هاوپەیمانیی کوردستانی؛ وەرچەرخانێکی ستراتیژی لە مێژووی خەباتی ڕۆژهەڵاتدا
ڕامیار سەرحەدی
لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوان بەرداشی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و تەقینەوەی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکاندا دەچەقێت، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاوێکی مێژوویی و چارەنووسساز بەرەو یەکڕیزی هەڵدەگرێت. ڕاگەیاندنی «هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران» لە نێوان پێنج لایەنی سەرەکی (حدکا، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، پژاک، خەبات و پاک)، وەڵامدانەوەیەکی بڕیاردەرانەیە بۆ پێویستییەکانی قۆناغ و وەرچەرخانێکی ستراتیژییە بۆ ئامادەکردنی کوردستان بەرامبەر هەر ئەگەر و گۆڕانکارییەکی کتوپڕ کە لە تاران بێتە ئاراوە. ئەم هاوپەیمانییە کە لە دوای قۆناغێکی چڕ لە دیالۆگ و کاری مەیدانی لە «ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری» گەیشتووەتە ئەنجام، ئامانجی سەرەکیی یەکخستنی وزە و ڕیزەکانی خەباتە بۆ پەرەپێدانی زیاتر بە بزووتنەوەی سیاسیی کورد و چەسپاندنی مافی دیاریکردنی چارەنووس لە ئێرانی داهاتوودا.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەمیشە لەسەر ئەو بڕوایە بووە کە کلیلی سەرکەوتن دژی داگیرکەر و سیستەمە کۆنەپەرستەکان، لە یەکگرتوویی ئیرادەی سیاسی و ڕێکخستنی جەماوەریی نێو ماڵی کورددایە. ئەم هاوپەیمانییە لە کاتێکدا دێتە ئاراوە کە ڕژێم دەیەوێت بە زمانی دانوستانەکانی ژێنێڤ کات بۆ مانەوەی خۆی بکڕێت و لە ناوخۆشدا بە کێشانی دیواری سنووری و سەرکوتی خوێناوی، کوردستان لە گۆڕانکارییەکان داببڕێت. ڕێککەوتنی ئەم پێنج لایەنە پەیامێکی بێپەردەیە بۆ تاران و ناوەندە بڕیاردەرە جیهانییەکان؛ کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن گوتارێکی سیاسیی یەکگرتووە و چیتر ڕێگە نادات ئیرادەی نەتەوەکەمان لە هیچ ساتوسەودایەکی سیاسیی ئایندەدا پەراوێز بخرێت. جەختکردنەوە لەسەر بنیاتنانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی و دێموکراتیک لەسەر بنەمای ئیرادەی نەتەوەی کورد، کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم ڕێککەوتنەیە.
ئەم هاوپەیمانییە ئەرکی قورسی لەسەر شانە و پێویستە ئەم یەکێتییە شۆڕبێتەوە بۆ ناو ڕیزەکانی جەماوەر تا ببێتە قەڵایەکی قاییم بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی». دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، مافی یەکسانی ژنان و پیاوان، پاراستنی ژینگە و دابینکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، بنەما هەرە جەوهەرییەکانی ئەم هاوپەیمانییەن. ئەم یەکێتییە دەبێ ببێتە بزوێنەری خەباتێکی چڕوپڕی وا کە هەموو زەحمەتکێشان و پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان تێیدا هەست بە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی خۆیان بکەن و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی سیستمێکی سیاسیی دێموکراتیک و سێكۆلار لە ئێران بە ئەرکی لەپێشینەی خۆی دەزانێت.
لە ڕووی نێودەوڵەتیشەوە، ئەم هەنگاوە پێگەی کورد وەک ئەکتەرێکی کاریگەر لە هاوکێشەی «ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی» بەهێزتر دەکات. کاتێک جیهان دەبینێت کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە لەسەر مێزێکی هاوبەش کۆدەبنەوە، متمانەی زیاتر بە پڕۆژەی سیاسیی کورد دەکرێت بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکە لە قۆناغی گواستنەوەدا. ئەمە وەڵامێکی توندە بۆ ئەو لایەنانەی کە هەوڵیان دەدا کورد وەک هێزێکی پەرتەوازە نیشان بدەن. هاوپەیمانییەکە بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە بنەمای هەر هاوکارییەک لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان، بەفەرمی ناسینی مافی نەتەوەیی نەتەوەکان و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەکە.
پێویستە ئەم هاوپەیمانییە ببێتە چەترێک بۆ یەکخستنی خەباتی شار و شاخ و ڕێکخستنی بەرەیەکی نیشتمانیی وا کە ڕێگە لە هەر جۆرە پاشەکشەیەک بگرێت. هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ناوەندێکی فەرماندەیی هاوبەشی هێزە چەکدارەکان و یەکخستنی گوتاری سیاسی، مەرجی سەرەکیی بەهێزکردنی پێگەی کوردە لەم دۆخە پڕ لە گۆڕانکارییەدا. کاتی ئەوە هاتووە کە بە هێزی یەکگرتوومان کۆتایی بە چوار دەیە لە ستەم و سێدارە بهێنین و بەرەو ئاسۆیەک هەنگاو بنێین کە تێیدا کوردستانی سەربەرز ببێتە مەکۆی عەداڵەت و یەکسانی. ئەم هاوپەیمانییە سەنگەرێکی پۆڵایینە بۆ پاراستنی شوناس و کەرامەتی نەتەوەیی و چینایەتیی زەحمەتکێشانی کوردستان.
بژی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
سەرکەوێت ئیرادەی یەکگرتووی زەحمەتکێشانی کوردستان
