسە هەڵبکێشێت. هەر بۆیە، تەنها ڕێگەی ڕزگاریی کورد لەم دۆخەی ئێستادا، تەنها و تەنها یەکگرتن و خەباتێکی چڕوپڕە بۆ ڕزگاری و گەیشتن بە ئامانجی باڵای سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوون.
