جوگرافیای بەرخۆدان لە دژی مەکینەی مەرگی کۆماری ئیسلامی

کوردستان؛ جوگرافیای بەرخۆدان لە دژی مەکینەی مەرگی کۆماری ئیسلامی، بانگەوازێکە بۆ ویژدانی جیهان بۆ ڕاگرتنی بازنەی لەسێدارەدان.
من منداڵی خاکێک کە سێبەری سێدارە دەخاتە سەر ئاسۆ، باسی سەردەمێک دەکەم کە مردن و ژیان لە کوردستاندا تێکەڵ دەبن، هەموو پەتی لەسێدارەدان، هەر دەستگیرکردنێکی هەڕەمەکی، و هەر برینێک کە بەهۆی توندوتیژیی حکومەتەوە ڕوویداوە بەشێکە لە مێژوومان. لەگەڵ ئەوەشدا هەرچەندە ڕژێم هەوڵ دەدات بە خوێن دەنگمان کپبکات بەڵام هیوا و بەرخۆدان هەرگیز لە ناخماندا نامرێت.
لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی ئێران کوردستانی کردۆتە گۆڕەپانی تاقیکردنەوە بۆ سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی. لەسێدارەدان تەنها سزا نییە، ئامرازی سیاسین بۆ چاندنی ترس و لەناوبردنی هەر دەنگێکی ناڕازی. سیستەمی دادوەری لە کوردستاندا لە جیاتی ئەوەی پارێزەری دادپەروەری بێت، وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی فەرمانە ئەمنییەکان خزمەت دەکات. بڕیارەکان پێشوەخت بڕیاری لەسەر دراوە، و تاوانباران دەستگەیشتنیان بە مافە یاساییەکانیان نییە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی هەنگاو، تەنها لە ماوەی کەمتر لە نۆ مانگی ساڵی ٢٠٢٥دا زیاتر لە ١٠٠٢ زیندانی لە ئێران لە سێدارە دراون کە ژمارەیەکی بەرچاویان خەڵکی کوردستانن. لە نێو لەسێدارەدراواندا ٢٩ ژن و ٩٧٣ پیاو هەبوون و تەنانەت منداڵێکیش بە تاوانباری مێردمنداڵ لە سێدارە دراوە. ئەم ئامارانە ئاماژە بە زیادبوونێکی بێ وێنە دەکەن بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو و ئەوە دووپات دەکەنەوە کە لەسێدارەدان ئامرازێکی سیستماتیک و ئامانجدارە دژی خەڵک بەتایبەتی چالاکوانانی کورد.
له ناوچەی کوردستانی رۆژهەڵات دەستگیرکردنی بەرفراوان و نایاسایی بەردەوامه تەنها لە مانگی سەپتەمبەری ٢٠٢٥دا زیاتر لە ٤١ هاووڵاتی لە شارە جۆراوجۆرەکان دەستگیرکراون. لەنێوانیاندا ٦ کەسیان ژن بوون.
سەرەڕای ئەوەش، سزای زیندانی درێژخایەن و سزای لەسێدارەدان، بەتایبەتی بۆ چالاکوانانی سیاسی کورد، بەردەوامە. بۆ نموونە، لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی مەهاباد سزای لەسێدارەدانی بەسەر کاویس عەبدوڵڵازادە دا و شەش چالاکوانی دیکەش سزای ٦٠ ساڵ زیندانی بەسەرداسەپێنرا. تۆمەتەکانیان بە “پێکهێنانی گروپێک بۆ ڕووخاندنی حکومەت و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان” ڕاگەیەنرا کە تۆمەتێکی سیاسی و ناڕوونە و تەنها بۆ بێدەنگکردنی ئەو دەنگانەن کە داکۆکی لە ئازادی دەکەن.
سێدارە و ئەشکەنجەدان و دەستبەسەرکردن و هەڕەشەکردن لە کوردستان بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە. تەنانەت چالاکی ئابووری و ڕۆژانەی خەڵک هەندێک جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەکرێتە ئامانج. دوکاندارەکان و کۆڵبەران ڕووبەڕووی هەڕەشە و توندوتیژی دەبنەوە و تەنانەت زۆربەیان گیانیان لەدەست دەدەن. ئەم دۆخە ئاماژە بەوە دەکات کە کۆماری ئیسلامی ئامێری مەرگی خۆی نەک تەنها دژی چالاکوانانی سیاسی بەڵکو دژی تەواوی کۆمەڵگەی کوردی بەکارهێناوە.
سەرەڕای ئەم توندوتیژی و سەرکوتکردنە کوردستان بە زیندوویی دەمێنێتەوە، خەڵکی ئەم خاکە هەرچەندە لە ژێر فشاردان، دەستبەرداری بەرخۆدان و خواستی ئازادی خۆیان نەبوون هەموو ناڕەزایەتییەکی مەدەنی و هەر دەنگێکی بەرز دژ بە چەوساندنەوە، بەڵگەی خۆڕاگرییە و هیوای داهاتوویەکی باشتر. بەرخۆدان لە کوردستاندا نیشانی دەدات کە هیچ سیستەمێکی ستەمکار ناتوانێت ئازادی تێک بدات تەنانەت کاتێک پەتی سێداریش بەشێک بێت لە ژیانی ڕۆژانەش.
لەم هەلومەرجەدا کۆمەڵگەی جیهانی و میدیای نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییان لەسەرە. بێدەنگبوون له بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییه نەتەوەییه به مانای هاوکاری کردن له گەڵ سیاسەتی سڕینەوەی سیستماتیکی کورد دەگەیەنێت. پێویستە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانی ئەوروپا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و میدیای سەربەخۆ ئەم ڕاستیانە ببینن و ڕاپۆرت بدەن و هەڵوێستیان لەسەر بگرنەبەر. لەسێدارەدان و سزای قورس دژ بە چالاکوانانی سیاسی کورد نەک هەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەڵکو تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیشە.
ئێمەی چالاکوانانی سیاسی کورد داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دەنگی بێدەنگانی ئەم خاکە بن. بە هەر سێدارەدانێک لە کوردستان بەرپرسیارێتییەکی ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ئەستۆی ویژدانی جیهان، کەس ناتوانێت کەمتەرخەم بێت بەرامبەر ئەم سیاسەتی توندوتیژی و لەناوبردن.
کوردستان بەو هەموو ئازار و لەسێدارەدانە، جوگرافیای بەرخۆدانە. ئەم خاکە سەلماندی کە هەتا خەڵک بمێنێتەوە، هیچ ئامێرێکی مردن ناتوانێت ئازادی لەناوببات. ئێمەی ڕۆڵانی کوردستانیش هێشتا بەباوەڕ و هیواوە خەبات دەکەین بۆ ڕۆژێک کە دادپەروەری جێگەی سێدارە بگرێتەوە و دەنگمان نەک بەبێدەنگی بەڵکو لەهەموو جیهاندا ببیسترێت.
