کوتانی دەهۆڵی شەڕی جیهانی لەسەر سنوورەکانی ئۆکراین و ڕووسیە

✍ هەژار وەلیزادە

ئامریکا ٨٥٠٠ سەربازی خۆی خستۆتە ئامادە باشیەوە هەروەها ناتۆش باس لە ناردنی کەشتی و فرۆکەی شەڕکەری خۆی دەکات بۆ رۆژئاوای ئۆرووپا بەڵام ڕووسیە هێزی زیاتر دەهێنێتە سەر سنوورەکانی ئۆکراین و نەمایشێ سەربازی گەورە لە وڵاتی بێلارووسی هاوپەیمانی ئەنجام دەدات ئەوەش دەنگی تەپڵی شەڕی جیهانی سێهەمی زیاتر کردوە تا رادەیەک کە زۆربەی وڵاتانی جیهان گوێبیستی بوون و داوایان لە هاوڵاتیانیان کردوە بە زوترین کات ئۆکراین جێبێڵن.

ئەمانە لە کاتێکدایە کە ویلادیمێڕ پووتین سەرۆکی ڕووسیە تا ئێستاش ڕەتیدەکاتەوە کە بە نیازی هێرشی سەربازی بێت بۆ سەر وڵاتی ئۆکراین و ئەو هەواڵەی بە لووتکەی هیستریایی ئامریکا و رۆژهەڵات پێناسە دەکات بەڵام وڵاتانی ئامریکا و بریتانیا و ناتۆ بە پێچەوانەوە هەر ڕۆژەو باس لە شێوازێكی و کاتێكێ هێڕشی ڕووسیە بۆسەر خاکی ئۆکراین دەکەن بە مەبەستی داگیر کردنی  و خەڵکی ئۆکراینیش دەستیان داوەتە چەک و دەڵێن بەرگری لە سەربەخۆیی وڵاتەکەمان دەکەین.

لە کاتێك دا کە یەکێتی ئۆرووپا بە سەرۆکایەتی ئێمانۆئێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕانسە هەوڵی نێوندگیری دەدات و دەیانەوێت رێگا چارەیەکی دیپڵۆماتیک بۆ گرژیەکان بدۆزنەوە ئەو پرسیارانە دێت کە چ هۆکارگەڵێک دەتوانێ هاندەربێت بۆوەی رووسیە هێڕش بکاتە سەر وڵاتە دراوسێکەی خۆی؟ ڤیلادیمێڕ پووتین بە چ پێوەر و ویستێکەوە ئەگەری ئەوەی هەیە فەرمان بە هێزەکانی وڵاتەکەی بکات بۆ داگیر کردنی خاکی ئۆکراین؟ و لێکەوتەکانی ئەو شەڕە گەر ڕووبدات لەوانەیە چی بن؟

هەڵکەوتە و مێژووی ئەو دوو وڵاتە

ئۆکراین دەکەوێتە ناوەڕاستی ئورووپا و لەسەر دەریای ڕەشە، لە رۆژهەڵاتەوە لەگەڵ رووسیە و لە باکووریشەوە لەگەڵ وڵاتی بێلاروس دراوسێیە، لە  رۆژئاواوە لەگەڵ وڵاتانی لەهێستان و ئێسلۆنی و مەجارستان و لە باشووریشەوە رۆمانی و مۆڵداڤی و دەریای ڕەشە.

بۆ تاوتۆی هەر بابەتێکی سیاسی یەکێك لەو ئادرەسانەی کە سەردانی دەکەین مێژووە. بۆ لێكدانەوەی گرژیەکانی ئەم دوایانەی دوو وڵاتی ئۆکراین و ڕووسیەش سەردانێكی مێژوو دەکەینەوە تا بزانین لە لاپەرەکانی مێژوویان دا چی نووسراوە.

دوای هەڵوەشانەوی یەکێتی سۆڤییەت، هەندێك لەو ١٥ کۆمارەی کە سۆڤییەتی پێکدەهێنا سەربەخۆییان وەرگرت، یەکێک لەوانە ئۆکراین بوو کە لە ساڵی ١٩٩١ زاینی بوو بە وڵاتێکی سەربەخۆ. ئەمە لەکاتێک دا رووی دا کە حکوومەتی رووسیە بۆیەکەم جار ١٢ سەدە لەمەوبەر لە کیێفی پێتەختی ئێستای ئۆکراین دەسەڵاتی گرتووە  و خۆی وەک وڵاتی ڕووسیە ناساندووە. لە ساڵی ٩٨٨ زاینیدا حاکمی مەسیحی ئۆرتۆدۆکسی ئەوکات، حکوومەتەکەی خۆی بە ڕووسیە ناودەنێت. ڕووسیە و ئۆکراین لەو کاتەوە کە کیێف پێتەختی ڕووسیە بووە پەیوەندیان پێکەوە بووە تا ساڵی ١٦٥٤ زاینی کە بە فەرمی هاوپەیمانێتیان لەگەڵ دەسەڵاتی تێزاری ڕووسیە واژۆ کرد. لەدوای ئەویش دا ئۆکراین یەکێک لە بەشە سەرەکیەکانی پێکهێنەری یەکێتی سۆڤییەت بوو.هەر ئەو پشتیوانیە مێژووە وای کردوە کە دانیشتوانی ئۆکراین بە دوو زمانی ڕووسی و ئۆکراینی کە زۆر نزیکن لەیەک قسە بەکەن. لە ئێستا دا زۆرینەی خەڵکی رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئۆکراین بە زمانی ئۆکراینی دەدوێن هەروەها زۆرینەی خەڵکی رۆژهەڵاتی و بەشێک لە ناوەڕاست و دوورگەی کریمەش بە زمانی رووسی دەدوێن و خۆیان بە نزیکتر لە رووسەکان دەزانن و کولتووری رووسیان بەسەردا زاڵە.

بەڵام لە ساڵی ١٩٩١ زاینیدا گەلی ئۆکراین بڕیاری سەربەخۆیان دا و لە یەکێتیی سۆڤییەت جیابوونە بە هۆکاری ئەوەی لە دەورەی دەسەڵەتی ستالین دا زیاتری گوشارەکانی قات و قرانەکانی ساڵەکانی١٩٣٢ تا ١٩٣٣ سۆڤییەت کەوتە سەر ئەوان و لە کارەساتەکەی چێرنۆبیلیش دا پشكی زیاتر ئاوارەی و زیانەکان بەر خەڵکی ئۆکراین کەوتبوو.

لە کاتی شەڕی سارد، سۆڤییەت بنکەی چەکی ئەتۆمی زۆری دروستکردبوو و بەشێک لەو بنکانە لە ئۆکراین دامەزرابوون. بە هۆی کارەساتی تەقینەوەی بنکەی چێڕنۆبیل ، نزیک ٥٠٠٠ کڵاوی ئەتۆمی لەناو خاکی ئۆکراین دانرابوو، دوای سەربەخۆیی ئۆکراین لە ساڵی ١٩٩١ دا ئەو کڵاوە ئەتۆمییانە هەر لە بنکەکانی ئەو وڵاتە مانەوە، بە پێی ئەو ڕێژە زۆرە بۆمبی ئەتۆمییە ئۆکراین دەبوو بە سێیەم وڵاتی هێزی ئەتۆمی دوای رووسیە و ئامریکا، بەڵام ئۆکراین نە خاوەنی تێکنۆلۆژی ئەتۆمی بوو و نە توانای پارێزگاریکردنی لەو کڵاوانە هەبوو، بۆیە لە ساڵی ١٩٩٥ دا بۆ رووسیە گەڕاندنیەوە و لە بەرامبەریشدا رووسیە ئازادیەکی زۆری دا بە ئۆکراین تا بتوانێت بە ئازادانە پەیوەندیی ئابووری، کولتووری و سیاسی لەگەڵ هەر وڵاتێک بیەوێ ببەستێت بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕەزامەندیی ڕووسیە.

لەساڵی٢٠٠٤ زاینیدا لە ئۆکراین شۆرشێک بە ناوی شۆرشی نارنجی یان پرتەقاڵی سەریهەڵدا و ئامانجی سەرەکی شۆڕشەکە بەگژداچوونەوەی دەستێوەردانی ڕووسیە بوو لە وڵاتەکەیان کە پشتیوانی حکوومەتە دیکتاتۆرەکەی  ئەو کاتەی ئۆکراین بوو.

لە دوای سەرکەوتنی شۆرشەکە وڵاتی ئۆکراین زیاتر بە رووی ڕۆژهەڵاتدا کرایەوە پەیوەندیەکانیان لە هەموو روویەکەوە وەک کوولتووری و ئابووری  و تەنانەت سەربازیش لەگەڵ وڵاتانی ئورووپا رۆژ لە دوای رۆژ نزیکتر بۆوە، ئەدی مۆسکۆ لەو کاتەوە ترسی لێ نیشت و پەیوەندیەکانی مۆسکۆ و کیێف تا ئێستا هەوراز و نشێوی زۆری بڕی.

کێشەی نیمچە دوورگەی کریمە

لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٣  زاینیدا لە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئۆکرایندا، ڤیکتۆر یانۆکۆڤیتچ هەڵبژێردرا کە نزیک بوو لە ڕووسیە، دەبوایە سەرۆکی تازە پەیوەندیی تووند لەگەڵ ئورووپای یەکگرتوو پەرەپێبدات کە پێشتر چەند رێککەوتنی ئابووری لەگەڵ یەکێتیەکە کرابوو، بەڵام لەجیاتی ئەوە هەموو پەیوەندییەکانی ڕاگرت و پەیوەندی لەگەڵ کۆشکی کرملین بەست.

هەر ئەوەش بوە هۆی ئەوەی لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ لە کێفی پایتەختی ئۆکراین خۆپیشاندانی گەورە خەڵک بێتە ئاراوە وخۆپیشاندەران داوای دەست لەکارکێشانەوەی ڤیکتۆر یانۆکۆڤیتچ و کۆتاییهێنان بەو رێکكەوتنەیان دەكرد کە لە گەڵ رووسیە کردبووی. بەهۆی ئەم شۆڕشە ڤیکتۆر یانۆکۆڤیتچ هەڵهات بۆ روسیە و پارتی مەیدان دەسەڵاتی وڵاتی گرتە دەست. رۆژئاوا و بەتایبەتی ئامریکا پشتگیریی قورس و قایەمی شۆرشەکەیان دەکرد.

ئەمجارەیان دوای ئەوەی پارتی مەیدانی نزیک بە ئورووپا و ئامریکا کە حوکمی گرتە دەست، لە دوو ناوچەی نزیک بە رووسیە دەستیانکرد بە خۆپیشاندان. لە ناوچەی دۆبناس کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئۆکراین و لە نیمچە دوورگەی کریمە.

جێگای ئاماژەیە لە هەر ١٠ کەسی دانیشتووی کریمە هەشت کەسیان خۆیان بە روسۆفۆن واتە رووسی ڕەسەن دەزانن. بەپێی ڕاپرسییەک کە ٢٠١٣ زاینیدا ئەنجامدراوە، تەنیا ١٥ لەسەدی خەڵکی کریمە خۆیان بە ئۆکراینی دەزانن.

هەر لە ساڵی ٢٠١٤ دا لایەنگرانی رووسیە دەستیان بەسەر پەرلەمانی دەسەڵاتی فێدراڵی کریمەدا گرت و ریفراندۆمێک رێکخرا، لە کریمە ٩٥٪ داوایانکرد بە رووسیەوە ببەسترێنەوە و بوو بە کۆمارێکی سەربەخۆ لەناو فیدراسیۆنی رووسیەدا. هاوکات ئەرتەشی رووسیە دەستی بەسەر هەموو دام ودەزگاکان و چەک و سوپای ئۆکراین لە کریمەدا گرت.

دوای هێڕشی ڕووسیە بۆ کریمە و ڕێفراندۆمەکەی ،ئۆکراین و زۆربەی وڵاتان لە ئورووپا و ئامریکا ئەم دەنگدانەیان ڕەتکردەوە و بە ساختەیان زانی و وتیان دەستی رووسیەی تێدا بووە. تاوەکو ئێستاش وڵاتان و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، کریمە هەر بە بەشێک لە ئۆکراین دەناسن. کۆمەڵەی پیشەسازی ٨ کە بە (G8) ناسراوە ئەندامێتی ڕووسیەی لەسەر داگیرکردنی کریمە هەڵپەسارد و بوو بە گرووپی (G7)کە پێکهاتووە لە ئاڵمان، کانادا، فەڕانسە، بریتانیا، ئامریکا، ئیتالیا و ژاپۆن و یەکێتی ئورووپا یەکگر و “رووسیەش پێش ئەوەی ئەندامێتی هەڵپەسێردرێت”.

هۆکارانەی پاڵنەرەکانیی گرژیەکان:

ناتۆ وەک فاکتەرێکی سەرەکی هۆکاری گرژیەکان رووسیە و ئۆکراین

دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤییەت لە ساڵی ١٩٩١ دا و لەپێناوی دروستکردنی دنیایەکی ئارامتر و سەقامگیرتردا، وڵاتانی ئورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بڕیاریاندا سیستمێکی نوێی جیهانی دروستبکەن و ڕووسیەش بەشێکی گرینگ بێت. مۆسکۆ ئەم پێشنیارەی قبووڵکرد، بەمەرجێک کە ناوچەی نفووزی پارێزراو بێت و ناتۆ دەستنەبات بۆ پرسی ئاسایش و سەقامگیریی ئەو بەشانە کە سەر بە دەسەڵاتی رووسیەن. ئەم رێککەوتنە لەنێوان مۆسکۆ و واشنگتۆندا تاوەکو ساڵی ١٩٩٩ زاینی بەردەوام دەبێ و بەجۆرێک لە جۆرەکان جیهان ئارامیی بە خۆیەوە دەبینێت.

لە ١٩٩٩ دا ئامریکا یەک گورز لەم رێککەوتنە دەدات، ئەوەش لەڕێگەی بانگهێشتکردنی وڵاتانی لەهێستان و کۆماری چێک و مەجارستان بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆدا. ئەم هەنگاوە مۆسکۆی تووڕە کرد، بەڵام لەهەمانکاتدا دوو خاڵی گرینگ وایانکرد کە دۆخەکە تێکنەچێت. یەکەمیان ئەوەی کە ئەم سێ وڵاتە هاوسنوورنین لەگەڵ رووسیەدا و دووهەمیشیان بریتیبوو لەوەی کە ئامریکا بە نووسراوی فەرمی مۆسکۆی دڵنیاکردەوە لەوەی کە چەکی ئەتۆمی لە هیچ یەکێک لەم وڵاتانەدا دانانێت و هیچ یەکێکیان نابن بە مەترسی بەسەر رووسیە.بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٤ زاینیدا، دوبارە کاتێک کە جۆرج دەبلیو بووش رایدەگەیێنێت کە شەش وڵاتی دیکە ئورووپا دەبن بە ئەندانی ناتۆ، ئیتر مۆسکۆ دەگاتە ئەو باوەڕەی کە واشنگتۆن دەیەوێت گەمارۆی بدات.

پاش ئەم رووداوە گرینگە، ڤلادیمیر پووتین بەتووندی هەڕەشەی لە ناتۆ کرد بەڵام ئامریکا و ئورووپا ئەم هەڕەشەیەی پووتینیان بەجددی وەرنەگرت و لەنێوان ساڵەکانی ٢٠٠٤  و ٢٠١٤ دا، بەپشتیوانیی واشنگتۆن و ئورووپا چەندین بزووتنەوەی ناڕەزایی دژە مۆسکۆ لە چەندین وڵاتدا سەریان هەڵدا، هەر لە گۆرستانەوە تا دەگاتە ئۆکراین. ساڵی ٢٠١٣، کیێفی پایتەخت دەبێت بە لانکەی راپەڕین دژ بە سەرۆکی ئۆکراین کە ببوە هاوپەیمانی رووسیە و ئۆکراینش رۆژ لە دوای رۆژ خۆی لە یەکێتی ئورووپا نزیکتر دەکردەوە.ئەمە ئیدی بەزاندنی ئەو هێڵە سوورەنبوو کە مۆسکۆ نەیدەتوانی قبووڵی بکات و هەر ئەوەش وایکرد کە لەڕێگەی سەربازییەوە دەستێوەردان بکات و کریمە لە ئۆکراین وەربگرێتەوە و بیخاتەوە سەر وڵاتەکەی.

 

لە هەمانکاتدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاش پڕۆژەیەک دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە. پڕۆژەکەش بریتیبوو لە دامەزراندنی دوو بنکەی دژە مووشەک و مووشەک هاوێژی دوور مەودا لە  وڵاتانی رۆمانی و لەهێستاندا.بە وتەی خۆیان ئامانج لە دامەزراندنی ئەو دوو بنکەیە هەرشە مووشەکیەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بەڵام مۆسکۆ باوەڕ بەو باسە ناکات و پێی وایە ئامانجی یەکەمی ئەم دوو بنکەیە تێکشکانی هێزی ئەتۆمی رووسیەیە، چونکە بە بۆچوونی پووتین، “شتێک بەناوی هەڕەشەی ئێران بۆسەر ئورووپا بوونی نیە”.

فاکتەری ژێئۆپۆلۆتیکی ئۆکراین بۆ رووسیە

هەر چەندە رووسیە رووبەرێکی فراوانی  هەیە  بەڵام  ئۆکراین شوێنێکی ستراتێژی گرینگە بۆ ڕووسیە. ڕووسیە لە زۆر لاوە دەورە دراوە بە زەریاکان، بەڵام زۆربەی بەندەرەکانی لەسەر ئاوی ساردە و زستانان دەیبەستێ و ئەوەی کە لەسەر ئاوی گەرمیشە ئاوەکەی زۆر قووڵ نییە.بەڵام بەندەرەکانی ئۆکراین لەسەر دەریای ڕەش  لەسەر ئاوی گەرم و قووڵ دامەزراون.هەروەها ئۆکراین شووێنکی زۆر ستراتێژیە بۆ سەپاندنی هەژموونی سەربازی ڕووسیە بەسەر زەریای ڕەشدا.

جگە لەمانە وڵاتی ئۆکراین پردی هەناردەی گاز سرووشتی ڕوسیەیە بۆ وڵاتانی ئورووپا کە بە پێ رێکەتنی نێوانیان تا ساڵی ٢٠٢٤ مۆسکۆ دەتوانێ لەو خەتی لوولەیە کەڵک وەربگرێت بەڵام دیارنیە ئاخۆ دوای تەواوبوونی کاتی ئەو سەنەدە، حکومەتی ئۆکراین مەرجەکانی بۆ نوێکردنەوەی ڕێکەوتنەکە چ دەبێت؟(وڵاتی ئۆکراین بەشە پازێلی هەستیاری پرۆژەی ئۆراسیای ڕووسیەیە بۆ دەست پێڕاگەیشتنیان بە بازارەکانی ئورووپا).

دەسکەوتە کەسیەکانی ڤیلادیمێر پووتین

ڤیلادیمێر پوتین لەوانەیە لەو گرژیانەدا بەدوای دەسکەوتی تاکە کەسی خۆی بگەرێت، هەوڵبدات سۆزی نەتەوەیی خەڵکی ڕووسیە زیاتر بۆ لای خۆی ڕاکێشێتەوە وەک ئەوەی دوای داگیرکردنی کریمە خۆشەویستی پوتین تا رادەیەک لای خەڵکی ڕووسیە زیاتر بووە. بۆیە داگیرکردنەوەی تەنانەت بەشێکی دیکەی خاکی ئۆکراین دەتوانێ خۆشەویستی و سۆزی خەڵکی وڵاتەکەی تا کاتی تەواو بوونی ئەو خۆلەی سەرۆکایەتیەکەشی زیاتریش بکات.ئەو پەیامە سیاسیەش بگەیەنێت بە خەڵکی ڕووسیە کە ئەو تاکە بەرگریکاری بەرژەوەندیەکانیانە لە رووسیەیەک کە دوژمن لەدەرەوە گەمارۆی داوە.

ئێستا دۆخەکە چۆنە ؟

لە پاییزی ٢٠٢١ زاینیدا وڵاتانی ئورووپا و ئامریکا زەنگی مەترسییەکی نزیک لەسەر سنوورەکانی ئۆکراین لێدەدەن. رووسیە ١٠٠ هەزار سەربازی بەسەر ئەو سنوورانەدا و بەچەکی قورسەوە بڵاوکردووەتەوە و بەهەموو تواناکانیشییەوە یارمەتیی بزووتنەوەی جوداخوازەکانی رۆژئاوای ئۆکراین دەدات کە بە پرۆ ڕووس ناسراون.

کۆشکی کرملین ڕادەگەیەنێت بڵاوکردنەوەی ئەم سەربازانە تەنیا کاردانەوەیەکە لەبەرامبەر چالاکییە کانی ناتۆدا بەڵام لەولاوە دەزگای هەواڵگریی ئامریکا باس لەوە دەکەن کە رووسیە، لە رێگەی سیخوڕەکانییەوە، دەیەوێت هەلومەرجی ناوخۆیی ئۆکراین بەڕادەیەک تێکبدات کە دەستێوەردانی سەربازییانەی مۆسکۆ ببێت بە زەرورەتێک ویستراو لە لایەن دانیشتوانی ڕووسی ئۆکراین وەک هەرێمی دۆبناس و روداوێکی کەم بایەخ لە ڕوانگەی نێو نەتەوەیەوە.

 

لە ١٨ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢، هەزاران سەربازی رووسی گەیشتنە بێلاڕووس و ئەمەش بووە هۆکارێکی دیکەی تێکچوونی زیاتری دۆخەکە و بەرزکردنەوەی ئاستی مەترسییەکانی ئورووپا و ئامریکا. لە ٢٥ـی مانگی رابردووشدا شەش هەزار سەربازی رووسی دەستیان بە مانۆڕی سەربازی لە کریمە و سنوورەکانی ئۆکراین کرد و دیسان ئەمەش مەترسیی تەقینەوەی دۆخەکەی زیاتر کرد بەڕادەیەک کە سەرۆکی ئامریکا، جۆبایدن بڵێت: “ئەگەر رووسیە پەلاماری ئۆکراین بدات، بەدڵنیاییەوە دەرئەنجامەکانی زۆر گەورە دەبن و دەتوانم بڵێم دەبێت بە گۆڕینی دنیای ئێستا و دروستبوونی دنیایەکی دیکە.” بەڵام لە هەمانکاتدا جۆبایدن باس لەوەدەکات کە ئامریکا نیازی نییە سوپاکەی بنێرێت بۆ ئۆکراین، چونکە تائێستا ئەندامی ناتۆ نییە. سەرەڕای ئەم لێدوانەش، واشنگتۆن هەشت هەزار و ٥٠٠ سەربازی خستووەتە ئامادەییەوە.

یەکێتیی ئورووپاش لە رێگەی ئێمانوێل ماکرۆنەوە دەیەوێت دەنگی ببیسترێت و رێگری بکات لە هەڵگیرسانی شەڕ بەڵام لەهەمانکاتدا ئەویش هەڕەشە دەکات لەوەی کە ئەگەر مۆسکۆ پەلاماری کیێف بدات، بەدڵنیاییەوە باجەکەی ئێجگار گران و قورس دەبێت.

لە کۆتاییدا

ئەم پرسیارانەی کە بەردەوام دوبارە دەبنەوە، ئایا دۆخەکە ئارام دەبێتەوە یان جەنگەکە بەڕاستی روودەدات؟ ئەگەر ئێستاش گرژیەکان کەم بێتەوە لە داهاتوودا بە بیانوی دیکە ناوچەکە گرژی تێناکەوێتەوە؟

ئەوەی رووسیە دەیەوێت و بە ماکرۆن و جۆبایدێنی وتووە دوو شتە:یەکەمیان ئەوەیە کە وڵاتانی ناتۆ بەڵێن بە مۆسکۆ بدەن کە چیتر رووبەری ناتۆ فراوان نەکەن و دەوڵەتی نوێ، بۆ نموونە ئۆکراین نەکەن بە ئەندام و دووهەمیشیان ئەوەیە کە ناتۆ نابێ مانۆڕی سەربازی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئورووپادا ئەنجامبدات.

ئەم دوو داواکارییەی رووسیە، لەنێو ئەو مێژووە درێژ و ئاڵۆزەدا سەرچاوەدەگرن کە باسمانکرد. راستە هەردوو داواکارییەکە بۆ پارێزگاریکردن لە هەژموونی رووسیەیە و هێزە ئەتۆمییەکەی و ناوچەکانی کە خۆی کارایە تێیاندا، بەڵام ئەوەش راستە کە ملدان بەم دوو داواکارییە یەکسانە بە شکاندنی خواست و سیاسەتی سەربەخۆی ناتۆ و رازیبوون بەوەی کە دەسەڵاتێکی دەرەکی بەشداریبکات لە دەستنیشاکردنی بڕیارەکانیدا.

هەڵگیرسانی شەڕ هەرچەندە دوورە بەڵام ئەگەرەکانیشی بەندە بە ڕادەی پێداگری مۆسکۆ و نەرمی نواندنەکانی ئامریکا و ئورووپا.ئاخۆ کامیان زۆتر پاشەکشە دەکەن لە هەڵویستەکانیان؟