کاتێ دۆعاکانیشمان پیاوانەن!

لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە کوردستان، ئەم دوعایەتان بیستووە: “خودا کوڕتان پێ بدا”! یان “خودا کوڕتان لێ نەستێنێ”! ئایە ئەمە واتای ئەوەیە کە ئەگەر خوا کچتان لێ بستێنێ کێشەی نییە؟!
بەداخەوە هێشتا ئەم چەشنە دۆعایانە بەشێکن لە قسەی ڕۆژانەی خەڵکی. ئەم ڕستانە لە ڕواڵەتدا سۆزداری و عاتیفین، بەڵام لە قووڵایی ناوەڕۆکیاندا مێژوویەکی دوور و درێژی بەها ڕەگەزییەکانیانی هەڵگرتووە. لە کولتوورێکدا کە کوڕان وەک درێژەپێدەری ناو و دەسەڵات و شەرەف و کچان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر “ئابڕوو” یان بارگرانییەک بۆ سەر خێزان دەبینێت، دۆعایش (ڕەنگە نەخوازراو) دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی ئەم نایەکسانییە.
ئەوەی کە بە ئازارترە، زۆرجار ژنان خۆیان هەڵگر و پارێزەری ئەم بۆچوونەن و من بۆخۆم ئەم چەشنە دۆعایانەم زیاتر لە زمانی ژنانەوە بیستووە، ئەگەر دیرۆکی بۆی بڕوانین ڕەنگە یەک لە هۆکارەکانی بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فئۆدالی و بێگاری کێشانەوە کە زیاتر کەڵکیان لە هێزی ماسوولکەی کوڕان گرتووە… بەڵام مانەوەی ئەم دیاردە، چەمکێکە کە دەروونناسە کۆمەڵایەتییەکان پێی دەڵێن پیاوسالاری دەروونی کراو: پێکهاتەیەکی زەینی کە ژنان لە دەروونی خۆیاندا جێگیری دەکەن تاکوو جیهان لە ڕوانگەی پیاوەوە ببینن و حوکم بدەن. ئەمە ئەو کلتوورە بەئازارەیە زۆر جار ژنان خۆیان هەڵگر و پارێزەری ئەو سیستەمە پیاومەزنییەن.
ژنانێک کە خۆیان تووشی چەوسانەوە بوون، هەندێک جار نائاگا و ئاگادار هەمان ئەو شێوازانە لەگەڵ نەوەی نوێ دووبارە دەکەنەوە، دەبنە هۆی گواستنەوەی ئەو ئازارانەی کە خۆیان هەستیان پێکردووە بۆ ژنانی تر. دەتوانم ئاماژە بە چەن نموونەی دیکە لەو باوەڕانە بکەم کە بەشێکن لە ناسنامەی هەڵبەستراوی هەنووکە:
- کچان لە منداڵییەوە فێر دەبن کە بوونیان هەتا سەردەمێک بێ کێشەیە لە ماڵی باوک و ئەمەش وا دەکات متمانە بە خۆیان کەم بێتەوە و ئاواتەکانیان سنووردار بکەن تەنانەت لە بڕیاری هاوسەرگیریدا پەلە دەکەن و بەبێ گرنگیدان بە ئامانج و خەونەکانیان بڕیار دەدەن، زۆر جار دیتوومانە کە دایکەکان دەست بە داوێینی دوعانووس دەبن بۆ ئەوە بەختی کچەکەیان بکرێتەوە بەشکم کچەکانیان زوو شوو بکەن چونکو پشتاوپشت فێر بوون بەختەوەری کچ یانی مێرد و شوو کردن.
- جیاوازی دیکە لە دابەشکردنی میراتدایە؛ دەڵێن میرات حەقی کوڕە و نابێ بە کچ بدرێ بۆ ئەوە پێیان وایە کە زاوا دەیخوات و کورەکەیان زۆڵمی لێ دەچێت جا بۆیە یان فێریان دەکەن کە داوا کردن و چاوەروان بوونی شەرمە و دوور لە مێهرەبانی خۆشکایەتیە یان هەر بەشیان نادەن.
- لە جێگەی کاردا، ژنان زیاتر بە “یارمەتیدەری داهات” دەبینرێن نەک وەک خاوەن پیشەیەکی سەربەخۆ، ئەمەش کاریگەری لەسەر مووچە و پلەبەرزبوونەوەیان دەبێت.
- لە مافی بڕیاردان بۆ جەستە: لە کلتوورێک کە ژنان لەژێر گوشاری ئەوەدان کە “کوڕیان ببێت” و دایکی کوڕ دەسەڵات و رێزێکی دەسدەکەوێت کە دایکی کچ لێی بێبەشە، ترس و هەڕەشەی ئەوەیان لەسەرە کە بەختەوەر نامێنێ و ژیانی دەشێوێت ئەگەر چەند کچیشی هەبێت.
بەڵام گۆڕانکاری مومکینە. ئەم گۆڕانکارییە پێویستی بە شۆڕشێکی مەزن نییە، بەڵکوو بە پێداچوونەوە لە سەر زمان و پەروەردە و تەنانەت وتووێژی ڕۆژانەوە دەست پێدەکات. کاتێک دایکانی گەنج لەگەڵ کچەکانیان باس لە بەهای کچ بوون بکەن، کاتێک قوتابخانەکان باس لە ڕۆڵی ژن لە مێژوو و کولتووری کوردەواریدا بکەن، هەروەها کاتێک میدیاکان لە زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان و ڕیکلامەکاندا ژن نەک لە پێناو پیاواندا بەڵکو وەک مرۆڤی سەربەخۆ پیشان بدەن، بیرکردنەوەی بەکۆمەڵ بە ئەسپایی دەگۆڕێت.
هەر جارێک لەبری “خودا کوڕتان پێ بدا یان خودا کوڕتان لێ نەستێنێ” کە درێژکراوەی گوتاری ستەمی دەروونیکراوە، رستەیەکی جوانی کوردی دیکە /بۆ نموونە/ وەکوو: “بە نازی دایک و باوکی گەورە بێ” بەکار بێنین، هەنگاوێکی بچووک بەڵام بنەڕەتی دەنێین لە پێناسەکردنەوەی بەها مرۆییەکان. گۆڕانکاری لەم وشە بچووکانە دەست پێدەکات؛ لە زمانی ڕۆژەزارەوە، لە ماڵەوە، لە گفتوگۆی دایکانەوە، لەوێوە کولتوور بیچم دەگرێ و دەتوانێ دووبارە بیئافڕێنینەوە.
گرینگترین شت لە ژیاندا، هەبوون و دۆزینەوەی بایەخ لە سیستەمێکی ناعادڵانەیە و بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و مڕۆڤییە کە لە ئەستۆی هەموومانە. ئەگەر ئێمە /ژنان/ نەهێڵین ئەم سیستەمە درێژە بدرێ، کێ ئەتوانێ بەردەوام بێت لە درێژەدانی؟
هەر ژنێک کە ئەم بازنەیە دەشکێنێت، ڕێگا خۆش دەکات بۆ نەوەیەکی ئازادتر، هەر گفتوگۆیەک لەسەر ئەم بابەتە، هۆشیاری زیاتر درووست دەکات. ئەو کات، ژنانی تر هەست دەکەن کە تەنیا نین و هەستێکی هاوبەش بۆ گۆڕانکاری درووست دەبێ. ئەم خەباتە خەباتی هەموومانە /پیاو و ژن/ بە تایبەت ژنان بۆ کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر.
