شەڕی ئوکراین و چەن سەرەنجێک

✍ئەسعەد دروودی

هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئوکراین کاریگەریی بەرینی لەسەر باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەمنییەتیی خەڵک بەتایبەت لە ئورووپا داناوە و باس و لێکدانەوە لەسەر ئەو هێرشە داگیرکارانەیە و سەرهەڵدانەوەی کێشەی کۆنی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، زۆرن و دەکرێ لە ڕوانگەی جیاوازەوە بۆی بڕوانی و لێکی بدەیتەوە.

بە دڵنیاییەوە ئەو شەڕە داگیرکارانەیە جیا لەوەی دەوڵەتی ئوکراین چ ناوەرۆکێکی هەیە و چەند گەندەڵ و نادیموکراتیک بووە، مەحکوومە و دەوڵەتی ڕووسییە وەکوو هێرشکارێک دەبێ ئیدانە بکرێ. باسی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژاوا و پلانەکانیان و بەڵێنە درۆ و پەیمانە ناڕاستەکانیان بەشێکی دیکەی ئەو باسەن. بەڵام باسی سەرەکی خەسار دیتنی خەڵک و ماڵوێرانی و کوژرانی مرۆڤی بێتاوانە کە هەردەم مەحکووم و جێگەی سەرکۆنەیە.

ئەگەر بمانەوەێ بەشەکانی دیکەی مەسئەلەکە وەلانێین و فوکووس بخەینەسەر لێکدانەوەی ئەو کێشەیە لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی گەلی کوردەوە، چۆنیەتی کاریگەریی ئەو قەیرانە لەسەر دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان زەق دەبێتەوە.

حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ساڵانێکی زۆرە پاڵی بە دەوڵەتی مۆسکۆوە داوە و بۆ کەمکردنەوەی گوشاری ڕۆژاوا لەسەر خۆی بووەتە ئاڵقەلەگوێی کرێملین لەم قەیرانەشدا زمانی دوانیان زمانی دەوڵەت ڕووسیە بووە و بە ئاشكرا و نیوە ئاشكرا پشتیوانیی ڕووسییەیان کردووە یان لانی کەم ئامادە نەبوون ئەو هێرشە مەحکووم بکەن. لەولاوە دەوڵەتی ڕووسیە لەبەر دۆخی نوێ و هەلومەرجێک کە شەر خولقاندوویەتی ئەو تۆزە پشتیوانیەی بۆ حکوومەتی ئێڕان و ئەو گوشارە کەمەشی بۆسەر ڕۆژاوا نەماوە و بەجۆرێک پشتی حکوومەتی ئێرانی چۆڵ کردووە و بەتایبەتی لە وتووێژەکانی زیندووکردنەوەی بەرجامدا وتەبێژانی کرێملین بە ئاشکرا باسی ئەوەیان کرد کە دەستیان ئاوەڵە نییە کە کارێک بۆ حکوومەتی ئێران بکەن. ئەوە دەبێتە هۆی گوشاری زیاتر بۆ سەر حکوومەتی ئێران و هەموو لاوازبوونێکی دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران بە قازانجی گەلی کورد و خەباتەکەیەتی.

هاوکات دەوڵەتی تورکییە کە ئەندامی ناتۆیە لە دۆخێکی دژوارتردایە و مەیدانی مانۆڤڕی کەمتر بووە و هەوڵی داوە خۆی نەخاتە ناوەندی کێشەکەوە و زیاتر دەوری ئاشتیخوازانە بگێڕی. دیارە دۆخی خراپی ئابووریی تورکییە و بەرەو لاوازی ڕۆشتنی حکوومەتی مەیلەو ئیسلامیی دەسەڵاتدار، فاکتۆری گرینگی هەموو بڕیارەکانی ئەو دەسەڵاتەن.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا کاتێک دەوڵەتانی سوئد و فینلاند داوی ئەندامەتیی ناتۆ (ڕێکخراوی پەیمانی ئاتلانتیکی باکوور)یان کرد، دەوڵەتی ئەردووغان ئەوەیە بە هەل زانی کە دەنگی خۆی وەکوو ئەندامێکی ناتۆ بۆ گوشار خستنەسەر دەوڵەتانی سوئد و فەنلاند بەکاربێنێ بۆ مەبەستەکانی خۆی. ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی سیاسیی کورد لەو وڵاتانە و بەتایبەتی لە سوئد نیشتەجێن و ئەردوغانی سەرۆکی تیرۆریستان ئەو چالاکە سیاسییانەی بە ترۆریست ناوبردووە و داوای لە دەوڵەتانی سوئد و فینلاند کردووە ڕادەستی تورکییەیان بکات. ئەوەی جێگەی سەرەنجە ئەوەیە کە ئەو کەسانەی دەوڵەتی تورکییە داوایان دەکا تەنها چالاکانی کوردی خەڵکی باکوور (کە ئێستە دەوڵەتی تورکییە داگیری کردووە) نین بەڵکوو خەڵکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستانیشیان تێدایە و یەکێک لەو کەسانەی داوایان کردووە بدرێتە دەستی دەوڵەتی تورکییە ئامینەی کاکەباوا (ئامین تورجان) پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵي و ئەندامی پارلەمانی سوئدە. ئەمە بەجوانی دەریدەخا کە دەوڵەتی داعەش بیری ئەردووغان دوژمنی هەموو بزووتنەوەی کورد و هەموو کوردێکی ئازادیخواز و مافخوازە. دیارە ئەم داوایە هاوکاتە لەگەڵ داوای ئابووری و هەروەها نیزامیدا. بەتایبەت دەوڵەتی سوئد بڕیاری داوە چەک نەفرۆشێتە تورکییە و ئەوان دەیانەوێ کارتی دەنگی خۆیان لە ناتۆ بۆ کەمکردنەوەی گوشارە ئابووری و نیزامییەکانی سەرخۆیان بەکاربێنن. تا ئێستا دەوڵەتانی سوئد و فینلاند باسی تیرۆریست بوونی چالاکانی کوردیان ڕەتکردووەتەوە بەڵا وتووێژ لەسەر بابەتەکانی دیکە بەردەوامە.

دەوڵەتی سوورییەش وەکوو یەکێکی دیکە لە داگیرکارانی کوردستان لە دۆخێکدا نییە کە بتوانێ ڕۆڵێ ببینێ و ساڵانێکە بە کردەوە گرێدراوی تەواوی حکوومەتەکانی ڕووسییە و ئێرانە و بەدڵنیاییەوە ئاکامی ئەم هێرشە و دەرەنجامەکانی شەڕ لەسەر چارەنووسی سوورییەش کاریگەریی دەبێ.