کوردستان مەکۆی شورش و بەرخۆدان!

0

عەزیز

شەقام لە کوڵاندایە و ڕەوتی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی بە هەموو شێوەکان لە هەڵکشاندایە. ئەم رەوتە لە بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ هیواکانی باڵایان کرد و لە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨دا بەوپەڕی خۆی گەیشتوو لە شۆڕشی ژینادا لەنگەری خستوو بن و بنچینەی دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی هێنایە لەرزین و یەک لە دوای یەک بەرەو ڕووخاندنی بردن.  بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژنان کە بە دروشمی « ژن، ژیان، ئازادی»، «نە ڕووسەری، نە تووسەری»، «مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر» و بە کردەوەی سەمبۆلیکی وەک لابردنی حیجاب لەسەر شەقام و سووتاندنی هاتە مەیدان، یەکێک لە پایە گرنگەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی دەسەڵاتیی ئیسلامیی تێکشکاند. ئەم شۆڕشە بە کردەوە بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنی نەتەنیا لە کوردستان و ئێران، بەڵکوو لە ئاستی ناوچەکەدا بردە قۆناغێکی نوێوە. بزووتنەوەی ژنان دەرفەتێکی گونجاوی بۆ هێزەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامیی لە کوردستان خوڵقاندوە کە دەبێ پشتیوانی و بەهێز بکرێ، بەهێز کردنی ئەم خەباتە دەتوانێ سەنگەر بەسەنگەر پاشەکشە بە دوژمنانی راستەقینەی خۆی بکات و خۆی لە نێو چەقی گۆڕانکارییەکاندا، هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆی بدات. ئەم خەباتە و ئەم پێشەوە چوونە بە هەوڵی، یەکەم ژنان خۆیان و دووهەم بە هەوڵی چالاکانی چەپ لە کوردستان تۆمار کرا. شک لەوە دانیە ئەمە هەوڵ و تەقەڵا و تێکۆشانی چەپەکان بوو کە بێ وچان و پشت ئەستوور بە خەباتی پێشوویان ڕێرەوی شۆرشی ژنانیان لە کوردستان خۆش و پاشەکشەیان بە بیری تەسکی دژی ژن بوون کرد تا ژنان وەکوو هەمیشە قورسایی خۆیان لە خەباتدا هەبێت. شۆڕشی ژینا پرسی ژنی جارێکی تر هێنایە سەروی هەموو پرسە گرنگەکان. بۆ یەکەمین جار خەباتی ژنانی لە شپرزی خۆی هێنایە دەرەوە  و رێکخراوتری کرد. بەجۆرێک کە بە شەهامەتەوە دەتوانین بڵێن کە ئەم شۆڕشە خەباتی ژنانی کرد بە بزووتنەوەیەکی جەماوەری و سیاسی گەورە و کاریگەر و هێزی سەرەکی و بزوێنەری شۆڕش هەم بۆ قۆناغی ئێستا و هەم بۆ قۆناغەکانی تری خەبات لە داهاتوودا.

٤٦ ساڵە کوردستان مەکۆی شۆڕش و سەنگەری خەبات و تێکۆشانە و ترپەی دڵی هەموو شۆڕش و بەرخۆدان و ململانێیەکانی کۆمەڵانی خەڵک بووە دژی دەسەڵاتی نەحەسی کۆماری ئیسلامیی. خەباتی کوردستان پشت ئەستوور بووە بە بەشداری ژنان و پیاوانی چەپ و عەداڵەتخواز و یەکسانی خواز. لەم مەڵبەندەدا بەستینی شۆڕش و هەستانەوە و خرۆشی جەماوەریی بەهێزە و لە لووتکەدایە و ئاگری قینی و توڕەیی جەماوەر بە دژی دیکتاتۆریەتی کۆماری ئیسلامیی نەک نەوەستاوە بەڵکوو بەردەوام لە هەڵکشاندایە. کوردستان بەردەوام جەمسەرێکی گرنگ بووە بۆ خەبات و تێکۆشان و هەروەها ڕەمزی شۆڕشیشە بە پانتایی هەموو ئێران. لە بارودۆخی ئێستادا چارەنووسی کۆماری ئیسلامی نادیار و لە تاریکایی دایە و لە هەموو لایەکەوە کەوتۆتە بەر قین و توڕەیی.

کوردستان بە کردوە سەڵماندویەتی کە مەیڵ و خواست و هێز و پۆتانسیەلی ئەوەی هەیە ببێتە خاوەنی ناوەندێکی بەهێز و یەکگرتوو. ناوەندێک پێکهاتوو لە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز کە خوازیاری لە گۆڕنانی هارترین ڕژیمەکانی سەردەمە و ئاسۆی دواڕۆژیشی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی شیاوی ئینسانییە.

شۆڕش و بەرخۆدانەکانی تا ئێستا ڕەوتی لاوازبوونی حکوومەتی ئیسلامیان خێراتر کردووەتەوە و بۆ جارێکی دیکە دۆسیەی چارەنووسی دەسەڵاتی سیاسی بەڕووی کۆمەڵگەی کوردستان کردووەتەوە. لە ئاستی ئەم ڕەوتە و بۆ وەڵامدانەوە بە پرسە سەرەکییەکانی پرۆسەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی و ئەگەرەکانی بەردەم، دەخوازێت، خەباتمان ئەمرۆییترو یەکگرتووتر کەین بۆ وەڵامدانەوە بە پێویستییەکانی ئەمڕۆی کوردستان و بۆ روخاندنی داگیرکەر..

ئێمە وەک هەمیشە لە لوتکەی ئەم خەباتەدا، خۆمان دەبینینەوە…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *